جـــه‌وهــه‌ر مه‌حمود داراغــا27/4/2018 353 جار بینراوە

پیــَناسه‌ى حكومه‌ت و نیشتمان تێكه‌لأو مه‌كه‌


رۆبێرت فیسك یه‌كێكه‌ له‌ ڕۆژنامه‌نووسه‌ هه‌ره‌ به‌ناوبانگه‌كانى جیهان و، سی ساڵى ڕه‌به‌قى ته‌مه‌نى له‌ نێو ده‌وڵه‌تانى عه‌ره‌بدا به‌سه‌ر بردووه‌. ئێستایش له‌ به‌یروت نیشته‌جێیه‌ و، هه‌واڵنێرى رۆژنامه‌ به‌ربڵاوه‌كه‌ى "ئه‌ندیپێندت"ه‌.


ئـــه‌م "ڕۆبێرت فیسك"ه‌ ده‌ڵێت: ده‌زانـــن نێو خانوو و ماڵه‌كانى عــاره‌بان، فره‌ خاوێــن و پوخته‌ و، شه‌قامه‌كانیان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ی نێو ماڵه‌كانیانه‌وه‌ و، تا بڵـــێی پیس و پۆخڵــن!؟


هۆیه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌: كه‌ عه‌ره‌به‌كان وا هه‌ست ده‌كه‌ن ماڵه‌كانیان موڵكى خۆیانه‌ و، خۆیان خاوه‌نى خانووه‌كانى خۆیانن. بـــه‌ڵام وا هه‌ست ناكه‌ن، نیشتمانه‌كه‌یان موڵكى خۆیان بێت. كه‌وابوو هه‌ر به‌ ڕاست و دروست، ئێمه‌ وا هه‌ست ده‌كه‌ین، خۆمان خاوه‌نى نیشتمانى خۆمان نین! بــۆیه‌ شه‌قام و ڕێگا و بانه‌كانمان، ئاوا پیس و پۆخڵـــن!


ئــه‌گه‌رنا ئــه‌ى هۆیــه‌كه‌ى چییه‌!!؟


ئــه‌مه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دوو هـــۆ:


یــه‌كه‌م: چــونكه‌ پێناسه‌ى (نیشتمان) و (حكومه‌ت) تێكه‌لأ ده‌كه‌ین!! پێمانوایه‌، ئه‌و دوو چه‌مكه‌ یه‌ك پێناسه‌یان هه‌یه‌! ئـــه‌مه‌یش له‌ خۆیدا كاره‌ساتـــه‌!! حكومه‌ت بــه‌ڕێوه‌بردنێكى سیاسیی ته‌مه‌ن كورته‌، به‌ به‌راورد، به‌ ته‌مه‌نـــى درێژى نیشتمان. حكومه‌ت تا سه‌ر نامێنێتــه‌وه‌، له‌ كاتێكدا نیشتمان: مێژوو و جوگرافیایه‌كه‌ بـــۆ خۆى! ئێسك و پرووسكى باو و باپیرانى له‌ خۆ گرتووه‌ و، كلتــوور و بــاو و نه‌رێت و، كتێبه‌كانى كۆمه‌ڵگاى خۆى!


بـــۆیه‌ هه‌موو مرۆڤێك بۆى هه‌یــه‌، ڕقــى له‌ حكومه‌ته‌كه‌ى خۆى، ببێتــه‌وه‌، بـــه‌ڵام مافـــى ئه‌وه‌ى نییه‌، ڕقــــى له‌ نیشتمانه‌كه‌ى خۆى، ببێتــــه‌وه‌!! كاره‌ساته‌ گه‌وره‌كه‌یش ئه‌وه‌یه‌، مرۆڤ : حكومه‌ت و نیشتمان، به‌ وه‌كوو یه‌ك بــــزانێت و، له‌ یه‌كتریان جۆێ نـــه‌كاته‌وه‌! پێمان وابێت، هه‌ر كه‌ نیشتمانمان كاول كرد، ئــــه‌وه‌ حكومه‌تمان كاول كردووه‌ و، ڕووخاندووه‌!! وه‌كوو ئه‌وه‌ى حكومه‌ت نیشتمان بێت و، نیشتمانیش حكومه‌ت بێت! هه‌ر وه‌كوو ئه‌وه‌ى ته‌نیا حكومه‌ت خاوه‌نى نیشتمان بێت و، ئێمه‌ خاوه‌نى نیشتمان نه‌بین!


حكومه‌ت چ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌و شه‌قامه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ من و تـــۆ به‌سه‌ریدا ده‌ڕۆین!؟ په‌یوه‌ندیی حكومه‌ت چییه‌ به‌و زانكۆیه‌وه‌، كه‌ مناڵـــى من و مناڵـــى تۆ، له‌ كۆلیژه‌كانیدا ده‌خوێنن!؟ یان ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ى كه‌: هاوژینه‌كه‌ى من و، هــاوژینه‌كه‌ى تۆى، تێدا چاره‌سه‌ر ده‌كرێن!؟ حكومه‌ت خاوه‌نى ئه‌و ئــامێرانه‌ى پزیشكى نییه‌، كه‌ له‌ نێو نه‌خۆشخانه‌كاندا هه‌یه‌ و، ئه‌وانه‌ خاوه‌نین، كه‌ به‌كارى ده‌به‌ن.


له‌ ڕاستیدا به‌م كاره‌ قێزه‌ونانه‌مان، تۆڵه‌مان له‌ (نیشتمان)مان كردووه‌ته‌وه‌، نه‌كوو له‌ (حكومه‌ت)مان! ئــه‌گه‌ر ئێمه‌ (نیشتمان)ى خۆمانمان خۆش ویست، ئه‌وا حكومه‌ته‌كان به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان، ده‌گۆڕدرێن و، حكومه‌تانى نوێ، دێنه‌ شوێنیان.


دووه‌م: (هۆشیاریی خاوه‌ندارێتیی گشتى ـــ الملكیــه‌ العامه‌) نییـــه‌! به‌ شێوه‌یه‌ك وا هه‌ست بكه‌ین كه‌ تووشى دووفــاقــى بـــووین! ئــاخر ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ ته‌والێتى نێو ماڵه‌كه‌ى خۆى، پــاك ڕاده‌گرێت، ته‌والێته‌ گشتییه‌كانى شوێنه‌ گشتییه‌كان، پیس و پۆخلأ ڕاده‌گرێت! هه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ كورسى و مێزى ماڵى خۆى، پــارێزگارى ده‌كات، ناوى خۆى، له‌ سه‌ر كورسى و مێزى، قوتابخانه‌كه‌ى خۆى، هه‌لأ ده‌كۆڵێت!! هه‌ر ئه‌و باوكه‌ى له‌ ماڵه‌وه‌ هه‌میشه‌ خه‌ریكى ڕێك خستنى مناڵه‌كانێتى و ڕیزبه‌ندیان ده‌كات، له‌ فه‌رمانگه‌ قه‌ره‌باڵغ و شوێنه‌ پڕ كڕیاره‌كاندا سه‌ره‌ ناگرێت و، ریزپـــه‌ڕى ده‌كات! هه‌ر ئه‌و دایكه‌ى، كه‌ به‌ هیچ جۆرێك ناهێڵێت، یه‌ك موحازه‌ره‌ى له‌ كیس بچێت، خۆى له‌ ده‌وام كردنه‌كه‌ى خۆى ده‌دزێته‌وه‌!!


بـــه‌ كورتــــى:


بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت، حكومه‌ت نیشتمان نیییه‌ و، كێشه‌كانى له‌گه‌لأ حكومه‌ت، به‌ وێران كردنى نیشتمان چاره‌سه‌ر نابێت. ئه‌و گه‌له‌ى تۆڵه‌ى خۆى له‌ نیشتمان ده‌كاته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى حكومه‌ته‌كه‌ى گه‌نده‌لأ و خراپــــه‌: شایه‌نى له‌و حكومه‌ته‌ خراپـــه‌: خراپتره‌! و له‌و حكومه‌ته‌ زیاتر ناهێنێت! پێشكه‌وتوویى ئێمه‌یش ته‌نیا به‌ پاكوخاوێنیی باخچه‌ى ماڵه‌كه‌ى خۆمان پێوانه‌ ناكرێت، به‌ڵــكوو به‌ پاكو خاوێنیی "بــاخى گشتى" پێوانه‌ ده‌كرێت. ئه‌و باخه‌ گشتییه‌ى كه‌ هه‌موومان تێیدا داده‌نیشین.


بـــه‌ خۆا ڕاستیان وتــــووه‌:

پێشكه‌وتنى نیشتمان و، پاكو خاوێنیی شه‌قام و ڕێگاو بانه‌كانى نیشتمان پێوه‌رى هۆشیارى و ڕۆشنبیریی هاوڵاتیه‌كانى خۆیه‌تى.

به‌ دواى ئه‌م شیكردنه‌وه‌یه‌دا منیش لاى خۆمه‌وه‌ ده‌ڵێم:


گه‌لــــۆ ... ده‌ستى له‌رزۆكـــم دامێنى پــاكتان: نــــه‌ حكومه‌ت نیشتمانه‌ و، نه‌ نیشتمانیش حكومه‌ته‌! تۆڵه‌ى حكومه‌ت له‌ نیشتمان مه‌كه‌نه‌وه‌، بــا "كوردستان" كاول نه‌بێت!

 

جــــه‌وهـــه‌ر مه‌حمود داراغــــا
تولــــووز / فـــه‌ڕه‌نسا

 

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure