ئارام هادی 12/4/2018
522 جار بینراوە
ته‌له‌فونه‌كه‌ی "كرملین و كۆشكی سپی" جه‌نگه‌كه دواده‌خات؟
توركیا به‌هێرشكردنه سه‌ر عه‌فرین ڕه‌وشی ئاسایی بونه‌وه‌ی سوریای دواخست و جارێكی‌تر ئه‌و وڵاته‌ی په‌لكێشی ئاڵۆزیه‌كی توندتر له‌ڕابردوو كرده‌وه به‌جۆرێك ئه‌گه‌ری به‌ریه‌ككه‌وتنی ڕاسته‌وخۆی هه‌ردوو زلهێزی جیهانی (ئه‌مریكا. ڕوسیا)شی لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێستای (ئه‌مریكا. فه‌ڕه‌نسا. به‌ریتانیا)ش دژ به فراوانخوازیهكانی سێ كوچكه‌ی (توركیا. ڕوسیا. ئیران)ه، له‌ناوچه‌كه له‌كاتێكدا ڕابردوو بۆ ڕۆژئاواییه‌كان ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستیه تاڵه‌یه وه‌ك پێویست نه‌یان توانی ڕێگه له به‌هێزبونی ڕوسیا و فراوانیهكانی ئیران و داگیركاریه‌كانی توركیا بگرن له سوریادا.
بێده‌نگبونی ئه‌مریكا و ئه‌وروپیه‌كان له‌ڕابردوودا له‌ئاست فراوانخوازیهكانی به‌ره‌ی ڕۆژهه‌ڵات ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی به‌وه شكایه‌وه كه ئێستا به په‌نجه‌دانان له‌سه‌ر په‌له‌پیتكه‌ی چه‌كه گه‌وره و قورسه ماڵوێرانكهرهكان له‌ئان و ساتی تهقاندندایه، ئه‌م مهترسیهگهورهی ئێستا به‌هۆی چهكهگهورهكانهوه ڕووی له‌ناوچه‌كه كردوه وادهخوێنرێتهوه ئیتر كاتی ئه‌وه‌یه ئه‌وروپیه‌كان به‌سه‌ركردایه‌تی ئه‌مریكا به‌خێرایی كهوتونهتهخۆ بۆ قایمتركردنی ئه‌و جێ پێیانه‌ی دووسه‌ده‌یه له‌ناوچه‌كه چه‌قاندویانه و ئێستا مه‌ترسی هه‌ڵكه‌ندنی له‌سه‌ره.
له‌لایه‌كیتره‌وه وه‌ك چۆن له‌كاتی جه‌نگی سارد هه‌ركات هه‌ڕه‌شه‌كان ده‌چونه قۆناغێكی زۆر توند و ئه‌گه‌ری شه‌ڕی ئه‌تۆمی هه‌ردوو زلهێز زیاتر ده‌بو، هاوكات به‌رده‌وام خه‌تێكی ته‌له‌فونی تایبه‌تی له‌نێوان (كۆشكی سپی و كرملین)هه‌بوه و به په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌له‌فونی ئاگره‌كه دادهمركایهوه و بۆچه‌ند ساڵێك مه‌ترسی شه‌ڕی ڕاسته‌وخۆی ئه‌و دوو زلهێزه‌ی دوورتردهخستهوه، بۆ ئێستاش ڕاسته و ئه‌گه‌ری دووباره بونه‌وه‌ی له‌و شێوه‌یه به‌هێزه، به‌پشتبه‌ستن به‌مێژووی ململانێی (ئه‌مریكا. ڕوسیا)له ماوه‌ی 73ساڵی ڕابردوو بۆته‌نها جارێك به‌ریه‌ككه‌وتنی ڕاسته‌وخۆیان نه‌بوه له‌بواری سه‌ربازیدا، به‌ڵكو جه‌نگه‌كانیان له‌ڕێگه‌ی وهكالهتهوه جێبه‌جێكردوه، دواجار ئه‌و دوو زلهێزه ئاقڵتر بیرده‌كه‌نه‌وه و پێده‌چێت ئه‌مجاریش به‌نهێنی له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك ڕێكبكه‌ون و هێرشه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی ئه‌مریكاش بۆئه‌به‌د ڕوونه‌دات.
هیچ كاتێك به‌قه‌د ئێستا كورد له‌گۆڕینی هاوكێشه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ده‌ست وڵاتانه‌وه ڕۆڵی نه‌بوه و له‌جاران زیاتر كارتی ده‌ستی زلهێزانی جیهانیه و دژایه‌تی نهیارهكانیانی پێده‌كه‌ن، هاوكات به‌داخه‌وه ناوماڵی كوردیش له‌جاران خاڵیتره له یه‌كگوتاری و یه‌ك هه‌ڵوێستی له‌ئاستی پرسهگهرمهكانی ناوچه‌كه، ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان وه‌ك هه‌میشه بێده‌نگ و باكوری كوردستان له‌ژێر ڕه‌وشێكی ئه‌منی توندوتۆڵی توركیادایه و ڕۆژئاوای كوردستانیش له‌لایه‌ك لهژێرداگیركاری توركیا و هه‌ڕه‌شه‌ی داعش و گروپه تیرۆرستیهكانیتر و له‌لایه‌كیتر له‌به‌رداشی زلهێزانی ناوچه‌كه و جیهان چاره‌نوسی به‌نادیاری ماوه‌ته‌وه، له به‌شێكی باشوری كوردستانیش هه‌تادێت ژماره‌ی بنكه سه‌ربازیه‌كانی توركیا زیاتر ده‌بن و هاوكات به هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن و به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌وه سه‌رقاڵن كه له‌ده‌رئه‌نجامی ڕیفراندۆم لهشانزدهی ئۆكتۆبه‌ر له‌ده‌ست دران، سه‌رباری ئه‌مه‌ش هه‌ست به یه‌كگوتاری ناكرێت، دواجار ئه‌مه‌ش بۆته هۆكارێك كه وه‌ك پێویست كورد سود له گۆڕین و ئاڵۆزیه‌كانی ناوچه‌كه نه‌بینێت و به‌رده‌وام مێرگێكی به‌پیت بوه بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌جێندای وڵاتانی ده‌ره‌كی.