د.كامه‌ران مه‌نتك21/12/2018 302 جار بینراوە

مێژوو وه‌ك چه‌كێك له‌ شه‌ڕی ده‌روونی دژی رۆژئاوای كوردستان

يه‌كێك له‌ لایه‌نه‌ كاره‌سات ئامیزه‌كانی مێژوو، پیرۆزكردنی رابردو و بچووك كردنه‌وه‌ی ئێستایه‌، ده‌سه‌لاتداران له‌ سه‌ره‌تای مێژژوه‌وه‌ ئه‌و چه‌مكه‌یان وه‌كو ئامڕازێك به‌كارهیناوه‌ بۆ پیرۆزكردنی رابردوو، بێگومان رابردووی خۆیان. ئه‌مه‌ش له‌ پێناو هیێشتنه‌وه‌و گه‌وره‌كردنی ده‌سه‌ڵاتی ئێستایان، تاوه‌كو به‌رده‌وام هه‌موو كایه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا له‌ خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیان به‌كاربێنن. له‌م روه‌وه‌ مێژووی كورد له‌ دوو ئاسته‌وه‌ دژی كورد خۆی به‌كارهێنراوه‌، له‌ لایه‌ن ئه‌و هێزانه‌ی كوردستانیان به‌سه‌ر دابه‌ش كراوه‌، یاخود ئه‌و هێزانه‌ی له‌سه‌ر ئاستێكی جیهانی ململانێ له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و كوردستان به‌ تایبه‌تی، كه‌ دڵی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێكده‌هینێت، به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی وا له‌تاكی كورد بكه‌ن هه‌میشه‌ رابردووێكی ره‌ش ببینێت و ئیراده‌ی ئێسستای و كاركردن بۆ دوا رۆژی چرووك پێ بكرێت، وه‌ك دروستكردنی چه‌مكی خیانه‌ت به‌رامبه‌ر گۆڕان له‌ چه‌مكی ململانێیه‌ سیاسیه‌كان و جیۆپۆله‌تیكیه‌كان و له‌كه‌داركردنی رابردو و ئێستای كه‌سایه‌تی تاكی كورد، له‌ لایه‌كی تر له‌ لایه‌ن هیزه‌ دواكه‌وتو و مشه‌خۆره‌كانی سه‌ر پرسی نه‌ته‌وه‌یی كورد، هێجگار نابه‌رپرسانه‌ به‌كارهاتووه‌و له‌ رێگای دروستكردنی مێژژووێكی ساخته‌، هینده‌ خۆیان پیرۆزكردوه‌، كه‌ هه‌ژموونێكی وه‌همیان لای تاكی كورد دروست بێت، كه‌ جگه‌ له‌وان كه‌سی تر نه‌ شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ و نه‌توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ پێشه‌نگایه‌تی مه‌سه‌له‌ی كورد بكات، سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی سه‌د ساڵی رابردوودا هیچ جۆره‌ بازرگانیه‌ك نه‌ما به‌و مه‌سه‌له‌ ره‌وایه‌ی نه‌كه‌ن وشكست و شه‌رمه‌زاری نه‌ما دوچاری خه‌ڵكی كوردستانی نه‌كه‌نه‌وه‌!


وا خه‌ریكه‌ هه‌مدیس له‌ مه‌سه‌له‌ی كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌و ناوچه‌یه‌، مێژوو وه‌ك شه‌ڕێكی ده‌روونی ترسناك دژی رۆژئاوا خراوه‌ته‌ گه‌ڕ ، له‌ لایه‌ن دوژمنانی كورد، بۆ ئه‌وه‌ی ئیراده‌ی كوردی پێ بشكێنن و به‌ر له‌وه‌ی ئه‌زموونی رۆژئاوا له‌ واقعدا شكست بێنێت، ئه‌وان له‌ رووی ده‌روونیه‌وه‌ شكستی پێ بێنن، له‌ لایه‌كی تر له‌ له‌ لایه‌ن نیمچه‌ خوینده‌وه‌راو به‌ناو رۆشنبیره‌كانی كورد، كه‌ هه‌ندێكیان به‌ نه‌زانی و هه‌ندیكی تریان به‌ زۆرزانی ئه‌و كاره‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن!، به‌ر له‌ هه‌موو شتێك، ته‌ندروست نیه‌ ئه‌زموونی رۆژئاوا به‌ ئه‌زموونه‌كانی تری مێژووی كورد له‌و سه‌د ساله‌ی دوایی به‌ راورد بكرێت، چونكه‌ ئه‌زموونێكی ته‌واو جیاوازه‌، ئه‌گه‌ر به‌ ئه‌زموونی باشوری كوردستان و ئه‌و كاره‌ساته‌ی به‌ هه‌ڵه‌ به‌ شۆڕشی ئه‌یلوول ناوزه‌د كراوه‌ بچوێنن، ئه‌وا تاوانێكی گه‌وره‌یه‌، چونكه‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌و قۆناغه‌ خاوه‌نی هیچ ئیراده‌و پڕۆگرامێك نه‌بو و له‌ هه‌مووچركه‌یه‌كدا ئاماده‌ی ته‌سلیم بوونی تێدابوو، سه‌ركردایه‌تیه‌كی دواكه‌وتوو له‌سه‌ر بنه‌مای بنه‌ما خێڵه‌كیه‌كان و به‌ كارت بوون له‌ ده‌ستی ئه‌م هێزو ئه‌و هێز، مامه‌له‌ی له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی جیهانی و په‌یوه‌ندیه‌ نیوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تیه‌كان ده‌كرد، بۆیه‌ له‌ كاتێكدا له‌و په‌ڕی به‌هێزیدا بوو، به‌ قسه‌یه‌كی شای ئێران، ته‌سلیم به‌ داواكانی دوژمن بو و شۆڕشگێڕه‌كانی له‌ گۆڕه‌پانی رووبه‌رووبوونه‌وه‌ به‌جێهێشت! ئه‌گه‌ر به‌ ئه‌زموونی كۆماری مهابادی بچوێنین، ئه‌ویش به‌ هه‌مان شێوه‌ هیچ راستیه‌كی زانستی تیدا نیه‌، له‌ به‌رئه‌وه‌ قازی محه‌مه‌د له‌ لایه‌ك خاوه‌نی هیچ هێزێكی گه‌وره‌ی خۆی نه‌بوو، ئه‌و هیزه‌ خێڵه‌كیانه‌ی پشتی پێ ده‌به‌ستان كه‌سیان گوێ رایه‌ڵی نه‌بوون ده‌سه‌ڵاته‌كانی له‌ شاری مهاباد تێنه‌ده‌په‌ری، له‌ لایه‌كی تر هێزه‌كانی بارزانی بوو، كه‌ له‌ هه‌ستیارترین كاتدا، له‌ كاتێكدا قازی محه‌مه‌د له‌ كونجی زیندان دابووگره‌وی له‌سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌و ده‌كرد، له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئێران كه‌وته‌ گفتو گۆ، به‌مه‌ش رێگای بۆ ئێران خۆشكرد، به‌ بێئه‌وه‌ی رووبه‌رووی په‌رچه‌كردارێك بێته‌وه‌، قازی و ئامۆزاكانی له‌ سێداره‌ بدات! ئه‌وه‌ی له‌ رۆژئاوا رووده‌دات ئه‌زموونێكی نوێیه‌، بۆیه‌ به‌ر له‌دوژمنان خێڵ و حیزبه‌ دواكه‌وتوه‌كانی كوردستان دوژمنداری ده‌كه‌ن، ئه‌زموونی رۆژئاوا ئه‌زموونێكی خێڵه‌كی نیه‌، كچ و كوڕی خاوه‌ن بڕوا خاوه‌ندارێتی ده‌كه‌ن، كه‌ هه‌رگیز ته‌سلیم بوون نازانن، ئه‌زموونێكی شه‌ڕكردن و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی باش و به‌هێزیشیان هه‌یه‌، له‌ كۆبانێ بینیمان، له‌ هه‌موو شه‌ڕه‌كانی تر سه‌ركه‌وتنیان به‌ ده‌ست هیناوه‌ و توانیویانه‌ ئه‌و قه‌واره‌ دابمه‌زرێنن، راسته‌ عه‌فرین، له‌ ژێر فڕۆكه‌ و رۆكێته‌كانی(زه‌وی-زه‌وی) و (ئاسمان-زه‌وی) هیزه‌كانی ناتۆ چۆل كراو كشانه‌وه‌، به‌ڵام له‌ ماوه‌ی 55 رۆژی ئالنگاریدا، گیانی رووبه‌رووبوونه‌وه‌و به‌ره‌نگاریه‌كی وایان له‌ناو هه‌موو كورد دروست كرد، كه‌ نمونه‌ی نه‌ك به‌ ته‌نیا له‌ مێژووی كورد، به‌ڵكو له‌مێژووی جیهانیش كه‌مه‌. بۆیه‌‌ تاوانه‌ ئێستا له‌ رێگای كۆیله‌ بوون بۆ میژو و هێزه‌ كۆنه‌ پاریزه‌كانی كوردیه‌وه‌ چرووك بكرێت، با له‌جیاتی ئه‌وه‌ی نمونه‌ ره‌شه‌كانی مێژژوو بكه‌ینه‌ ئامڕازێك بۆ لێكدانه‌وه‌و رووخانی ئه‌زموونی رۆژئاوا، كه‌ ئێستا له‌وپه‌ڕی به‌هیزیدایه‌، له‌سه‌ر بنه‌مای بیركردنه‌وه‌ له‌ ئاینده‌و گۆڕینی چاره‌نووسی پڕ شكستی كورد، بیر له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ چۆن ئه‌و ئه‌زموونه‌ سه‌ربخه‌ین و به‌رده‌وامی پێ بده‌ین.

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure