عەزیز ڕەئووف25/3/2018 448 جار بینراوە

گۆڕانخوازی شەقوەشێن


خۆی کە دەمانوت هێزی نوێ دەبێت خاوەن دید و تیڕوانینی جیاواز بێت لەوانی تر خۆ لەخۆوە نەماندەوت. ئەگینا بەشداریکردنی گۆڕان لە حکومەت و ەسەڵاتە خۆجێییەکان و وەرگرتنی پۆست ڕوخساری ڕاستەقینەیان دەردەکەوێت، "وەک ئەوەی لای پارێزگاری ئێستا و وەزیری دارایی پێشودا دەمان بینی" یان لە بەتاڵی و بێ ئیشیا وەک شەقاوەکان ئیشی ترت نیە جگە لە شەقوەشاندن و جنێوی فەیسبووک و ئازاردانی جەستەیی و دەرونی ئەوانی تر.


لێدان لە کاک سەباح عەلی قارەمان لەلایەن سەرکەوتی کوبەوە دروست دەرکەوتەی ئەو بەتاڵی و بێفکری و لێکچونەیە لەگەڵ ئەوانی تردا. ئەوە کاتی خۆی پاسەوانێکی مامۆستا عەلی باپیر بەشەق لەڕۆژنامەنوسێکی پەیامی دابوو هەر ئەو کات نوسینێکم نوسی بەناوی "موجاهیدی شەقوەشێن"، من نازانم شەقەکان کەی دەوەستن و شەقاوەکان کەی واز لە حزب دێنن و حزب و بزوتنەوەکان کەی لەوە تێدەگەن پارتەکانیان پێویستی بە تاکی عاقڵ و خوێندەوار هەیە نەک مەخلوقی شەقوەشێن و شەقاوە؟


من وەک چاودێرێک بەردەوام ڕەخنەم لە کۆی هێزەکان گرتووە بەبێ جیاوازی، بەڵام دان بەوەدا دەنێم هیچ هێزێک بارتەقای گۆڕان مەخلوق و ئەندام و بەناوگۆڕانخوازی جنێودەری تێدا نیە و لانی کەم حزبەکانی دەسەڵات لەسەر ڕەخنە ڕێگەی دادگایان گرتووە و منیش چومەتە بەردەم دادگا، بەڵام بەڕاستی دان بەوەدا دەنێم زمانی پەروەردەی گۆڕان " کە پەروەردە نیە و بەتاڵیە" زمانێکی تەواو بازاڕی و خاڵیە لە بوونی هەر ئەتەکیەتێکی تاکی حزبی و ویراسی ئەو هێزەی کە بناغەی یەکەم ئۆپۆزسیۆنی پارلەمانی لە کوردستان دانا. بۆ نمونە من ڕەخنەم لە ئەدای کاری پارێزگاری سلێمانی گرتووە، کارەکتەری گۆڕان هەیە بەتوندی جنێو بە من دەدات و کە پارێزگاریش وێنەکانی دادەبەزێنێت هەمان کەس تێر جنیوی بە ئەویش داوە. ئەم مەخلوقە گۆڕانخوازانە کەسیان دەست نەکەوێت جنێو بە خۆیان دەدەن، کەس شک نەبەن شەق لە ڕۆژنامەنوس و چالاکوانانی خۆیان هەڵدەدەن.


جا تۆ سەیرکە ئەم هەموو نوسەر و پارلەمانتار و گۆڕانخواز و پاڵەوانانەی سەر شاشە کە ڕۆژ تا ئێوارە هێرش دەکەنە سەر حزبەکانی تر، بزانە چۆن بێدەنگن و بەرامبەر بە شەقوەشێنەکانی بەرزایی بزوتنەوەکەیان بۆ ئەوەی شەق بەرخۆشیان نەکەوێت بێدەنگی هەڵدەبژێرن.


دوای مەرگی کاک نەوشیروان و تاپۆکردنی کۆی مڵکەکانی گۆڕان لەسەر دوو کوڕەکەی، دەرکەوتنی جیاوازی لەسەر خاوەندارێتی بزوتنەوەکە، دۆخێکی ئاڵۆز ڕووبەرڕووی ئەو بزوتنەوەیە بۆتەوە کە ئومێدی پێنچ سەد هەزار دەنگدەری کورد بوو.


دواجار، تا خاوەنی پەروەردەیەکی نوێ و پارادیمێکی نوێ بۆ سیاسەت نەبین، تا حزب نەبێت بە شوێنێک بۆ گۆڕینی دیدی ئێمە بۆ شەق و ئازاردانی جەستەیی و دەرونی، شەقەکان هەر بەردەوام دەبن و شەقاوەکان شوێن بەوانی تر چۆڵ دەکەن.

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure