شەماڵ طەلیعە 5/10/2018 222 جار بینراوە

بۆچى یەکێتى وپارتى بۆیان دەچێتە سەر ؟


ڕەنگە لەمێژووى کوردا هیچ هێزێکى سیاسى بەقەد یەکێتى وپارتى زۆرترین گەندەڵى وتاڵانکارییان لەسەروەت وسامانى نیشتمان نەکردبێت ، بەمەشەوە نەوەستاون بەڵکو چەندین خیانەتى سیاسیان کردووە وەکو 31ى ئاب و16ی ئوکتۆبەر ، تەنانەت فرۆشتنى نیوەى خاکى هەرێم وپەلکێشکردنى دەستى داگیرکەریش هەرپیشەى ئەم دوو حیزبە بووە .


بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆچى دواى ئەم هەموو تاوان وگەندەڵى وخیانەتە ، هەر درێژە بەحوکمڕانى خۆیان دەدەن ولەسەر تەختى دەسەڵات دەمێننەوە وجومگە گرنگەکانى دەخەنە ژێر دەستى خۆیانەوە کە خۆى لە هێز وئابورى دا دەبینێتەوە ؟


بەدرێژاى ساڵانى حوکمڕانیکردنیان ، دوو هێز بوونە هەمیشە بیریان لاى بەرژەوەندى وپۆست وپارە وقۆرغکردنى سامانى نیشتمانى هەبووە ، جگە لەمەش داردەست ونۆکەرى ووڵاتانى ئیقلیمى وجیهانى بوون ، ئەمە وایکردووە کە هەر گەمەى نێودەوڵەتى وبەرژەوەندى ووڵاتان بەئاراستەیەکدا بڕوان ئەم دوو هێزەش بەهەمان ئاراستەدا دەڕۆن ، لەپێناو مانەوەیان لەسەر کورسى دەسەڵات .
ئامانج وئەجێنداى ئەم دوو حیزبە زۆرجار لەگەڵ ئامانجە نێودەولەتى وئیقلیمییەکان دا یەکى گرتووەتەوە ولەیەک خاڵى هاوبەش دا کۆک بوونە ، لەم کۆکبوونەش ئێران وتورکیا ڕۆڵى گرنگیان هەبووە لە هاوسەنگکردن وقۆستنەوەى بەرژەوەندییەکان بۆ خۆیان .


لەناوخۆش دا ، ئەم دووحیزبە بەدڕیژاى حوکمڕانى کردنیان بەناوى ( حکومەتى هەرێم ) ەوە کاریان لەسەر بەحیزبى کردن ى دامەزراوەکانى حکومەت کردووە ، هەموو ئۆرگان وسێکتەرەکانى دەسەڵات وکۆمەڵگەیان لەبەرژەوەندى حیزب وبنەماڵە وکەسایەتى خۆیان مسۆگەر کردووە .


لەم ڕێگەیەوە توانیوویانە لەشکرێک لەفەرمانبەر وسەرباز ومەلا وخزمەتکارى حیزبى لەدەورى ئەجێندا ودەسەڵاتى خۆیان دا دروست بکەن وەکو بازنەیەک بۆ پاراستنى دەسکەوتەکان ، بۆنموونە یەکێتى سەرجەم دامەزراوەکانى ژێر دەسەڵاتى خۆى بەحیزبى کردووە هەر لە بەڕیوبەرێکى بچووکى خوێندنگایەک تاوەکو وەزیر وسەرۆک ، پارتیش بەهەمان شێوە هەولێرى کردۆتە گوانتانامۆیەکى دیکەى جیهانى وسەربازگەیەکى ترسناکى دروست کردووە جگە لەبیدەنگکردن وڕفاندن وکڕینى ویژدانى خەلک پیشەیەکى دیکەى نیە ، بۆیە لەناوخۆدا توانیوییانە هەزارها مرۆڤى ساویلکە وخۆفرۆش بکەنە داردەستى خۆیان .


مرۆڤە ئازاکان وئازادیخوازەکان گەر بۆیان ڕام نەکرێ ودەستەمۆ نەبن ، دەکوژرێن ، سەرەتا هەموو هەوڵێکیان لەگەڵ دەدەن چ بە پارە وپلەوپایە وپۆست یان بەهەڕەشە وترس وتۆقاندن گەر سەرنەکەوتن ئەوا بەدڵنیاییەوە هەردووکیان لە کوشتنى مرۆڤە ئازا وئازادیخوازەکان دەستکورتى ناکەن .


لەئێستادا کۆمەڵگەى ئیمە لەبەردەم مەترسیەکى گەورەدایە ، لەوەدا کە حەشاماتێک لە کۆیلە وخۆفرۆش دروستبوون کەبەداخەوە گەشتووە ناو هێزە ناڕازى وئۆپۆزیسیۆنەکانیش ، ڕۆژانە دەبیستین چەندەها ئەندام وکار ولایەنگرى فڵان هێزى ئۆپۆزیسیۆن بووەتە ئەندامى یەکێتى یان پارتى ، هەندێ جار کەسانێک بوونەتە پارتى کەدەم ڕاستى سەرەکى هێزە ئۆپۆزیسۆن وناڕازییەکانى دژ بەدەسەڵات بوونە .


بۆدەربازبوون لەم مەترسی یەى کڕینى مرۆڤ ، پێویستە کار لەسەر هۆشیارکردنەوە وڕۆشنبیرکردنى تاک بکرێت ، سەرلەنۆى بەکۆمەڵیک چەمک وزاراوەى نوێ مێشکى تاکى ئێمە ریفریشبکرێتەوە ولە فێل وساختەچییەکانى ئەم دوو حیزبە دوور بکەونەوە ، واتا لەبەردەم سێ بژاردەدا خۆمان دەبیینینەوە یان دەبێ بەشێوەیەکى چڕ وفراوان لەڕێگەى خوێندنگا ومزگەوت وپەروەردە ودامەزراوەکانەوە کار لەسەر هۆشیارى سیاسى تاک بکەین ، یان دەبێت کودەتاى سەربازى ئەنجام بدەین ، یان قبوڵى ئەم ستەمە بکەین وەکو کۆریاى باکور دیکتاتۆریەت وستەمکارى حیزب هەموومان غەرقى دۆزەخێکى پڕ لە ستەم ودواکەوتوویى عەقڵى بکات ، بەڵام بە بڕواى من بژاردەى یەکەم لەئێستادا هەنگاوێکى باشە گەر کەسانى دڵسۆز وئازا وئازادیخواز پێی هەستن .

 

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure