سەردار ئەمین 28/7/2018 1226 جار بینراوە

ئامانجی شاراوەی کاک بابەکر لە نوسینی وتاری ( تەکانێک بۆ هەستانەوە) چییە؟


بە پێی کولتوری دیوەخان لە سێبەری سەرکردەکانی کوردا هەمیشە نوخبەیەک لە پیاوانی دەربار کە وەزیفەیان داکۆکیکردن و پاراستنی قودسێتی سەرۆک و پاراستنی پیگەکەیەتی ئامادەگییان هەیە. ئەم کاراکتەرانە لەو کاتانەی هەڕەشە لەسەر هەژموونی سەرۆک دروست دەبێت، کارا دەبن و دێنە سەر خەت. تاکە هۆکاری ئەم وەلابوونەی ئەم نوخبەیە و کۆبوونەوەیان لەسەر خوان و دەورو بەردەم قاپی سەرۆک جگە لە بەرژەوەندی و ژیانێکی باش هیچ شتێکیتر نییە؟!.


گۆڕان و دامەزرێنەرەکەی (نەوشیروان مستەفا) لەم عورفە عەشایەرییە بەدەر نییە. دەبینین ئەم پیاوە بەر لەوەی بزوتنەوەکەی ڕاگەیەنێت، ژمارەیەک گەنجی قەڵەم بەدەست و میدیاکاری لە خۆی کۆکردەوە، دواتر هەرهەمووشیان بە هۆی ئەو وەلاییەیانەوە ژیانیان بە بەراورد بە پێشویان تەوا گۆڕا. بۆیە ئێستا کە پێگە رەمزییەکەی سەرۆک و بنەماڵەکەی کەوتۆنەتە بەر ڕەخنەو مەترسی، دەبینین ئەم کاراکتەرانە هاتونەتە سەر خەت و لە سەفی پێشەوەی شەڕەکەدان.


کاک بابەکر دڕەیی یەكێکە سەر بەم نوخبەیەی ناو گۆران و هەر لەسەرەتای هاتنەدەرەوەی (نەوشیروان) لە یەکێتی ئەمیش لە گەڵدایە. ئەم پیاوە کە لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان ئێستا پۆستی بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری سلێمانی وەرگرتووە، بە بۆنەی ١٠ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر دروستبوونی گۆڕاندا بە وتارێکی ڕەخنە ئامێز بەڵام لە جەوهەردا موحافیزکار بەو ناو نیشانەی سەرەوە بڵاو کردۆتەوە.


هەموو دەزانین پاش مردنی (نەوشیروان مستەف)ا گۆڕان خەریکە جەوهەری دەردەکەوێت، کە چییە؟ سوپاس بۆ مردن کە ئەو حەقیقەتەی بۆ ئاشکرا کردین! کارێکی زەحمەت دەبوو لە ئامادەگیبوونی مەرحومدا ئەم ڕاستیانە ببینرانایە. ئێستا خەریکە ئەو خەرمانەی کە بەدەوری (نەوشیروان مستەفا)دا کێشرابوو کاڵ دەبێتەوە. بە تایبەتی پاش ئەوەی فەزیحەی داگیرکردنی گردەکەو سەروەت و سامانی نا شەرعییانەی نەوشیروان و تاپۆکردنییان لە سەر (نما و چیا) ئاشکرا دەبێت.


ئێستا گۆڕان تەقەی تێکەتووە، بە کۆمەڵ و تاک خەڵکی لێ دور دەکەوێتەوە و دابەش بووە بەسەر دوو بەرەدا. بەرەیەک داکۆکی لە پێگەی پیرۆز و رەمزی (نەوشیروان) و پشتگیری لە کوڕەکانی دەکەن و زەمینە خۆش دەکەن بۆ ئەوەی (چیا) ببێتە ڕێکخەری گشتی و جێگرەوەی بابی لە ناو بزوتنەوەکەدا. بەرەکەی دیش دژ بەم ئاراستەیەن، بە بنەماڵەییکردنی بزوتنەوەکەن و داوای گەڕانەوەی خاوەندارێتی کۆمپانیا(وشە) دەکەن بۆ بزوتنەوەکە.


کاک بابەکر لە وتارەکەیدا ڕەخنە لە زۆر بواردا لە ئەدای جڤاتی نیشتمانی دەگرێت، قسە لە بێتوانایەتی و شکستهێنانی ئەم دەزگایە و داوای هەڵبژاردنێکی پێشوەخت دەکات بۆ هەڵبژاردنی خانەیەکی نوێ کە لە ئاستی تەحەداکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی بزوتنەوەکەبێت. ئەم هەموو ڕاوڕێوییە دەهێنێتەوە بۆ ئەوەی پێمان بڵێت ئەم ناکۆکییانەی ناو بزوتنەوەی گۆڕان، ئەگەر چارەسەر نەکرێت ئەوە پێگەی مێژویی و ڕەمزییەکەی (نەوشیروان مستەفا) ی ئایدیۆلی لە مەترسیدایە..


ئەگەرکاک بابەکر بەجدی بە دوای هەڵسانەوەی بزوتنەوەکەوەیە، دەبایە دەستی بۆ ڕەگ و ڕیشەی ئەو کێشانە درێژبکردایە کە ئەمڕۆ بزوتنەوەی گۆڕانی داماو و زەلیل کردووە. بەڵام ئەم بەڕێزە نایەت ئەمە باکات و بۆیە ئێمە ناچار دەکات بە پێی توانا و لە دڵسۆزیمانەوە بۆ ژیانی جڤاتیمان دەستی بۆ بەرین.


بە بڕوای ئێمە مێژوی ئەم کێشانە بەشی هەرە زۆری ئەگەر نەتوانین بڵێن هەمووی، دەگەڕێتەوە بۆ خودی (نەوشیروان)، چونکە لە سەر دەستی ئەو و لەسەردەمی ئەودا دروست بوون، دەپرسین کێ بوو ئەم ئەندامە بێکەڵکانەی ئێستای جڤاتی هێنایە پێشەوە بە (عومەری سەید عەلیشەوە)؟ کێ بوو هەیکەلەی گۆڕانی بەم شێوە سەقەتە دروستکرد، کە لە توانایدا نەبێت یەک بڕیار دەربکات؟ کێبوو سێیەکی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بە تەعین دانا؟ بۆچی هەتا لە ژیاندا بوو هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەراندن کە پڕیاری کۆنگرە بوو نەکرا و کێ ڕێگر بوو لێی؟ بۆ لە ڕابوردودا بۆ بڕیارە ستراتیجیەکان پرس بە کەس نەدەکرا؟ بۆ تا ئەم کاتەش شەفافیەت لە سەرچاوەی داهاتی گۆڕاندا نییە؟ کێ بەر پرسی ئەو بڕیارەیە شەرمئامێزەیە کە بچنە شەراکەتەوە لە گەڵ پارتیدا؟ کێ وەزیرەکانی دانا، ئایا پرس بە کەس کرا؟ کێ لە پشت ڕێکەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتییەوەیە؟ کێ ئەو هەموو گۆڕانخوازە پاک و بەرژەوەند نەخوازو خۆبەخشەی لە گۆڕان دەرپەڕانذ وقاودا و لە باتی ئەوان گۆڕانی سیخناخ کرد لە خەڵکی کۆنە یەکێتی و بەرژەوەند خواز و پۆست مەتڵەب و بەڵێ کەر و ڕێکار و پیاوی بنەماڵە و دەربار؟ کێ بوو دەسبەرداری دروشمی گەڕانەوەی موڵک و ماڵی گشتی و موحاسەبە کردنی گەندەڵکاران بوو؟ ئەمانە لە لایەک فەزیحە گەورەکە لەلایەکی دی، ئەی کێ بەرپرسە لە دەستبەسەراگرتنی گردەکەو گۆاستنەوە و تاپۆکردنی لەسەر ( نما و چییا). ئەمانەن ڕەگ و ڕیشەی قەیرانەکانی ئەمرۆی گۆڕان و قسەکردن لە سەر هەستانەوەی گۆڕان تەنهاو تەنها بە ڕەخنە گرتن لە نەوشیروان و تەجاوازکردنی میراتەکەی ئەو دەست پێدەکات.


کاک بابەکر هەموو دەزانین کە چەند نزیک و موریدی کۆڕەکانی نەوشیروانە و چەند داکۆکییان لێدەکات وە لە زیاد لە بوونەیەکدا بە ئاشکرا ووتوویەتی کە کاتی ئەوە هاتووە کاکە (چیا) ببێت بە ڕێکخەری بزوتنەوەی گۆڕان..! ئەمە پەیامی پەنهان و شاراوەی ناو وتارەکەی کاک بابەکر دڕەییە. تکایە ئاگاداربن.

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure