عه‌بدوڵايى كوێخا موباره‌ك7/7/2018 671 جار بینراوە

ئەوەی لەناو گۆڕاندا دەگوزەرێ کێشە و دوبەرەکی نیە، بەڵکو پرسیارە؟

ھاوار و ناڕەزایەتی خەڵک ئەوەیە کە زۆربەی سەرکردەکانی کورد بە دەیان ملێون دۆلاری داھاتی گشتیان بردوە و کۆمپانیایەکی زەبەلاحیان پێ دامەزراندوە و بە سەدان دۆنم زەوی کوردستانیان لەسەر کۆمپانیاکانیان تاپۆ کردوە، نەوشیروان مستەفایش بە ھەمان شێوەی ئەوان دە ملێون دۆلاری وەرگرتوە و کۆمپانیای وشەی پێ دامەزراندوە و گردی زەرگەتەی تاپۆی سەر ئەو کۆمپانیایە کردوە، بەڵام جیاوازی نەوشیروان مستەفا لەوەدا بیندراوە کە ئەم پیاوە پارە و کۆمپانیا و زەوی بۆ خۆی و کوڕ و کەسوکار نیە، بەڵکو شۆڕشێکی دژە گەندەڵی و چاکسازیخوازی وەک بزوتنەوەی گۆڕانی پێ بەرپا کردوە، بۆیە بە دزی و گەندەڵی ئەژمار نەکراوە لەسەری و خەڵک ڕێزی لە پرۆژەکەی گرتوە و ھاوکاریان کردوە.

ئێستاش ئەو پرسیارە لای خەڵکی گۆڕان دروست بوە؟


ئەگەر نەوشیروان مستەفا ئەو کۆمپانیا و پارە و زەویەی بۆ شۆڕشە چاکسازیخوازەکەی (گۆڕان) بوە؟ ئەبێت لەژێر دەسەڵات و چاودێری بڕیاردەرانی گۆڕان و بۆ خزمەتی گۆڕان بێت، نەک لەژێر دەسەڵاتی کوڕ و کەسوکاری خۆیدا بێت.


ئەگەریش کوڕ و کەسوکاری خۆی خاوەندارێتی و تەسەڕوفاتی ئەو کۆمپانیا و پارە و زەویە دەکەن و ئۆرگان و بڕیاردەرانی گۆڕان چاوەڕێی خێر و سەدەقەی دەستی ئەوانن؟ ئیتر جیاوازی چیە لەنێوان نەوشیروان مستەفا و جەلال تاڵەبانی و مسعود بارزانی و کۆسرەت ڕەسوڵدا؟


جیاوازی چیە لەنێوان کوڕەکانی ئەم و کوڕانی ئەواندا؟


جیاوازی چیە لەنێوان گۆڕان و حزبە کانی ئەواندا کە ئێمە پێیان دەڵێین حزبی بنەماڵە؟


جیاوازی چیە لەنێوان گردی زەرگەتە و دەباشان و سەری ڕەش و گردی محافزەدا؟


جیاوازی چیە لەنێوان کۆمپانیای وشە و کۆمپانیای کار و کۆمپانیای نۆکان و نەخۆشخانەی پاردا؟

 

ئێستا سەرکەوتن یان شکستی بزوتنەوەی گۆڕان، شانازی یان لەکەدار بونی مێژوی کاک نەوشیروان بەندە بە ھەڵوێستی کوڕەکانی و جڤاتی نیشتیمانیەوە، ئەگەر کوڕەکانی کۆمپانیا و سەروەتوسامانی مادی و مەعنەوی باوکیان ڕادەستی گۆڕان دەکەن و جڤاتی نیشتیمانی جەریئانە کۆتایی بە قۆرخی دەسەڵات لەناو گۆڕاندا دەھێنێت و بڕیار لە ھەڵبژاردنی ناوخۆیی و ڕێکخەری گشتی و خانەیەکی نوێ و تێکەڵاو لە گەنج و ئافرەت و بڕیار لە ھەڵبژاردنی لیژنەیەکی چاودێری دارای گۆڕان دەدات، ئەوا پێویستە کۆبونەوەیەکی جڤاتی نیشتیمانی لەسەر پرسە ناوخۆییەکانی گۆڕان ئەنجام بدەین و پابەندی ھەر بڕیارێک بین کە لە بەرژەوەندی بزوتنەوەی گۆڕان ئەدرێت، بەم ھەنگاوەش بە دڵنیایەوە گۆڕان سەرکەوتوتر و کاریگەرتر دەبێت و مێژو و ڕێبازی کاک نەوشیروانیش پرشنگدارتر و جێگای شانازی دەبێت.

 

ئەگەریش جڤاتی نیشتیمانی جورئەتی بڕیاری ڕاست و دروستی نەبێت و کوڕانی کاک نەوشیروانیش بیانەوێت وەکو کوڕی بەرپرسانی تر خاوەنی دەسەڵات وسەروەت وسامان وکۆمپانیا بن و لە ڕەفائێت و ناز و نیعمەتدا بژین لە نێو ئەم گەلە ھەژار و دەردەدارەی کوردستاندا، ئەوا لەکەدار بونی مێژوی کاک نەوشیروان وشکست و لاواز بونی گۆڕان ئەکەوێتە ئەستۆی ئەوان و یەک بە یەکی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی.

 

تێبینی


ئەبێت ھەمو ھەوڵەکان بۆ سەرکەوتنی گۆڕان بێت، نەک تۆمەت و دوبەرەکی.


پێویستە جڤاتی نیشتیمانی کۆبێتەوە لەسەر پرسە ناوخۆییەکان و ھەموان پابەندی بڕیارەکانی جڤات بن، ھەرکەس پابەند نەبێت بڕیاری یەکلاکەرەوەی لە دژ بدرێت.


ئەوەی ئێستا لەناو گۆڕاندا دەگوزەرێ شەرمەزاری نیە، بەڵکو ئەوپەڕی شانازی و زیندوێتیە کە بۆ یەکەم جار لە مێژوی حزبی کوردیدا ھەڵسوڕاو و جەمارەی حزبێک محاسەبەی سەرکردە و کوڕ و ھاوڕێیانی ڕێکخەری گشتی و دامەزرێنەری حزبەکەیان دەکەن.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure