ئارام هادی18/3/2018 429 جار بینراوە

مه‌ترسیه‌كانی توركیا له‌دوای عه‌فرین



له‌دوای 58ڕۆژ به‌رخۆدانێكی بێوێنه‌ی شه‌ڕڤانان و هاوڵاتیانی عه‌فرین به‌رامبه‌ر به‌ سوپای ده‌وڵه‌تی توركیای داگیركه‌ر و گروپه‌ تیرۆرستیه‌كان كه‌ نمونه‌ی له‌مێژوی جیهاندا نه‌بوه‌ دواجار له‌دوای بێده‌نگ بونی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و ڕێكخراوه‌كانیان كه‌ به‌رده‌وام باس له‌ مافی مرۆڤ و پاراستنی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی ده‌كه‌ن، ئه‌و سوپایه‌ و گروپه‌ تیرۆرستیه‌كان هاتنه‌ ناو عه‌فرین، هاتنی سوپای توركیا و گروپه‌ تیرۆرستیه‌كان واتای سه‌ركه‌وتنی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ ناگه‌یه‌نێت، چونكه‌ به‌رخۆدان و قاره‌مانێتی شه‌ڕڤانان به‌رامبه‌ر به‌و سوپایه‌ له‌ماوه‌ی 58ڕۆژی ڕابردوودا ئاشكرایه‌ به‌جۆرێك كه‌س چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی له‌ عه‌فرین نه‌ده‌كرد له‌و ئاسته‌ به‌رزه‌دا به‌رگری له‌ خاكه‌كه‌یان بكه‌ن، ته‌نانه‌ت له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا به‌ڕێز (موراد قه‌ره‌یلان) ده‌ڵێ "پێشبینیمان ده‌كرد له‌ 25ڕۆژدا سوپای توركیا و گروپه‌ تیرۆرستیه‌كان بچنه‌ شاره‌كه‌وه‌"!!.

 

ئێستا ڕوونتر له‌ ڕابردوو ده‌ركه‌وت كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤی جیهانی ئه‌وه‌ی به‌لایانه‌وه‌ گرنگ نه‌بێت دۆزی ڕه‌وای كورده‌ و له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ئابوری و سیاسی خۆیان نه‌ته‌وه‌یه‌كیان ته‌سلیم به‌ توركیای داگیركه‌ر كردوه‌، واده‌بینین توركیا له‌یه‌ك كاتدا شه‌ڕی سێ پارچه‌ی كوردستان ده‌كات "وێرانكردنی شاره‌كان و هه‌ڕه‌شه‌ی جینۆساید له‌سه‌ر گه‌له‌كه‌مان له‌باكوری كوردستان. هێرش بۆسه‌ر عه‌فرین له‌ڕۆژئاوای كوردستان. په‌لهاویشتنه‌كانی سوپا داگیركه‌ره‌كه‌ی و هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشكردنه‌ سه‌ر (قه‌ندیل. شه‌نگال. كه‌ركوك. سلێمانی)" له‌باشوری كوردستان.

 

ئه‌ردۆغان و سوپاكه‌ی به‌هاوكاری گروپه‌ تیرۆرستیه‌كان تادێت به‌هێزترده‌بێت، سه‌ره‌تاش له‌ناوبردنی كوردی ئازادیخوازیان به‌ئامانج گرتوه‌!!، "ئێستاش له‌ناوخۆی شاره‌گه‌وره‌كانی توركیادا به‌لافیته‌ی گه‌وره‌ باس له‌ پارێزگابونی موسڵ وه‌ك 82وه‌مین پارێزگای توركیاده‌كه‌ن"، كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی توركیا و خودی ئه‌ردۆغان له‌ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ هه‌میشه‌ باس له‌ "میساقی میللی ویلایه‌تی موسڵ" و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ سه‌ر توركیا ده‌كه‌ن به‌ باشوری كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستانه‌وه‌ بۆ سه‌ر نه‌خشه‌ی جوگرافی ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری توركیا.

 

ده‌رئه‌نجامی ئه‌م به‌هێزبونه‌ی ده‌وڵه‌تی توركیا له‌دواجاردا ده‌بێته‌ مه‌ترسیه‌كی سه‌ره‌كی بۆسه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی "ئیرانی شیعی و 22ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌ب" و ته‌نانه‌ت به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزانی جیهانیش، چونكه‌ ئه‌ردۆغان هه‌وڵی به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كانی ده‌دات له‌زیندووكردنه‌وه‌ی ئیمپراتۆرێتی عوسمانیدا، ئه‌مه‌ش واده‌كات قه‌باره‌ی مه‌ترسیه‌كانی توركیا له‌داهاتودا زۆر گه‌وره‌تربێت له‌ كۆریای باكوری ئێستا!.


ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه‌ بێده‌نگبونی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی یه‌ له‌ئاستی داگیركاریه‌كانی توركیا و گروپه‌ تیرۆرستیه‌كاندا به‌تایبه‌ت "ئیران. وڵاتانی عه‌ره‌بی. ئه‌مریكا و ڕوسیا" چونكه‌ ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌ له‌ئێمه‌مانان زۆرباشتر نیه‌تی ئه‌ردۆغان ده‌خوێننه‌وه‌ و باشیش ده‌زانن چی سه‌رئێشه‌یه‌ك له‌سه‌رده‌ستی ئه‌ردۆغان چاوه‌ڕێیانه‌ به‌ڵام تائێستاش بێده‌نگن!!، هۆكاری ئه‌م بێده‌نگیه‌شیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دوو ئه‌گه‌ر.
یه‌كه‌م/هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی سوپای توركیا و گروپه‌ تیرۆرستیه‌كان بۆناو عه‌فرین دواجار واده‌كات وڵاتانی جیهان هاوكاری یه‌كی باشتری شه‌ڕڤانان بكه‌ن و هاوكات سزای توندی ئه‌و وڵاته‌ بده‌ن كه‌ دواجار ئه‌و ڕه‌وشه‌ ئاڵۆزه‌ی سوریا بگوازنه‌وه‌ بۆ ناوخۆی توركیا و ئه‌مه‌ش ڕێگه‌خۆشكه‌رده‌بێت بۆ دابه‌شبونی سنوری جوگرافی ده‌وڵه‌تی توركیا له‌داهاتودا.


دووه‌م/ ڕێككه‌وتنی وڵاتانی جیهان و ناوچه‌كه‌ بێت به‌دژی گه‌لی كورد و لێره‌وه‌ بۆ سه‌دساڵیتر گه‌لی كورد به‌ژێرده‌سته‌یی بژی و كوردان له‌ ناوخۆی وڵاته‌داگیركه‌ره‌كانیان ته‌نها مافی مه‌مره‌ و مه‌ژی هاوڵاتی بونی هه‌بێت، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌رئه‌نجامی ڕیفراندۆمه‌كه‌بوو دوژمنانی كوردی یه‌كخست و هۆكارێكیش بوو بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ی دۆسته‌ناسكه‌كانمان.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure