ئه‌كره‌م صاڵح27/7/2018 167 جار بینراوە

به‌ره‌و حكومه‌تی زۆرینه‌ ...

ئه‌زمونی حكومڕانی هه‌رێم له‌ ڕابردوو تاكو ئێستا‌ له‌سه‌ر بنه‌مای سازانی سیاسی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ی و نیشتمانی بنیاتنراوه‌ ‌ ..


به‌ڵام پاش ٢٧ ساڵ به‌رهه‌می سازان و هاوبه‌شی جیاواز له‌ ئه‌نجامی راسته‌قینه‌ی هه‌لبژاردن , سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌ له‌ دروستكردنی حوكمڕانیه‌كی وا كه‌ یه‌كریزی گه‌ل و یه‌كگرتووی نیشتمان و سیسته‌مێكی دیموكراسی باش ئه‌نجامه‌كه‌ی بێت .


وێڕای هه‌ندێ پێشكه‌وتنی هه‌مه‌لایه‌نه كه‌ به‌له‌به‌رچاوگرتنی هه‌لومه‌رج و هه‌ڵكه‌وته‌ی جیوسیاسی و ئه‌و قۆناغانه‌ی هه‌رێمی پێدا تێپه‌ڕیوه‌ ناكرێ نادیده‌ بگیرێ .


له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا هێشتا كۆڵه‌كه‌كانی بنیاتنانی حوكمڕانیه‌كی ته‌ندروست له‌ هه‌رێم له‌رزۆكه‌ و مۆركی دوو ئیداره‌ی و مه‌ترسی دابڕان ئه‌گه‌رێكی ئاماده‌یه‌ له‌ هه‌ر ناكۆكیه‌كی ناوخۆی یان پیلانگێڕێكی ده‌ره‌كیدا..


كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر به‌رهه‌می زیاتر له‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌كی حكومڕانی سازان و حكومه‌تی بنكه‌فراوان ئه‌مه‌ بوبێت . ده‌بێت به‌رده‌وامی ئه‌م فۆرمه‌ له‌ حكومڕانی چ گۆڕانكارییه‌ به‌دوای خۆیدا بهێنێ یان چ سودێكی هه‌بێت .


بۆئه‌وه‌ی هه‌رێم له‌ چه‌قبه‌ستوی سیاسی و حكومرانی ده‌رباز بكرێت و قۆناغێكی باشتر ده‌ستپێبكات.


كه ئاكامه‌كه‌ی سه‌قامگیری سیاسی و ئاوه‌دانی و خۆشگوزرانی زیاتر و حوكمرانیه‌كی سه‌رتاسه‌ری بێت , به‌جۆرێك ناكۆكی و جیاوازی سیاسی كاریگه‌ری نه‌بێت له‌سه‌ر ژیان و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردن و یه‌كگرتووی نیشتمانی. پێوسته‌ بیر له‌ ئه‌لته‌رناتیڤێكی نوێ و گونجاو بكریته‌وه‌ . .


به‌جۆرێك ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ببێته‌ بنه‌مای پێكهێنانی حكومه‌ت . چونكه‌ به‌رده‌وامیدان به‌سازان و ڕازی كردنی ئه‌م لاو ئه‌و لا وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ڕابردوو كراوه‌ جۆرێكه‌ له‌ به‌رده‌وامی دان به‌پرۆسه‌یه‌ك كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌زموون ده‌ریخست یه‌كسانه‌ به‌هیچ , بۆیه‌ كاتی ئه‌وه‌هاتوه ‌له‌ دوای ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ئه‌لته‌رناتیڤێكی نوێ بگیرێته‌به‌ر كه‌ جیاواز بێت له‌ ڕابردوو به‌ دروستكردنی حكومه‌تی زۆرینه‌ به‌جۆرێك حكومه‌تی داهاتوو حكومڕانی و نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی هه‌رێم بكات له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ له‌ جوارچیوه‌ی یاسا كارپێكراوه‌كان, به‌ده‌ر له ‌ده‌ستێوه‌ردان و ململانیه‌ی لاوه‌كی حزبه‌كان.


بێگومان تێپه‌ڕاندنی ئه‌م قۆناغه‌ پێوستی به‌ پشتیوانی خه‌لك و تێگه‌شتنی لایه‌نه‌ سێاسیه‌كانه‌ له‌ هه‌لبژاردن و دیمكراسیه‌ت وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ وڵاتان ده‌گوزرێ نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی لای خۆمان هه‌وڵی بۆ ده‌درێ .


راسته‌ ئامانجی هه‌ر حزبێكی سیاسی گه‌یشتنه‌ به‌ ده‌سڵات . به‌ڵام ئه‌وه‌ خه‌ڵك بڕیار ده‌دات نه‌ك خودی حزبه‌كه‌ , بۆیه‌ ئه‌گه‌ر نه‌گه‌شته‌ ده‌سڵات یا به‌شدار ی پێ نه‌كرا كۆتای هه‌موو شتێك نییه‌.
هه‌رچه‌نده‌ تاقیكریته‌وه‌ی فۆرمێكی نوێی حكومڕانی ڕه‌نگه‌ هه‌روا ئاسان نه‌بێت بۆ باردۆخێكی وه‌ك هه‌رێم , به‌لام ئه‌گه‌ر ئیراده‌ی به‌هێز و پشتیوانی زۆرینه‌ی خه‌ڵك‌ هه‌بێت سه‌رئه‌نجام قبول ده‌كرێ و ئاڵوگۆڕی ده‌سلات و حكومرانی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر رێڕه‌وی دروستی خۆی و چیتر ده‌رفه‌ت بۆ قسه‌ی زل و لافوگه‌زافی دیموكراسی بێ كردار نامێنێ كه‌ زۆر لایه‌ن به‌رده‌وام له‌ ڕاگه‌یاندن و تاری سیاسیاندا دوپاتی ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ پراكتیدا كاری پێ ناكه‌ن .


بۆیه‌ پاش ئه‌و هه‌وراز و نشێوه‌ی كه‌ له‌ دوای ڕاپه‌ڕینی ١٩٩١ وه‌ هه‌رێمی كورستانی پێدا تێپه‌ڕیوه‌. له‌وبڕوایه‌دام كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ چیتر پێوست نه‌كات به‌به‌هانه‌ی ته‌بای و یه‌كریزی حكومه‌تێ له‌رزۆك دروست بكرێ و پاش ماوه‌یه‌ك هه‌ر لایه‌نێك له‌ ئاوازێ بخوێنێ .


بۆیه‌ ئه‌گه‌ر لایه‌نێ له‌م هه‌ڵبژارده‌نه‌ی په‌رله‌مان ٥٠ +١ كورسیه‌كانی به‌ده‌ست هێنا ده‌كرێ به‌ته‌نها حكومه‌ت پێكبهێنێ , هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ بۆ ئیستای كوردستان محاله‌ , بۆیه‌ باشتر وایه‌ حكومه‌تی زۆرینه‌ پێك بهێنرێت له‌ دوو تا سێ لایه‌ن كه‌ ئاماده‌بن تا كۆتای شان بده‌نه‌ به‌ر به‌رپرسیاریه‌تی و حكومڕانیه‌كی مه‌ده‌نی و شفاف كه‌ یاسا تیدا سه‌روه‌ر بێت . بۆ ئه‌وه‌ی پاش پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی , حكومه‌ت به‌رپرسیار بێت به‌رامبه‌ر هه‌موو جومگه‌كانی به‌ریوه‌بردن له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی یاسادا , دور له‌ سۆز و سڵكردنه‌وه‌ , ده‌سڵاتی خۆی بسه‌پێنێ به‌سه‌ر هه‌رێمدا بێ جیاوازی سیاسی و ناوچه‌ی .


بۆ ئه‌وه‌ی كۆتای به‌م دۆخه‌ ناجێگیره‌ ‌ بێت كه‌ كوردستانی پێدا تێ ده‌په‌ڕێت و هاولاتیانی بێ هیوا و بێزار كردوه ‌ .


به‌و پێه‌یه‌ی هه‌موو پێشبینیه‌كان و ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق ئه‌وه‌ دوپات ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان لیستی یه‌كه‌می كوردستان ده‌ببێت . كه‌واته‌ ئه‌ركی پارتی یه‌ پێش هه‌موو لایه‌ك كار بۆ ئه‌وه‌ بكات ئه‌م دۆخه‌ چه‌ق به‌ستوه‌ی هه‌رێم تێپه‌ڕێت و دوای هه‌ڵبژاردن كار بۆ پێكهینانی حكومه‌تی زۆرینه بكات و به‌پێی رێژه‌ی كورسیی په‌رله‌مانی.


به‌ڵام له‌گه‌ڵ تۆكمه‌ی و به‌هێزی پێگه‌ی پارتی, بۆ ئه‌ركێكی له‌م جۆره‌ قورس و مێژوویی, پارتیش پێوستی به‌ پشتیوانی خه‌ڵكه‌ بۆیه‌ پێوسته‌ به‌ڕاشكاوی ئه‌م په‌یامه‌ به‌‌خه‌ڵك بگه‌ێنێت و دڵنیای گۆڕانكاری هه‌مه‌لایه‌نه‌ به‌خه‌ڵك بدات و دوای هه‌ڵبژادن هه‌موو هه‌وڵێ خۆی بخاته‌ گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی قۆناغێكی نوێ ده‌سپێبكات كه‌ جیاواز بێت له‌ڕابردوو . تاكو خه‌ڵك زیاتر پشتیوانی لێبكه‌ن له‌ هه‌ڵبژاردن ,چونكه‌ تا رێژه‌ی ده‌نگ و كورسیه‌كانی زیاتربێت ئاسانتر ده‌توانێ كۆسپه‌كان تێپه‌ڕێنێ .


بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیك هیوا بۆ خه‌ڵك بگه‌ڕێته‌وه‌ و ئاڵوگۆڕی ده‌سڵات لای خه‌ڵك و لایه‌نه‌كان ببێته‌ پرسێكی ئاسایی و خزمه‌تكردنی خه‌لك و پاراستنی نیشتمان ببێته‌ پێوه‌ری حكومڕانی له‌ داهاتووی كوردستان .

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure