‎داراى شێخ یه‌حیا22/5/2018 596 جار بینراوە

‎عە‌ریفی ئومێد كوژه‌كان ‎تێ گه‌یشتنێكى دروست له‌ ئومێد



‎دواى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى سه‌رده‌مێكى نوێ له‌ حوكمڕانى كوردیى كه‌شه‌ش لایه‌نه‌كه‌ ته‌نها به‌ ته‌زویرات و ساخته‌كارى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌یزانن و مه‌وداى بینیان فراوانتر نه‌كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پشته‌وه‌ى پرۆسىه‌كه‌ ببینن,هاوكات هه‌ندێك قە‌ڵە‌م دار باس له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئومێد ده‌كه‌ن و هه‌ندێكی دیكه‌شیان ئه‌مجاره‌یان زوڕناكه‌یان بۆ زه‌نگى ئومێد لێدان ئاماده‌ كردوه‌, بێ ئه‌وه‌ى ده‌ركى پێبكه‌ن ئه‌مه‌ش دانپێدانێكى ڕوونه‌ بۆ ئه‌و داڕوخانه‌ گه‌وره‌یه‌ كه‌ڕووى له‌باڵه‌خانه‌ى ئومێدى مرۆڤى هۆشیار به‌ویژدانە‌وە‌ كردووه‌.


‎ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ یان ئه‌وانه‌ى ده‌یانه‌وێت به‌ عه‌سایه‌كى سیحرى یان به‌گۆچانێكی ڕزێوه‌وه‌ ئومێد بۆ خه ڵك بگه‌ڕێننه‌وه‌ ده‌بێت پێش ئه‌وه‌ له‌ئومید تێ گه‌یشتبێتن یان هیچ نه‌بێت ئێمه‌یان تێ گه‌یاندبێت مه‌به‌ستیان چیه‌ له‌ ئومێد و بۆچى داڕوخاوه‌ و یۆچى هیچ ئاسۆیه‌كیش بۆ بیناكردنه‌وه‌ى شك نابرێت..؟


‎ئه‌مه‌ش وایكرد ئێمه‌ به‌كورتى له‌سه‌ر ئومێد بوه‌ستین, ئومێد چیه‌..؟كه‌ى ده‌ڕۆخێت و چۆن ده‌گه‌ڕیته‌وه‌؟ كێ ده‌یرۆِخێنیت و كێ ده‌یگه‌ڕینیته‌وه‌؟ ئومێد كۆمه‌ڵه‌ هێزێكه‌ له‌هه‌موو مرۆڤێكدا به‌پێى سروشتى كه‌سایه‌تى ئه‌و مرۆڤه‌ هه‌یه‌ و دابه‌شبوه‌, پێكدێت له‌ هێزى پاڵنه‌ر و ئیراده‌ له‌پێناو گه‌یشتن به‌ ئامانجێكى گشتى و تایبه‌تى دا, پایه‌كانى ئومێدیش بریتین له‌ وزه‌ى فیكرى, هێزى ویست و ئیراده‌, توانستى پلان له‌ڕێگه‌ى ئه‌مانه‌وه‌ مرۆڤ ده‌توانێت ئه‌و ڕێگه‌یه‌ ڕۆشنبكاته‌وه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت پێ بگات...


‎دڵنیام ئه‌وانه‌ى باسى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئومێد ده‌كه‌ن نازانن پایه‌كانى چین و كێ ڕوخاندوونى كێ هۆكار و یارمه‌تیدە‌ر بوون‌ بۆ له‌ناوبردنى، ئومێد له‌ناوه‌وه‌ ده‌رۆِخیت یان له‌ده‌ره‌وه‌, هێزه‌ شه‌یتانییه‌كانى ئومێد كێن..؟ ته‌نها ده‌یانه‌وێت به‌چه‌ند دیرێكى تر هاوشێوه‌ى وه‌كو خۆیان وتیان به‌شه‌رمه‌زارییه‌وه‌ به‌راوردى نێوان فڵان و فیسار بكه‌ن, كه‌شە‌‌رم له‌سیاسى بوو به‌ئه‌ركى قه‌ڵه‌م به‌ده‌ست ئیدى شتێك نامێنیته‌وه‌ به‌ناوى ئومێد...!


‎بۆ ئه‌وه‌ى ڕاستیه‌كان له‌وه‌ زیاتر ئاوه‌ژوو نه‌بن, ده‌بێت بێ ئومێد بین له‌و هێزه‌ى خۆى به‌فریاد ڕه‌سى گه‌ڕانه‌وه‌ى هیوا و ئومێد بۆ خه‌ڵكى به‌شمه‌ینه‌تى كورد ده‌ناساند, تا له‌دواجاردا ئه‌وه‌تا ده‌یبنین جۆره‌ها قوتابخانه‌ى ته‌ریقه‌ت و مه‌زهه‌ب و ڕیبازى لێبوه‌ته‌وه‌ و خواستێكى گه‌ردونیشى تێدا چه‌كه‌ره‌ى كردووه‌ هه‌ر گردو به‌رزاییە‌‌ك ببینیت بیكا به‌سوژدە‌گا و خه‌ڵكى بۆ بانگھێشتبكات .
‎گۆڕان نه‌ك نه‌یتوانى ئومێد بگه‌ڕینیته‌وه‌, زۆر به‌هیواشى ئومێدیشى كوشت, كێ هه‌یه‌ نه‌زانێ مانفێستى گۆڕان چیه‌ و له‌سه‌ر چ دامه‌زراوه‌, چ دونیایه‌ك ئومێدى له‌گه‌ڵ خۆى دا بۆ خه‌ڵكى كوردستان هێنا و دواجاریش چۆن هه‌ر خۆشى هه‌مووى كوشت..؟


‎ده‌بێت هێزى ئیراده‌ و ویست و تواناى زیهنى و پلانى گۆڕان له‌چ دا بێت..؟ تا ئه‌مجاره‌ش چاوه‌ڕوانى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئومێدى لێ بكه‌ین..؟سیسته‌میان گۆڕى..؟ به‌هایان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌ و حزبایه‌تى و سیاسه‌ت و به‌رپرسیارێتى و هه‌ڵبژاردن و وه‌فا و هاوڕیبازى و بیرجیایى...؟ تا ئێستاش ئه‌و حزبه‌ له‌خه‌وى غه‌فڵه‌ت خه‌به‌رى نه‌بووه‌ته‌ و ته‌نها ته‌زویرات به‌مۆته‌یه‌ك ده‌زانێت و ده‌بێنیت, به‌ڵام نازانێ خۆى له‌بزوتنه‌وه‌یه‌كى سیاسى په‌رله‌مانى جیاواز له‌ڕووى هه‌موو بونیاده‌كانه‌وه‌ ئێستا بووه‌ته‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كى ئاینى له‌سه‌ر ته‌ریقه‌تى به‌ سوژدە‌گا كردنى كۆمه‌ڵگا و كۆیله‌ كردنى هه‌موو جیاوازییه‌ك..؟ تا ئێستاش نازانێ و نایه‌وێ تێ بگات بایكۆت واتایى چیه‌ و ئه‌و شۆكه‌ گه‌وره‌یه‌ چى بو و بۆچ ده‌نگده‌رانى سزایانى دا...؟ به‌ڵكو ته‌نها ده‌یه‌وێت هێزى نوێ, ڕاى جیاواز, پیاده‌كردنى سزاى سیاسى له‌دژى ئه‌ندامه‌كانى, نانبڕینى ئازادیخوازه‌كانى ئه‌وانه‌ى ده‌یانه‌وێ بیربكه‌نه‌وه‌ ئینجا بڕیار بده‌ن سه‌ركوت و په‌لامار بدات.


‎من ده‌پرسم ئومێد به‌چى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟ به‌شدارى ده‌سه‌ڵاتت كرد كوا ئاكامه‌ جیاوازه‌كه‌ى..؟ نمونه‌ى جوان و جیاوازى ئه‌وانه‌ى ته‌مسیلى ئێوه‌یان ده‌كرد چ بوو؟ ڕێگرى كرا له‌سه‌رۆكى په‌رله‌مان و خه‌ڵك ئه‌وپه‌ڕى بێ ئومێد بوو چتان كرد بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئومێد..؟ به‌فشارى خه‌ڵكى ته‌ڵاقێكى ڕه‌جعیتان وه‌رگرت له‌حكومه‌ته‌ى پارتى و یه‌كێتى, وه‌ك ئیمانداران ده‌ڵین له‌غه‌ر غه‌ره‌كه‌دا بوو هێشتا بیرتان به‌لاى كێكه‌كه‌دا ده‌چوو و ده‌ستى ڵى به‌رنه‌ده‌ن و نه‌پچڕى به‌ده‌ستانه‌وه‌ به‌وه‌ ئومیدتان بۆ بێ ئومێدبوان گه‌ڕانده‌وه‌...؟ پێش هه‌ڵبژاردن ئێمه‌ومانان هاوارمان ده‌كرد, تاپۆ كردنى گرد, به‌بنه‌ماڵه‌ى كردنى حزب, گه‌ڕانه‌وه‌ى بڕیار و پاره‌ و میدیا بۆ ده‌ستى گروپێكى تایبه‌ت, جێ به‌جێ نه‌كردنى به‌ڵینه‌كان له‌حكومه‌تتدا, به‌جێهێشتنى خۆپیشانده‌ران و موچه‌ دزراوان و ته‌نها په‌مپدانیان ته‌نها له‌میدیاكه‌تانه‌وه‌, داهێنانى سزاى سیاسى دڵسۆزانتان...تد ئه‌مانه‌ سه‌رتان ده‌خوا و خوا حافیزیتان له‌ سیاسه‌ت لێ ده‌كات, كه‌چى باشترین وه‌ڵام بۆ دلسۆزییه‌كه‌مان هاندانى كۆمه‌ڵیك جنێو فرۆش بوو له‌دژمان بڕشێنه‌وه‌...! پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌,ئێوه‌ خۆتان ئومێد بكوژن به‌كێ و چۆن ده‌یگه‌ڕیننه‌وه‌..؟

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure