کاروان عه‌لی شامار16/3/2018 675 جار بینراوە

مه‌ترسیه‌کانی لاوازبوونی (ی ن ک)

شانازییه‌کانی یه‌کێتی نیشتیمان کوردستان هێنده‌ زۆرن، به‌ده‌گمه‌ن له‌ مێژووی حوکمڕانی پارته‌ سیاسیه‌کانی جیهاندا پارتێکی هاوشێوه‌ی یه‌کێتی هه‌ڵده‌که‌وێ که‌ بتوانێ به‌ که‌مترین ئیمکانیه‌ته‌وه‌ وه‌لێ به‌ ئیراده‌یه‌کی پۆڵاینه‌وه‌ به‌رامبه‌ر ڕژێمێکی دڕنده‌ی وه‌ک به‌عس بوه‌ستێ و له‌بری هه‌موو جیهان شه‌ڕ له‌گه‌ڵ دوژمنێکی ترسناکی وه‌ک داعش بکات و به‌چۆکیدا بهێنێ و به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستێ ئه‌فسانه‌یی داعش تێک بشکێنێ، شاراوه‌ نییه‌ به‌رخودان و سه‌روه‌رییه‌کانی یه‌کێتی له‌ هه‌ر وڵاتێکی تری دنیا بوایه‌ بۆ هه‌میشه‌ به‌ دره‌وشاوه‌یی ده‌مایه‌وه‌!


راسته‌ یه‌کێتی هه‌نوکه‌ کێشه‌ی هه‌یه‌ و كێشه‌کانیشی گه‌شتونه‌ته‌ ئاستێكی مه‌ترسیدار وه‌لێ ئه‌مه‌ش شتێكی سروشتیه‌ چون هه‌ر پارتێکی سیاسی تر گه‌ر سه‌رکرده‌یه‌کی هاوشێوه‌ی مام جه‌لالی له‌ کیس چێت له‌ یه‌کێتی خراپتری به‌سه‌ردا یه‌ت، یه‌کێتی له‌ڕابردوودا دوچاری چه‌ندین کۆسپ و ته‌نگه‌ژه‌و به‌ربه‌ستی گه‌وره‌ گه‌وره‌ بۆته‌وه‌ وه‌لێ توانیویه‌تی به‌سه‌رکه‌وتووی تێیان په‌ڕێنێت. ئه‌مڕۆش له ‌گۆره‌پانی سیاسی هه‌رێمدا پێشه‌نگه‌ و گه‌ر یه‌ک تۆز ناوخۆی ڕێک بخات‌ و خۆی کۆبکاته‌وه‌ یه‌قینم له‌وه‌ی گه‌ر له‌جاران رۆڵی زیاتر نه‌بێت که‌متر نابێت. بۆیه‌ لێره‌یا به‌ کورتی ئاماژه‌ به‌و مه‌ترسیانه‌ ده‌که‌م که‌ له ئه‌گه‌ری‌ لا‌وازبوونی یه‌کێتیدا رووبه‌ڕووی ناوچه‌که‌و ده‌رودراوسێ ده‌بێته‌وه‌!

 

(1)
ئاسایشی سه‌ر و ماڵی هاوڵاتیان
یه‌کیتێ گه‌ر له‌ ئێستایه‌ له‌سه‌رجه‌م سێکته‌ره‌کاندا نه‌یتوانی بێت خزمه‌تی هاونیشتیمانیان بکات گومان له‌وه‌یا نییه‌ به‌هۆی هه‌بونی ئه‌و هێزه‌ چه‌کداره‌ی تۆکمه‌یه‌ی که‌ هه‌یه‌تی تاڕاده‌یه‌کی باش توانیویه‌تی پارێزگاری له‌ سه‌رو ماڵی هاوڵاتیاندا بکات و هه‌ر له‌و پێناوه‌شدا ده‌یان شه‌هیدی قاره‌مانی به‌خشیوه‌ به‌لاوازبوونی یه‌کێتی ناوچه‌که‌ دوچاری بۆشاییه‌کی گه‌وره‌یی ئه‌منی ده‌بێته‌وه‌و ده‌رفه‌تێکی باشیش ده‌بێت بۆ ئه‌و هێزانه‌ی که‌ نه‌یاری سه‌رسه‌ختی گه‌لی کوردن و به‌دوای تۆڵه‌کردنه‌وه‌دا‌ ده‌گه‌ڕێن. باشتر بڵێم گه‌ر یه‌کێتی نه‌بوایه‌ نه‌ک ناوچه‌کانی ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی خۆی ده‌که‌وتنه‌ ده‌ست داعش وه‌لێ هه‌ولێری پایته‌خت و ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتیش هه‌نوکه‌ جمه‌یان ده‌هات له‌و هێزه‌ ترسناکه‌. تا ڕاده‌یه‌ک ئاساییه‌ گه‌ر ره‌خنه‌ له‌ سیاسه‌تی ئیستای یه‌کێتی بگیرێ به‌ڵام بێ ئنسافیه‌کی گه‌وره‌یه‌ له‌‌ ماهیه‌ت و گرنگی ئه‌و هێزانه‌ که‌م بکرێته‌وه‌ که‌ شه‌ونخونی ده‌که‌ن و توانیویانه‌ پێشه‌نگ بن له‌ پاراستنی ئاسایشی سه‌رو ماڵی هاوڵاتیاندا، ئه‌وه‌شی به‌ هێزی یه‌کێتی ده‌کرێت به‌ هیچ هێزێکی تری ناوچه‌که‌ ناکرێت.

 

(2)
مه‌رگی دیموکراتی
یه‌کێتی له ‌سه‌ره‌تایی دروست بونیه‌وه‌ یه‌کێک له‌ دروشمه‌کانی دیموکراتی بووه‌و له‌و پێناوه‌شدا کاری زۆر کردووه‌ و دیموکراتی به‌ ته‌واوی ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌ له‌ کرداره‌کانیدا، ئه‌و دیموکراتییه‌ی له‌ ناوچه‌کانی ئیداره‌ی یه‌کێتیدا هه‌یه‌ هیچ که‌متر نییه له‌ وڵاتانی ئه‌وروپی، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ڕێگه‌ دراوه‌ ببێت به‌ ئه‌ندام له‌ ڕێکخراوی سۆسیال ئه‌نته‌رناسیونال ئه‌گینا پارتی له‌ مێژه‌ هه‌وڵده‌دات ببێ به‌ ئه‌ندام له‌و رێکخراوه‌ وه‌لێ ڕێگه‌ی ناده‌ن. هه‌ندێک له‌ چاودێران وا باس له‌ یه‌کێتی ده‌که‌ن که‌ هێنده‌ هێزێکی دیموکراته‌، دیموکراتی شه‌رمه‌زار کردووه‌ و جۆرێک له‌ پاشاگه‌ردانی له‌ ئیداره‌که‌یدا دروست بووه‌ و مه‌رکه‌زیه‌تی نه‌ماوه‌. که‌واته‌ گه‌ر یه‌کێتی لاواز بێت ده‌لاقه‌یه‌کی گه‌وره‌ ده‌که‌وێته‌ سه‌ر دیموکراتی و دواجاریش مه‌رگی یه‌کێتی ده‌بێته‌ مه‌رگی دیموکراتی، یه‌قینم هیچ پارتێکی سیاسی ناتوانێ وه‌ک یه‌کێتی پراکتیزه‌ی دیموکراتی بکات، گه‌ر بشتوانن دیموکراتیه‌کی سنوردار و مه‌رجدار ده‌که‌ن به‌ پێودانگی کار و کرده‌وه‌کانیان.

 

(3)
فریادڕه‌سی کوردانی پارچه‌کانی تر
وێرای خراپی دۆخی ناوخۆی حزبه‌که‌ وه‌لێ هیچ پارتێکی سیاسی له‌ ناوچه‌که‌دا بارته‌قای یه‌کێتی هاوکاری سه‌ربازی و لۆجستی پێشکه‌ش به‌ برایانی رۆژئاواو باکور نه‌کردووه‌، بۆ پشت راستی قسه‌کانم له‌سه‌رده‌می پێشره‌ویه‌کانی داعش بۆ کۆبانی یه‌کێتی هێنده‌ی شمه‌ک و ده‌رمانی ناردبوو چه‌ن رۆژێک له‌ سلێمانی قه‌یرانی ده‌رمان دروست ببوو، وه‌ ساده‌تر بڵێم سلێمانی بووه‌ به‌ هۆتێڵ و ریستۆرانت و نه‌خۆشخانه‌و باره‌گاکانی یه‌کێتی هه‌میشه‌ ئاوه‌ڵان‌ بۆ هاوکاری و ده‌ڵده‌دانی برایانی رۆژئاوا. ده‌توانین بڵێین یه‌کێتی زیاد له‌ توانای خۆی هاوکاری رۆژئاوای کردووه‌و ئه‌رکی ئه‌خلاقی و مێژووی خۆی زۆر به‌جوانی ته‌وزیف کردووه‌، به‌ لاوازبونی یه‌کێتی هیچ پارتێکی سیاسی ناتوانێ هێنده‌ جه‌سورانه‌ هه‌ڵوێستی شلگێرانه‌ بنوێنێ به‌رامبه‌ر کوردانی پارچه‌کانی تر و ببێته‌ فریادره‌سیان.

 

(4)
په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تی و دیبلۆماسییه‌کان
یه‌کێتی زیاتر له‌ چل ساڵه‌ خه‌بات ده‌کات له‌ گۆره‌پانی سیاسی هه‌رێمدا په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌ لۆکاڵییه‌وه‌ بووه‌ به‌ جیهانی و ده‌یان دۆستی بۆ گه‌لی کورد دروست کردووه‌، نکۆڵی ناکرێت له‌وه‌ی که‌ یه‌کێتی فیگه‌رێکی گه‌وره‌ی نێوده‌وڵه‌تیه‌و هه‌ر بۆیه‌ زۆرجار هه‌ر گرفتێک دروست ده‌بێت ڕاسته‌وخۆ وڵاتان په‌یوه‌ندی به‌ یه‌کێتیه‌وه‌ ده‌که‌ن ئه‌م په‌یوه‌ندیانه‌ش زاده‌ی ره‌نج و ماندوبونی ده‌یان ساڵه‌و وا به‌ سانای دروست نه‌بونه‌ چونکه‌ کاتی ده‌وێ تا وڵاتانی جیهان متمانه به‌هێزێک بکه‌ن و لۆبی په‌یوه‌ندیه‌کانیانی له‌گه‌ڵدا بکه‌ن. لاوازبوونی یه‌کێتی بێگومان لێکه‌وته‌ی سلبی ده‌بێت دورنییه‌ په‌یوه‌ندیه‌کانیان له‌گه‌ڵ کورددا بگاته‌ بنه‌به‌ست و ده‌یان ساڵی تری بوێ بۆ دروستکردنه‌وه‌یان. ئه‌و ‌روداوه‌نه‌ش که‌ که‌ له‌ ناوچه‌که‌دا را‌ده‌گوزه‌رێ هه‌ر به‌هۆی یه‌کێتیه‌وه‌ وڵاتان دێنه‌ سه‌رخه‌ت و په‌رچه‌کرداریان ده‌بێت، باشتر بڵێم کاریگه‌ری یه‌کێتی له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تی هێنده‌ به‌هێزه‌ جوگرافیای کوردسان تێده‌په‌ڕێنێ ده‌بێ به‌ یونیڤێرساڵ بۆ ئه‌مه‌ش‌ له‌ دوو هه‌فته‌یه‌ی رابردوو مانشیتێ ڕۆژنامه‌یه‌کی به‌ناوبانگی چیکی باسی هه‌وڵه‌کانی لاهور شێخ جه‌نگی ده‌کات له‌ ئازادکردنی‌ ساڵح موسلیمدا.

 

(5)
لاسه‌نگی هێز و گۆڕانی هاوكێشه‌کان
له‌ رابردوودا تا راده‌یه‌کی باش هاوسه‌نگی هێز له‌ نێوان یه‌کێتی و پارتیدا هه‌بووه‌ وه‌لێ له‌م دواییه‌دا پارسه‌نگی هێز به‌ ته‌واوی به‌لای پارتیدا شکاوه‌ته‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌ک سه‌رجه‌م سێکته‌ره‌کانی حکومه‌ت له‌ ژێر هه‌ژمونی پارتیدان، به‌هۆی قۆرخکارییه‌کانی پارتییه‌وه‌ ئێستا هاوڵاتیان به‌ مه‌ترسیه‌کی گه‌وره‌ی ده‌زانن بۆ ئاینده‌ی ناوچه‌که‌، هه‌ربۆیه‌ له‌ ئه‌گه‌ری لاوازبوونی یه‌کێتی براوه‌ی یه‌که‌می گه‌مه‌کان پارتی ده‌بێت. گه‌ر به‌هێز و جه‌نگ پارتی نه‌یتوانیوه‌ یه‌کێتی لاواز بکات مه‌خابن به‌ موئامه‌ره‌ی ناوخۆی و کڕینی ویژدانی هه‌ندێک له‌ به‌رپرسه‌کانی وا خه‌ریکه‌ خه‌ونه‌که‌ی دێته‌ دی و ته‌واو گۆره‌پانه‌که‌ی بۆ یه‌کلا ده‌بێته‌وه‌. له‌ رابردوو تا ئێستا پارتی دیموکرات جگه‌ له‌ یه‌کێتی هیچ پارتێکی تر به‌ نه‌یاری و مو‌نافیسی خۆی نه‌زانیوه‌. که‌واته‌ ده‌توانین بڵێین دوای یه‌کێتی هیچ هێزێکی سیاسی جورئه‌تی ئه‌وه‌ ناکات له‌به‌رده‌م تاوا‌نه‌ بێشوماره‌کانی پارتی ده‌رهه‌ق به‌ هاوڵاتیان به‌ده‌نگ بێت و دوریش نییه‌ هه‌ر ڕۆژه‌و تاوانێکی هاوشێوه‌ی (31)ی ئاب و راده‌ستکردنی شه‌نگال و موئامه‌ره‌ی (16)ی ئۆکتۆبه‌رو تیرۆرکردنی که‌سایه‌تی و ده‌نگه‌ ئازاو دلێره‌کان بکات به‌ پیشه‌ی به‌رده‌وامی!

(6)
به‌ حه‌له‌ب بوونی سلێمانی
سلێمانی یه‌کێکه‌ له‌و شارانه‌ی به‌هۆی هه‌ڵکه‌وته‌ی جوگرافی و ره‌هه‌نده‌ رۆشنبیرییه‌که‌یه‌وه‌ تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌بووه‌و هیچ هێزێک نه‌یتوانیوه‌ تا سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ردا بسه‌پێنێ وه‌لێ دوای ڕاپه‌رین سلێمانی به‌ ته‌واوی که‌وته‌ ده‌ست یه‌کێتی و توانی له‌ ماوه‌یه‌کی که‌مدا بیکات به‌ شارێکی نمونه‌ی و خزمه‌تێکی باشی کرد به‌جۆرێک هیچ شارێکی عێڕاق وه‌ک سلێمانی پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری بۆ نه‌کرابوو. زیاتر بڵێم ئێستاش سلێمانی پێشه‌نگه‌ له‌ رووی (پرۆژه‌کانی ژێر زه‌وی و ئاو ئاوه‌ڕۆ) به‌ڵام به‌راورد به‌هه‌ولێر هه‌نوکه‌ سلێمانی دواکه‌وتووه‌ ئه‌ویش به‌هۆی خه‌مساردی و لاوازی ستافی ئه‌م کابینه‌یه‌ له‌ چاو کابینه‌کانی تری حکومه‌تداو چاوپۆشیان له‌ئاست ناعه‌داله‌تیه‌کانی پارتی‌ که‌ به‌رامبه‌ر به‌و شاره‌ ئه‌نجامی داوه‌، به‌ڵام یه‌قینم یه‌کێتی هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداری سلێمانی نابێت و سلێمانیش بێ یه‌کێتی ناتوانێت به‌رده‌وام بێت و دوانه‌یه‌کی ئه‌به‌دین. بێ یه‌کێتی سلێمانی ده‌یان خاوه‌نی بۆ دروست ده‌بێت و له‌ حه‌له‌ب خراپتری به‌سه‌ردا دێت و له‌ناو ده‌چێت!

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure