په‌يكه‌ر عوسمان8/3/2018 446 جار بینراوە

میراتی پیاوە تاقانەکە

دوای وەفاتی نەوشیروان، دوو شتی زۆر خراپ لە گۆراندا ڕوویدا.

 

١- مەسەلەی موڵك و ماڵ و کۆمپانیای وشە، کە چوو بۆ کوڕەکانی نەوشیروان.


٢- خانەی ڕاپەڕاندن کە نوێنەرایەتی گەنج و ژنی تیا فەوت کراو چوو بۆ حەرەسی قەدیم.

هەردو هەنگاوەکەش یاسایی بوو بە یاسای مەحکەمەو دەستوری ناوخۆی گۆڕان، بەڵام هەردوکی نائەخلاقی بوو قیاسەن بەو ئەخلاقە سیاسییەی کە نەوشیروان لەسەری ژیا.
ئەمە یەکەم لادان و لێدانبوو لە توراسی نەوشیروان، لەلایەن میراتگرە ڕاستەقینەکانیەوە، کە هەر ئەمەش ڕێ ی خۆشکرد بۆ دروستبوونی میراتگری درۆییەنە!

 

ئێستا دیمەنەکە وادیارە کە گەلەکۆمەو ئیجماعێك هەبێ بۆ بچوککردنەوەی گۆڕان، وابزانم جگە لە کۆمەڵی ئیسلامی، هەموو هێزە کۆن و نوێکان، بە ڕێکەوتن و بێ ڕێکەوتن، کۆکن لەسەر لێدان و دابەشکردنی میراتی پیاوە تاقانەکە، تا ئێرا کێشەیەك نیە، کێشەکە ئەوەیە کە گۆڕان خۆشی بەشێکە لەو لێدانە!!

 

بەشێکە لەو لێدانە لە ڕێگەی سێ گروپەوە، حەرەسی قەدیم کە دەستیان بەسەر حیزبدا گرتووە، کوڕەکانی نەوشیروان کە دەستیان بەسەر پارەیا گرتووە، لەشکرێك گەنجی مشەخۆر کە لە پشتی ئەم دوو گروپەوە کەمینیان بۆ پۆست و ئیمتیازات داناوە، کە دواجار بە هەمووشیان هێزو تاقەتیان لەبەر بزتنەوەکە بڕیوە.

 

هەڵبەتە ڕەحمەتیی خۆشی بێ تاوان نیە لە دۆخی ئێستای بزوتنەوەکەی، چونکە ئەو لەژیانی خۆیدا ئەیتوانی هەرسێ کێشەکە چارەسەر بکات، ئەیتوانی خانەیەکی ڕاپەڕاندنی ماقوڵترو سیغەیەکی قانونی باشتر بۆ کۆمپانیای وشە دابنێ.


ئەشیتوانی کادری هەلپەرست بکات بە کادری خاوەن پرەنسیپ، بەوەی کە لەبری کەسانی خاوەن نفوزی سەرەوە، پەروەردەی سیاسیی هەبێت لەخوارەوە!


بەڵام بەهۆکاری پیری و نەخۆشی و جەنگەڵستانی ناوخۆو دۆخی جیهانی و هەرێمایەتی.. ئەو هەر ئەونەی پێکراو ئەوەشی کە کردی فرە زۆرو جوان و گرنگبوو.

 

ئەو شتێکی گەورەی بەجێهێشت بە هەنێ کەموکوڕی بچوکەوە، کاری میراتگران(کوڕو هاوڕێکانی) ئەوەبوو کە ئەو کەلێنانە پڕبکەنەوە، نەك ئەوەی کەلێنەکان بکەنە سەنگەرو لەوێوە لە یەکتری بدەن!!
ئەوان لەبری ئەوەی دوو گروپ بن و لەناوەوە شەڕ لەسەر حیزب بکەن، ئەبوو یەك دەس بن و لە دەرەوە چاودێرو پشتیوان و حامی دەستورو ئاکارە بەرزەکانی نەوشیروان بن و شەڕ لەسەر مەعنەویاتی حیزب بکەن.

 

مۆدیلی حیزبی ئێمە مۆدیلی حیزبی پێڵاوە، پارتی پێڵاوە لە پێ ی مناڵی بنەماڵەدا، یەکێتی پێڵاوبوو لە پێ ی مام جەلالداو ئێستاش پێڵاوە لەپێ ی مناڵی هێرۆو کۆسرەت و شێخ جەنگیدا.
کۆمەڵ پڕ بە پێ ی عەلی باپیرەو یەکگرتووش پڕ بەپێ ی مامۆستا سەلاح، یەکگرتوو بەپێ ی ئەمینداری نوێ شلبوو، بە پەلە ئەمیداری کۆن لەپێ ی کردەوە!


نەوەی نوێش فەرقەکەی ئەوەیە، حیزبەکانی تر، دواترو بە مروری زەمەن بوون بە قۆنەرەی سەرکردە، بەس ئەم هێزە هەر لە ئەساسەوە قۆنەرەیەو خاوەنەکەی بە ڕەقەمی قاچی خۆی دوریویەتی! (قۆنەرە بە مەعنای مۆدێل نەك بە مەعنای جنێو)

 

بەڵام نەوشیروان ئەگەرچی خۆی کارێزمایەو قسەی یەکلاکەرەوەی بزوتنەوەکەی لایە، بەڵام لە ڕێگەی چەن هەنگاوێکەوە ویستی مۆدیلی حیزبی قۆنەرە تێپەڕێنێ، مەسەلەن گرنگییەکی گەورەی بە جڤاتی نیشتمانی ئەداو وا مامەلەێ لەگەڵ ئەکرد کە ناوەندی بڕیاری بزوتنەوەکەیە، لە دوو ساڵی ئەخیری نەخۆشییەکەشیدا بە تەواوی کشایەوەو بڕیاری بەجێهێشتن بۆ جڤات، ئەمەش چانسی ئەوەی دا بە گۆڕان کە ببێ بە تاکە هێزی نموزەجی ناپێڵاو.

 

وەلێ گۆڕانی ئێستا تاکێکی لەپێ ی حەرەسی قەدیمدایەو تاکێکی لەپێ ی کوڕەکانی نەوشیروان، هەر یەکەو شەڕ بۆ بەدەستهێنانی تاکەکەی تر ئەکاو ئەیەوێ جووتیکا بۆ خۆی، یەعنی خەریکە گۆڕانیش ببێتە مۆدێلی کەوش و کەوشێکیتر ئیزافە ببێت بۆ کەوشە کۆن و نوێکان!

 

وەفاداری بۆ نەوشیروان ئەوەیە کە گۆڕان وەکو نمونەیەکی جیاوازی ناپێڵاو بمێنێتەوە، کە بوو بە پێڵاو ئیتر لە پێ ی قایەرو عوسماندابێت، یان لەپێ ی نماو چیادا، هیچ فەرقی نیە.
بۆ ئەوەی بزوتنەوەکە نەکەوشێ، گرنگە (بنەماڵەو حەرەس) هەردوکیان لە خەتی خاوەندارییەوە بکشێنەوە بۆ خەتی چاودێری و پشتیوانی.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure