عه‌بدوڵايى كوێخا موباره‌ك5/7/2018 1238 جار بینراوە

کاک نەوشیروان بچوک مەکەنەوە

 

دروستکردنی کۆمپانیای وشە، دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان، کۆکردنەوەی خەڵک لە دەوری بەرنامەیەک، لەسەر دەستی یەک پیاو بو بۆ یەک ئامانج.

پرسیارەکان ئەوەیە:


ئایا کاک نەوشیروان کۆمپانیای وشەی دروستکرد بۆ بازرگانی و پارە کۆکردنەوە؟


ئایا دەکرێت خۆ بە کوشتدان، خۆ خستنە مەترسیەوە، کاری خۆبەشی بە پارەی گیرفانی خۆت، گرتن، دەرکردن لە ئەرک و نان بڕین لە پێناو سەرخستن و پاراستنی ڕێباز و بەرنامەی کاک نەوشیروان ئەرکی ھەمو گۆڕانخوازان بێت؟ چونکە کاک نەوشیروان و بزوتنەوەکەی موڵکی ھەمو گۆڕانخوازانن، بەڵام کۆمپانیا و سەروەت و سامانی تەنھا میراتی خێزانێکی چەند کەسی بێت و نابێت باسی بکرێت و نابێت بخرێتە خزمەتی بزوتنەوەکەی خۆیەوە؟


ئایا کاک نەوشیروان ھەلی بۆ گەنج ڕەخساند بۆ ئەوەی بەرگری لە مافی خەڵک و خزمەت بکەن یان بۆ پلانگێڕی و ملشکاندنی یەکتر و وەدەرنانی ھاوڕێکانی خۆی و بچوککردنەوەی گۆڕان لەپێناو پۆست و پێگەی بەرزتر بۆ خۆیان؟

 

ڕێگا ڕاستەکە ئەمە:


کوڕو کچی کاک نەوشیروان مافی خۆیانە و شایستەیی ئەوەیان تێدایە بۆ ھەر پلە و پۆستێکی حکومی، پەرلەمانی، حزبی بە ڕێکخەری گشتیشەوە خۆیان ھەڵبژێرن و بەپێی بەرپرسیاێتیان تەداخولی ھەر کارێک بکەن کە لێی بەرپرسن، نەک لەدەرەوەی بەرپرسیاێتی بڕیار بدەن، با کۆمپانیای وشە بەناوی ئەوانەوە بێت و ئەوان لە ھەمو کەس ئەمینترن، با خەرجی تەواویان بە دەقاتی خەرجی خێزانێکی ئاسای بێت بەحوکمی ئەوەی ئەرک و مەسرەفێکی قورسیان لەسەرشانە بەھۆی جموجوڵ و ھاتنی وەفد و میوانی زۆروە بۆ لایان، بەڵام باقی داھاتی کۆمپانیای وشە و ھەر سەرچاوەیەکی دارایی گۆڕان کە ھەیەتی لەلایەن لیژنەیەک سەرپەرشتی بکرێت کە جڤاتی نیشتیمانی ھەڵیبژاردبێت و ئەو لیژنەیە ئاگاداری ھەمو داھاتی گۆڕان بێت، ھەمو ئەو داھاتانە بگەیەنێتە ژوری کارگێڕی ودارایی، ئاگاداری ھەمو سەرفێکی ژوری کارگێڕی ودارایی بزوتنەوەی گۆڕان بێت و مانگانە ڕاپۆرتێک لەو بارەیەوە بدات بە جڤاتی نیشتیمانی.


میدیا و ژور و ھەمو ئۆرگانەکانیتری گۆڕان لەلایەن ژوری کارگێڕی ودارایەوە پارەی بۆ خەرج بکرێت.


بەمشێوەیە بزوتنەوەی گۆڕان گەورەتر و بەھێز تر دەبێت، بەرنامە و ڕێباز و مێژوی کاک نەوشیروان پەل دەکێشێت بۆ دەرەوەی کوردستان و جوانتر و پیرۆز تر دەبێت و خانەوادەکەشی سەربەرز و سەرفرازتر دەبن، ئەگەر وانەکرێت و لەپێناو تموحی دەسەڵات و پارە کۆکردنەوەدا کاک نەوشیروان بچوک بکرێتەوە بەوەی کە خێزانێکی چەند کەسی خاوەن و میراتگری ئەون، ئەوا خەبات و ڕێباز و مێژوی کاک نەوشیروان بچوک دەبێتەوە و بزوتنەوەکەش دەبێتە هێزێکی لاوازی بێ کاریگەر، سەدان ھەزار شوێن کەوتوی بەرنامەکەشی بێ ھیوا و ڕەنج بە خەسار دەبن، لەبەرامبەریشدا بەبارستایی کەمێک لە کتێبەکانی کاک نەوشیروان پارە کۆ دەکەنەوە.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure