سه‌لاح خدر19/3/2018 964 جار بینراوە

بۆ شه‌رڤانان له‌ عه‌فرین کشانه‌وه‌؟



ڕژێمی تورکیا به‌رله‌ هێرشی داگیرکاری عه‌فرین له‌ ڕووی سه‌ربازی، سیاسی، دبلۆماسی، میدیای و جڤاکی خۆی به‌ته‌واوی ته‌داره‌ک دابوو، زۆرترین سازشی بۆ هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان به‌تایبه‌ت ڕووسیا و ئێران کرد که‌له‌و هێرشه‌دا پاڵپشتی بکه‌ن، له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ دوای هه‌وڵی کوده‌تاکه‌ی 2016 وه‌ تورکیا سوپایه‌کی تۆکمه‌ی نه‌مابوو، ئه‌ردۆغان چه‌که‌ هه‌ره‌ قورسه‌کانی ناتۆی له‌ عه‌فرین دا به‌کارهێنا.


تورکیا به‌رله‌ عه‌فرین هێزه‌ تایبه‌ت و چه‌ته‌کانی خۆی له‌ کۆمه‌ڵکوژی و کاولکاری شاره‌کانی جزیره‌، سلوپی، گه‌ڤه‌ڕ، نسێبین و شڕناخ تاقی کردووه‌ و سه‌دان کوردیان کۆمه‌ڵکوژ کرد، له‌و ده‌ڤه‌رانه‌ چه‌کی کیمیاییان دژ به‌ گه‌ریلا و شه‌رڤانان به‌کارهێنا، به‌و ته‌جروبه‌ و هێزه‌ چه‌تانه‌ و هاوکارییه‌ هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییانه‌، ده‌ستیان به‌ هێرشی سه‌ر عه‌فرین کرد.


له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی شه‌رڤانان ئاماده‌کارییان بۆ ڕوبه‌ڕووی بونه‌وه‌ کردبوو و به‌رخۆدانێکی بێوێنه‌یان نیشاندا و تائێستاش ئه‌و به‌رخۆدانه‌ به‌رده‌وامه‌ زیاتر له‌ هه‌زار شه‌هیدیان داوه‌، به‌ڵام به‌هۆی زیادبوونی کۆمه‌ڵکوژییه‌کان و ده‌ستنه‌پاراستنی تورکیا له‌ مه‌ده‌نی و کاولکردنی کانتۆنه‌که‌ شه‌رڤانان ناچاربوون له‌ 58 هه‌مین ڕۆژدا له‌ زۆربه‌ی گه‌ڕه‌که‌کانی شاره‌که‌ بکشێنه‌وه‌، ئه‌وه‌ ئاقڵانه‌ترین بژارده‌ی شه‌رڤانان بوو، چونکه‌ شه‌رڤانان چه‌نده‌ خاوه‌ن باوه‌ڕ و ئیراده‌ و ئه‌زموونیشن، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی چه‌کی پێشکه‌وتووی به‌رگری ئاسمانی نه‌یاده‌توانی ڕێگه‌ له‌به‌ر کۆمه‌ڵکوژی و کاولکاری بگرن، ته‌نها چه‌ند ڕۆژێک به‌رله‌داگیرکردنی عه‌فرین تورکیا گه‌وره‌ترین کۆمه‌ڵکوژی مه‌ده‌نی ئه‌نجامدا، به‌ڵام شه‌رڤانان به‌ کشانه‌وه‌یان و په‌نابردنه‌ به‌ر شه‌ڕی گه‌ریلایی ڕێگه‌یان له‌به‌ر جینۆسایدێک گرت.


ده‌وڵه‌تی تورک پلانی ئه‌وه‌ی دانابوو عه‌فرین وه‌ک سلۆپی و سوری ئامه‌د کاول بکات و هه‌ڵه‌بجه‌ ئاسا هه‌زاران که‌س کۆمه‌ڵکوژ بکات، بۆ ئه‌وه‌ش هه‌رچی چه‌کی هه‌بوو به‌تایبه‌تی کیمیایی، مادده‌ی ژه‌هر و گازی کلۆر ئاماده‌کردبوو، تورکیا نه‌یده‌ویست شه‌رڤانان شاره‌که‌ چۆڵ بکه‌ن به‌ڵکو ئامانجی بوو کۆمه‌ڵکوژیان بکات، چونکه‌ پێشتر کۆمه‌ڵکوژی و به‌کارهێنانی گازی کیمیایی له‌ باکوری کوردستان و گوندی ئه‌ره‌ندێی ناحیه‌ی شیه‌ی عه‌فرین ئه‌نجامدابوو و کاردانه‌وه‌ی جدی نێوده‌وڵه‌تی له‌به‌رامبه‌ر خۆیدا نه‌بینی هه‌ربۆیه‌ به‌نیاز بوو به‌ ڕێکه‌وتن و سودوه‌رگرتن له‌ بێده‌نگی نێوده‌وڵه‌تیی له‌ عه‌فرینیشدا هه‌مان پلان جێبه‌جێ بکات.


شه‌رڤانان ده‌یانتوانی تا شه‌هید بوون هه‌ڵنه‌ستن، ئه‌و ئه‌زمونه‌شمان له‌ به‌رخۆدانی کۆبانێ دا بینی، به‌ڵام تورکیا به‌به‌کارهێنانی ئه‌و ته‌کنۆلۆژیایه‌ی له‌ ده‌ستیدایه‌ و ئه‌و پشتگیرییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ی هه‌یه‌تی هه‌ر ده‌یتوانی عه‌فرین بگرێت، وه‌لێ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ شه‌ڕ له‌ عه‌فرین دا کۆتایی نایه‌ت.


ئه‌مڕۆ شه‌رڤانان به‌پشتیوانی گه‌لی کورد و گه‌لانی کوردستان و ئازادیخوازانی جیهان، ستراتیژی شه‌ڕی درێژخایه‌نی له‌گه‌ڵ تورکیا و هاوکاره‌کانیدا هه‌یه‌، هه‌ربۆیه‌ پاراستنی هاوڵاتیان بۆ ئه‌وان گرنگه‌ و ناشیانه‌وێت له‌ خاڵێکدا زۆرترین زیانی گیانی بده‌ن، ڕاسته‌ تورکیا پێشله‌شکری بۆ شه‌ڕێکی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ گه‌لی کورد و ئه‌زمونی دیموکراتی ڕۆژئاوای کوردستان ده‌کات، به‌ڵام ئه‌ردۆغان به‌رده‌وامه‌ له‌ هێرشی قڕکردنی کورد و پلانی جینۆسایدی ئه‌رمه‌نییه‌کانی بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد داناوه‌، له‌و پێناوه‌شدا هه‌موو سازشێک ده‌کات تا کورد له‌ نه‌خشه‌ی نوێی ناوچه‌که‌دا جێگه‌یان نه‌بێت.
عه‌فرین نه‌که‌تووه‌ به‌ڵکو تورکیا به‌ زه‌بری چه‌ک داگیرکردووه‌ و سه‌دان که‌س له‌ به‌رگریدا شه‌هیدبوون، مه‌حاڵیشه‌ داگیرکه‌ر بتوانێت به‌زه‌بری چه‌ک له‌و شوێنی داگیرکراودا بمێنێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌ عه‌فرینێک دا که‌ خاوه‌نی سه‌دان هه‌زار ئاڤێسا خابووره‌.


گه‌رچی ڕۆژئاوای کوردستان هیچ کات خۆی به‌هێزێکی ده‌ره‌کیه‌وه‌ گرێنه‌داوه‌ و له‌سه‌ر هێڵی سێهه‌م و هێزی خۆیی تێکۆشان ده‌کات، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆش ڕووبه‌ڕووی بووه‌ته‌وه‌ باجی ئه‌و باوه‌ڕه‌یه‌تی، به‌ڵام پێویسته‌ ئیدی بۆ له‌مه‌ودواش کوردان له‌ په‌یوه‌ندی دانان له‌گه‌ڵ هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تیی و هه‌رێمییه‌کاندا به‌پره‌نسپتر و جدی تربن، چونکه‌ ئێستا ناوچه‌که‌ له‌ قۆناغێکی هێنده‌ هه‌ستیاردایه‌ که‌ ده‌توانرێت به‌رژه‌وه‌ندی و هاوکێشه‌کان له‌ کاتژمێرێکدا گۆڕانکاری به‌سه‌ردابێت، کوردیش ده‌بێت خۆی به‌و پێیه‌ ته‌یار و ئاماده‌ بکات.


ئه‌وه‌ی گرنگه‌ خاوه‌نداری کوردانه‌ له‌ دۆزی خۆیان، ئیدی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ تێپه‌ڕی باشوور باکوور و ڕۆژهه‌ڵات ڕۆژئاوا به‌کێشه‌ی خۆیان نه‌زانن، عه‌فرین درێژکراوه‌ی ڕۆبۆسکی و که‌رکوکه‌، تاران و ئه‌نقه‌ره‌ و به‌غداد به‌و ڕێکه‌وتنه‌ کار ده‌که‌ن که‌ دژ به‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد هه‌یانه‌، ئه‌مڕۆ هه‌موومان له‌ به‌له‌مێکداین.

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure