بورهان شێخ ڕه‌ئوف20/5/2018 456 جار بینراوە

عه‌بادى باجى گه‌نده‌ڵى دا


ئه‌گه‌رچى دكتۆر حه‌یده‌ر عه‌بادى و لیسته‌كه‌ى بۆ هه‌ڵبژاردنى گشتى عێراق به‌ ناوى لیستى سه‌ركه‌وتن (النصر ) ناوه‌زه‌د كردبوو به‌ پشت به‌ستن به‌ ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ى كه‌ هاوپه‌یمانى نێو ده‌وڵه‌تى و كوردو هه‌موو هێزه‌كانى ترى عێراق و به‌كۆمه‌كى ئێران به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تى ئیسلامى له‌ عێراق و شام دا به‌ ده‌ستى هێنا بوو له‌ هه‌مان كاتدا لێدوانه‌كانى بۆ له‌ناوبردنى هه‌وڵى جوداخوازه‌كان كه‌ مه‌به‌ستى ڕیفراندۆمه‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستان بوو كه‌ خۆى له‌ گێڕانه‌وه‌ى كه‌ركوك و هه‌موو ناوچه‌ كوردستانیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم بۆ ژێر ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌تى ناوه‌ندى و خۆنمایشكردن و ه‌كو پاڵه‌وانى سه‌ركه‌وتووی دوو جه‌نگ تیرۆر و پاراستنى یه‌كپارچه‌یى خاكى عێراق .


به‌ڵام هه‌ر دواى ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان ده‌ركه‌وت ئه‌و دروشم و بانگه‌شانه‌ فریاى عه‌بادى نه‌كه‌وتن هه‌رچه‌نده‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاو كۆمه‌ڵگاى نێو ده‌وڵه‌تیه‌وه‌ پشتیوانى لێده‌كرا , سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى هه‌وڵى دابوو لیسته‌كه‌ى سنوورى تائیفیه‌ت و ئتنیك تێبپه‌ڕێنێت به‌ به‌شداریكردنى سونه‌و شیعه‌و كوردو توركمان كه‌چى نه‌بوو به‌ هێزى یه‌كه‌م و لیستى سائرون ى نزیك له‌ مقته‌دا سه‌در و لیستى فه‌تح ى هادى عامرى كه‌ هه‌موو باڵه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى له‌ خۆ ده‌گرێ پێشى كه‌وتن .


بۆ پێش نه‌كه‌وت ؟


ده‌كرێ بپرسین دكتۆر عه‌بادى ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ كاره‌باییه‌ كه‌ له‌ زانكۆى مانچسترى به‌ریتانیا خوێندنى ته‌واو كردبوو یه‌كێك له‌ سه‌كرده‌كانى حزبى ده‌عوه‌ بوو كه‌ ساڵانێكى زۆر له‌ ڕیزى ئۆپۆزه‌سیۆنى عێراقدا بوو بۆ نه‌ى توانى متمانه‌ى ده‌نگده‌رانى عێراق به‌ده‌ست بهێنێت به‌ پله‌ى یه‌كه‌م ؟


1. هه‌رچه‌نده‌ عه‌بادى له‌سه‌ره‌تای ده‌ست به‌كاربوونى وه‌كو سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى عێراق به‌ڵێنى ئه‌وه‌ى به‌ گه‌لانى عێراق دا كه‌ به‌هه‌موو تواناكانیه‌وه‌ به‌ گژى گه‌نده‌ڵیدا بچێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ریشى دانابێت , به‌ڵام له‌ڕووى پراكتیكه‌وه‌ نه‌ى توانى ئه‌و به‌ڵێنه‌ى به‌ جێبهێنێت هه‌رچه‌نده‌ زۆركه‌س و لایه‌ن ئه‌و گه‌واهیه‌ى بۆ ده‌ده‌ن كه‌ ئه‌وساڵانه‌ى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانیش بووه‌ ده‌نگێكى دلێرو به‌رز بووه‌ به‌رامبه‌ر گه‌نده‌ڵى به‌ڵام وادیاره‌ پێكهاته‌ى حكومه‌تو لاوازى پێگه‌ى له‌ نێو حزبى ده‌عوه‌دا ئه‌و بواره‌یان بۆ نه‌ڕه‌خسان به‌ربه‌ ته‌وژمى توندى گه‌نده‌ڵى و گه‌نده‌ڵكاران بگرێت .


2. خاڵێكى ترى گرنگ و هه‌ستیار كه‌ ڕێگربوو له‌ پێشكه‌وتنى لیسته‌كه‌ى عه‌بادى بوونى چه‌ندین ده‌مووچاوو سه‌رى دیارى حزبى ده‌عوه‌ كه‌له‌ ساڵانى ڕابردوودا هاوبه‌شى ده‌سه‌ڵات وئیمتازات و گه‌نده‌ڵیه‌كان بوون له‌ هه‌مانكاتدا لیسته‌ ڕكابه‌ره‌كانى ده‌یان ده‌مووچاوو سه‌رى لاو نوێ یان له‌ خۆ گرتبوو .


3. خاڵێكى تر ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ بوو كه‌ كه‌ سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ لیستى فه‌تح ى هادى عامرى كه‌ سه‌ركرده‌كانى حه‌شدى شه‌عبى و ڕه‌وتى حكمه‌ى عه‌مار حه‌كیمى له‌خۆ ده‌گرت پێكهێناو دواتر هه‌ره‌سى هێنا له‌ ژێر كاردانه‌وه‌و ناڕه‌زایتیه‌كانى شه‌قامدا .


ئازایه‌تى
ئه‌و خاڵه‌ى كه‌زیاتر جێگه‌ى مشتومڕ و گێرمه‌و كێشه‌ى ڕكابه‌ره‌كانى بوو نه‌بوونى ئازایه‌تى و خواستى به‌هێز بۆ به‌ گژاچوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و له‌ ڕه‌گو ڕیشه‌ هه‌ڵكه‌ندنى سه‌ره‌ڕاى به‌ڵێنه‌كانى نه‌یتوانى بیانخاته‌ بوارى جێبه‌جێ كردنه‌وه‌. هه‌رله‌ سه‌رده‌مى حوكمڕانى ئه‌ودا یاساى لێبووردنى گشتى ده‌رچوو كه‌ بوارى ڕه‌خساند كه‌ زۆر له‌ ماڤیاكان و ده‌سته‌و تاقمه‌ ساخته‌چى و گه‌نده‌ڵه‌كان كه‌ماڵى گشتیان تاڵان كردبوو له‌ سزاو لێپرسینه‌وه‌ ده‌رباز بن و بگڕێنه‌وه‌ بۆ ژیانى ئاسایى خۆیان هه‌مان ڕۆڵى پێشووتریان ببینن .


به‌ڵى عه‌بادى نه‌یتوانى به‌ر به‌و ته‌وژمه‌ ڕێكخراو و به‌هێزه‌ى گه‌نده‌ڵى بگرێت سه‌ره‌ڕاى پشتیوانى مه‌رجه‌عیه‌تى شیعه‌ كه‌ خۆى له‌ سید سیستانى ده‌بینێته‌وه‌ جگه‌ له‌ پشتیوانى به‌ هێزى شه‌قامى عێراقى هه‌رچه‌نده‌ له‌ چه‌ندین بۆنه‌ى جیاوزدا به‌ڵێنى ئه‌وه‌ى دابوو كه‌چۆن به‌سه‌ر تیرۆرو تیرۆریستاندا سه‌ركه‌وتین ئاواش به‌سه‌ر گه‌نده‌ڵى و گه‌نده‌ڵكاراندا سه‌رده‌كه‌وین .


له‌لایه‌كى تره‌وه‌ هه‌ندێك له‌ چاودێرانى دۆخى عێراق له‌و بڕوایه‌دان مانه‌وه‌ى عه‌بادى له‌ ڕیزه‌كانى حزبى ده‌عوه‌دا هۆكارى سه‌ره‌كى بوون له‌وه‌ى كه‌ نه‌توانێت متمانه‌ى خه‌ڵكى عێراق به‌ده‌ست بهێنێت و له‌ڕیزى پێشه‌وه‌ بێت

 

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure