نیاز عه‌بدوڵڵا13/7/2018 1336 جار بینراوە

مۆمه‌كه‌ ده‌كوژێته‌وه‌؟

 

ئەو مۆمەی نەوشێروان مستەفا لەگەڵ ھاوڕێکانی بۆ رووناک کردنەوەی تاریکی سیاسی لە کوردستان دایگیرساند لە رێگای دامەزراندنی یەکەم بزووتنەوەی سیاسی مەدەنی ئۆپۆزسیۆن، كه‌ هه‌زاران هاووڵاتی خاوه‌ن خه‌ون به‌ ئامانجی گۆڕینی سیسته‌می سیاسی و حوكمڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان شوێنی كه‌وتن، ئێستا کوڕەکانی ئه‌و مۆمه‌ دەکوژێننەوە.

 

بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سه‌رده‌می نه‌وشێروان مسته‌فا، دژ به‌ بنه‌ماڵه‌یی كردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سیاسی و ئابووری و سه‌ربازی و میدیایی قسه‌ی له‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌كانی كۆسره‌ت ره‌سوڵ و جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌لا مسته‌فا و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و مه‌سعود بارزانی ده‌كرد.


به‌ڵام ته‌نیا دوای نۆ ساڵ و تێپه‌ڕبوونی ساڵێك به‌سه‌ر كۆچی دوایی نه‌وشێروان مسته‌فا، كوڕه‌كانی یه‌كه‌م رێكخه‌ری گشتی به‌هه‌مان رێگای ئه‌و بنه‌ماڵه‌ حیزبیانه‌ی گۆڕان ره‌خنه‌ی لێ ده‌گرتن بوونه‌ خاوه‌ن كۆمپانیای چیمه‌نتۆ و كۆمپانیای وشه‌ و میدیای گۆڕان و چه‌ندین ملیۆن دۆلار و ده‌یان دۆنم زه‌وی و ده‌ستتێوه‌ردانی سیاسی.

 

رۆژی 12ی ته‌مموز به‌ شێوه‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ عومه‌ری سه‌ید عه‌لی رێكخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، ته‌سلیمبوونی خۆی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی له‌ناو كۆبوونه‌وه‌ی جڤاتی نیشتیمانی به‌ فه‌رمی بۆ ده‌سه‌ڵاتی ئابووری و میدیایی و سیاسی كوڕه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا راگه‌یاند و وتوویه‌تی "موڵك و ماڵەكان هەمووی هی كوڕەكانن و بڕۆن بە هەموو میدیاكان بڵێن و لە كوێش باسی دەكەن باسی بكەن".

 

گۆڕان به‌ روونی به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌شبووه‌. به‌ڵام ئه‌و به‌ره‌یه‌ی دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی و قۆرخكاری سیاسی و به‌ بنه‌ماڵه‌یی بوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كات له‌ناوخۆدا، هێشتا به‌ لاوازی به‌ره‌نگاری ئه‌و بیره‌ نادیموكراتخوازه‌ ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ به‌ خۆ په‌راوێزخستن و ئه‌نجامنه‌دانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی راسته‌وخۆ و به‌هێز ئه‌و قۆناغه‌ راگوزه‌ره‌ ناوخۆییه‌ی بزووتنه‌وه‌كه‌ بۆ به‌ره‌ مشه‌خۆره‌ سیاسییه‌كه‌ یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌نجام كاریگه‌ری به‌سه‌ر كۆی پرۆسه‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت.

 

ئێستا له‌بری شه‌ڕی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سته‌مكاری و كاركردن بۆ گۆڕینی سیسته‌می سیاسی و داڕشتنی به‌رنامه‌ و ستراتیژ، له‌بری ئه‌وه‌ی شه‌ڕی به‌دیهێنانی ئه‌و خه‌ونه‌ گه‌ورانه‌ بكات كه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرد، گۆڕان بۆته‌ هێزێكی سیاسی كرێچی و خه‌ریكه‌ خۆی له‌ هه‌ناویدا هه‌ڵده‌وه‌رێ و ده‌بێته‌ كۆپی و ته‌واوكاری جه‌سته‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌ حوكمڕانییه‌ چه‌وسێنه‌ره‌ی نادیموكراتیانه‌ حوكمڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

 

بۆیه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان مەترسی راستەقینە بە تەنیا پارتی دیموكرات و یەکێتی نیشتیمانی نین، بەڵکو لاوازی بەرەی دژە ستەمکاران و به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنی سیاسییه. پارتی و یه‌كێتی ئه‌و دوو هێزه‌ به‌هێزه‌ نه‌بوون كه‌ گۆڕانكاری له‌ حوكمڕانیان مه‌حاڵ بێت، به‌ڵام لاوازی به‌ره‌ی دیموكراتخوازه‌كان و دژه‌ سته‌مكاران وزه‌ بووه‌ بۆ درێژه‌پێدانی ئه‌م مۆدیله‌ حوكمڕانییه‌ی هه‌رێم.

 

پێویسته‌ ئه‌و هێزه‌ سیاسیانه‌ی ساخته‌كارانه‌ بانگه‌شه‌ی دیموكراتخوازانه‌ ده‌كه‌ن، راستییه‌كانیان وه‌ك خۆی ئاشكرا بكرێت به‌و ئامانجه‌ی جێگره‌وه‌ی سیاسی راسته‌قینه‌ بێته‌ بوون.


وه‌ك چۆن بەرە‌نگاربوونه‌وه‌ی خراپه‌كاری و حوكمی ناڕه‌شیدی پارتی و یه‌كێتی ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌‌، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و هێزه‌ مشه‌خۆره‌ بنه‌ماڵه‌ییه‌ی ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و بانگه‌شه‌ی ساخته‌ی هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی تریش ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure