کاروان عه‌لی شامار20/12/2018 376 جار بینراوە

کێ به‌رپرسه‌ له‌ داخستنی نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم له‌ وڵاتی‌ رووسیا ‌!!!

 

ماوه‌ی زیاتر له‌ دوو ساڵه‌ نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ وڵاتی روسیای فیدراڵ داخراوه، هه‌نوکه‌ روسیا یه‌کێکه‌ له‌ وڵاته‌ زلهێزه‌کانی جیهان و ئه‌ندامه‌ له‌ وڵاتانی جی هه‌شت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ورێکی کاریگه‌ر ده‌بینێ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوڕاست، زۆرێک له‌وڵاته‌ ئیقلیمیه‌کان و به‌تایبه‌ت وڵاتانی درواسێ له ململانێی ‌نێوان وڵاته‌ زلهێزه‌کاندا به‌ره‌ی رووسیان هه‌ڵبژاردووه‌!

 

له‌ ئێستایه‌ وڵاتان سه‌رقاڵی داڕشتنی پلان و ستراتیجی دورمه‌ودان له‌ ناوچه‌که‌داو ده‌یانه‌وێ پێگه‌یان له‌ ناوچه‌که‌دا زیاتر به‌هێزکه‌ن و هه‌روه‌ها ده‌شیانه‌وێ له‌ دابه‌شکردنی کێکه‌دا‌ پشکی شێر و زۆرترینیان به‌رکه‌وێت. به‌هۆی ملـملانێ و جوڵه‌ی زلهێزه‌کان‌ کوردستان له‌به‌رده‌م ته‌حه‌دای گه‌وره‌دایه‌ وڵاتانی ناوچه‌که‌ش سەرقاڵی ڕوبه‌رووبونه‌وه‌ی ئه‌و پێشهاتانه‌ن که‌ مومکینه‌ له‌ داهاتوودا روو بده‌ن. هه‌ر وڵاتێک بیه‌وێ له‌گه‌مه‌ سیاسیه‌کانی نێوان زلهیزه‌کان به‌ قازانج و بێهیچ زیانێک ده‌ربازی بێت ده‌بی ئاقڵمه‌ندانه‌ له‌ ڕێگه‌ی نوێنه‌رایه‌تیه‌که‌یه‌وه‌ لۆبی خۆی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای ئه‌و وڵاته‌دا گه‌شه‌ پێبدات و په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌هێزتربکا.

 

به‌هۆی ئه‌وه‌ی وڵاتی رووسیا هه‌ژمونێکی زۆری هه‌یه‌ له‌ ناوچه‌که‌داو رۆڵی به‌رچاویشی ده‌بێت‌ له‌ گۆرانکاریه‌ ئیقلیمی و ناوخۆییه‌کاندا ده‌بوو گه‌شه‌ی زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسی و ئابورییه‌کانی نێوان هه‌رێم و روسیا بدرایه‌ که‌چی بێهیچ ئیعتیبارێک و به‌بریارێکی میزاجی و له‌سه‌ر راسپارده‌ی پارتی دیموکراتی کوردستان و قوباد تاڵه‌بانی نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم سڕ ده‌کاو وه‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ دوو سالیشه‌ مووچه‌ی ته‌واوی فه‌رمانبه‌ره‌کانی بریوه‌و له‌ هه‌مان کاتدا نوێنه‌رێکی پارتی دیموکرات‌‌ به‌ناوی دانه‌ر ئه‌بوبه‌کر راده‌سپێرێ که‌ کاری نوێنه‌رایه‌تییه‌که‌ رایی بکات.

 

ئاشکرایه‌ له‌ ئێستادا حكومه‌تی هه‌رێم نوێنه‌رایه‌تی له‌ ١٤ وڵاتی جیهاندا هه‌یه‌ که‌ بریتین له‌ (ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، به‌ریتانیا، یەکێتی ئەوروپا، كۆماری ئیسلامی ئێران، ئوسترالیا، ئیتاڵیا، ئه‌ڵمانیای فیدراڵ، ئیسپانیا، فه‌ڕه‌نسا، سویسڕا، به‌لجیكا، نه‌مسا، سوید، رووسیای فیدڕاڵ)ه‌ یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان ته‌نها سێ نوێنه‌رایه‌تی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌‌ ئه‌وانیش بریتین له‌ وڵاتانی (ئسپانیا - به‌ریتانیا - ئێران) که‌ بەنزیک کراوی ده‌کاته‌ یه‌ک له‌سه‌ر چواری پشکه‌کانی پارتی دیموکرات!

 

نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم له‌ ڕوسیا له‌ لایه‌ن ستافێکی ماندونه‌ناس و پێشمه‌رگه‌ ئاسا به‌ڕێوه‌ ده‌برا که‌ به‌بێ جیاوازی خزمه‌تی هه‌رێمی کوردستانیان کردوه‌، ده‌یان برینداری هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌یان له‌ هه‌ردوو هێزه‌کانی یه‌که‌ی حه‌فتاو هه‌شتا له‌ لێواری مه‌رگ رزگار کردووه‌، ئه‌مه‌ وێرای ئه‌وه‌ی توانیویانه‌ له‌ ڕیگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ نه‌خۆشخانه‌کانی ئه‌و وڵه‌ته‌دا بینایی بۆ ده‌یان برینداری شه‌ڕی داعش بگێڕنه‌وه‌. وه‌ هاوکاربونه‌ له‌ ناردنی ده‌یان کۆمپانیای روسی بۆ ناوچه‌که‌و ئاسانکاری بۆ وه‌رگرتنی سه‌دان خوێندکار له‌ زانکۆکانی روسیادا هه‌موو ئه‌م نمونانه‌ش مشتێکن له‌ خه‌رمانی خزمه‌تی ئه‌و ستافه‌. وه‌لێ ئه‌وه‌ی جێگه‌ی تێڕامانه‌ له‌بری پاداشتی به‌رپرس و ستافی نوێنه‌رایه‌تیه‌که‌ له‌ پای ئه‌و خزمه‌ته‌ زۆره‌ی که‌ کردویانه‌ وه‌ک یه‌کێک له‌ باشترین نوێنه‌رایه‌تییه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم سه‌رله‌بری ستافه‌که‌ دوورده‌خرێته‌وه‌‌و ستافێک ته‌واو سه‌ر به‌ پارتی ده‌خرێته‌ جێگه‌یان!

 

به‌داخستنی ئه‌و نوێنه‌رایه‌تیه‌ نه‌نگی و ده‌لاقه‌یه‌کی گه‌وره‌ دروست بووه‌ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانی کورد و روسیاو هه‌روه‌ها له‌سه‌ر خراپبونی ناوبانگی کورد له‌و وڵاته‌یا، به‌داخه‌وه کاک‌ قو‌باد وه‌ک به‌رپرسی یه‌که‌می یه‌کێتی له‌ حکومه‌تدا ده‌بوو به‌هه‌رشێوه‌یه‌ک بایه‌‌ چاره‌سه‌رێکی ئه‌و کێشه‌یه‌ی بکردایه‌و ڕێگر بوایه‌ له‌وه‌ی پارتی هاوشێوه‌ی نوێنه‌رایه‌تیه‌کانی تر ئه‌و نوێنه‌رایه‌تیه‌ش‌ داگیر بکات! ئه‌گه‌رچی له‌ کۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ستافی نوێنه‌رایه‌تییه‌که‌ به‌ڵینی دابوو به‌ گه‌رانه‌وه‌ی شایسه‌ته داراییه‌کانیانیان و هه‌روه‌ها کردنه‌وه‌ی ئۆفیسه‌که‌و گه‌رانه‌وه‌ی که‌سیكی یه‌کێتی وه‌ک به‌رپرسی یه‌که‌م وه‌لێ تا ئێستا هیچ‌ له‌ به‌ڵێنه‌کانی خۆی جێبه‌جێ نه‌کردووه‌!

 

خولاسه‌، به‌رپرسیارێتیه‌کی گه‌وره‌ له‌سه‌ر شانی قوباد تاڵه‌بانییه‌ ئه‌گه‌رچی تا ئێستا دووجار له‌لایه‌ن مه‌کته‌ب سیاسیه‌وه‌ به‌ نوسراوی فه‌رمی ئاگادارکراوه‌ته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و کێشه‌یه‌ به‌ڵام زیاتر له‌ ساڵێکه‌ هیچ ئه‌نجامێکی نه‌بووه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ پێش هه‌موو که‌س کاک قوباد پاشان هه‌ڤاڵانی مه‌کته‌بی سیاسی و سه‌رکردایه‌تی و کادیرانی یه‌کێتی رێگه‌نه‌ده‌ن نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌ت له‌ وڵاتێکی گه‌وره‌ی وه‌ک روسیادا بدرێته‌ لایه‌نێکی تری سیاسی و هه‌روه‌ها داهاتووی فه‌رمانگه‌که‌‌و فه‌رمانبه‌ره‌کانی به‌و نادیارییه‌ به‌رده‌وام بێت‌!

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure