سامانی وەستا بەکر17/11/2018 238 جار بینراوە

پەنیـری تەڵەکەی گۆڕان خۆماڵـی نییە

سیاسەت کردن لە ھەرێمـی کوردستان لە ھیچ شوێنێکـی تر ناچێت و بە ھەمان شێوەش حیـزبـی کوردی بە ھەموو ڕەنگە جیاوازەکانیانەوە تا ئاستێکـی زۆر لەیەک ئەچن و لە ھیچ حیـزبێکـی تری دنیا ناچن ھەروەک چۆن ئەمە بۆ حکومەتـی ھەرێمیش ڕاستە.

 

حیـزبـی کوردی بە گشتـی و بە تایبەتـی ھەرێمـی کوردستان دنیابینییەکـی جیاوازیان ھەیە بۆ سیاسەت کردن کە تا ئاستێکـی باش تایبەتە بە خۆیان. لە دنیا بینـی سیاسـی کوردیدا (تاک چەقە و حیـزب ئامانجە) کە ئەم جۆرە لە سیاسەت و حیـزبـی سیاسـی وەک ئامێـری بەرھەمھێنانـی دیکتاتۆر تەماشا ئەکرێت.

 

لای حیـزبـی کوردی کۆی چەمکەکان لە پێناوی مانەوەی کەسێک و خودی حیـزبەکەیا بەکارئەھێنـرێت و بەپێـی پێویست ھەرجارەو دەست بۆ چەمکێک ئەبرێت بەپێـی پێویستـی حیـزب بۆ کۆکردنەوەی دەنگ یان گەڕانەوە بۆ گۆڕەپانـی سیاسـی لە دوای شکست ھەروەک چەمکەکانـی "نەتەوە، نیشتمان، خاک، ھاوڵاتـی، سەروەری، ئازادی ڕادەربڕێن ، فیدراڵـی، کۆنفیدراڵـی، سەربەخۆی، دیموکراتـی، سۆسیال، مۆدێرنە، پۆست مۆدێرنە، کەپتاڵیـزم، پرۆلیتاریا......ھتد" کە ھەر یەکێک لەم چەمکانە ئەگەر ڕاستگۆیانە بەکاربھێنرێن و مەبەست لێـی مەغزای واتای خودی ووشەکەبـێ ئەوا ئەکرێ گۆڕانکاری جەوھەری بھێنێتە ئاراوە کەچـی لە ھەرێمـی کوردستان دەست بۆ کۆی ئەو چەمکانەو چەندینـی تریش براوەو ھەندێک جار وەک ڕێکلامـی حیـزبـی و ھەڵبـژاردنیش بەکارھێنـراوە بەبـێ ئەوەی کەمتـرین گۆڕانکاری بھێنێتە ئاراوە!

 

لە پەیڕەو پرۆگرامـی حیـزبەکانـی کوردستانا پوخت ترین ڕەوانتـرین نوسـراو ئەبینـرێ بەڵام بە پراکتیک کاری پێناکرێ. ئایدۆلۆجیا بوونـی ھەیە لای بەشێک لە حیـزبەکان بەڵام تەنھا بەنوسـراو ئەگەرنا کاری پێناکرێ بۆ نمونە گوایە حیـزبێکـی لیبراڵ و دیموکراتە کەچـی ھێزی چەکداری ھەیە و "توندڕەوێکـی نەتەوەیی"ە و زیندانـی شاراوەیـی ھەیە و ئازادی رادەربڕین لە قاڵب دراوە، خێـزان سەروەرەو تاکە کەسێک پیـرۆز کـراوە. یان حیـزبێکـی سۆسیال دیموکراتە کەچـی باوەڕی بە ھەڵبـژاردن تەنھا بۆ ناوبانگەکەیەتـی ئەگەرنا یەک کورسیش بھێنـێ ھەر دەست لە دەسەڵات بەرنایا، ھێـزی چەکداری ھەیە، خێزانێک بڕیاردەری حـیزبە، تەقە لە خۆپیشاندەر ئەکات. یان حیـزبێکـی دوور لە ئایدۆلۆجییەکـی تایبەتە و ھەموو ئایدیایەکـی جیاواز کاری تیا ئەکات کەچـی لەسەر میـراتـی مادی و سیاسـی یەکتـر تەخوین ئەکەن. یان حیزبـی ئیسلامـی جھادی، ئیخوانـی، وەھابـی، سەلەفـی و مەزھەبـییە کەچـی باسـی نەتەوە و خاک ئەکات بۆ خۆ گونجاندن و گەوجاندن و دەنگ کۆکردنەوە ئەگەرنا ئەوان کار بۆ خەلافەت ئەکەن. ئەمەوێ بڵێم حیـزبـی کوردی ھیچیان نمایشـی پەیڕەو دەستورو دروشم و ناو و تەنانەت ڕەنگـی ئاڵای حیـزبەکانیشیان ناکەن.

 

بە کورتـی سیاسەت لای حیـزبەکانـی باشور بەتایبەت لای دوو حیـزبە دەسەڵاتدارەکە تەنھا لەسەر بەرژەوەندی مادی و حیزبـی ڕووت و خێـزان ئەبرێ بەڕێوە و ئامادەن ھەموو پیـرۆزییەکان تەنانەت خاکیش بکەن بە قوربانـی مانەوەی خۆیان و سەربەخۆی و دەوڵەت دروست کردنیش تەنھا لەو پێناوەیا بەکارئەھێنـرێ ئەگەرنا لەمامەڵەیەکـی سیاسـی/بازرگانیا ھیچ سنورێکیان نیە بۆخیانەت بەرامبەر مانەوەی خۆیان و حێـزبەکانیان.

 

ئەوەی لێـرەیا مەبەستە بـزوتنەوەی گۆڕانە کە لە دروست بوونیەوە جیاوازتـر دەرکەوت و بە گوژمێک خۆی کرد بە ناو گۆمـی مەنگ و دامرکاوی ھەرێما کە تا ئێستاش شەپۆلەکانـی کاریگەری ھەیە و ھەموو ماسییە خەوتووەکانـی لە دانـی تیـژی قرشەکان و تۆڕی ڕاوچییە بازرگان و تەقینەوەی بۆمبـی دەستـی ماسـیگرەکان بە ئاگا ھێنا.

 

گۆڕان لە دامەزراندنیەوە لە شکڵ و کڵێشە و ختاب و بانگەشە و ئەدایـی کارکردنا زۆر جیاوازتر دەرکەوت ھەربۆیە بووە ئومێدی نەک زۆربەی خەڵکـی ناڕازی کوردستان بەگشتـی بەڵکو بوو بووە ئومێدی بەشێکـی زۆر لە خەڵک و کادێری حیـزبەکانـی ترو تەنانەت سەرکردە ناڕازییەکانـی ھەردوو حیـزبـی دەسەڵاتداری ھەرێمیش بەڵام مەخابن لەیەکەم تاقـی کردنەوەی گۆڕانکاری ناوخۆی ھەڵبـژاردنـی سەرکرادیەتـی و جێگرەوەو دانانـی کەسـی یەکەمـی حیـزبەکە نەک ھەر سەرنەکەوت بەڵکو تووشـی کێشەی قوڵیش بۆوە.

 

کێشەی میـراتـی سیاسـی و میراتـی مادی کە ئەمەش کت و مت کیشەی حیـزبە تەقلیدییە ڕۆژھەڵاتییەکانە کە تاک و خێزان و دەستەیەک ھەوڵ ئەیەن بۆ ھەتا خاونداری حیـزب بکەن، حیـزب ئەکرێ بەکاڵاو میـراتگری بۆ ئەچنـرێ، ئەگەرچـی ئەمە بە ھیچ جۆرێک خواستـی نەوشیـروان مستەفا نەبوو بەڵام ئەوەی لە دوای کۆچـی دوایـی ئەو سەرکردە خۆنەویستە لەناو ئەو حیـزبەیا ئەگوزەرێ ھەمان کێشەی حیـزبە ڕۆژھەڵاتییەکانە جــــا ئیتـر بە پلان یان بەبـێ پلان سەرەنجام گۆڕان لە جیاواز بوونـی دائەماڵن!

 

جەوھەری کێشەکانـی گۆڕان بە بەشداری کردن لە حکومەت یان بوون بە ئۆپۆزسیۆنەوە چارەسەر نابـێ و نیە ھێندەی کێشەی ئەو حیـزبە وابەستەی (متمان، ئیدارە و بڕیاردانە).

 

متمانەی خەڵکـی و دەنگدەرانـی گۆڕان بە گۆڕانـی دوای نەوشیـروان مستەفاو توانای بۆ گۆڕانکاری، متمانەی ھەڵسوڕاو و گۆڕانخوازەکان بە سەرکردەی کاربەدەست و کار جێھێشتـوو یان ناو و دەرەوەی خانەی ڕاپەڕاندن، متمانەی سەرکردە بە سەرکردە، متمانەی بەشێک لەسەرکردەکان بە کوڕەکانـی نەوشیروان مستەفاو متمانەی کوڕەکانـی نەوشیروان مستەفاش بە کەسێک یان کەسانێک کە بتوانن شوێن پێـی باوکیان ھەڵگرێ و ئەمانیش لە بازنەی بڕیاردان بھێڵنەوە.

 

کێشەیەکـی تری گۆڕان کێشەی ئیدارەدانە کە ئەوەش زیاتر پەیوەندی بە ناشارەزایــی ئیدارەدان و ئیداری بوونـی تاکـی کوردەوە ھەیە بۆ بەڕێوەبردن کە ئەمەیان کێشەیەکـی بۆماوەیـی مێـژووی کوردە کە ھیچ کاتێک لە مێـژووی دوورو نزیکا سەرکەوتوو نەبووە لە ئیدارەدانـی مێرنشین، ھەرێم، شار، حیزب و ڕێکخراو چونکە کورد تەنھا شارەزایـی لە بەڕێوەبردنـی خێڵا ھەیە و ھەر بە عەقڵـی خێڵیش مامەڵە لەگەڵ دەوڵەت و حیزبا ئەکات، ھەرئەوەش ھۆکاری نەبوون و دروست بوونـی دەوڵەت بووە. لێـرەوە ئەوەمان بۆ ڕوون ئەبێتەوە کە سەرکردەکانـی گۆڕانیش ھەمان کێشەی مێـژووی پێشینەکانـی خۆیان ھەیە ئەگەرچـی نەوشیروان مستەفا لەھەوڵـی تێپەڕاندنیا بوو بەڵام مەخابن تەمەنـی بەشـی نەکرد.

 

کێشەیەکـی تری جەوھەری بزوتنەوەی گۆڕان کێشەی بڕیاردانە. ڕاستە بـڕیاران لە سیاسەتی گۆڕان دیموکراتییە بەڵام داڕشتنەکەی دراسەکراو نیە! دەسەڵاتـی بریاردان لەناو بزوتنەوەی گۆڕان لای جڤاتـی نیشتمانیە. ئەم جڤاتە تێکەڵەیەکە لە خەڵکانـی پلە باڵا لە خوێندن و خەڵکانـی تا ئاستـێکـی بەرچاوی نەخوێنەواریش، تێکەڵەیەکە لە خەڵکانـی ھەلگرانـی ئایدیای جۆراوجۆر لە دیندارێکـی ووشکەوە بۆ کۆمۆنیستێکـی توندڕەو، لە خەڵکانـی شارەزیـی سیاسـی و خەڵکانـی نامۆ بە سیاسەت، لە خەڵکانـی ڕۆشنبیـرو ڕەخنەگرو لە خەڵکانـی گوندی و دوورە دەستیش ھەربۆیە سەرەنجام بڕیاردان لە جڤاتـی نیشتمانـی مەزاجـی و دراسەکراو نابـێ خۆ ئەگەرچـی ژوورە جیاجاکانـی ئەو حیزبە پێشتـر ھەر پرسێک تاوتوێ ئەکەن بەڵام سەرەنجام بڕیاردان لای جڤاتـی نیشتمانیە.

 

وەک لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا بزوتنەوەی گۆڕان سـێ کێشەی سەرەکـی و جەوھەری ھەیە کێشەی (متمانە، ئیدارە و بڕیاردان) خۆ ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان خواستـی گۆڕانکاری ھەبـێ بۆ چاکسازی کردن لە ھەرێم ئەوا ئەبـێ بز سەرەتا چارەسەری ئەو کێشە ناوخۆییانە بکات و زاڵبـێ بەسەریا و لێوەی فێربـێ بۆ ھەنگاوە گەورەترەکە کە گۆڕانکاری و ڕێفۆرمە لە سەرتاسەری ھەرێمـا.

 

بیـر کردنەوە و ڕێگەچارەی چارەسەری ئەم کێشانە بۆ گۆڕان لە بیـرکردنەوە لە ئۆپۆزسیۆن بوون یان چوونە حکومەتەوە گرنگتـرە بۆ ئێستەی بزوتنەوەکە چونکە لەم قۆناغەی کە ئێستا بزوتنەوەی گۆڕانـی تیایە ئەگەر کێشە ناوخۆییەکانـی چارەسەر نەکا ئەوا ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەتابێت یان ئۆپۆزسیۆن ھیچیانـی بۆ باش نابن و ھەرلایەکیشیان ھەڵبـژێرێ پاشەکشەی زیاتر ئەکات.

 

چارەسەری کێشە ناوخۆییەکانـی گۆڕان ئاسانە چونکە تا ئەم ساتەش لەناو بزوتنەوەی گۆڕانا تەنھا "ئاڕاستەی فکری جیاواز" بوونـی ھەیە نەک "دوو تەکەتولـی جیاواز" کە ئەمە خاڵێکـی جەوھەرییە و ئەتوانرێ کاری لەسەر بکرێ وبەزوترین کات ئاڕاستە فکرییە جیاوازەکان لێک نزیک بکرێنەوە بۆیە ئەگەر خواستـی چارەسەر ھەبـێ کاێکـی زۆر گران نیە. خۆ ھەر کاتێک ئارستە فکرییە جیاوازەکان بوون بە تەکەتولـی جیاواز ئیتـر چارەسەری گرانەبـێ بۆ گۆڕان چونکوم ئەم بزوتنەوەیە تا ئێستا خاوەنـدارێتـی نادیارەو ئەکرێ ھەر تەکەتولێک خۆی بکا بەخاونـی لەبری گۆڕانێک چەندین گۆڕان دروست بکرێ کە ئەمەش نەک زەرەر لە خودی بزوتنەوەی گۆڕان بەڵکو لە کۆێ شەقامـی ناڕازیـی کورد و ھەرێمێ کوردستانیش ئەیا کە نەوشیروان مستەفا توانـی ڕقـی پەنگخواردووی نزیکەی ٢٠ ساڵـی خەڵکـی لەو بزوتنەوەیەیا ڕێکبخاتەوە و کۆبکاتەوە خۆ ھەرکاتـێ بزوتنەوەی گۆڕان کۆنترۆڵـی ئەو دەنگە ناڕازییە پەنگخواردووە ٢٧ ساڵ تەمەنە لەدەستبدات توانایـی ئیدارە دانـی نەمێنـێ ئەوا کۆی ئەزموونەکە ئەکەوێتە مەترسیەوەو ناتوانرێ پێشبینـی بکرێ کە ئاکامەی چـێ و چۆنیـش ئەبـێ.

 

لە ئێستایا گۆڕان ناسنامەی لـێ وون بووەو بەدوای ناسنامەیەکـی تردا ئەگەڕێ، ئیتـر لە کۆتاییا بۆمان دەرەکەوێ کە ئایا بزوتنەوەی گۆڕان ناسنامەیەک بە کەسایەتییەکـی جیاواز لەوەی کە ھەیە ھەڵەگرێ؟ ئایا دوو ناسنامە ئەخاتە گیـرفانییەوە؟ یان ناسنامەی "بدل چائع" دەرەکا؟ وەڵام لای ڕاستگۆی ھەموو ئەوانەیە کە لەسەر میـراتـی مادی و دەسەڵاتـی بڕیاری سیاسـی دوای کۆچـی ڕێکخەرە گشتییەکەی ناکۆکن، خۆ ئەگەر نەرمـی بۆیەکتـر نەنوێنن ئەوا ئەکرێ ئەم کێشانەی گۆڕان لەلایەن نەیارەکانـی ئەو بزوتنەوەیەوە سوودی لێوەرگیـرێ بۆ ھەڵتەکانـی زیاتری ئەو حیـزبە کە وەک چۆن پێشتـریش سوودی لێبینـراوە.

 

لێـرەوە بۆمان دەرەکەوێ بزوتنەوەی گۆڕان کێشەی (متمانە، ئیدارە و بڕیاردان)ی ھەیە و پەلکێش کردنـی ئەو حیزبە و سەرقاڵ کردنـی بۆ بوون بە ئۆپۆزسیۆن یان چوونە ناو حکومەتەوە لەبـری چارەسەر کردنـی کێشە ناوخۆییەکانـی گرفتەکان قوڵتـر ئەکا کە ھەر ئەوەش ئامانجەکەیە ھەربۆیە (پەنیری تەڵەکەی گۆڕان خۆماڵـی نییە)!

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure