كه‌مال چۆمانى22/7/2018 628 جار بینراوە

گۆڕان لەبەردەم ئالنگارییە گەورەکەدا؛ سەرکەوتن بەسەر قەیرانی مۆراڵدا

من بەوە نیگەران نیم گردی زەرگەتە و کۆمپانیای وشە و ئابوریی گۆڕان لەسەر دو کەس تاپۆ دەکرێن، بەوە نیگەرانم ئەو گەنجانەی ناو گۆڕان کە بڕیاربو دژی بنەماڵەگەرایی خەباتی دیموکراسیی بەردەوامیی پێبدەن، ئێستا خۆیان لەبیرکردوە و هەمو کار و قسەکردنێکیان بۆتە دیفاعکردن لە چەسپاندنی ئەو ناشەرعیبونە و بەبنەماڵەییکردنەی بزوتنەوەی گۆڕان.


ئەوەی لەناو گۆڕان دەگوزەرێت، خیانەتکردنە لە خەبات و دونیابینیی نەوشیروان مستەفا. ئەگەر پێتانوابێت خیانەت نییە لە خەبات و فیکری نەوشیروان مستەفا، ئەوا گەورەترین سوکایەتیی بە نەوشیروان مستەفا دەکەن و هەمو مێژو و خەبات و تێكۆشانی دەخەنە ژێر پرسیارەوە. ئەگەر کاک نەوشیروان خۆی بڕیاری تاپۆکردنی گردی زەرگەتەی دابێت لەسەر کوڕەکانی، ئەوا گەورەترین هەڵەی مێژویی کردوە، ئەگەریش وەک خۆتان دەڵێن ئەو بڕیارەی لە کاتێکدا داوە کە پارتیی ویستویەتی لەڕێی دادگاوە دەست بەسەر ئەو موڵک و ماڵەدا بگرێت کە بە ناوی ئەوەوە بوە دوای دەرکردنی بڕیاری دەستگیرکردنی، ئەوا کاک نەوشیروان هیچ هەڵەیەکی نەکردوە، بەڵام مردن رێیگرت لەوەی بتوانێت میکانیزمێک بدۆزێتەوە بۆئەوەی بەکارهێنانی زەویی گشتیی بۆ چاکەی گشتیی بەردەوام بێت.
گۆڕان لە قەیران دایە، نەک هەر قەیرانی سەرکردایەتیی و سیاسیی و ئابوریی و میدیایی و رێکخستن، بەڵکو قەیرانی مۆراڵ، قەیرانی خیانەتکردن لە بنەما نەگۆڕەکانی گۆڕان و خەبات و فیکر و دونیابینیی کاک نەوشیروان.


ئەو ئارگیومێنتەی هەندێک لە گۆڕانەکان زۆر پڕوپوچە کە شەرعییەتی تاپۆکردنی گردی زەرگەتە لەسەر کوڕەکانی کاک نەوشیروان لە داگیرکردنی ملیۆنان مەتر زەویی لەلایەن یەکێتیی و پارتییەوە وەردەگرن. شەرعییەت وەرگرتن بۆ هەڵەیەک لە بێئەخلاقیی ئەوانیتر، بەڕاستی بێئەخلاقییە. ئەخلاقی ئینسانی شۆڕشگێڕ و ریفۆرمیست و عەدالەتخواز و دیموکراتخواز هەرگیز قبوڵیناکات بە هۆی خراپەی ئەوانيترەوە رێ بە خۆی بدات خراپەیەکی بچوکتر بکات.


ئەوە چەندین جارە لەسەر ئەو قەزیەیە دەنوسم، چونکە بۆ من، ئۆپۆزسیۆن یان هێزێکی سیاسیی خاوەن روئیا و مەبدەئ و ئەخلاقیی باڵای سیاسیی لە کوردستان لە ئاو و هەوا گرنگترە، گۆڕان دەکرێت یەکێک بێت لەو هێزانە -بێگومان بە ئەنجامدانی چاکسازیی و گۆڕانکاریی رادیکاڵانە لەناو خۆیدا-، گەورەترین تاقیکردنەوەش لەبەردەم گۆڕاندا، سەرکەوتنیەتی بەسەر کێشە ناوخۆیییەکانیدا. گەورەترین کێشەی ناوخۆییش لەبەردەم گۆڕان، یەکلاییکردنەوەی موڵک و داهاتی گۆڕان، میدیا و خۆڕێکخستنەوە و هەڵبژاردنێکی دیموکراسییانەیە. -بۆ ئەو چاکسازییانەی کە گۆڕان پێویستە بیکات، دەکرێت بگەڕێنەوە سەر ئەو پڕۆژەیەی کە لەگەڵ د نیاز نەجمەدین بە هاوبەشیی نوسیومە-

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure