میقداد شاكه‌لى 9/3/2018 419 جار بینراوە

دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى و ده‌سته‌به‌ركردنى مافى تاك

 


دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى بیرۆكه‌و بابه‌ت گه‌لێكى بنه‌ڕه‌تیه‌، كه‌ ڕێخۆشده‌كات بۆ پێكه‌وه‌ ژیانى ئاشتیانه‌ى ناو یه‌ك وڵات و كۆمه‌ڵگاكه‌ى، له‌ته‌ك دابینكردنى یه‌كسانى و دادپه‌روه‌رى، ئه‌بێته‌ هۆى گه‌شه‌سه‌ندن و نه‌شونماى كۆمه‌ڵگه‌و پێشكه‌وتنى له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا . بێگومان ئامانج له‌ دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى، ڕه‌خساندن و دابینكردنى ژیانێكى پڕ له‌ شانازى و شه‌رافه‌تمه‌ندیه‌ بۆ ته‌واوى هاوڵاتیانى وڵات، له‌ژێر سایه‌ و سێبه‌رى ده‌ستوور و یاسادا .
دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌م پایه‌ گرنگانه‌ پێكهاتووه‌ :
( یه‌كسانى و دابینكردنى هه‌لى كار بۆ گشت پێكهاته‌كانى ناوخۆى وڵات و ئارامى و ئاسایش و ژیانى پڕ له‌شكۆو ڕێز و گشت پێداویستیه‌ سه‌ره‌كیه‌كانى هاوڵاتى وه‌كو خۆراك و شوێنى حه‌وانه‌وه‌و ته‌ندروستى و په‌روه‌رده‌و فێركردن و خۆشبه‌ختى و مافى مرۆڤ و .... تاد ). ئه‌وانه‌ى ناو كه‌وانه‌كه‌ به‌ سیاسه‌ت و ئیداره‌دانى ورد و به‌سه‌لیقه‌و حه‌كیمانه‌، ده‌توانرێ دابینبكرێ !
له‌خواره‌وه‌ ئاماژه‌ به‌ تێڕوانینى فه‌یله‌سوفى ناودارى ئه‌مریكى ( جۆن ڕۆڵس ) ئه‌كه‌ین كه‌ تیشكى خستۆته‌ سه‌ر چه‌مكى ( دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى ) له‌ تێورى ( یه‌كسانى دابه‌شكردن ) وه‌كو فه‌لسه‌فه‌یه‌كى ئه‌خلاقى و سیاسى كه‌ ئه‌ڵێ ( هه‌موو تاكێك له‌نێو كۆمه‌ڵگادا، ئه‌بێ هه‌ست به‌ یه‌كسانى بكات، به‌جۆرێك بێ جیاوازى بۆ گشت ده‌سته‌و پێكهاته‌كانى ناو كۆمه‌ڵگاو خێزانه‌كان ده‌سته‌به‌ر بكرێ ) هه‌روه‌ها ( ڕۆڵس ) دیسان ئاماژه‌ به‌ چه‌مكى ( ئازادى ) ئه‌كات و ئه‌ڵێ ( كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانى دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى و مافێكى بێ ئه‌ملاو ئه‌ولاى بنه‌ڕه‌تى مرۆڤایه‌تیه‌، ئه‌گه‌ر نه‌بێ ئه‌وا دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌نگه‌و هه‌رگیز ناچه‌سپێنرێ، هه‌ر بۆیه‌ چه‌مكى مافى مرۆڤ و دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى هاوجووت و ته‌واوكه‌رى یه‌كترین .
دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى به‌شێوه‌یه‌كى گشتى خۆى له‌ته‌ك سیسته‌مى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابوورى دا ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ ئامانجى لابردن و كه‌مكردنه‌وه‌ى جیاوازیه‌ ئابووریه‌كانه‌ له‌نێو چینه‌كانى یه‌ك كۆمه‌ڵگادا، له‌به‌رئه‌وه‌ پێویسته‌ كاربكرێ بۆ دابینكردنى مامه‌ڵه‌یه‌كى یه‌كسان و دادپه‌روه‌ر له‌ دابه‌شكردنى خێرو بێرى وڵات به‌سه‌ر دانیشتوانه‌كه‌یدا، ئه‌وه‌ش له‌پێناو ڕێگرتن له‌ هه‌ژارى و كه‌م ده‌رامه‌تى و خراپ به‌كارهێنانى سامانى ناوخۆى وڵات .

ڕه‌گه‌زه‌ دیاره‌كانى دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى :
1. خۆشویستن و ڕێزگرتن له‌ناو تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌، به‌چه‌شنێ كه‌س هه‌ست به‌ كه‌مى پایه‌و به‌رزى پایه‌ى ئه‌وى تر نه‌كات، واته‌ چۆن به‌لاته‌وه‌ گرنگه‌ ڕێزگیراو و خۆشه‌ویست بى، ئه‌بێ بۆ به‌رامبه‌ره‌كه‌شت هه‌روابێ.
2. پاراستن و هێنانه‌دى كه‌رامه‌تى مرۆڤ .
3. دابینكردنى یه‌كسانى و دڵنیایى و ئارامى له‌ نێوان تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگادا .

ئه‌و ڕێگریانه‌ى ( له‌مپه‌رانه‌ى ) ڕووبه‌ڕووى دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى ئه‌بنه‌وه‌ :
1. نه‌بوونى ( ئازادى ) و ته‌شه‌نه‌كردنى زوڵم و سته‌م و گه‌نده‌ڵى و لایه‌نگیرى .
2. جیاوازى كردن له‌ دابه‌شبوونى ( خێرو بێرى ) وڵات، له‌ نێوان تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگادا، چ له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆى بێ یان نیشتیمانى، به‌جۆرێ كه‌ جیاوازى له‌ نێوان ڕه‌گه‌ز و نه‌ته‌وه‌و نه‌ژاد و لایه‌نگیر و .... تاد بكرێ .
3. جیاوازى كردن له‌ دابه‌شبوونى به‌رووبووم و كه‌ره‌سته‌و موڵكایه‌تى، وه‌كو شوێنى نیشته‌جێبوون و زه‌وى و زارو ڕێگاوبان و هه‌لى كار له‌ نێوان خه‌ڵكدا .
4. جیاوازى كردن له‌ دابینكردنى هه‌لى خوێندن و خزمه‌تگوزارى كه‌رتى په‌روه‌رده‌و فێركردن .
5. جیاوازى كردن له‌ دابه‌شكردنى خزمه‌تگوزارى بیمه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و ته‌ندروستى .

ڕێگاى به‌دیهێنانى ( دابینكردنى ) دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى :
1. بڵاوبوونه‌وه‌ى هوشیارى ( ئاگایى ) له‌بوارى دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ نێوان خه‌ڵك دا، ئه‌وه‌ش یان له‌ ڕێگه‌ى گفتوگۆى ڕاسته‌وخۆ، یان له‌ ڕێگه‌ى به‌كارهێنانى ئامراز و هۆكارى ترى په‌یوه‌ندى كۆمه‌ڵایه‌تى .
2. گوێگرتن له‌ كه‌سانى ترو زانین و خوێندنه‌وه‌ى بیرو بۆچونى، له‌هه‌مان كاتدا ڕێزلێگرتنى .
3. پشتگیرى له‌ ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى، كه‌ داكۆكى له‌ دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى ئه‌كه‌ن، له‌ ڕێگه‌ى كۆڕ و سیمینار و كۆنفراسه‌كانه‌وه‌ .
4. خۆته‌رخانكردن له‌ ڕێگه‌ى كارى خێرخوازى و مرۆڤایه‌تى جۆراو جۆر، كه‌ خزمه‌ت به‌ دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى ئه‌كات .
5. قه‌بوڵكردنى یه‌كتر، له‌كاتى هه‌ڵس و كه‌وت كردن له‌ته‌ك كه‌سانى جیاواز له‌ ڕه‌گه‌ز و ئاین و كه‌لتوور و فكر، ئه‌وه‌ش له‌ پێناو چه‌سپاندنى دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى .

دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ هه‌رێمى كوردستان
به‌داخه‌وه‌ دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ هه‌رێمى كوردستان دا له‌ ئاستێكى نزمدایه‌ و جیاوازى له‌ نێوان تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگا، وه‌ك ئاسمان و زه‌وى وایه‌! به‌تایبه‌تى له‌ ناو شه‌ریحه‌ى به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتداره‌كان، كه‌ هه‌ندێكیان بوون به‌ بازرگانیش، ئه‌وانه‌ سوارى كه‌شتى ئه‌م گه‌له‌ بوون و له‌گه‌رم ئه‌خۆن و له‌نه‌رم ئه‌نوون، له‌ هه‌موو ته‌مه‌نیاندا گیرفان به‌تاڵى و قه‌رزارى و نه‌داریان نه‌چه‌شتووه‌، جا كه‌سانى خواپێدراو و ده‌وڵه‌مه‌ند و قاسه‌ پڕ، ده‌گمه‌نیان نه‌بێ ئه‌ودواى له‌ حاڵ و گوزه‌رانى چینى خوارو هه‌ژار تێناگا و نازانێ بۆ په‌له‌قاژێیانه‌! وا ئه‌زانن خودا بۆ خۆشبه‌ختى و خۆشگوزه‌رانى و ڕابواردن ئافراندویانێتى، له‌ كاتێكدا زۆربه‌یان چاره‌نووس و ئاقیبه‌تى گه‌لێكیان له‌ده‌ستدایه‌و هه‌ر وه‌كو ستێرنى كه‌شتیه‌كه‌ به‌ عه‌قڵ و ئاوه‌زى خۆیان، چۆنیان ویست وا ئه‌یبه‌ن و ئه‌یهێنن، بڕیارو گه‌ڕان و ده‌ست ماچكردنه‌كانیان ته‌نها له‌ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیانه‌و چاویان له‌ داهاتووى مناڵ و مناڵزاى خۆیانه‌، ئه‌وه‌نده‌ نا عادیل و نا یه‌كسانن، وه‌ك ڕه‌ش و سپى هه‌ست پێئه‌كرێ . له‌ولاشه‌وه‌ زۆرینه‌ى دانیشتوانى كوردستان گیرۆده‌ى ده‌ست كۆمه‌ڵێك مافیاو پاره‌ خۆرى مفت و حه‌رام خۆر و خاكفرۆش بوون، كه‌ به‌ده‌ردى ده‌وارى به‌رده‌م بایان لێهاتووه‌، شڕو شاتاڵ و بێ ده‌ره‌تان بوون، ئه‌و خێرو به‌ره‌كه‌ته‌ى خودا به‌ مرۆڤى به‌خشیوه‌ له‌سه‌ر زه‌وى، له‌ ووشكیوه‌ بۆ ته‌ڕییه‌كه‌ى گشتى له‌لایه‌ن ( سیاسى و بازرگانه‌كان ) ه‌وه‌ ئه‌برێ و بزر ئه‌كرێ . له‌ساڵانى نه‌وه‌ده‌كان، پاش ڕاپه‌ڕین هه‌رچى بابه‌تى وشكه‌ هه‌بوو ( ئاسن و شووشه‌ و فافۆن و پلاستیك و .. هتد ) به‌تاڵان براو خۆیان وته‌نى ئاودیو ئه‌كرا ! دواى ڕووخانى ڕژێمى به‌عس، ئه‌وجا ده‌ستیان كرد به‌ كوروزانه‌وه‌ له‌ ئه‌م و ئه‌و بۆ ئه‌وه‌ى سه‌نتێ زیاتریان ده‌ست كه‌وێ، له‌و لاشه‌وه‌ نیوه‌ى خاكیان كرده‌ گه‌ڕووى شێرا.
له‌ هه‌رێمى كوردستان بایه‌خ به‌ كه‌رته‌كانى ( پیشه‌سازى و كشتوكاڵ و بازرگانى و گه‌شتیارى ) نه‌دراوه‌، كه‌ هه‌لى كار بۆ خه‌ڵك ئه‌ڕه‌خسێنێ، تا پاره‌یان له‌ به‌غداوه‌ بۆ ئه‌هات به‌ بێ پلان و به‌ناشه‌رعى سه‌رف ئه‌كراو لێى ئه‌خورا، دواى بڕیارى نازانستى و نامه‌نتقى ( خۆماڵیكردنى نه‌وت ) ه‌كه‌ى كاك نێچیرو ئاشتى هه‌ورامى، ئیدى غه‌زه‌بى به‌غدا به‌سه‌رمانا بارى و گڵۆڵه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم تاكو ئێسته‌ش لێژ ئه‌بێته‌وه‌ ! جا كورد گوته‌نى وه‌ختێ خوا غه‌زه‌ب له‌ میرووله‌ بگرێ، دوو باڵى پێئه‌دا، هه‌ر كه‌ فڕى باڵداره‌كان ئه‌یكه‌نه‌ نێچیرى خۆیان.. ئه‌لحه‌ق ئێمه‌ش دواى ڕیفراندۆم كراینه‌ نێچیر و دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تیش له‌ هه‌بوونى ئارامى دا گه‌شه‌ ئه‌كات، له‌ غیابیشیدا گه‌نده‌ڵ و مفته‌ خۆره‌كان ده‌بنه‌ براوه‌ى یه‌كه‌م و میلله‌تیش هه‌ر چاوه‌ زرتێ ئه‌كا .

 

 

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure