هادی حەمە ڕەشید10/10/2018 828 جار بینراوە

ئایا "ئارام ئەحمەد" خائینە یان خەباتگێڕ؟

 

ڕۆژێك لە گردەکە بووم، بەتاڵەیەك هات بە ئارام ئەحمەددا و تا توانی دایشۆری، منیش ووتم: برالە ئارام پیاوێکی جوانە، بەو تەرزە لە قسەکردن و ڕەخنەگرتن(بە قەولی کوردستانپۆست ڕەخنە بە زمانی چەکوش) دەپەیڤێت و سەرانی گەندەڵ و دز و وڵاتفرۆش ڕیسوا ئەکات.... لەگەڵ کۆمەڵێك ئارگیۆمێنتی دیکە کە لەو کاتەدا خستمەڕوو.

ئەو وتی: هاوڕێ تۆ خەڵکی هەڵەبجەنیت؟، دەی با نموونەیەکی بەرجەستەت لە هەڵەبجە بۆ باس بکەم.


وتم: فەرمووم باسیکە.


وتی: بیستت کە ئارام لایڤێکی لەسەر کەم و کورتیی و کەمتەرخەمییەکانی حکومەت لە هەڵەبجە بڵاوکردەوە؟


لەو لایڤەدا باسی کۆمەڵێك خەڵك ئەکات کە ئۆباڵی ئەو دۆخەی هەڵەبجەیان لە ئەستۆدایە.


یەکێك لەوانە (ئەنوەری ڕابە) ناوێکە، دەی پاش ئەم لایڤە ئەنوەر ئەچێتە خەت بۆی و چەردەیەك پارەی بۆ حەواڵە ئەکەن و ئیتر چەند شەوێك دوای ئەوە، بەپێچەوانەوە ئیعتیزار بۆ ئەنوەر ئەهێنێتەوە!

 

ڕاستی کە من زانیارییم لەسەر ئەو تێکەولێکەیە نەبوو، وەڵامی ئەو سەرنجەم نەبوو، بگرە زۆریش لەلای خۆمەوە توڕە بووم لەو هەڵوێستەی ئارام، ڕەخنەت لەچی و پۆزشت لەچی؟!

 

تا ڕۆژێك لەگەڵ م.بێستون تاوگۆزیدا لە کەمپەینێکی خێرخوازیدا پێکەوە بووین، ئەو ووتی: من بۆ خۆم کاری سیاسیی و بوارەکانیتر تێکەڵاو ناکەم،بێژەریی وەرزشیی بۆ هەموو تیپ و یانەیەك ئەکەم، لەهەر حیزب و ئایدیۆلۆژیایەك بێت، پەیوەندیی پیشەیی و ڕۆژنامەوانییم لەگەڵ دەوروبەرمدا لەسەر بنەمای سیاسیی نیە، بۆ نموونە کاك ئارام ئەحمەد کە لە هۆڵەندایە، زۆر ڕێز و حورمەت لەنێوانماندا هەیە.

 

شەوێك کە کاك ئارام لایڤی لەسەر هەڵەبجە کردبوو، باسی کێشە و گرفتەکانی هەڵەبجەی کردبوو، کێشەکانی کورت هەڵهێنابوو لە چەند کەسێکی سانەویدا(خدر کەریم و کوێستان ئەکرەم و ئەنوەری ڕابە)


بەتایبەتیی لەخاڵێکدا لەسەر (ئەنوەری ڕابە) ڕاوەستابوو کە وانەبوو، هەموو کەسێك من ئەناسێ و بە (بێستوونی حەرەکە) ناسراوم ئەنوەریش یەکێتییە، بەڵام ئەو بابەتە هەڵەلێتێگەیشتنی تیادابوو، بۆیە ئاگادارم کرد، ئەویش بەئەوپەڕی ڕێزەوە ئیعتیزاری هێنایەوە.

 

جا کێشە و گرفتەکانی هەڵەبجە چیە و ڕۆڵی ئەو کەسایەتییانە چەندە و کێ پشکی شێری لەبڕیاداندا لەهەڵەبجە و کوردستان بەرئەکەوێت، ئەوە بابەتێکیترە و مەبەستی نووسینەکەی ئێمە نیە، ئەوەی مەبەست بوو، من وەڵامی خۆمم لەو گفتوگۆیەی خۆم و م.بێستوونەوە چنگ کەوت.

 

ڕەنگە ئارام لە پاکێتی خۆیدا، خوای گەورە بۆی ڕێکخست بێت کە وەها گفتوگۆیەك بەرەو ئەو ئەدرەسە ئاراستە بکرێت، چونکە ئارام ئەحمەد وا بۆ زیاتر لە ۲٠ساڵ ئەچێت بە زستان و کڕێوە، بە بەهار و سەرمەستیی خەڵك لەگەشت و سەفا، بە گەرمای هاوین و درێژیی شەوی پایز ...سەرقاڵی خەباتە دژ بە گەندەڵکاران و دز و ڕۆژنامەنووسکوژ و خۆفرۆشان.

 

ئەو کە بەبێ هیچ بەرژەوەندییەکی کەسیی هات و پشتگیریی ڕیفۆڕم و گۆڕان و پرۆژەکەی کاك نەوشیروانی کرد، هێشتا خەڵکانێك دوودڵ بوون لە جێهێشتنی گەڕە پۆستێك، سەروسەودا و مامەڵەیان بوو کە بێنە گردەکە کاك نەوشیروان کامە پۆستیان بۆ دیاری ئەکات؟!

 

ئەو سەرقاڵی خەباتی خۆی بوو، کاتێك ئەمان هەزاران گۆڕانخوازیان نائومێد کرد و ناردنیانەوە بۆ ماڵەوە، ۲٤کاتژمێر کاك نەوشیروانیان جاڕس کردبوو تا ئەم پۆستەکە و ئەو پێگەکە بداتە برادەرەکانی ئەوان لە کاست و دەستەکانی خۆیان!

 

ئارام دروستی وتبێت یان نەیپێکابێت، ئەوا بە ناوی خۆیەوە قسەی کردووە، ئیفرازات و لێکەوتەکانیشی هەر بۆ خۆی بووە، لەسەر دژایەتی گەندەڵیی و ناپاکیی دنیای لێ بووە بە دوژمن، بەڵام خۆ خەڵکیتر بەناوی گۆڕانەوە و لە پلەوپێگەی گۆڕانەوە خۆی دەوڵەمەند کرد و بوو بە ژمارەیەك لەسەر گۆڕەپانەکە!

 

ئارام هات وتی: تبت یدهُ سەرکەوتی کوبە کە داوێتی لە سەباحی عەلی قارەمان.


ئێوە وتتان: نا نا کاك سەرکەوت وا خۆشەویستی کاك نەوشیروان و وا گۆڕانخوازی عەییارە ۲٤ـە، ئێستا سەرکەوتتان لێدیارە؟!

 

دڵنیام ئارام براندێکی ئەسڵە و وەك خۆی ئەمێنێتەوە، شەو و ڕۆژ بەبێ ترس بەناو و وێنە و ڕەنگی خۆیەوە لەپەیج و ئەکاونتی خۆیەوە پەیامەکانی بڵاوئەکاتەوە، ئەوەی کە ڕووی هەڵئەماڵرێت و زەمانە ڕیسوای ئەکات، ئەوانەن کە ترسەنۆك و بچووك بەناویتر و وێنەی خەڵکیتر و پەیجی بێ دایك و باوکەوە دۆسێی سەیر و سەمەرەی بۆ دائەتاشن!

 

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure