دانا هەڵەبجەیی15/10/2018 196 جار بینراوە

ناو و ناتۆرە، ماف و تاوان

 

 

ناو، بریتییە لەو وشە و واژەیە کە بۆ ناسینەوە و دەستنیشانکردنی مرۆڤ و ئاژەڵ و شت و سروشت بەکاردێت. ناوی مرۆڤ لە سەردەمی کۆنی سێ هەزار ساڵەی پێش زاییندا، لە لایەن میسرییەکانەوە بە باڵای فرعەون نەخشێنراوە، ئەوسا هاوڵاتیانیش ڕێگەیان پیدرا لە تەختە قورێنەکان بە ڕەنووسی هیرۆگڵۆفی ناویان لێبنرێت و بنووسرێت، ئەمانیش گوایە لە شارستانیەکەی میزۆپۆتامیاوە وەریانگرووە.


ناوی مرۆڤ، بە پێ شوێن و کات، کولتور، ئایین، ڕەگەز و شارستانییەکانیان دانراوە و گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.زانستی ناوەکان و لە کوێ و لە چییەوە پەیدابوون و بنەچەکان لە کام سەرچاووە وەرگیراوە؟، بۆچوون و کێشمەکێشی فراوانی لەسەر نووسراوە، کە زۆربەی ناوەکان ئەگەڕێتەوە بۆ ناو و دۆخەکانی کە مرۆڤ لە سەرەتای میژووی چوار هەزار ساڵەیدا هۆشیارانە پێی ئاشنا بووە، وەک: تاریکی و ڕوناکی، ڕۆژ و شەو، زەوی و ئاسمان، ئاو و هەوا و خاک. خۆر و مانگ و ئەستێرە، سەرما وگەرما.


ناوی یەکەم و ناوی بنەماڵە؛


سەرەتا مرۆڤ هەر یەک ناوی هەبووە، پاشان ناوی دووەم یاخود ناوی خانەوادەیی، شۆرەت، لەقەب، نازناو، پاشگر، پاشناو، پیشەناو، ئاکارناو و ناوبانگ هاتونەتە ئاراوە و دابڕاون بەسەریاندا.
لەقەب یا شۆرەت لە ناو عەرەبدا هەمیشە وەک ئاوەڵناوێکی نێگەتیف و بەدناو و بەدگۆ بە سەر مرۆڤەکانە دابڕاوە،. قەد ناوێکی جوان و زەریفیان نەکردووە بە قەد باڵای خۆیان. تەنانەت لە قورئاندا هاتووە کە: ﴿ولا تلمزوا أنفسكم ولا تنابزوا بالألقاب﴾.


جگە لەوەی ناتورە و گاڵتەپێکردن و زڕاندنی ناوی مرۆڤەکان لە سەردەمی ئیسلامدا باوبووە، بۆ نموونە (وَامْرَأَتُهُ حَمَّالَةَ الْحَطَبِ) کە وەک قەشمەرییەک بۆ ئەبو لەهەب دابەزیوە، ژنێک کە کۆڵە دار و چیلکە هەڵگرتبێت لای ئەوان دژنام و شورەیی بووە، کە چی لە کوردەواریدا وەک پێناسیەکی جوان بۆ ژنان شیعری بەسەردا ئەوترا ( کچان مەچن بۆ چیلکە، پێشمەرگە وا لە تیکە، بانگتان ئەکەن بە فیکە، ماچتان ئەکەن ئەنتیکە). ئەمە جگە لەوەی دەیان گۆرانی و شیعر بەسەر گۆزەی سەرشانی ژنان ووتراوە و وەک میکاژێکی جوانی کچانیان پی ڕازاندوەتەوە.
بە داخەوە هەرچەند لەقەب ئەو پێشینە میژووییەی هەیە، کەچی لە بەرگی شارستانی و پاسپۆرتی عێراقدا هەر ماوە، بەڵام لە وەرگێڕانە کوردییەکە ئۆخەی و خۆشبەختانە، کە واژەی نازناو دانراوە کە جوانی و نازداری ئەبەخشێتە ناوەکە.


بە داخەوە لە زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکان ناوی دایک و ئایین هەر لە پاسپۆرتەکانیاندا ماون، باش بوو لەوەی عێراق هەڵگیرا. هەرچەند لە سەردەمی پاشیەتیشدا ناوی ئایین و دایک نەبوون.
لەبەر ئەوەی لە دورگەی عەرەب و چۆڵەواننشینەکاندا، منداڵی بێ باوک زۆر ئەهاتنە دنیاوە، ناچار ناوی کەسەکانیان بە ناوی کوڕی فڵان کەس ناوئەبرد، وەک؛ عمر بن الخطاب، حسین بن علی، بۆ ئەوەی دڵنیا بن کە ئەمانە باوکیان هەیە و دیارن و زۆڵ نین. پاشان کەمێک کە چاویان کرایەوە ئیتر کەسەکانیان بە ناوی باوکی فڵان کەس بانگ ئەکرد وەک؛ ابو علاء، ابو سینا،، بێگومان بۆ هەمان مەبەستی پێشوو. وە ئەگەر خاوەنی هەشت کچ بوونایە و یەک کوڕیان بوایە، هەر بەناوی باوکی کوڕەکە ناوزەندیان ئەکردن!. 
ئیتر ناوی نێر و می لەیەک جوداکرانەوە، کە یەکێک بوو لە کێشەکانی میللەتان.


هەرچەند نازناو یا بچوککردنەوی ناو لە زۆر میللەتاندا هەیە، بەڵام لە کوردا بۆ کوڕ (لۆ و لە)، بۆ کچ (لێ) بەکاردێت وەک: بۆ نێر حەمەلە، عەبەلە و کاکۆ و کاکەلە، بۆ مێ مینالێ، ئایشەلێ، کەنیلێ. کناچلێ.
ئیتر لە پاش ڕوخاندنی دەوڵەتی عوسمانی ناوی سیانی و ناوی چواری، کە ناوی کەسەکە و ناوی باوک و باپیر و باپیرە گەورە بە دوای یەکدا ئەنووسرا. لە خانەی لەقەب زۆربەی کاتەکان هیچ نەئەنوسرا، چونکە تا ئێستاش لە خوارووی عێراق کۆمەڵیک ناوی ئابروبەرەی وا بەکار ئەهێنرێت کە شایانی نووسین نییە.


بەڵام لە ئەوروپا هەر لە سەدەکانی ناوەڕاست نازناو یا باشتر بڵیم ناوی خانەوادەگی بەکار هاتووە، بە تایبەتی وەک ناوی باوان و ڕەچەڵەک و شوێن و کیڵگە و پیشەکانیان، کە ئەکرانە ناوی فامیلی.
هۆڵەندا تا سەدەکانی نێوەراستیش ناوی بنەماڵەییان نەبوو تا لە سەردەمی دەسەڵاتی فەرەنسییەکاندا (1799-1815) بە فەرمی ناوی خەڵکیان تۆمار کرد و هەموو کەسیان بە یاسا ناچارکرد کە نازناوێکی هەبێت.
لە ئێرانیش لە ساڵی 1935 وە ناوی خانەوادگەی بۆ هەموو کەسەکان بوو پابەندی یاسایی، بەڵام کەس بۆی نەبوو ناوی ( خان و بەگ و میرزا و سەڵتەنت) بکاتە پاشگری ناوی خۆی. لە ئەفغانستانیش بە ناوی بنەماڵە ئەێڵین؛ موخلص، ئەوانیش وەک ئەوروپییەکان هەیانە.


لە تورکیاش کەمال ئەتاتورک هەمان یاسای ناچاری بۆ ناوی خێزانی داسەپاند.لە هەندێک وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا خەڵک بە ناوی دووەمی بانگ ئەکرێن، وەک ماو کە ناوی دووەمە و ستۆنگ ناوی یەکەمە، کەچی پێی ئەڵێن ماوستۆنگ.کورد و عەرەبە پەنابەرەکانیش لە ئەوروپا کیشەی ناوی خێزانییان هەیە، کە ناچارن ناوی باوک یا باپیر بکرێتە ناوی بنەماڵییان.
خۆشبەختانە ئێستا تەنانەت لە عێراقیش بە ڕێی دادگا هەموو کەس ئەتوانێت ناوی خۆی بگۆڕێت، چونکە ناوی تاک موڵکی تایبەتی کەسەکەیەوە و ئازادە چۆن خۆی ناو ئەنێت.
لە هۆڵەندا هەرکەس لە دایک ئەبێت بۆی هەیە سێ ناوی هەبێت، ناو، ناوی بانگکردن، ناوی خوازراو. وە لە زۆربەی وڵاتانن ئەوروپاش هەموو کەس ئازادە کە ناوی خۆی بگۆڕێت ، لە ئەمریکاش زۆر بە ئاسانی ناو ئەگۆڕێت.


هەرچەند زۆربەی پەنابەرەکان لە ترسی خۆ شاردنەوە و نەناسینەوەیان لە لایەن ڕژێمە دیکتاتۆرەکانی کە هەڵاتوون لێی، ناوی خۆیان ئەگۆڕن، یا ناوی دڵخوازی خۆیان هەڵئەبژێرن. کە ئەمەش کێشەی زۆری موڵکداری و میراتییان لە وڵاتەکەی خۆیان بۆ دروستبووە.


ناوگۆڕین هۆکار و ئامانجەکانی زۆرن، وەک ناوی پێشمەرگە و گەریلاکان بۆ ئەوەی لە لادییەکانەوە پەسەند بکرێن، زۆربەی ناوێکی مەلا و شێخ و دکتۆر و حاکمیان ئەخستە پێش ناوە خوازراوەکانیان. نمونەکان دیارن.
وە نووسەر و هونەرمەندەکانیش ئەو بەزمەیان هەیە، چۆن گۆرانی شا عیر ناوی عەبدوڵایە، ئاواش نالی و کوردی و مەحوی ناوی ڕاستەقینەی خۆیان نییە،
کەواتە ناو، مافێکی سەرەتایی هەر مرۆڤێکە کە خۆی ئازادە چ ناوێک هەڵبژێرێت، نەک وەک ئایین و ‌هەندێک جار حیزب و خێڵ هەر لە منداڵییەوە بێ ئەوەی ئاگای لە دنیا بێت، بەسەریدا بسەپێت. ئیتر لە ئێستادا هیچ یاسا و ڕێسایەکی جیهانی. گۆڕینی ناوی نەکردووەتە تاوان.


هەر بۆیە هیوادرام پەرلەمانی هەرێم و عێراقیش ئەو یاساییە دەربکات کە هەموو کەسێک ناوی خیزانی بکاتە یاسایی و لە ناسنامە فەرمییەکاندا تۆمار بکرێت. ئیتر با ئێمەش ناوەکەمان وەک مرۆڤەکانی دیکەی سەر زەوی بێت، نەک زنجیرە ناو، کە ئەڵیی تەزبیحە بە دوای یەکدا، ئەبێت دەرخ بکرێت.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure