عه‌دنان كۆچه‌ر 17/5/2018 487 جار بینراوە

جه‌سته‌یه‌كى كۆچه‌ریی‌و رۆحێكى ئاماده‌


یاده‌وه‌ریی كۆچی كۆچه‌رى باوكم ئیمڕۆیه‌، ئێستا ساته‌وه‌ختى بیره‌وه‌رى شه‌هاده‌تى ئه‌و مرۆڤه‌یه‌ كه‌ له‌پاش خۆى جگه‌ له‌نامه‌یه‌كى جوامێرى‌و مێژوویه‌كى به‌ شكۆو خانه‌واده‌یه‌كى خۆڕاگر هیچی ترى به‌جێنه‌هێشت، ئه‌و پیاوه‌ى بۆ ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن به‌عس‌و هێزه‌ چه‌قاوه‌سوه‌كه‌یه‌وه‌ ئیراده‌ى زه‌وتنه‌كرێت، ئاماده‌بوو، دوا فیشه‌كى خۆڕاگری خۆى به‌جه‌سته‌ى خۆیه‌وه‌ بنێت‌و بۆ كورد‌و هه‌ولێرو ئێمه‌ش شانازییه‌ك تۆمار بكات كه‌ هه‌رگیز له‌ بیرنه‌چێته‌وه‌.


له‌راستیدا ئێستا كه‌ یادى ئه‌و جوامێره‌ى كوردایه‌تى ده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌ساته‌وه‌ختێكی ناجۆرداین، به‌چه‌شنێك كه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئازایی‌و نه‌به‌ردیی رۆڵه‌كانى دوێنێ، له‌هه‌مبه‌ر داستان‌و مقاوه‌مه‌تى پێشمه‌رگه‌كانى رابردوو، له‌به‌رامبه‌ر بوێریی‌و خۆفیدایی جوامێره‌كانى ئه‌وده‌م، یاده‌وه‌ریی ده‌سه‌ڵات‌و هێزه‌كان هێنده‌ لاوازه‌، كه‌ ته‌نانه‌ت له‌ساڵوه‌گه‌ریی نه‌به‌ردییه‌كانیان یادكردنه‌وه‌یان بیرده‌چێته‌وه‌، ئه‌و هێزانه‌ى كه‌ ئه‌زموونى حوكمڕانی خۆیان له‌سه‌ر حسێبی خوێنى ئه‌و پاڵه‌وانانه‌ دروستكردووه‌، ئێستا نه‌ ده‌توانن مێژووی تێكۆشانى ئه‌وان بخوێننه‌وه‌و نه‌ رابردووى ئه‌وان ده‌بینن‌و نه‌ توڕه‌یی‌و هاوار‌و سرودى به‌ر له‌شه‌هیدبوونیان ده‌بیستن، ئه‌وان كه‌ نه‌ده‌خوێننه‌وه‌و نه‌ ده‌بینن‌و نه‌ده‌بیستن، هه‌موو ساڵێك یاده‌وه‌ریی ئه‌و قاره‌مانانه‌ راده‌ستى خێزانه‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه‌و ته‌نها رۆڵه‌ی شه‌هیده‌كان له‌ده‌ورى گۆڕى بێ نازى باوكیان نامه‌ به‌جێماوه‌كان‌و چیرۆكى پاڵه‌وانییه‌تییه‌كان ده‌گێڕنه‌وه‌.


شه‌هید كۆچه‌رى باوك‌و قاره‌مان، ئه‌گه‌رچی به‌جه‌سته‌ كۆچه‌رییه‌و ده‌مێكه‌ جێیهێشتووین، به‌ڵام رۆح‌و مۆڕاڵ‌و ره‌وشتى بۆ هه‌میشه‌ له‌ ناوماندا ئاماده‌یه‌، هه‌میشه‌ نه‌به‌ردییه‌كه‌ى وه‌ك لاپه‌ڕه‌ دره‌وشاوه‌كانى هه‌ولێر له‌یادو یاده‌وه‌ری ئێمه‌دا به‌زیندویی ده‌مێنێته‌وه‌، به‌رده‌وام نامه‌ وه‌سیه‌ت ئاساكه‌ى بۆ دایكم‌و رۆڵه‌كانى وه‌ك قیبله‌نماى كوردایه‌تى‌و مرۆڤدۆستى به‌زیندویی به‌شاده‌ماره‌كانى خوێنماندا دێت‌و ده‌چێت. ئه‌و پیاوه‌ی ناوى باوكمه‌و ئێمه‌ به‌ شوێن پێیه‌كانیدا ده‌ڕۆین، وه‌ك چۆن بۆ كوردایه‌تى‌و باوه‌ڕو خه‌باتى چینایه‌تى‌و به‌گژداچوونه‌وه‌ى سته‌مكاریی ژیا، هه‌ر له‌پێناو ئه‌و به‌هایانه‌ش رۆحى خۆى به‌خشی‌و مۆڕاڵ‌و ره‌وشتى كوردبوون‌و مرۆڤبوون‌و كرمانجییه‌تى بۆ ئێمه‌ جێهێشت، بۆ ئه‌وه‌ى تا ئه‌به‌د ئێمه‌ شوێن به‌هاكانى ئه‌و بكه‌وین.

ئێستا ئه‌و چركه‌ساته‌یه‌ كه‌ سی‌و سێ ساڵ به‌ر له‌ئێستا به‌ شه‌هیدی جێی هێشتین، به‌ڵام فه‌رمایشته‌كانى له‌ناو ئه‌و نامه‌یه‌ى وه‌ك وه‌سیه‌ت بۆی جێهێشتین هه‌ر له‌یادمان ماوه‌ته‌وه‌، باوكێك داواى لێكردین "خۆڕاگربین، چونكه‌ ئه‌و بێ ترس ده‌مرێ"، پێی ووتین "من شه‌رمنده‌ى مناڵه‌كانم كه‌ نه‌متوانى ژیانێكى دوور له‌هه‌ژارییان بۆ دابین بكه‌م"، به‌ڵام سه‌رمایه‌كى بۆ جێهیشتین، كه‌ هه‌موو سامانى دونیا تواناى نییه‌ جێی ئه‌و سیمبولیه‌ته‌ى باوكم بگرێته‌وه‌، بۆى نوسین "من هیچ شتێكم نییه‌ له‌ دنیا بۆتان جێ بهێڵم، به‌ڵام ره‌وشت‌و سه‌ربه‌رزی‌و كۆڵنه‌دان بۆ هه‌میشه‌ بۆتان ده‌مێنێته‌وه‌"، هه‌روا پێشی ووتین "ئێستا كاتژمێر 3:21 ده‌قیقه‌یه‌ دوا فیشه‌كى به‌رده‌ستم بۆ خۆمه‌". ئه‌وه‌ ئه‌و فه‌رمایشتانه‌یه‌ كه‌ باوكم بۆ هه‌میشه‌ وه‌ك تێكستى پیرۆز بۆى جێهێشتووین.


رۆحت شاد، كۆچه‌رى كۆچه‌ریی، ئه‌و پیاوه‌ى ساڵه‌كانیش چه‌ند تێپه‌ڕن هه‌ر له‌ یاده‌وه‌ریی ئێمه‌دا به‌زیندویی ده‌مێنێته‌وه‌.

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure