سیروان حمەشریف3/4/2018 325 جار بینراوە

خۆپیشاندان یان خۆنیشاندان؟


ئەگەرچی لەڕوکەشدا هەردو چەمک وەک یەک دەردەکەون بەڵام لەناوەڕۆکدا جیاوازی بەرچاویان تێدایە، دوەمیان بۆ خۆدەرخستنی تاکەکەسی و خۆبەپاڵەوانکردن یاخود هەرمەبەستێکی تر بەکاردێت، هەرچی یەکەمە ئەوا بوە بەسومبولی ناڕەزایەتی دەربڕینی هەرەوەزی و کۆمەڵ بۆ داواکاری مافی ڕەوای خۆیان.


باوەڕم بەوتەکەی ڕۆسۆ هەیە: 'ئەو وڵاتانەی دانیشتوانیان کەمترە گونجاوترن بۆستەمکاری؛ گیانەوەرە دڕندەکان لە بیابانەکاندا نیشتەجێن'. تەنانەت شار، هەرێم یان وڵاتێکیش ئەگەر ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانی هەبێ بەڵام بێدەنگبن و خۆپیشاندان نەکەن وەک چۆڵەوانی و بیابان دەردەکەوێ و زەمینەی پێشێلکردنی مافەکان دەدات بەدەسەڵاتداران.


سروشتی مرۆڤ وایە کاتێ فەرمانڕەوایەتی دەکات حەزبە نەیار ناکات و دەیەوێت خۆی ڕەسمی سیاسەتی ئێستا و داهاتو دیاری بکات، بەڵام ئەزمونەکانی ڕابردو ئەوڕاستییەمان بۆ دەسەلمێنن کە هیچ حکومەتێک بەبێ بونی نەیاری تەندروست و دڵسۆز سەکەوتونابێت.


ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە تاکی کوردی وادەزانێ بەتەنها دەنگ و متمانەدان بەپارتێکی دیاری دیاریکراو لەڕۆژی هەڵبژاردن بەسە بۆئەوەی بچێتەوە سەرکاری خۆی! بەپێچەوانەوە کاتێ متمانە دەبەخشیت بەپارتێک پێویستە دیسان چاودێربیت بەسەرکارەکانییەوە، ئەمیش بەردەوام لەڕێگای پەرلەمانتار وەلەکاتی پێویستدا خۆشت دەستلەکار هەڵگریت -ئەگەرمابێ- و بڕژێتە سەرشەقام، تائێرە نەک ئاسایی بگرە پێویستیشە.


دوای سەرهەڵدانی قەیرانی ئابوری لەهەرێمی کوردستان و داخستن و بایکۆتکردنی بەشێک لەفەرمانگەکان بەس نەبو بۆئەوەی حکومەت پێداچونەوە بکات لەسیستمی خانەنشینی موچەی فەرمانبەراندا، بەڵکو پێویستیکرد بەخۆپیشاندان و گەیاندنی پەیامی ڕاستەوخۆی ناڕەزایی بەدەسەڵاتداران .


بەقەد ئەوەی مافمان نییە ڕەخنە لە بێمتمانەبونی میللەت بگرین بەرامبەر بەحکومەت چونکە وەک چۆن نابێ نەخۆش لەهەڵوێستی ئەودوکتۆرە دڵنیابیت کەبەڵێنی پەڕجوی پێدەدات و هەمو هونەرەکەشی ئەوەیە داوای خۆڕاگری و ئارامی لێبکات؛ ئاوهاش کاری حکومەت نابێ تەنها داوای ئارامگرتن و خۆڕاگری بێت، بەڵکو وەڵامی دروست و زانستی پێویستە.


چۆن نەخۆش لەبەردەستی پزیشکەکەیدا دەمرێت، دانیشتوانی هەرێمیش ئاوها بەدەست چەندین نەخۆشی قورس و بەئازارەوە دەناڵێنێ دورنییە بمرێت، و تەنها جیاوازییەکەی ئەوەیە لەمیاندا خەڵک بە تەنها نامرێت و سیاسیەکانیش لەگەڵیدا دوانەفەسی ژیانی سیاسی خۆیان دەدەن، واتە بەتەنها نەخۆشەکان نامرن!


بەقەدئەوەش دەبێ مۆڵەت بەحکومەت بدرێ بۆ ئەوەی ئەم ئەزمونەشمەشمان لەدەست نەچێ و بەدەردی عەفرین و کوبانێ و موسڵ و زۆرجێگای تر ژێرخان و هێزی مرۆییشمان لەدەست نەچیت، خۆشبەختانە حکومەت بەڵێنی باشکردنی پاشەکەوتی موچەی داوە و دەبێ چاوەڕوانی کرداری بکەین.


لەم پرۆسەیەدا پێویستە دەستی ماندوبون و خۆڕاگری خەڵک بگوشرێ و ڕێزیان لێبگیرێ و کۆبونەوەی ئەوان وەک خۆپیشاندان هەژماربکرێ کەتەواوکەری کاری حکومەتە، بەڵام نابێ ڕێگا بدرێ ئاڕاستەی داوا و مافەیاساییەکان لەلایەن خەڵکانی هەلپەرست و خۆدەرخەرەوە بەلاڕێدا ببرێ.


بەدروستی ئەندامی پەرلەمان و کاندیدانی حیزبەکان بۆ خولی داهاتو مەڵبەندی دروستی خەڵک نەکەن بەمینبەرێک بۆ خۆدەرخستن و خۆنیشاندان و لەپیرۆزی مافەکانی خەڵک کەم نەکەنەوە.


پەرلەمان جێگای دەرکردنی یاسا و چاودێری کاری حکومەتە و دەبێ لەمینبەری خۆیانەوە داوای باشکردنی بژێوی خەڵک بکەن نەک دیسان خەڵک بەکاربێننەوە بۆ مەرامی خۆیان، هەردوێنێ بو یاسایەکیان تێپەڕاند تیایدا خۆیانکرد بەسەروەر و خەڵکیش بەکۆیلە! چونکە دوای دەیان ساڵ لەخزمەتکردن بڕی سێسەد هەزاریان بۆ خەڵکی ئاسایی دیاریکرد و بۆ چوارساڵی کاری پەرلەمانی خۆشیان چوارملیۆن!


• پارێزەر و ماستەر لەیاسای نێودەوڵەتی

 

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure