ئه‌رسه‌لان په‌رۆش24/5/2018 807 جار بینراوە

بۆچی هیچ کاندیدێکی گەرمیان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا سەرنەکەوت؟!

ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا و لەماوەی کاتی بانگەشەدا یەکێتی کردی و تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتنی تێدا بەدەستهێنا ڕاگرتنی کۆمەڵێک دەموچاوی کۆن و هێنانە پێشەوەی چەند دەموچاوێکی تری نوێ و گەنج بوو، هەربۆیەش لە چوارچێوەی بانگەشەیەکی تەندروست و ئارام و دیموکراس و ئازاد دا، کارەکتەرە گەنج و نوێیەکانی ئەوپەڕی هەوڵ و تەقەلایان دا بۆ ئەوەی یەکێتی بکەنەوە یەکێتیەکەی جاران، ‌ئەو کورسییانەش کە لەم هەڵبژاردنەدا بەدەستی هێنا بە بەراورد بە دۆخەکە و بەتایبەتیش لەکاتێکدا کە لە زۆنی سەوزدا دوو لیستی نوێ بۆ یەکەمجار بەشدارییان کرد و سەرەڕای ئەو گەلەکۆمەکییەی کەلێی کراو ئەو هەموو هاژوهوژەی کە کرا لەدژی و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە یەکێتی تەنها دەنگی کادرەکانی خۆیی بۆ ماوەتەوە، بەڵام ئەمە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر دەنگەکانی یەکێتی نەبوو بەتایبەت لە سنوری پارێزگای سلێمانی و کەرکوک و یەکێتیش ئامانجەکەی خۆی هێنایە دی و توانی لەسەرجەم شاروشارۆچکەکانی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەرکەوتنی گەورە تۆمار بکات ، بێگومان لەئەنجامی پەرۆشی و خەمخۆری کادر و لایەنگرانی یەکێتی ، یەکێتی توانی ژمارەیەکی زۆر لەکورسی پەرلەمانی بۆخۆی مسۆگەر بکات. وە ئەمە جێگای شانازییە بۆ هەموو ئەندام و کادرێکی دڵسۆزی یەکێتی کە یەکێتی چووە قۆناغێکی نوێوە و بەدەنگەکانمان ڕوحی شەهیدان و هەڤاڵ مام جەلالمان ئاسودە کرد.

 

ئەوەی جێگەی سەرەنج و تێڕامانە و ئەسڵی بابەتەکەیە ئەوەیە کە مەڵبەندی ۱۱ی ڕێکخستنی گەرمیان خۆی لە ۱۳ کۆمیتە دەبینێتەوە و دەیان کارگێڕ مەڵبەندو ئەندام مەڵبەند لەخۆ دەگرێت، لەڕووی جوگرافیاشەوە سنورێکی بەرفراوانی بەدەستەوەیە، ئەم مەڵبەندە توانی لە ناوەندی قەزای کەلارو قەزای کفری وناحیەکانی ڕزگاری و سەرقەڵاو باوەنور سەربکەوێت بەسەر سەرجەم ڕکابەرەکانیدا بە جۆرێک توانی نزیکەی ۲۳ هەزار دەنگ بەدەست بێنێ و بە نزیکەی ۱۱ هەزار دەنگ پێشی ڕکابەرە (مەحەلیەکەی) کە بزووتنەوەی گۆڕانە بکەوێ و لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی پارێزگای سلێمانی لایەنگرانی یەکێتی بەزۆر شێوەی جیاواز ئاهەنگیان گێڕا.

 

یەکێتی لە سنوری پارێزگای سلێمانی بوو بە خاوەنی ٨ کورسی پەرلەمان و هەندێک لەو کاندیدانەی کە سەرکەوتن دەنگەکانیان نەگەیشتە ۱۰ هەزار دەنگ، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە و نائاساییە ئەوەیە کە مەڵبەندی گەرمیان بە ۲۳ هەزار دەنگەوە نەیتوانی تەنها کاندیدێکیش سەربخات لەکاتێکدا خاوەنی دوو کاندیدبووین کە هەردوو کاندیدەکە( د.ئاراس فریق زەینەڵ ژمارە ٦ و دڵنیا محمود ژمارە ۱٨) لەلایەن ئەنجومەنی مەڵبەندەوە بەدەنگدانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەنگیان لەسەر درابوو!!

 

ئەم ۲۳ هەزار دەنگەی گەرمیان بۆ کام کاندید بوو؟
لەو کاتەی لە سنوری گەرمیان دوو کاندیدمان هەبوو، بەڵام کاندیدەکانی دەرەوەی سنوری مەڵبەندی گەرمیان زۆرترین دەنگەکانی سنوری مەڵبەندی گەرمیانیان بۆ خۆیان دەستەبەر کرد کە نزیکەی۱۷هەزار دەنگیان لە ۲۳ هەزار دەنگەکەی گەرمیان بۆخۆیان بردووە، ڕاستە یەکێتی توانی لە گەرمیان لەڕووی زۆری دەنگەوە براوە بێت بەڵام یەکێتی لەگەرمیان لە ڕووی ناردنی کاندید بۆ پەرلەمانی عێراق سەرکەوتو نەبوو.

 

بێگومان ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە لەوانەش:


یەکەم/ نەبوونی کۆدەنگیی لەسەر دانانی کاندیدەکانی گەرمیان و بوونی ڕای جیاواز لەسەریان لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەندی گەرمیان ئەوەش بوو بە هۆکاری ئەوەی کە مەڵبەند یەک دەنگ نەبن لەسەر بانگەشەکردن بۆ ئەو دوو کاندیدە بەڕێزە و بەیەک تیم کار بۆسەرخستنیان نەکەن، بەڵکو زۆرێکیان تەنها بانگەشەیان بۆ لیستی ۱٦۲ دەکرد بەبێ ئاماژەکردن بۆ ناو و ژمارەی کاندیدەکان و هەندێکیشیان بە مەبەست بانگەشەیان بۆ غەیری ئەو دوو کاندیدە دەکرد.

 

دووەم/ لەگەڵ ڕێز و حورمەتم، هەردوو کاندیدە بەڕێزەکە نەیانتوانی بانگەشەیەکی دروست و ڕێک و بە بەرنامە بۆخۆیان بکەن، بەڵکو جۆرە خەمساردییەکیان تێدا بوو، بە نمونە لە تەلەفزیۆنی ئایندە بە هاوبەشی لەگەڵ گرووپی پێشەنگ چالاکییەکمان کرد و زۆرێک لە کاندیدەکانی سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و کەرکوک و دیالەش ئامادەبوون، بەڵام بەڕێز د.ئاراس زەینەڵ کە کاندیدی گەرمیان بوو بەهۆی بانگەشە کردن لە سلێمانی نەیتوانی لەو چالاکییەی گەرمیان ئامادەبێت.

 

سێیەم/ دابەشبوونی بەشێک لە کادر و ئەندامەکانی سنوری مەڵبەندی گەرمیان بۆ بانگەشە کردن بۆ کاندیدە جیاوازەکانی تری یەکێتی لە غەیری کاندیدەکانی گەرمیان کە بێگومان ئەوەش بۆ بەرژەوەندی شەخسی بەتایبەتیش بەرژەوەندی ماددی و هەندێکیش بەهۆی دۆستایەتی و هاوڕێیەتی و خزمایەتی و چی و چی کە ئەوەش هەڵەیەکی گەورە بوو، ئەوەش وایکرد دەنگەکانی یەکێتی لە گەرمیان پەرش و بڵاو ببێتەوەو بەسەر سەرجەم کاندیدەکاندا دابەش ببێت و کاندیدەکانی گەرمیانیش لێی بێبەش بن. بۆنمونە لە ناحیەی ڕزگاری لە کۆی ٤٥۱۱ دەنگی یەکێتی هەردوو کاندیدەکەی یەکێتی لەگەرمیان نزیکەی ٥۰۰ دەنگیان هێناوە ، کەچی یەکێک لە کاندیدەکانی دەرەوەی سنوری مەڵبەندی گەرمیان لە هەمان ناحیە ۷۱۱ دەنگی بەدەست هێناوە.

 

پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە مەڵبەندی گەرمیان بۆچی نەیانتوانی هەموو بە یەک دەست و بەیەکەوە کار بۆ کاندیدەکانی گەرمیان بکەن، بۆچی ڕێگە درا لەناو مەڵبەندا بە زەقی و بە چڕی کار بۆ کاندیدەکانی تر بکرێت و کاندیدەکانی گەرمیانیش وەک خۆمان ئەڵێین زڵتەی چاویان بێت؟


ئەی باشە ئەگەر کاندیدی مەڵبەندن بۆ هەموو بەیەکەوە کاریان بۆ ناکەن؟ ئەی ئەگەر هەموو بەیەکەوە هاودەنگ نین لەسەریان بۆ دایاندەنێن؟!


ئەگەر وایە با چیتر مەڵبەند هیچ کەسێک کاندید نەکات ئەگەریش کاندیدی دەکات با کارگێڕ و ئەندامانی مەڵبەند و ئەندامەکانی خوارەوەو کۆمیتەکانیش ئیجبار بکات تا کاریان بۆ بکەن و دەنگیان بۆ کۆ بکەنەوە، ئەگەر وایە با چیتریش کەس عەزێت نەکێشێ و هەڵەی وا دووبارە نەکاتەوەو لەم سنورە خۆی کاندید نەکات، من حورمەتم بۆ هەڤاڵانم لە مەڵبەندی گەرمیان هەیە، ئەوەی ئەم جارە کردیان بۆ یەکێتی نمونەییە، بەڵام قسەی من لەسەر پەرتەوازەیی دەنگەکانی یەکێتییە نەک لەسەر سستی چالاکی و نەهێنانی دەنگ یان هەر بابەتێکی لەو شێوەیە.

 

تکام وایە هیچ کەسێک خۆی زیت نەکاتەوەو تەلەفۆنم بۆ نەکات بۆئەوەی ئەم بابەتە بسڕمەوە یان شتێکی لەو بابەتە، بەڵکو بەچاوی دڵسۆزییەوە بیخوێننەوەو وەری بگرن، چونکە ئەمەی من وتوومە دژی هیچ شەخسێکی دیاریکراو نییە و مەبەستیش لە تاکە کەسێک نییە، بەڵکو بۆ هەموو تاکێکی سنوری مەڵبەندی گەرمیانە و گریانی منیشە بۆ ئەو حاڵەی کە تا ئێستا نەمانتوانیوە هەموومان بەیەکەوە هاودەنگ بین لەسەر وەها بابەتێک، ئەمە لێدان نییە لە هیچ کەسێک، بەڵکو ڕەخنەیەکی بونیادنەرە بۆئەوەی کاری لەسەر بکرێت و چیتر ئەو هەڵانە دووبارە نەکەینەوە، ئەمە لە دڵسۆزیمە بۆ یەکێتی و بەتایبەتیش مەڵبەندی گەرمیان بۆیە تکایە با کەس نان و پیازی پێوە نەخوات.


با پێکەوە خۆمان ئامادە بکەین بۆ پرۆسەیەکی گەورەتر کە هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستانە و چەند مانگێکی کەمی ماوە.


با پێکەوە هیوا بدەین بەو بەڕێزانەی کە لە سنوری ئەم مەڵبەندە خۆیان کاندید دەکەن و ئومێدیان بە ئێمە و دەنگەکانی ئێمە هەیە.


با هەموومان بەیەکەوە سەری مەڵبەندی گەرمیان بەرز بکەینەوە، وەک چۆن لە ڕابردوودا کاری ناوازەو نمونەیی و خزمەتی بەرچاوی کردووە.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure