دانا محەمەد ڕەزا2/6/2018 745 جار بینراوە

کێ ئاشقی پۆست و کورسی دەسەڵاتە. کاک بەرهەم، یان ئــــــــــەوان؟

 

زۆر جار بەکاک بەرهەم دەوترێت بەدوای کورسی و دەسەڵاتەوەیەو ئاشقی پۆست و پێگەیە، بەتایبەت پۆستی سەرۆک کۆمار.
جارێ سەرەتا زۆر ئاساییەو هیچ نەنگییەکی تێدا نیە ئەگەر کاک بەرهەم داوای پۆستی سەرۆک کۆمار بکات یان هەوڵی هەرپێگەو پۆستێکیتر بدات،چونکە
ـ نەناشەرعیە
ـ نەنایاساییە
ـ نەعەیبه
ـ نەغەدرو نەکفرا

 

بابپرسین ئایا کاک بەرهەم کەسایەتیەکی سیاسیە ـ یان ئاینیە؟ بێ گومان سیاسیە،ئایا قیامەتیە یان دونیایە، بێ گومان دونیایە،ئێ کەوابوو هەمومان باش دەزانین سیاسەت کردن بۆ دونیایە نەک بۆقیامەت، تۆلێرە سیاسەت دەکەیت پێویستیشە لێرەش نەتیجەو بەرهەمەکەی وەربگریت،نەک لەقیامەت، جائەگەر بۆقیامەت بێت ،ئەوا نوێژو ڕۆژو و حەج و زەکات و جێ بەجێ کردنی ئەرکە ئاینیەکانیتر پێویستە.

 

لەدونیای سیاسەت و حزبایەتی دا تموح ئاساییە ئەوەی نائاسایی و خراپە، بێ تموحی و وەستان و هەوڵ نەدانە.

 

بادیسان بپرسین ،ئایا بۆچی بۆهەندێک کەسی نەناسراو و لاوازو نەشارەزاو هیچ لەبارانەبوو ئاسایی بێت شەڕی پۆستەکان بکەن، بەڵام بۆکەسێکی وەک کاک بەرهەم ئاسای نەبێت لەکاتێکدا کاک بەرهەم سیاسیەکی چالاک و بەتواناو شارەزاو ناسراو و زمان زانەو نوقتەی دیبلۆماسی بەهێزە.

 

جانیگەرانیەکەش لەوەدایە ئەوانەی کاک بەرهەم تۆمەت باردەکەن بەوەی ئاشقی کورسی و دەسەڵاتە خۆیان لەپێناو کورسی دەسەڵات و مانەوەیان بەلایانەوە زۆرئاساییە خوێنی زیاتربڕێژن و خاکی زیاتر بفرۆشن و خیانەتی زیاتربکەن و وڵات زیاتر ڕوبەڕووی نەهامەتی بکەنەوە!


دیارە بیریان چووە خۆیان لەپێناو کورسی دەسەڵات دا هەزاران ڕۆڵەی ئەم وڵاتەیان دابەکوشت و سوپای دوژمن نەما پێشی نەکەون بۆناو خاکی پیرۆزی کوردستان.


وەیەک دونیا تەنازول و مجامەلەیان کرد لەپێناو وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماردا، هەر لەو پێناوەشدا پاشکۆیەتیان قبوڵکردو حزبەکەشیان بچوک کردەوەو دەڤەری سلێمانیشیان ڕادەستی قەدەرکرد.
دەی خۆ کاک بەرهەم هەرگیز لەپێناو کورسی دەسەڵات، ئەمانەی نەکردوەو وەهەرگیز ناشی کات.


ئەوترێت لەپای پێنەدانی پۆستی سەرۆک کۆمار کاک بەرهەم نیگەران بووە لەیەکێتی، هەموکەسێکی بەویژدان دەزانێت ئەمە زۆر دورە لەڕاستیەوە، چونکە نیگەرانیەکانی کاک بەرهەم پەیوەندی بەسیاسەتی سەقەتی یەکێتیەوە هەبوو،ئەو لەگەڵ ئەو شێوازی سیاسەت کردن و بەڕێوەبردنە نەبوو کەیەکێتی بەم دواییە پەیڕەوی دەکرد، بۆیە زۆر ناکۆک بوو لەگەڵی، بەڵام باوای دابنێین بەشێک لەنیگەرانیەکانیشی بەهۆی ئەو پۆستەوە بووە،باشە هەر بەڕاست ئایا کاک بەرهەم مافی خۆی نەبووە کاتێک هەست بکات بەشێک لەسەرکردایەتی حزبەکەی لەکەمین دان بۆی، وەبکەونە دژایەتی و پیلان گێڕی و ڕێگرتن لەوەرگرتنی پۆستێکی ئاوا گرنگ و باڵا؟ بێ گومان مافی خۆی بووە.بگرە خاتریشی گرتوون.


ڕاستی نەک هەر کاک بەرهەم تەنانەت هەرکامێک لەئێمە هەست بەوە بکات بەشێک لەئەندامانی خێزانەکەمان خیانەتمان لێ دەکەن و دژایەتیمان دەکەن و مافمان دەخۆن و گرفتمان بۆ دروست دەکەن ، زەحمەتە قبوڵی بکەین و بەلامانەوە ئاسایی بێت و چوار مشقی و بەبێ دەنگی دابنیشین، پێم وایە کەمترین ئەرک و کاردانەوەمان جێهێشتنی ماڵەوەمان دەبێت.


لەچاو ئازیز تر نیە، ئێ کە ئازاری دایت یەکسەر دەری دەهێنیت و فڕێی دەدەیت، حەتا ئەگەر کاک بەرهەم بەدوای پۆست و پێگەو کورسی دەسەڵاتیشەوە بێت زۆر ئاساییە، چونکە مێژوو شاهیدی ئەوەی بۆ دەدات کەهەمیشە خزمەت کاربووەو کورسی و پۆست و پێگەی بەکار هێناوە بۆخزمەتی خاک و خەڵک، نەک وەک ئەوان کەهەمیشه کورسیەکەیان بەکارهێناوە بۆ خزمەتی خۆیان و حزب و خزمیان.


ئەوترێت کاک بەرهەم بەرنامەی یەکێتی جێ بەجێ کردووە، ئێمەش دەڵێین با قوباد تاڵەبانییش لەئێستادا ئازابێ بەرنامەی یەکێتی جێ بەجێ بکات، کێ دەست و پێی گرتوە بۆنایکات خۆ قوباد تاڵەبانی کوڕی بنەماڵەشە، کەس ناتوانێت کێشەو گرفتی بۆدروست بکات؟.


ئەوترێت دکتۆر بەرهەم ئەرکی سەرشانی بووە، خزمەتی خەڵک بکات و منەتی ناوێت،ئەرکی خۆی جێ بەجێکردوە، بەڵێ زۆر ڕاستە هیچ منەتی تێدا نیە، بەڵام ئێمەش دەڵێین دەی مەگەر قوباد تاڵەبانیش ئەرکی سەرشانی نیە خزمەتی خەڵک بکات؟ ئەی بۆچی ئەویش وەک کاک بەرهەم ئەرکی سەرشانی جێ بەجێ ناکات،ئەگەر لەسەردەمی کابینەکەی کاک بەرهەم پارە زۆر بوبێت ئەوا هەناردەکردنی نەوت کەم بووە، ئەگەریش ئێستا پارە کەم بێت، ئەوا ئەتوانین بڵێین هەناردەکردنی نەوت زۆر زۆرترە لەسەردەمی کابینەکەی کاک بەرهەم.


ئەگەڕێمەوە سەر ناونیشانی وتارەکە..
باکۆمەڵانی خەڵکی کوردستان حەکەم بن ئایا کاک بەرهەم ئاشقی پۆست و کورسی دەسەڵاته یان ئەوانەی لەپێناو مانەوەیان..
ـ هەزاران ڕۆڵەی ئەم نیشتیمانەیان بەکوشت دا؟
ـ یان ئەوانەی لەپێناو پۆست و کورسی دەنگی خەڵک دەدزن؟
ـ یان ئەوانەی بەکورسی دەسەڵاتەوە نوساون؟
ئایا کاک بەرهەم ئەولەویەتی پۆست و پلەو پایەیە.
ـ یان ئەوانەی بڕوایان بەدەستاو دەستکردنی دەسەڵات نیە؟
ـ یان ئەوانەی خاک و خەڵکیان فرۆشت لەپێناو هێشتنەوەی کورسیەکەیان دا؟
ئایا کاک بەرهەم بەدوای کورسی دەسەڵاتەوەیە..
ـ یان ئەوانەی لەبەغدا کەوتونەو خەریکی دەست ماچ کردنن؟
ـ یان ئەوانەی لەپێناو مانەوەیان چەندین جار سوپای دوژمنیان هێناوەتە سەرخاکی پیرۆزی کوردستان؟
ئەرێ بەڕاست کاک بەرهەم ئاشقی پۆست و کورسی دەسەڵاته..
ـ یان ئەوانەی لەپێناو مانەوەیان لەسەر کورسی دەسەڵات
زوو زوو ئەیانەوێت خەڵک بترسێن و باسی شەڕی ناوخۆو دوو ئیدارەیی و خوێن ڕشتن دەکەن؟

هیوادارم ویژدان زیندوەکان دەست لەسەر دڵیان دابنێن و بەڕاستگۆی وڵام بدەنەوە.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure