د. فەرسەت سۆفی4/3/2018 471 جار بینراوە

دیوە شاراوەکانی پشتەوە لە شکاندنی یاسای چاکسازی لە موچەو خانەنشینی

لە کاتێکدا ئەوەی ساڵانێکە خەڵکی کوردستان داوای دەکات و بووەتە وێردی سەرزمانی هەموو کەسێک, لە یاسای چاکسازی لە موچەو خانەنشینی جێگای کرایەوەو بە یاسا چەسپێندرا, کەچی لە هەمان کات هەڵمەتێکی ناڕەوا دژی پەرلەمان دەستی پێکردوەو بێڕێزی هەموو سنورێکی تێپەراندوە. ئەوەندەی دەرفەت بوو سەیری تۆرە کۆمەڵایەتیەکانم کردو بیینیم خەڵکانێک تا سەر ئێسقان لە گەندەڵی و پیسخۆری گلاون و جورئەتیان داوەتە خۆیان قسە لە سەر چاکسازی و موچەی پەرلەمانتار بکەن. ئەوانەی لە زانکۆ دەرچوون و رۆژی دواتر بە قودرەتی قادر بوونە راوێژکارو دونیایەک ئیمتیازاتیان وەرگرتووە, ئەمرۆ زمانیان کراوەتەوە. بەڕێوەبەری گشتی هەیە لە سەر گەندەڵی لادراوە, ئەمڕۆ دەمی پیسی کردۆتەوە, خەبیر هەیە بە بێ یەک رۆژ خزمەتی هەبێت کراوەتە خەبیر ئێستا ئەوەی ناشیرینە دەینووسێت, هەندی جنێو فرۆشی فەیسبووک کە مانگانە زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو وەردەگرن تەنها بۆ ئەوەی جنێو بدەن, راست و چەپ کەوتوونەتە گیانی پەرلەمانتار. پاسەوانی بەرپرسێک خۆی پەیوەندی پێوە کردم گووتی بەرپرسەکەمان ٥١ پاسەوانی هەیەو پێی گوتووین پەرلەمان دەرتان دەکات و مووچەتان دەبڕێت بڕۆن لە فەیس بووک نارەزایی بنووسن.بەڵگەم لە لایەو حوکمی محکەمەیە کەسێک کاتی خۆی لە سەر نێربازی گیرابوو, کرابووە زیندانی سیاسی, ئێستا هاواری لێهەڵساوەو شەو نیە پۆستێک نەکات. زۆرن ئەوانەی باوکیان لە خیانەت کوژراوەو لە رێزی لیستی شەهیدان دانراون,ئەمڕۆ کوڕو کچەکانیان تەشهیرمان پێ دەکەن.


کەشێکی وا وێنا کراوە کە پێشتر لە ماوەی سێ خولی رابردوو پلە باڵاکان قەت خانەنشین نەکراون, کەچی لە وەزیرو پەرلەمانتار هەموویان شەش ملیۆن و نیو خانەنشینیان بووە, ئەمڕۆ هێناومانەتە سەر بیست و پێنج لە سەد بە رەچاوکردنی ساڵانی خزمەت و تەمەن و بڕوانامە, باشە بۆچی کاتی خۆی کارەسات نەبوو کە موچەی خانەنشینێک ١٨٠ هەزاربوو کەچی موچەی خانەنشینی پەرلەمانتارێکیش شەش ملیۆن و نیو, ئەی بۆچی ئەمڕۆ تەنها دوای یەک رۆژ لە پەسەند کردنی یاساکە بووە ئەم هەڵمەتە دروست بوو کە کەمترین موچەی خانەنشینی سێ سەد هەزار بێت و هی پەرلەمانتارو وەزیریش دوو ملیۆن و نیو یان سێ ملیۆن بێت بە پێی ساڵانی خزمەت و بڕوانامە , ئەم قسانە لە کاتێک دایە هەموو پەرلەمانتاران شاهیدن کە چیمان کرد و چەند کۆششمان کرد بۆ ئەوەی کەمترین رێژە جێگیر بکرێت بۆ خانەنشینی پلە باڵاکان,چۆن لۆبیمان دەکرد بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بۆ ئەوەی کەمترین رێژە بڕیاری لە سەر بدرێت, دەنگدانیش دیارە چۆن دەنگمان داوەو دەنگمان بە چ رێژەیەک داوە,( لە بنەڕەتدا دەنگدان لە سەر رێژە بوو ئایا ٥٠% بێت یان٦٠% زەربی یەک بکرێت بۆ هەر ساڵێکی خزمەت یان دوو نیو ئیتر بەم شیوەیە ئەگینا قەت ئەوە نەخرایە دەنگدان کە خانەنشینی نەمێنێت, تا کەسێک بڵێت من لە گەڵی نەبوومە) هەرچەندە دانیشتنەکە نهێنی بوو, بەڵام بەو هیوایەم رۆژێک ڤیدیۆی تەواوی دانیشتنەکان بڵاو بکرێتەوە, تا دوو رووی هەندێ خەڵک روون ببێتەوە, بۆیە داوا دەکەم لە پەرلەمان و سەرۆکایەتی پەرلەمان کە بڕیار بدەن بە پەخش کردنی تەواوی جەلەسەکان. ئەم یاسایە لە کۆی ٢٤ ماددە تەنها کورت کراوەتەوە لە یەک ماددە, کە من دڵنیام ٩٥% لەو خەڵکانەی تەشهیر دەکەن و رەخنە لە یاساکە دەگرن نەیان بینیوەو نەیان خوێندۆتەوە, ئەگینا خیانەتە لە ویژدان یاسیایەک بشکێنی کە دەسکەوتی ئێجگار گەورەی تێدایە. بەداخەوە بەشێکی بەرپرسیاریەتیەکە دەکەوێتە ئەستۆی خودی بەشێک لەپەرلەمانتاران و دەڵێن دەنگمان بەم بڕگەیە نەداوە کە خانەنشینی پلە باڵاکانی تێدایە, بەڵام دەنگمان بە کۆی یاساکە داوە, ئەمە لە نوکتە دەچێت کە تۆ دەنگت بە کۆی یاساکە دا, مانای وایە دەنگت بەم بڕگەیەش داوە, چونکە جزء بەشێکە لە کل, هەر بۆ بەرچاو روونی بە تەحەداوە دەڵێم یەک تاکە پەرلەمانتار دەنگی دژی یاساکە نەدا, کە سەرۆکی پەرلەمان گوتی کێ دژی یاساکەیە, تەنانەت یەک دەستیش بەرز نەکرایەوە.


ئەم یاسایە پێویستی بە پشتیوانی خەڵکی کوردستانە بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت, دەبێ هەموومان فشار لە حکومەت بکەین نەک خەریکی ماددەیەکی یاساکە بین کە خۆمان بڕیارمان داوەو لە چەند رۆژی داهاتوو پرۆژە یاساکە پێشکەش دەکەین, کە بە رێژەیەکی بەرچاو موچەی پلە باڵاکان کەم دەکەینەوەو بەمەش راستەوخۆ موچەی خانەنشینیش کەمدەبێتەوە, بۆیە تکایە دەست لەم هەڵمەتە نارەوایە هەڵبگرن و پشتیوان بن تا یاساکە سەربکەوێت و هەرگیز مەکەونە ژێر کاریگەری ئەوانەی بە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە نانی گەندەڵیان دەبڕێت.ئەگینا باسکردن لە چاکسازی و دژایەتی گەندەڵی لەمەودوا درۆیەکی گەورەیەو هیچ ئومێدێک نامێنێت و ناچاریش دەبین ناوی ئەو گەندەڵانە بڵاو بکەینەوە کە بە پلان کەوتوونەتە دژایەتی ئەم یاسایە و سەرجەم بەڵگەو دیکۆمێنتەکان دەخەینە روو. بۆ ئێمە مانانیش کە هەموو ژیانی خۆمان بۆ چاکسازی و دژایەتی گەندەڵی تەرخان کردوەو روو بەڕووی چەندین کۆسپی گەورە بووینەتەوە, هیچ حەماسێک نامێنێت. ئەم خولە جگە لەو دوو ملیۆنەی مانگانە یان باشتر بلێین چل رۆژ و پەنجا رۆژ جارێک وەری دەگرین یەک ئیمتیازی دیکەشی وەرنەگرتووە, شایەنی ئەوە نیە ئەم هەموو تەشهیرو ناوزڕاندنەی دەرحەق بکرێت, هاوڕێکانی من ئەمڕۆ لە زانکۆیەکی ئەهلی مامۆستان و دوو جار ئەوەندەی من وەردەگرن کە بەیەکەوە مامۆستا بووین, بۆیە هاتنمان بۆ پەرلەمان بۆ خزمەتی وڵاتی خۆمان بووە, نەک ئیمتیازات.
ناوەڕۆکی یاساکە کۆمەڵێک دەسکەوت و خاڵی ئێجگار گرنگی تێدایە لە خوارەوە وەک نموونە دەست بژێرێک لەم دەسکەوتانە دەخەینە روو:


١-زامنکردنی مافی موچە خۆرانی هەرێمی کوردستان لەو موچەیەی لە ماوەی رابردوو بە ناوی پاشەکەوت لێیان بڕدراوە, بە شێوەیەک بخرێتە سەر حیسابی بانکی فەرمانبەران و لە داهاتووش بە پەیڕەوێکی تایبەت شێوازی مامەڵە پێکردنی رێکبخرێت و فەرمانبەران بتوانن بە کاری بهێنن
٢- ئەوە جێگیر کراوە کە هیچ خانەنشینێک نابێت لە سێ سەد هەزار دینار کەمتر موچەی خانەنشینی وەربگریت و لەو داهاتانەش کە لە ئەنجامی جێبەجێکردنی یاساکە دەگەڕێنەوە, تەرخان دەکرێت بۆ موچە خۆرانی هەرێم و باشکردنی دۆخی ژیانی خانەنشینانی کوردستان.
٣- هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پلە باڵاو پلە تایبەتەکان کە رۆژێک لە رۆژان ئەم پۆستانەیان نەبینیوەو دەستەبەرکردنی مافی ئەو تێکۆشەرانەی لە بزووتنەوەی رزگاریخواری کوردستان بەشدار بوونە لە چوارچێوەی یاسای رێزلێنانی پێشمەرگە و خانەنشینی پێشمەرگە.
٤- راستکردنەوەی موچەی خانەنشینی یان هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی سەرجەم ئەو کەسانەی کە بەدەر لە یاسا یان بە پلەی بەرزتر لە پلەی شایستەی خۆیان خانەنشین کراون.
٥- یەکخستنەوەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەو یەکە کارگێڕیەکان کە موچەی خانەنشینیان لێ خەرج دەکرێت بە سەربازی و مەدەنی لە ناو بەڕیوەبەرایەتی خانەنشینی سەر بە وەزارەتی دارایی.


٦- یەکخستنەوەی یەکەکانی ژمێریاری سەر بەیەکەی حەفتاو هەشتا لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە, کە ئەمە هەنگاوێکی گرنگ و پیرۆزە بەرەو یەکخستنی تەواوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
٧- دانانی میکانیزم و کاتی دیاریکراو بۆ پاککردنەوەی لیستی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر, لە رێگای پێکهێنانی لیژنەی تایبەتمەند کە ئەمە خواستی خەڵکی کوردستانە.
٨- دەستنیشانکردنی ژمارەی پاسەوانی بارەگاو دامەزراوەو پلە باڵاکانی هەرێم لە چوارچێوەی پەیڕەوێک کە حکومەت و پەرلەمان لە ماوەی شەست رۆژ پەسەندی دەکەن, بەمەش هەموو ئەو نادادی و بندیوارو بەهەدەردانەی لەم بوارە دەکرێت لادەبرێت و هەموو یەکەکانی پاسەوانی یەکدەخرێنەوە لە چوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆ.
٩- رێکخستنەوەی دەرماڵەکان و زیاتر لە یەک جار سوود مەند بوون لە بودجەی گشتی بە ئیستسنا کردنی کەس و کاری شەهیدان و خاوەن پێداویستی تایبەت.
١٠- دانانی مەرج و رێسای یاسایی گونجاو بۆ دامەزراندنی بەرێوەبەری گشتی و راوێژکارو پلە باڵاکان کە دەستەبەری پسپۆری و دادپەروەری بکات. بۆ نموونە لە مەودوا هیچ کەسێک نابێتە راوێژکار ئەگەر بیست ساڵ کەمتر خزمەتی وەزیفی هەبێت و دەبێ پسپۆر بێت لە بوارەکەی.
١١- راگرتنی درێژکردنەوەی ماوەی خزمەتی وەزیفی بۆ فەرمانبەران و کارمەندانی هەرێمی کوردستان لە هەرسێ دەسەڵات و لە هەموو ئاستەکان.
١٢- پابەندکردنی هەریەک لە دیوانی چاودێری دارای و دەستەی نەزاهەو داواکاری گشتی لە جێبەجێکردنی حوکمەکانی یاساکە.
١٣- دروستکردنی صندوقی خانەنشینی و قەدەغەکردنی خەرجکردنی هەر بڕە پاریەک لەم صندوقە.

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure