هونەر تۆفیق27/4/2018 490 جار بینراوە

ڕەشەباکە لە پاش هەڵبژاردنەکە هەڵدەکات

 

کلیلی حکومەتی عێراق
کلیلی حکومەتی داهاتووی عێراق لەنێوان ئێران و ئەمریکادایە . هەر ئەمەش دەبێتەهۆکاری ئاڵۆزیەکانی پاش هەڵبژاردنەکانی عێراق .


ئێران بەهەموو هێزی سیاسی و نفوزی خۆیەوە ، لەم هەڵبژاردنەی عێراقدا بەشدارە . چونکە دەزانێت نەک هەر بۆ عێراق ، بەڵکە بۆ ئێرانیش چارەنووسسازە . پێکهێنانی حکومەتێک لەبەغدا نزیک لە ئێران بێت ، لە ستراتیژی ئێراندا دەکاتە پاراستنی خۆرئاوای ئێران لەهەموو ئەو ئەگەر و مەترسیانەی کە هەمیشە لە خۆرئاوای وڵاتەکەیەوە توشی دەبێت .


بۆ ئەمریکا و سعودی عەرەبیش ، لەم هەڵبژاردنەدا هەمان بۆچوونەکەی ئێرانیان هەیە . بەڵام بەدیوە ستراتیژیەکەی خۆیاندا . بوونی حکومەتێکی موالی بە سیاسەت و دیدی ئەمریکا لەناوچەکەدا ، مانای دابڕانی ئێران دەکات لە سوریا . لەهەمان کاتدا قایمکردنەوەی پێگەی ئەمریکایە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ، کەلەماوەی ڕابردوودا بەتەواوی لاواز و سست بووە .
هێزە عێراقیەکان لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا
ڕیهانی ئەمریکی - سعودی بەتەواوی لەسەر حەیدرعەبادی یە بە پلەی یەکەم ، لەپلەی دووەمدا لەسەر ئەیاد عەلاوی یە کە ناتوانێت جێگەی پەسەندی زۆرینەی شیعەی عێراقیەکان بێت .
ڕیهانی ئێرانیش لەسەر هەریەک لە هادی عامری و نوری مالیکی یە . کە دوو هێزی سیاسی و سەربازی ( حەشدی شەعبی ) گرنگن لەناو زۆرینەی شیعەدا.


بردنەوەی عەبادی (لیستی نەسر ) ، ئینجا سەدر ( لیستی سائیرون) بۆ ئێرانیەکان جێگای نیگەرانیەکی گەورەیە . چونکە بەپێ ی نزیکایەتی نوێیان لە ئەمریکا و سعودیە ، هەروەها دورکەوتنەوەیان لە ئێران . دەبێتە مایەی دروست بوونی پشێووی دوای هەڵبژادنەکان لەلایەن ئێرانەوە . چونکە هەرگیز ئێران ڕازی نابێت بەتەنیا حکومەتێکی دوور لەخۆیان لەبەغدا پێکبهێنن . مەگەر لەحاڵێکدا توانیان زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بهێنن کە ئەمە مەحاڵە .


بردنەوەی مالیکی ( لیستی دەوڵەتی یاسا ) و هادی عامری (ئیئتلافی فەتح) بە پێکهاتن لەگەڵ عەمار حەکیم ( لیستی حیکمە ) کە هێشتا لەنێوان ئێران و سعودیەدا یەکلانەبۆتەوە ، بەڵام گوێڕایەڵی مەرجەعیەتی شیعەیە . ئەمانەش مەترسین بۆ ئەمریکا و سعودیە . ئەمریکا ئەگەر بە شەڕیش بووە ناهێڵێت ئەو پێکهاتە ەنزیکانە لە ئێران ، بەتەنیا حکومەت پێکبهێنن . ئەمریکا لە دروستکردنی حکومەتەکانی ڕابردوودا . جۆرێک لە تەوافقی لەگەڵ ئێراندا ئەنجامداوە بۆ دروستکردنی حکومەتەکانی بەغدا . بەڵام لەم حکومەتی پێنجەمەدا ، بە تەوافقیش هەر دەکرێتە دەرەوەی مەڵبەندی بڕیاری عێراقی و کۆتایی بە نفوزی سیاسی و ستراتیژی دێت لەهەر یەک لە سوریا و عێراقدا . بۆیە ئەمجارەیان بە تەوافقیش لەقازانجی ئەمریکادا نی یە و قبوڵی ناکات ئێران بەشەریکایەتی لەگەڵ ئەمریکادا حکومەتی عێراق پێکبهێنێت.


ڕۆڵی سونەکانی عێراق
سونەکان لە عێراقدا ئەو پێگە و ڕۆڵە گرنگەیان نەماوە ، بتوانن بەڵانسی سیاسی لەناو حکومەتی داهاتوودا ڕابگرن . بۆیە لەم هەڵبژاردنەدا ئەوەندەی بایەخ بە ئەنجومەنی پارێزگا سونەکان ( موسڵ ، کەرکوک ، رومادی ، تکریت ، بەعقوبە) ئەدەن ، قورسایی خۆیان بۆ پارلەمانی عێراق بەکارناهێنن . دەیانەوێت لەڕێگەی بردنەوەی پارێزگاکانەوە ، هێزی فشاری خۆیان دروستبکەنەوە . نەک لەڕێگای پارلەمانەوە .
تاڕادەیەکیش پاڵپشتی دەرەکی گەورەیان نەماوە بەهۆی ناکۆکیەکانی نێوان سعودیە و قەتەرەوە . هیچکام لەو دوو وڵاتەش بەو بایەخە زۆرەی ساڵانی ڕابردووەوە پشتیوانی لە هێزە سونیەکانی عێراق ناکەن لەم هەڵبژاردنەدا .بگرە سعودیەکان زیاتر پشتیوانی لەو هێزە شیعیانە دەکەن کە سعودیە خەرقی کردوون . ئێرانیش تا ئێستاکە لە کوردە سونەکان ، هیچ نزیکایەتیەکی لەگەڵ عەرەبە سونەکاندا بۆ دروست نەبووە .
ڕۆڵی کورد لە بردنەوەی کلیلەکەدا


بەپێ ی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان و بەرنامەی لیستەکان بێت . کورد ناتوانێت کاریگەریەکی ئەوتۆی هەبێت لە دروستکردنی حکومەتی پێنجەمی عێراقدا. بەدەر لە خراپی ئەدا و مەلەفەکانی گەندەڵی و ناعەدالەتی لەلایەن هەردوو هێزی هاوپەیمانی کوردی لەبەغدا ( پارتی و یەکێتی ) لەهەڵبژاردنەکانی پێشوودا ، زۆرینەیەکی کوردیان هەبوو کە بەهەموو خراپەکانیانەوە ئەو یەکدەنگی و یەک گوتاریەی هەیانبوو لەبەغدا ( ئەگەر بەقازانجی زۆرینەی هاوڵاتیانی کورد خۆیدا نەشکایەوە ) بەڵام پێگەی کوردی کردبوویە ژمارەیەکی قورس لە هاوکێشەی دروستکردنی حکومەتەکانی عێراقدا . لەهەر چوار حکومەتەکەی ڕابردوودا کورد دەنگی یەکلاکەرەوەی هەبوو ، بەپێ ی یەک گوتاری و دواتر ژمارەی کورسیەکانی ، کورد توانیبووی قسەی فەسڵکاری هەبێت لە دروستکردنی حکومەت لەبەغدا .


بەڵام لەم کاتەدا کورد ، کە دووچاری شکستی سەربازی ، ئابووری ، سیاسی ، ئیداری بووە .ئەم شکستانە گوتاری یەکگرتووی کوردی پەرت کردووە . ئەم پەرتبوونەش لەهێزی کورسیەکانی کورد لەبەغدا کەمدەکاتەوە . ناهێڵێت ببێتەوە بە ژمارەیەکی قورس . بۆیە پێدەچێت لە پاش هەڵبژاردنەکان ، زۆرترین هاتووچوونە مەکوکیەکانی هێزە سیاسیە براوەکانی عێراق ، ئەمریکی و ئێرانیەکان بۆ هەرێمی کوردستان بێت . لبۆ ئەوەی دوو داوا لەکوردبکەن . داوایەکیان یەکڕیزی و یەکخستنی گوتاری کورد بێت لەبەغدا . ئەو داواکاریەش لەپێناو کورد خۆیدا نیە ، بەڵکە بۆ یەکلاکردنەوەی حكومەت دەبێت لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا . داوای دووەمیان بۆ دانەپاڵ یەکێک لەو بژاردەیەی نێوان ئەمریکا و ئێران بێت کە بۆ کوردی پێشنیاردەکەن
کورد دەتوانێت چی دەستبکەوێت ؟


عەبادی باش دەزانێت لەهەموو کوردستاندا قاچی کورسیەکیش بەدەست ناهێنێت نەخوازەڵا کورسیەکی کوردی عەبادیانە لە هەرێمدا . بۆیە هاتن و بەشداریکردنی لەهەڵمەتی هەڵبژاردندا لە سلێمانی و هەولێر بۆ بردنەوەی کورسی نیە ، بەڵکە بۆ بردنەوەی هاوپەیمانی دوای هەڵبژاردنە لەگەڵ کورددا .


ڕاستە کورد زەربەیەکی کوشندەی خوارد ووە لەپاش فەشەلی ڕیفراندۆمەوە . بەڵام ئەمەش ناکاتە کۆتایی کورد لەعێراقدا . چونکە عێراقی پاش کۆمارەکەی سەدام جیاوازە لە عێراقەکانی ڕابردوو و عێراقی سەدام . تا هاوکێشەی سیاسی و نفوز لەنێوان زلهێزەکاندا هەر بە ناهاوسەنگی بمێنێتەوە . وە عێراقیش عێراقی ئاژاوەکانی تایفی ( شیعە و سونە ) و قەومی ( کورد ، عەرەب ، تورکمان ) بێت ، لەناو پرۆسەی هەڵبژاردن و دروستکردنی حکومەتەکانەوە کورد دەتوانێت هەستێتەوە و بەخێرایی بگەڕێتەوە دۆخەکەی جارانی خۆی .بەڵام پێویستی بە دۆزینەوەی سەرکردایەتیەکی نوێ هەیە ، بۆ بەڕێوەبردنی مەلەفی کورد لەبەغدا ، هەروەها سیاسەت و گوتارێکی نوێ ی پێویستە تا مخاتەبەی هێزە سیاسیەکانی عێراقی پێ بکات . لەو دوو گۆڕانکاریەوە کورد دەتوانێت گوتاری خۆی یەکبخاتەوە . لەستراتیژدا پێکەوە لەبەغدا تەبابن ، لەتاکتیکدا ئاساییە هەر لایەنە و لەئاوازێک بخوێنێت . بوژانەوە و گێڕانەوەی پێگەی کورد لەبەغدا ، دەبێتە دەستکەوتێکی سیاسی ، ئابووری ، مەعنەوی گەورە . بەڵام بەدید و ڕوئیایەک جیاوازبێت لە دیدی شەست ساڵی ڕابردووی کورد کە لە بەرانبەر عێراقدا ،کورد بەکاریهێناوە .
کورد گەمەکە چۆن دەکات ؟


تێوەگلان لە گەمەی ئیگۆر سیچین ، ترسناکترە لەگەمەکانی بێرنارد هێنری لیڤی . هیچ نەبێت لیڤی تەنیا بزوێنەر و هاندەرێکی گەڕۆک بوو . نەیدەتوانی بڕیاری سیاسی لەسەرئاستی جیهانی دروستبکات . بەڵام سێچین تەواو لەناوەڕاستی بڕیارە سیاسیەکاندایە . تەنانەت لە هەندێ حاڵدا پێ ی دەگوترێت وەزیری دووەمی دەرەوەی ڕوسیا .


کڕین و فرۆشتنی نەوت و غاز و بۆریەکانی، لەنێوان کورد و روزنێفت ( ئیگۆر سێچین ) دا وریایی و لێزانی و شارەزاییەکی گەورەی دەوێت . کورد وەک سیاسەتە نەوتی و ئابووری و ئیقلیمیەکانی پێشووی بە هەوەس و میزاجەوە ، ناتوانێت لەگەڵ سێچیندا پەیڕەوی بکات . چونکە مەترسی گەورەی بەدوادا دێت . تێوەگلان لەسیاسەتی ڕوسیەوە وەک تێوەگلان نیە لەسیاسەتی ئەمریکی . دوو دنیا و دوو ڕێباز و دوو ئامانجی جیاوازیان هەیە . بۆیە ئەم ئەزموونە نوێ یەی کورد لەگەڵ ڕوسدا دەبێت دیقەت و سەلیقەی زۆر کارامەیان بۆی هەبێت .
فرۆشتنی بۆری کورد - بەندەری جیهان ، سەرچڵیەکی ئازایانەیە . بەمەرجێک هەموو دەرئەنجام و لێکەوتەکانی بە وردی لەبەرچاو گیرابێت .
گەمەکەی سێچین !


ئیگۆر سێچین کەبە عەڕابی سیاسەتی نەوتی ڕوسی ناسراوە . بەڕێوەبەری جێبەجێکار و سەرۆکی کۆمپانیای عیملاقی ڕوزنەفتە . یەکێکە لە سیاسیە هەرە نزیکەکانی سەرۆکی ڕوسیای فیدڕاڵ ، ڤلادیمر پوتین . ئەم دوو هاوڕێ یە لە سەردەمی ئەندامبوونیان لە دەزگای کەی گێ بێ دا پێکەوە هاوکار و هاوڕابوون هەتا ئەمڕۆ .


سێچین دەرگای گرەوەکانی پوتینە لەجیهاندا کە بە پشتی ئەو لێشاوە داهاتەی لە فرۆشی نەوت و غازی ڕوسیاوە سێچین دەیخاتە بەردەستی پوتین . پێگەی ناوخۆی پوتین بەستراوەتەوە بەوخزمەتگوزاری و بیمەکردنەی ژیانی خەڵکی ڕوسیایە کەبەهۆی داهاتی نەوت و غازەوە پێشکەشی دەکات . لە دەرەکیشدا سێچین ئەو پارەیە بۆ پوتین دابین دەکات کە توانا سەربازیەکانی ڕوسیا و هێزە ستراتیژیەکانی پێ نوێ بکاتەوە .


لەم دوو دانوستانەوە ، پوتین و سێچین تەواوکاری یەکتر و یەک سیاسەت و یەک دیدی ڕوسین بۆ ناوخۆ و دەرەوە .


بوری نەوتی کوردی فرۆشراو بە سێچین مانای داکوتانی پێگەی ڕوسی بە درێژایی ئەو بۆریەدا . شەرعیەتی پاراستنی بۆریەکە لەلایەن ڕوسیاوە ، دەکاتە دابەزاندنی هێزی ڕوسی لەهەرێمی کوردستاندا . هەرچەندە بەغدا ئەو ئاڵووێڵەی نێوان ڕوس و هەرێمی کوردستانی بەدڵ نیە . بەڵام بەپێ هاوپەیمانی ئێران و ڕوسیا ، کاریگەری ئێران لەسەر بڕیارەکانی بەغدا ، حکومەتی عێراقی نەیتوانیووە بە ڕاستەوخۆیی ناڕەزایەتیەکانی بۆ پەیوەندی نەوتی کورد و ڕوس نیشان بدا . بێدەنگی هەڵبژاردووە .


بەڵام ئایا ئەمریکاش بێدەنگ دەبێت ؟
ئەمریکا بەو سەفقە نەوتی و سیاسیەی کورد و ڕوس قەڵس دەبێت . بەتایبەتی لە پارتی دیموکراتی کوردستان کە سیاسەتی نەوتی هەرێمی لەژێر دەستدایە . دەربڕینی قەڵسیە ئەمریکیەکە هەتا ئێستا دیار نیە . ڕەنگە ئەوەش پەیوەندی بە هەڵبژاردن و کۆتایی هێنان بێت بە پێکهێنانی حکومەتی عێراق لەبەغدا . لەپاش ئەو گرێکوێرەیەوە بەرخودی ئەمریکیەکان بەرانبەر هەولێر دەردەکەوێت . بەڵام تازە هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێکەوتنەی هەولێر و سێچین بەستراوەتەوە بە ئیرادەی مۆسکۆوە . شەخسی پوتین دەبێتە خاوەنی بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەئەگەری ناڕازی بوون یان بەرخود وەرگرتنی ئەمریکادا . ئەمەش قەیرانە چاوەڕوانکراوەکەیە لە نێوان ڕوس و ئەمریکادا لەسەر نەوت و خاکی کوردستان .


ئەمریکا و ئێران چییان پێ دەکرێت ؟


لەئەگەر سەرکەوتن و بردنەوەی نفوزی ئێرانیدا بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ ی عێراقدا ، ئەمریکا دەتوانێت عێراق بخاتە لیستی ڕەشەوە . بە تۆمەتی پشتیوانی لە ئێرانی ماریق ، حکومەت و گەلی عێراق بخاتە ناوبازنەی ئەو وڵاتانەی ئابڵۆقەی ئابووری دەدرێن لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەوە . ئابڵۆقەدانی عێراق بەتایبەتی بێبەشکردنی لەو بەخشین و کۆمەکانەی ئەمریکا لەڕێگای سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی کەلەژێر هەژمی ئەمریکادان و عێراق بەردەوام پێویستی بەهاوکاریەکانیانە بەتایبەتی بۆ ئاوەدانکردنەوەی موسڵ و شارە وێرانبووەکانی تر . دەرکردنی عێراق لەو بەخشین و هاوکاریانە قەیرانێکی گەورەی دارایی و ئابووری بۆ عێراق دروست دەکات کە ڕەنگە بەهۆیەوە فەوزا و ئاژاوەیەکی ترسناک لەسەرتاسەری عێراقدا دروست بێت .


ئەگەر هاتوو حکومەتەکە بەپێ ی نفوز و لایەنگیری ئەمریکا دروست ببێت . ئێران بەهاوکاری ڕوسیا لە هەرێمی کوردستانەوە کە پێگەی سێچین - ڕوزنێفتی تیادا قایم دەبێت ، لەباشوورەوە ( پارێزگا شیعەنشینەکان ) ئێران دەتوانێت ئەو حکومەتە موالی بە ئەمریکا و سعودیە بخاتە گێژاوێکی ترسناکەوە . بەپێ ی ئەوەی ئێران لەهەموو جومگە هەستیارەکانی حکومەت و ئیدارەی عێراقدا پێگە و کەسی خۆی هەیە ، تەنانەت لە سوپای عێراقدا کە ئەمریکا بە چەک و ڕاوێژکاری سەربازی و پارەی ئەمریکی دروستی کردووە ، ئێران باڵا دەست ترە لە ناو سوپای عێراقدا تا ئەمریکا .
ئێران لەتوانایدایە ئەو سوپایە و حەشدی شەعبی دژ بە حکومەتە موالی بەئەمریکا و سعودیەکە توشی شەڕێکی فەوتێنەربکات ، خراپتربێت لە شەڕی داعش .


هەرکامیان زاڵ بێت بەسەر ئەو حکومەتە داهاتووەدا لایەنەکەی تریان دژایەتی توندی دەکات . ناهێڵێت بە ئاسانی و بێ قەیران چوارساڵەکەی بگوزەرێنێت . لەباشترین حاڵێشدا ڕەنگە هەڵبژاردنی پێش وەختە لەعێراقدا ڕووبدات ئەگەر ئەمە باشترین بەرخودی ئارامانەی هەریەک لەئێران و ئەمریکابێت لەپێناو پاراستنی ژیان و ماڵی هاوڵاتیانی عێراقدا کە ئەگەرێکی دوورە .
کورد چی پێدەکرێت ؟


کورد تا ئەم ساتە لەحاڵێکدایە ، هەردوو سەری بۆ زیانە . حەکیمێکی سیاسی باشی نیە بتوانێت بەڵانسی هەردوو بەرە بە قازانجی کورد یەکلابکاتەوە . لەهەمان کاتدا پتەوکردنی پەیوەندی بەڕوسیاوە ناخودئاگا ، کورد دەخاتە بەرەی شیعە و ئێرانەوە . لێرەدا ڕۆڵی حیكمەتی سیاسی دەردەکەوێت کە سیاسەتی کوردی نێوەندگیریەکی جارانی وەربگرێتەوە کە جەلال تاڵەبانی پەیڕەوی دەکرد و لەسیاسەتی کوردیدا دایهێنابوو . لەو سیاسەتەوە هەرلایەک بیبردایەتەوە بەقازانجی کورد دەشکایەوە . لەناو ئەم شەڕە چاوەڕوانکراوەی دوای هەڵبژاردنەکانی عێراقیشدا کورد دەبێت شەریکی براوەکان بێت ، ئیتر ئەو براوەیە کامەیە کە کورد بە سەلیقە و وریایەوە پێشبینی دەکات ، ئەمەیان لە ئەستۆی هەموو حیزبەکانی کوردستانە کەنابێت بهێڵن تاکڕەوی زاڵ بێت بەسەر سیاسەتی کورددا لە بەغدا .

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure