ئارام ئەحمەد18/11/2018 360 جار بینراوە

نەزۆکی و مایە پوچی گۆران بۆ؟ چیکردن؟!

 

ئەخلاقی سیاسەتکردن بۆ بزوتنەوەی گۆڕان شتێکی نوێ نەبوو، ھەر سەربە هەمان کەلتورو مێژووی شاخ بوو، لایەنی کەم ئەو دیدگایە تەواو زاڵ بوو، ئەمیش وەک ئەوان لە هەناوی خۆیدا هەمان میتۆدی کارکردن و هەمان دیدگاو دنیا بینی هەڵگرتبوو، چەندیش مەیلی گۆڕانکاری هەبوو بێت، بە کۆمەکیەکانی ئێمەیشەوە، دواجارنەیتوانی تەجاوزی ئەو مەیلە بکات و گەرایەوە مەداری خۆی.

"ئەمەش بەتەواوی دوای مەرگی کاک نەوشیروان دەرکەوت، تازە ناتوانین بزانین ئەگەر کاک نەوشیروان بمابایە ، بزوتنەوەکە هەروا نەزۆک دەبوو، یان دەیتوانی ببێتە هەوێنی گۆرانکاری".

گۆڕینی ڕوخسار، بە هەمان ڕەفتار...

وەک لێی دواین، مایەپوچیەکەی بەرهەمی هەمان عەقڵ وهەمان مەنتق و هەمان میراتی شاخە، کاتێک بانگەشەی گۆڕانکاریت هەبێت و لەگەڵ هەمان مەوجودیەتە کۆنەکان ڕێ بکەیت وبچیتە هەمان بەرەی حیزبی و هەمان دەسەلات، ئیتر ئەوان نابنە تۆ، ئەوە تۆیت ئەبیتەوە بەوان، کاتێک بە ناوی نوێگەریەوە دەبیتە شەریکی کۆمپانیا، دواجار ئەوە تۆیت دەبیتەوە بە کۆمپانیا، ئەوان نابنە تۆ، کاتێک تۆ کۆمەڵێ ڕوخسار دەگۆڕیت بە هەمان ڕەفتارەوە، ناتوانی دەست بۆ گۆڕانکاری ببەیت.

 

ئەو کارەکتەرانەی لە غیابی کاک نەوشیرواندا، داڕێژەری ئەقڵی سیاسی گۆران بوون، ڕاستە کۆمەڵێ ڕوخساری جودان، بەڵام هەمان رەفتارو هەمان گوفتاری کارەکتەرەکانی حیزبی پارتی و یەکێتین،هەرئەوەیشە ئەگەر پێشتر بۆ چوونە ناو دەسەڵات ئیدعای گۆڕینی سیستەم وهتد هەبوبێت، ئێستا ئیتر گرێی پۆستی بالای هەیە، بۆ قازانجی تایبەتی کۆمەڵێ خەڵک.

 

ئێستا ئیتر، بچوکترین ڕایەڵە لە بەینی بزوتنەوەی گۆڕان و ئاوات و ئامانجەکانی خەڵکدا بۆ گۆرانکاری نەماوە، ناردنی 12 "جەلال پەرێشان" کە بڕیار بوو"حوکمڕانی بە کەسانی نەخوێنەوار نەکرێت" بۆ پەرلەمان، بەرهەمی داماوی و بێ کەسی بزوتنەوەی گۆرانە.

 

ئەگەرئەمرۆ گوێبستی قسەکانی گۆران بین لەگەڵ وەفدی پارتی


١- برایانی پارتی پێیان باشە بەشداری حکومەت بکەین،


٢- کۆبونەوە لەگەڵ پارتی بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک کەلە بەرژەوەندی خەلکی کوردستان بێت.

 

28 ساڵی ڕەبەقە پارتی و یەکێتی ئەو قسانە دەکەن،لەوەیش بەدەر گۆران پێی وایە ئەگەر جەلال جەوهەر ببێتە وەزیرو مستەفا ببێتە جێگری نێچیر ئیتر بە قازانجی خەلکە، خۆ خەڵکیش لەوە گومانی نیە کە جەلال ومستەفا ناشیرینترن لە کەسە ھەرە گەندەڵ ودزەکانی ناو یەکێتی و پارتی.

 

هەر حەرکەتێکی نوێ ئەگەرنەیتوانی نەزمی مەوجود لە بارەی ئەخلاقی سیاسییەو پەیوەندیەکانیەوە، تا پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و ئەخلاقە ئابوریەکان، تا تێروانینی جودا بۆ مەسەلەی نەتەوە، ماف، مەسەلەی ژن، خێزان، منداڵ، خێڵ، عەشیرەت و هتد تێپەڕێنێت، بێ شک لەگەڵ خۆی و ئازادی و بنەماکانی مرۆڤ بوون درۆ دەکات..

 

لێرەوە بوو گۆران لە قۆناغێکدا چەندە شکۆی هەبووبێت، چونکە شکۆکەی دەسکرد بوو، بەرهەمی پرۆژەیەکی سروشتی ونوێ نەبوو، شکۆکانی لە دەست داو و چیتر دۆست و نەیار حسابی بۆ ناکات.

 

گۆڕان، کاتێک چووە ناوحکومەتەکەی پارتی و یەکێتی، لەگەڵ ئەوان بوو بە شەریک، ئیدی لە جدیەتی بۆ گۆرانکاری دێتە دەرەوە، وەک" ئەرکی فەرمانبەرێک" کۆمەڵێ خەڵک بۆ قازانجی تایبەتی خۆیان لەگەڵ دەسەلاتە کۆنەکە دەگونجێن، دەبنە هاوڕێ، چونکە باگراوەندەکەی پشتەوەیان، ئەوەی دەیجوڵێنێت، تەڵەزمێکە لە هەمان فۆرم و چوارچێوەو دیدگای ئەقڵە کۆنەکە، دەبێتەوە بەو، دەرباز بوون دەبێتە مەحاڵ، کاتێکیش دەبێتەوە بە ئەو، بێ هیوایی،هیچ نەکردن، کۆمەڵگا داخ دەکات و خۆیشی بروای بە خۆی نامێنێت، هەرئەوەشە زۆرێک لەوانەی ئەم ئاڵایەیان دەشەکاندەوە، دوور لە هەر شەرم و شکۆیەک دەچنەوە ناو کەشتیە کۆنە داڕزیوەکە، ئەمەیش بەڵگەی ئەوەیە، ئەویش سەربە هەمان کولتورە.

 

ئەگەر بزوتنەوەی گۆران هەمان ستایل نەبوایە، هەمان تێگەیشتنی نەبوایە، دواجار نەدەبوو بەوان، بە هەمان جێ پێی ئەواندا ڕێگای نەدەکرد،کارو کردەوەی لەوان نەدەچوو.

 

بزوتنەوەی گۆڕان ئێستا ئەوەندە لە پارتی و یەکێتی دەچێت، کاتێک تێک دەشکێت، خۆی محاسەبە ناکات، بەخراپترین جۆری چەک هاوڕێکانی خۆی دەپێکێت و بانگەوازی بەدناوکردنیان لە گردەکەوە دەنوسێتەوە، کاتێک لەسەر ڕەخنەی جدی و ئەوەی تارای سوری سەر ڕوخساری گەندەلکاریان لادەبرێت، دێن و هاوڕی کۆن و ماندوەکان ئەدەنە بەر نەشتەری سوکایەتی و خراپترین جۆری شکاندن، سەرچاوەکەی دەگەرێتەوە بۆ ئەسڵ، بۆ بونیادنانی بزوتنەوەکە لەسەر ئەساسی ڕق و نەفرەت و شکاندن،کەلتوری سڕینەوەو ملشکاندنەکانی شاخ، گەلی کوردیش لە باشور، تا ئەو دوو ئەقڵیەتە "جەلالی ومەلایی"یە تێک نەشکێنێت بیرکردنەوە لە گۆرانکاری خەونە،خەیاڵە.

 

کاتێک بەردێک دەبینین ،هەردەورێکی پێ ببینی، دواجار سروشتی بەردە، کاتێک بە هەمان بەرد هەوڵی بینینی هەر ڕۆڵێ بدەیت، تەنها ڕۆڵێکی" سەخیفانەت" بینیووە، درۆت کردوە لەگەڵ وجودی خۆت، شانۆ ساز بوویت، هیچ کاتێک کۆمەڵگا بە پالاماری زەبونانەو پیس خۆری نەگۆراوە،کاتێک حەرەکەتێ، کارەکتەرەکانی هەمان کاری کارەکتەرەکانی ئەو دەسەلاتە دەکەن، کە گوایە ئەم بۆ دژایەتی و گۆڕینی هاتووە،هیچ نیە لە"سەخافەت" زیاتر، هەر ئەمەیە دواجار دەبیتەوە بەو.

 

ئێستا ئیتر سەرەڕای ماندوو بوون، بێ هیوایی خەلک بۆ گۆرانکاری، خۆ خواردنەوە، بەشێک تەسلیم بوو، ئەرکمانە سیاسەتێکی نوێ، ئەخلاقێکی نوێ، دوور لە رق و نەفرەتی ڕووتی تایبەت، ئەم جۆرە لە سەخافەت و عەقڵ و باگراوەندی کێوە فڕێ بدەین و لە بێموبالاتی و لە ناجدی بوون و لە نا نوێ بوونەوە بگۆڕین بۆ " جدیەت و نوێ بوونەوە" کە بە دەزولەیەکیش نەچێتەوە سەر ئەو ڕێگایانەی لە پشت کێوەکانەوە هاتوون و نزیکەی سێ دەھەیە بەربەریەت و وەحشەتگەری بەرهەم هێناوە.

 

دەبێت ئەم"سەخافەتە" کۆتایی پێبێت و نوێ بونەوەو جدیەتیکی باڵا جێگای بگرێتەوە،کە بە هیچ جۆرێک لەم هێزانە نەچێت، دەبێت ئەقڵیەتێکی نوێ خۆی ڕێکخراو بکاتەوەو بێتەوە مەیدان.

 

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure