ئازاد دووزى10/11/2018 1234 جار بینراوە

كێ‌ داعش و هاوبیرەکانی له‌عێراق و ناوچه‌ دابڕێندراوەکان به‌هێز ده‌كاته‌وه‌

 

به‌ پێی هه‌ندێ‌ زانیاری هه‌واڵگریی و رۆژنامه‌وانیی داعش له‌ نێو سه‌نته‌رو سنووری موسڵ و تكریت و ئه‌نبار، هه‌روه‌ها حه‌وزی حه‌مرین و خوارووی كه‌ركوك به‌ تایبه‌تی له‌ سنووری داقوق و خورماتوو، به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو، سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ و رۆژ له‌دوای رۆژ له‌ به‌هێزبوون و فراوانبوندان و هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسییه‌كانی له‌ زیادبوندان.


به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ سنووری تكریت و ئه‌نبار كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرا بێت، (هێزیكی زۆر گه‌وره‌ی داعش، به‌ ژماره‌و به‌ چه‌كی پێشكه‌وتووی وه‌ك هاوه‌ن و دۆشكا، هاتونه‌ته‌ نزیك ناوچه‌ی زه‌رگه‌ی سنووری خوارووی خوروماتو، هه‌روه‌ها هێزێكی دیكه‌یش له‌نزیك سه‌رسار، كه‌ رۆژانه‌ په‌لاماری هاوڵاتیان و هێزه‌ عیراقییه‌كان ده‌ده‌ن، كه‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ حكومی عیراقییه‌كان له‌ باره‌ی ئه‌و هێزانه‌ی داعش به‌ زانیاری زۆر ورد ئاگادار كراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و لایه‌نانه‌ تا ئێستا هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی جددیان نه‌بوه‌.


به‌ پێی هه‌ندێ‌ سه‌رچاوه‌ له‌ سنووری خورماتو و داقوق داعش (دادگایه‌كی سه‌ربازیی له‌ نێوان خورماتوو - كفری كه‌ ته‌واوی ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵی حەشدی شەعبی هێزه‌ عێراقییه‌كانه‌، دامه‌زراندوه‌، سه‌رجه‌م ئه‌و هاوڵاتیانه‌شی كه‌ له‌سنوری حه‌مرین و سه‌ڵاحه‌دین ده‌ڕفێندرێن بۆ ئه‌و دادگایه‌ ده‌گوازرێنه‌وه‌و له‌لایه‌ن به‌ناو دادوه‌رێكه‌وه‌، سزایان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت.


هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌ هه‌واڵگرییه‌كان، داعش مۆڵگه‌یه‌كی دیكه‌ی گه‌وره‌ی له‌ ناوچه‌ی (تاوێر كه‌وه‌) كه‌ 4 كیلۆمه‌تر له‌خورماتوه‌وه‌ دووره‌ كردوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ ناوچه‌ی شۆراو و گوندی په‌ڵكانه‌ی سه‌ییده‌كان به‌ هه‌مان شێوه‌ مۆڵگه‌ی گه‌وره‌ی هه‌یه‌، گوندی په‌ڵكانه‌ی سه‌ییده‌كانش له‌ بازگه‌ی سلێمان به‌گه‌وه‌ ته‌نها 7 كیلۆمه‌تر دووره‌، سه‌رجه‌م ئه‌و ناوچانه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی به‌رپرسیارێتی حەشد و هێزه‌كانی حكومه‌تی عێراقیدان.


بۆ هاتوچۆو جموجۆڵكانشی بۆ ناوچه‌ی حه‌وزی حه‌مرین داعش رێگه‌ی غه‌ره‌ به‌كارده‌هێنێت،كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ به‌ناو هێزه‌ عێراقییه‌كاندا تێده‌په‌ڕێت.


دواتریش له‌نێوان زه‌مبور ـ خورماتوو به‌ سنووری (ئه‌خجه‌مه‌ شه‌ت) تێپه‌رده‌بن، كاتێكش له‌باشوری كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، دیسانه‌وه‌ به‌ناو هێزه‌ عێراقیه‌كاندا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌.
له‌نزیك شۆراویش به‌ره‌و حه‌فته‌غار ده‌په‌ڕنه‌وه‌ تاوه‌كو به‌ره‌و حه‌ویجه‌و خوارتر بچن.


به‌م شێوه‌یه‌ روون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ داعش بۆ جموجۆڵه‌كانی رێگا سه‌ره‌كییه‌كان به‌كارده‌هێنێت له‌نێوان ناوچه‌كان، كه‌ ئه‌و رێگایانه‌یش کە لە چەند و قۆڵ و میحوەرێک پێکهاتووە له‌ ژێر كۆنتڕۆڵی هێزە عێراقیەکان و حەشد و پێشمەرگەدایە .
به‌پێی هه‌ندێ‌ سه‌رچاوه‌ش له‌ سنووره‌كه‌، ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌و هێزانه‌ی داعش، له‌ تیرۆرسته‌ هه‌ڵاتووه‌كانی ته‌له‌عفه‌ر كه‌ زۆربه‌یان توركمانن، هه‌روه‌ها تیرۆسته‌ شكستخواردو هه‌ڵاتوه‌كانی ناوچه‌كانی (سوریا) پێكهاتون، به‌تایبه‌ت ئه‌و تیرۆستانه‌ی له‌ سنووره‌كانی ره‌ققه‌و درعاو باب و ناوچه‌كانی دیكه‌وه‌ هه‌ڵاتون و ناوچه‌كانیان له‌لایه‌ن شه‌ڕڤانانی هه‌سه‌ده‌ و هێزه‌كانی حكومه‌تی سوریاوه‌ ئازاد و كۆنترۆڵكراونه‌ته‌وه‌.


به‌ دووریش نازانرێت، هه‌مو ئه‌و تیرۆرستانه‌ به‌هاوكاری و پشتیوانی (میت)ده‌زگای هه‌واڵگریی توركیا هاتبێنه‌ ناوچه‌كه‌، بۆ جێبه‌جێكردنی پیلان و ئه‌جینداكانی ئاك پارتی، بۆ فشارخستنه‌ سه‌ر حكومه‌تی عیراق و كورد، وه‌ك چۆن تیرۆرستانی به‌ره‌ی نوسڕه‌ی گواستوه‌ته‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ شه‌ڕی په‌كه‌كه‌.


پرسیاری گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌، كێ‌ سوودمه‌نده‌ له‌ به‌هێزكردنه‌وه‌و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی دا، به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ستمكەوتون، جگه‌ له‌ وڵاته‌ ئیقلیمییه‌كانی وه‌ك توركیاو سعودیه‌ و ئێران، هه‌ندێ‌ له‌ فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی عیراق، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی نێو حه‌شدی شه‌عبی، هه‌روه‌ها هه‌ندێ‌ فه‌رمانده‌و ده‌ستڕۆیشتو و بازرگانی گه‌وره‌ی نێو یه‌كێتی و پارتی، سوودمه‌ندی سه‌ره‌كی، بوژاندنه‌وه‌و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعشن، ئه‌ویش چ بە مەبەستی بازرگانیی نه‌وت بێت یان دەستخستنی سەفقەی پارە بێت یان وه‌رگرتنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی زیاتر له‌ هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێم و هاوپه‌یمانان.


‌پرسیاری دیکەی زۆر هەن پێویستیان بە وەڵام و ئاشکراکردنە لەسەر ئەم دۆسێیە ، هەوڵ دەدەم لە داهاتودا بەزانیاری و داتای وردتر و فەروانتر وەڵامەکان بۆ ڕای گشتی دەستبخەم .

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure