سەرتیپ جەوهەر6/12/2018 481 جار بینراوە

جەنابی وەزیر كۆمپانیاكەی (VIP) هی كێیە؟

 

 

پرسی كردنەوەی بەشی (VIP) یان (پیاو ماقوڵ یان خودا پێداوان) لە فەرمانگەكانی حكومەت، بەدەرە لەهەموو قانون و مەنتقێكی حوكمڕانیی!

رەنگە ئەگەر بزانن ئەو كۆمپانیایەی راسپێردراوە بە جێبەجێكردنی مامەڵەی هاوڵاتیان لەبەشی (VIP) وڵامی زۆربەی ئەو پرسیارانەتان لا دەستكەوێت كە لەم چەند رۆژە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەكرێت، جەنابی وەزیری ناوخۆ باشتر دەزانێت ئەو كۆمپانیایە هی كێیە؟ با وڵامی ئێمە بداتەوە ئەو كۆمپانیایە هی كێیە؟.


جارێ‌ ناوەكەی زۆر نا ماقوڵە، (VIP) یانی پیاوی گرنگ و ماقول بەقەولی كوردەواریی، ئەوەش ئەوە دەگەینێت ئەوەی لەوێ مامەڵە پێشكەش بكات ماقوڵەو ئەویدیكەشی ناماقوڵ..؟؟
ئەی ئەگەر حكومەت لەتوانایدایە مامەڵەی هاوڵاتیان لەماوەی 10 دەقیقە رایی بكات؟ كەوایە ئەو سەر ئێشەیەی لە فەرمانگەكانی حكومەت هەیە، بەئەنقەستەو بۆ ئازاردانی خەڵكە، ئەگینا چۆن هەر بەفەرمانبەرو پۆلیسی حكومەت لەماوەی 10 دەقیقە مامەڵەی هاوڵاتیان تەواو دەبێت! تەنها پارەكەی (100 هەزاركە) دەچێتە گیرفانی ئەو كۆمپانیایەی جەنابی وەزیر دەزانێت هی كێیەو چۆن بۆی تەرتیبكراوە!


لەهەموو دونیا كۆمپانیاكان مامەڵەی هاوڵاتیان رێكدەخەن، رسوماتی جیاوازیش لەخەڵك وەردەگرن كە خێراو خاو هەیە، بەڵام ئەو كۆمپانیایانە هەموو خەرجییەكیان لەسەر خۆیانەو كارمەندی خۆیان هەیە، بەڵام لێرە لەناو فەرمانگەی حكومەت و بەئاو كارەباو ئینتەرنێت و بگرە خراپتر بە فەرمانبەرانی حكومەت كاردەكەن و لەكۆتاییدا 100 هەزار دیناریش لەخەڵك وەردەگرن؟!


ئەمڕۆ بەشێك لەمیدیاكانی پارتی هەڵوەشاندنەوەی ئەم بەزمەیان كردووە بەدەستكەوتی حزبیی! ئەمە لەكاتێكدایە وەزیری ناوخۆو بەڕێوبەری گشتیی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێرو بەڕێوبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆو داروبەردی پارتین، ئەو كۆمپانیایەی كارەكەیشی پێ راسپێردراوە، بەدڵنیاییەوە (هی وەزیری ناوخۆ یان رۆبەرت مۆگابی سەرۆكی زیمبابۆی نییە!) هی خۆتانەو دۆنی گا لەگا دەدەنەوە.


بەكورتی ئەم میللەتە بەدەست زومرەیەك حوكمڕانی زۆر خراپ گیرۆدەبووە، خۆیان بڕیاری كردنەوەی بەشەكەیان داوە، هەر خۆیشیان رایانگرتوە، كەچی موزایەدە بەسەر خەڵكەوە دەكەن!
رەنگە ئەم حوكمڕانییە تەواو شایەنی ئەم میللەتە بێت، چونكە وەك دەوترێت كیف ما تكونوا، یولی علیكم! كەوایە خۆمان چۆنین هەر ئاوها حوكم دەكرێین.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure