دڵشاد ئه‌نۆر7/7/2018 191 جار بینراوە

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌نێوان به‌هێزبوونه‌وه‌ و پوكانه‌وه‌دا

له‌ رۆژى دامه‌زراندنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌وه‌ تاوه‌كو ئه‌مڕۆ، گه‌ر دیقه‌ت بده‌ین، ده‌بینین ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ به‌ سێ قۆناغ دا تێپه‌ڕیوه‌، قۆناغه‌كان بریتین له‌: قۆناغى گه‌شه‌ كردن، قۆناغى چه‌ق به‌ستن ، ئه‌و قۆناغه‌ى ئێستا تێیدایه‌ به‌ قۆناغى پوكانه‌وه‌ داده‌نرێت.


كاتێك ساڵى 2009 بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان دامه‌زرا، ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ هێنده‌ له‌ به‌هێزبوون و گه‌شه‌كردندا بوو، خه‌ڵك بێ گوێدانه‌ نان بڕاوكردن و هه‌ڕه‌شه‌ لێكردن، به‌وپه‌ڕى حه‌ماسه‌ته‌وه‌ پشتگیرى له‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ ده‌كرد، چونكه‌ ئومێدى پێى هه‌بوو، پێیوابوو له‌ده‌ست جوت حیزبه‌ گه‌نده‌ڵه‌كه‌ قوتارى ده‌كات و خه‌ونه‌كانى دێنێته‌ دى.


هه‌ڵه‌ سیاسیه‌ یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كانى ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌، دووباره‌كردنه‌وه‌ى هه‌مان هه‌ڵه‌كانى پارتى و یه‌كێتى، راست نه‌كردن له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ردا، به‌تایبه‌ت یه‌كێك له‌ بانگه‌شه‌سه‌رنج ڕاكێشه‌كانى سه‌رده‌مى ئۆپۆزسیۆن بوونى گۆڕان، پێدانى پۆست بوو به‌كه‌سه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى لێهاتویى، كه‌چى كاتێك چووه‌ حكومه‌ته‌وه‌، هه‌رچى بێ فه‌ڕ و ناكارامه‌بوو پۆستى پێدا.


پاشان به‌شداربوونى كارتۆنى له‌حكومه‌تێكى لاواز دا كه‌نه‌یتوانى تێیدا هیچكام له‌به‌ڵێنه‌كانى بێنێته‌ دى. گۆڕانى خیتابی ئیعلامى و سیاسى ، نه‌بوونى ناوه‌ندى قه‌رار و فره‌ كوێخایى و فره‌ خیتابى، لاوازى ئه‌و كه‌سانه‌ى ناردنیه‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان و دواجار رۆیشتنى ئه‌و كه‌سانه‌ بۆ ناو هێزه‌كانى تر، له‌گه‌ڵ زۆر هۆكارى تردا.


هه‌موو ئه‌وانه‌ بووه‌ هۆى كشانه‌وه‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ قۆناغى گه‌شه‌سه‌ندنه‌وه‌ بۆ قۆناغى چه‌ق به‌ستن، وه‌كو بینیمان كه‌ ساڵى 2014 بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان 24 كورسى به‌ده‌ست هێنایه‌وه‌، واته‌ كورسیه‌ك كه‌متر له‌ ساڵى 2009.


ده‌بووایه‌ ئه‌وكات گۆڕان موراجه‌عه‌ى خۆى بكردایه‌، هۆكاره‌كانى چه‌ق به‌ستنى دیاری بكردایه‌ و عیلاجى بكردایه‌ن، بێگومان گه‌ر وایبكردایه‌، حاڵى نه‌ده‌گه‌یشته‌ ئه‌مڕۆ.
كاتێك گۆڕان له‌ ساڵى 2014 موراجه‌عه‌ى خۆیى نه‌كرد، تا گوڕوتین به‌خۆى بدات و له‌قۆناغى چه‌ق به‌ستویه‌وه‌ بۆ قۆناغى گه‌شه‌سه‌ندن بگه‌رێته‌وه‌، مه‌سه‌له‌كه‌ى مه‌شى كرد، بێگومان دواى قۆناغى چه‌ق به‌ستن، قۆناغى پوكانه‌وه‌ دێت.


ئێستا گۆڕان له‌ قۆناغى به‌ره‌و لاواز بوون و پوكانه‌وه‌دایه‌،گه‌ر فریاش نه‌كه‌وێت حاڵى خراپتر ده‌بێت. به‌ڵام كاتى له‌به‌رده‌ستدا ماوه‌ بۆ خۆ به‌هێزكردنه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نێو یاریه‌كه‌ به‌ هێزه‌وه‌، به‌ڵام ئایا سود له‌هه‌ڵه‌كانى رابردووى ده‌بینێت؟ ئایا پاساو بۆ شكسته‌كانى ده‌هێنێته‌وه‌ یاخود هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردنیان ده‌دات؟ ئایا ئیراده‌یه‌كى جدى له‌نێو ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌دا بۆ خۆچاككردتن هه‌یه‌؟
ئه‌و پرسیارانه‌و زۆر پرسیارى تر، هه‌وڵه‌ده‌م له‌ خواره‌وه‌، به‌كورتى وه‌ڵامیان بده‌مه‌وه‌.
.
ئایا له‌نێو گۆڕاندا كێشه‌ى نێوخۆیى هه‌یه‌؟
.
وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ ڕوون و ئاشكرایه‌، به‌ڵێ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان گه‌ر به‌قه‌د حیزبه‌كانى تر كێشه‌ى تێدا نه‌بێت، كه‌مترى تێدا نیه‌.
ئاخر، كێشه‌ى نێوخۆیى چى یه‌ ، به‌شێك له‌ ئه‌ندامانى خانه‌ى راپه‌ڕاندنه‌كه‌ت قسه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كترى نه‌كه‌ن!


هه‌ندێكیان ئیستیقاله‌یان كردبێت و بێزاربووبن، له‌و دۆخه‌ى گۆڕانى تێدایه‌و چوبێتنه‌ ماڵه‌وه‌!


ئاخر، له‌وه‌ كێشه‌تر ناو ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌ت ته‌سفیه‌وته‌سفیه‌كاریه‌كى وا ده‌ستی پێكردبێت، له‌سه‌ر بنه‌ماى نزیكایه‌تى نارازیه‌كان، به‌جومله‌ خه‌ڵك بنێریته‌ ماڵه‌وه‌.


یانى تۆى به‌حساب چاكسازیخواز، پاساو بۆ ئه‌م هه‌موو كێشه‌ ده‌هێنیته‌وه‌ و درۆ له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ره‌كه‌تدا ده‌كه‌ى ، ئیتر چ جیاوازیه‌كه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتردا هه‌یه‌؟


كێشه‌ له‌وه‌ كێشه‌تر چى بێت، به‌رپرسى دیارى بزوتنه‌وه‌كه‌ت ببرێته‌ سه‌ر به‌رزاییه‌كانى سلێمانى به‌بیانوى داوه‌ت و دواتر له‌وێ شله‌ برژينريته‌ سه‌ر كراسه‌كه‌ى داو، هه‌ر له‌لایه‌ن هه‌ڵسوراوانى خۆته‌وه‌ لێیبدرێ؟


كێشه‌ له‌وه‌ گه‌وره‌تر چى بێت، رۆژانى پێش هه‌ڵبژاردن بریاره‌ قادرى حاجى عه‌لى وتارى ره‌سمى بزووتنه‌وه‌كه‌ت له‌هه‌ولێر بخوێنێته‌وه‌، له‌ملاوه‌ بێیت خێرا جلى فه‌رمى بۆ حه‌مه‌تۆفیق ئاماده‌بكه‌ى كه‌له‌وكاته‌دا كراسێكى زه‌ردى له‌به‌ربووه‌، وتاره‌كه‌ى به‌یتێ و له‌كه‌ى ئێن ئێن بیخوێنێته‌وه‌، تا گرنگى وتار خوێندنه‌وه‌كه‌ى قادرى حاجى عه‌لى نه‌هێڵیت.


به‌ڵێ كێشه‌كان زۆرن، بوار بۆ شاردنه‌وه‌یان نه‌ماوه‌، خه‌فه‌كردنى كێشه‌كان دواجار ته‌قینه‌وه‌ى نێوخۆیى لێده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌ڵام كاركردن بۆ عیلاج كردنیان نوێ بوونه‌وه‌ به‌دواى خۆیدا دێنێت.
.
پاساو هێنانه‌وه‌ بۆ شكست !
.
یه‌كێتى و پارتى و حكومه‌ته‌كه‌شیان، به‌و هه‌موو كێشه‌نێوخۆیى و گه‌نده‌ڵى و كلكایه‌تیه‌ى بۆ وڵاتانى ده‌وروبه‌ر ده‌یكه‌ن، ته‌نها شتێكیان باش بووه‌ نه‌یانداوه‌ له‌ ژێرى خراپه‌كاریه‌كانیان و وتویانه‌ خراپین ، خۆمان باشده‌كه‌ین.(ئه‌ڵبه‌ت خۆیان پێباش ده‌كرێت یان رۆژگار به‌ڕێ ده‌كه‌ن، شتێ تره‌ و لاى خه‌ڵك ڕوونه‌)


گه‌وره‌ترین گرفتى گۆڕان ئه‌وه‌یه‌ پاساو بۆ شكسته‌كانى ده‌هێنێته‌وه‌، خۆى له‌چاره‌سه‌ركردنى گرفته‌ نێوخۆییه‌كانى ده‌دزێته‌وه‌، له‌جیاتى هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ نێوخۆییه‌كانى، هه‌ندێك هه‌رزه‌سیاسیان، ده‌ڵێن"قسه‌كردن له‌سه‌ر كێشه‌كانمان ، پلانى یه‌كێتى و پارتیه‌."


ئاخر چى ده‌به‌نگێك بڕوا به‌وه‌ ده‌كات كه‌ یه‌كێتى خۆى هێنده‌ كێشه‌ى هه‌یه‌، كورده‌وارى وته‌نى له‌ گه‌رمه‌كه‌ى كێشه‌كانى دا كلكى ئاژه‌ڵ ده‌بچڕێت، ئێستا چۆن ده‌یپه‌رژێته‌ سه‌ر گۆڕان؟


ئینجا گه‌ر ده‌زانیت یه‌كێتى و پارتى له‌پلاندان بۆت، بۆ نارۆیت كێشه‌كانت چاره‌سه‌ر بكه‌یت و بوار به‌یه‌كێتى و پارتى ده‌ده‌یت وه‌كو پلان دژت به‌كارى بهێنن.


ئاخر زویر بوونى جه‌ماوه‌ره‌كه‌ت و دووركه‌وتنه‌وه‌ لێت، به‌پاساو هێنانه‌وه‌ى ته‌زویرات چاره‌سه‌ر نابێت، ده‌بێت ئیعتراف بكه‌یت كه‌ هه‌ڵه‌ت هه‌بووه‌، خه‌ڵكه‌كه‌ت لێت عاجزن و ده‌نگیان پێنه‌داوى.
له‌ جیاتى پاساو هێنانه‌وه‌ كاتت كه‌م له‌به‌رده‌ستدا ماوه‌، ده‌رفه‌ت له‌و كاته‌ وه‌ربگره‌و خه‌ڵك ئاشت بكه‌ره‌وه‌، خۆت چاك بكه‌و ئومێدى بۆ بگێره‌ره‌وه‌، بزان هه‌ڵبژاردنى داهاتو دۆخه‌كه‌ پێچه‌وانه‌ ده‌بێته‌وه‌ یاخود نا!


هه‌موو به‌رپرسه‌كانى گۆڕان ده‌زانن و له‌ده‌ره‌وه‌ى ئیعلام دانى پێدا ده‌نێن، كه‌ چوار كورسیه‌كه‌ى نه‌وه‌ى نوێ هى ئه‌وان بووه‌، خه‌ڵك له‌وان بێ ئومێد بووه‌، بۆیه‌ ده‌نگى به‌نه‌وه‌ى نوێ داوه‌، یاخود ده‌زانن بۆشایى هه‌بووه‌ و نه‌وه‌ى نوێ قۆستویه‌تیه‌وه‌.


هه‌موو به‌رپرسه‌كانى گۆڕان ده‌زانن، ته‌زویرات كراوه‌ ، به‌ڵام نه‌ك به‌و حه‌جمه‌ى ئه‌وانى پێداڕوخێن، به‌ڵكو ده‌زانن هۆكاره‌كه‌ ده‌نگدانى جه‌ماوه‌ره‌ نارازیه‌كه‌ بووه‌، كه‌پێشتر ده‌نگده‌رى گۆڕان بوون و ئێستا له‌دۆخى نائومێدى دان.


سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌موو گۆڕان ده‌زانن خه‌له‌له‌كان له‌كوێدایه‌، كه‌چى له‌جیاتى هه‌نگاونان بۆ عیلاج كردنیان، دێن پاساویان بۆ دێننه‌وه‌ و به‌ته‌خوین كردنى خه‌ڵكانى ره‌خنه‌گڕ، خۆیان له‌كه‌م و كوڕیه‌كان ده‌دزنه‌وه‌.


بێ ماناترین پاساوى هه‌ندێ له‌هه‌رزه‌ سیاسیه‌كان ئه‌وه‌یه‌، مادام كێشه‌ ناوخۆییه‌كان له‌سه‌ر دزى و پاره‌ دابه‌شكردن نیه‌ ئاسایین. ئه‌مه‌ پاساوێكى هه‌ر زۆر نالۆژیكى و بێ مانایه‌، تۆ جارێ پاره‌ت به‌ده‌سته‌وه‌ نیه‌ شه‌ڕته‌، خۆ پاره‌و به‌رژه‌وه‌ندیت كه‌وته‌ لا مه‌گه‌ر خوا بۆ خۆى بزانێت، چیتر ده‌كه‌ى!


.
ئایا ئیراده‌ى خۆ چاككردن له‌نێو گۆڕاندا هه‌یه‌؟


.
ئه‌وه‌ى تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ى كه‌ تێیداین و ده‌یبینین، ئه‌وه‌یه‌ ئیراده‌ى خۆ چاككردن له‌م بزوتنه‌وه‌یه‌دا نابینرێت، له‌جیاتى هه‌نگاونان به‌ئاراسته‌ى خۆچاككردن، پاساو بۆ كێشه‌نێوخۆیى و هه‌نگاوه‌ هه‌ڵه‌كان ده‌هێنرێته‌وه‌.


سێ چین و دامه‌زراوه‌ له‌ نێو گۆڕاندا هه‌ن، كه‌ ئه‌ركیانه‌ فشار بۆ باشكردنى دۆخى نێوخۆیى بزووتنه‌وه‌كه‌یان دروست بكه‌ن، ئه‌وانیش به‌هۆى به‌رژه‌وه‌ندى و لاوازى و بوونیان به‌به‌شێك له‌كێشه‌كان، ناتوانن به‌و ڕۆڵه‌ هه‌ستن.


به‌شى یه‌كه‌م، ئه‌ركى جڤاتى نیشتیمانیه‌، په‌نجه‌ بخاته‌ سه‌ر برینه‌كان و كار بۆ چاككردنیان بكات، به‌ڵام ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ لاوازه‌ و ئه‌ندامه‌كامنیشى به‌شێكن له‌ سیراعه‌ ناوخۆییه‌كان.
به‌شى دووه‌م، سه‌ركرده‌ دێرینه‌كانى یه‌كێتین، ناڵێم هه‌موویان، زۆربه‌یان بوونه‌ته‌ به‌شى سه‌ره‌كى گرفته‌كان.


سێیه‌م، ئه‌وانه‌ن كه‌پێیانده‌وترێ رۆشنبیر و پێشتر به‌ده‌م و چاوى تازه‌ و زمانحاڵى گه‌نجان ناوده‌بران، ئه‌مانه‌ هێنده‌ له‌ خه‌مى خۆ كاندیدكردن و پۆست پێداندان، بیریان لاى داهاتوى بزووتنه‌وه‌كه‌یان نیه‌.ئه‌مانه‌ بزانن به‌رژه‌وه‌ندیان لاى كام ئاراسته‌ى ناو گۆڕانه‌، به‌كون فه‌یه‌كونێك بو لاى باده‌ده‌نه‌وه‌، ئه‌مانه‌ ئیشیان ته‌نها پۆست كردن و قسه‌كردنه‌، ئه‌گینا له‌ڕووى عه‌مه‌لیه‌وه‌ له‌نێو گۆڕاندا نه‌ك قسه‌یان ناخوات، به‌ڵكو هه‌میشه‌ لاى باڵى به‌هێزن تا گه‌ر پۆستێك هه‌بێت بیانداتى ،یاخود له‌كاتى هه‌ڵبژاردندا بیانكه‌نه‌ سه‌رۆك لیست و كاندیدیان بكه‌ن.


.
ئایا ئومێد له‌به‌رده‌م گۆڕان دا ماوه‌؟


.
بێگومان گه‌ر بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان كارى جدى بو چاره‌سه‌ركردنى گرفته‌ نێوخۆییه‌كانى بكات و هه‌ڵه‌كانى رابردووى چاره‌سه‌ربكات، به‌ڵێ ئومێد ماوه‌ بۆ به‌هێز بوونه‌وه‌ى ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌.
ئومێده‌كه‌ له‌وێدایه‌، زۆربه‌ى خه‌ڵكى كوردستان هێنده‌ له‌یه‌كێتى و پارتى بێزاربوون، هه‌میشه‌ به‌دواى به‌دیل دا ده‌گه‌ڕێن، تا ڕووى لێبكه‌ن.جگه‌ له‌گۆران تا ئيستا به‌ديلى تر دروست نه‌بووه‌، واته‌ شانسى گۆران له‌نه‌بوونى به‌ديلى فيعلى و به‌هيزدايه‌.


نه‌وه‌ى نوێ كاتێك چوار كورسى ده‌هێنێت، مه‌سه‌له‌كه‌ به‌هێزى شاسوار و ستافه‌كه‌ى نیه‌، به‌ڵكو مه‌سه‌له‌كه‌ نه‌بوونى به‌دیله‌، كاتێك خه‌ڵك له‌گۆڕان نائومێدبوو، به‌ناچارى ده‌نگ به‌هێزێكى تازه‌ ده‌دات.
گومانیشى تێدا نیه‌، شاسوار عه‌بدولواحید ناتوانێت ئیداره‌ى ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ بدات كه‌ده‌نگیان پێدا ، ناتوانێت ڕایانبگرێت، مه‌سه‌له‌كه‌ واده‌بینرێت جوڵانه‌وه‌كه‌ى زیاتر كه‌ف و كوڵه‌ و دامركانه‌وه‌ى له‌سه‌ر كات وه‌ستاوه‌.


بێگومان گه‌ر گۆڕان به‌خویدا بچێته‌وه‌، جه‌ماوه‌ره‌كه‌ى پێشوترى كه‌چوونه‌ لاى نه‌وه‌ى نوێ، جارێكى تر دێنه‌وه‌ بۆ لاى، ئه‌وانه‌شى ده‌نگیان پێنه‌داو نائومێدبوون لێى، بۆلاى ده‌گه‌رێنه‌وه‌، به‌ڵام گه‌ر خۆشى باش نه‌كات و به‌م دۆخه‌وه‌ بمێنێته‌وه‌، ئه‌وا له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوودا گۆڕان زۆر به‌بچووكتر ده‌بینین.

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure