عه‌دنان كۆچه‌ر26/2/2018 319 جار بینراوە

پرشنگى خۆر ده‌ستگیر ناكرێت

 

شێركۆ بێكه‌سی مه‌زن بۆ ده‌ستگیركردن‌و رفاندنى ئۆجه‌لان هه‌ر زوو نیشانی دنیایدا، كه‌ پڕشنگى خۆر نه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێ‌و نه‌ كه‌له‌پچه‌ش ده‌خرێته‌ ده‌ستییه‌وه‌، چونكه‌ ئیدى ئه‌وه‌ى ده‌گیرێت، ئه‌وه‌ى ده‌خرێته‌ ناو قه‌فه‌سه‌وه‌، ئه‌وه‌ى زنجیر ده‌خرێته‌ قاچه‌كانى‌و ده‌سته‌كانى توند ده‌به‌سترێته‌وه‌، جه‌سته‌یه‌، به‌ڵام رۆح‌و پرشنگى ئه‌و بۆ هه‌میشه‌ له‌نێو یاده‌وه‌رى شوێنكه‌وتووه‌كانى‌و له‌خه‌یاڵى نه‌ته‌وه‌كه‌یدا ده‌مێنێته‌وه‌، ئاخر توركیا هاناى بۆ دنیابرد، كه‌ ده‌نگى ئۆجه‌لان له‌ بیقاع كپبكرێت، كه‌چی ئێستا ده‌نگ‌و خه‌یاڵى ئۆجه‌لان له‌ ئه‌سته‌مبول‌و پاریس‌و واشنتۆن‌و بۆێنس ئایرس‌و تاران پتر له‌جاران ده‌نگی دێت، زیندانیكردنى گه‌وره‌كان ئه‌گه‌ر له‌خه‌یاڵدانى كۆمارى ترسی سوڵتانیش بریتی بێت له‌بێده‌نگكردن، ئه‌وه‌ له‌راستیدا بۆ ئۆجه‌لان‌و هاوبیره‌كانى دیوێكى دیكه‌ى قوتابخانه‌‌و سته‌یجی خه‌باتێكى گه‌وره‌تره‌.

 

نشوستى كۆمارى سوڵتان له‌خه‌فه‌كردنى ده‌نگى ئاپۆو شوێنكه‌وتووه‌كانى، ئێستا به‌چه‌شنێك بۆته‌ مۆته‌كه‌ى سه‌ر ئۆردۆگان، كه‌ تادێت چاوى له‌ئه‌نجامدانى تاوان‌و ره‌شه‌بگیریی سوورتر ده‌بێت، هه‌رئه‌وه‌شه‌ دواجار (ده‌میرتاش‌و بایده‌میرو كشاناك‌و ئه‌حمه‌د تورك)‌و ئه‌وانى دیكه‌شی خسته‌ زیندان‌و ژێر حوكمى كه‌له‌پچه‌وه‌، كه‌چی وه‌ك هه‌میشه‌ ئه‌و ره‌فتارو به‌دكارییه‌ى ئاكپارتى نه‌ك بزووتنه‌وه‌ى مرۆڤدۆستانه‌ى باكورى بێده‌نگ نه‌كرد، به‌ڵكو ته‌نها بیست رۆژ پێش ئێستا له‌كۆنگره‌ى به‌ده‌په‌ پتر له‌بیسست هه‌زار مرۆڤ به‌یه‌كده‌نگ بژى ئۆجه‌لان‌و ده‌میرتاشی دوپاتده‌كرده‌وه‌، كه‌چی به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌و خواسته‌ى سوڵتان وادیاره‌ ئێستا سه‌رقاڵی زیندانیكردنى نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌، دوا ئابڕوچوونى ئه‌و رژێمه‌ش فشارخستنه‌ سه‌ر چیكه‌ بۆ ده‌ستگیركردنى (ساڵح موسلیم)، وه‌ك ئه‌وه‌ى توركیا بیهه‌وێت وه‌ك ئیمپراتۆریه‌ت ماف به‌خۆى بدات هاوڵاتى وڵاتانى دیكه‌ش به‌تۆمه‌تى تیرۆر ده‌ستگیربكات، له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ى شایسته‌ى دادگاییكردنه‌ له‌سه‌ر دۆسیه‌ى تیرۆر، توركیا‌و رژێمه‌كه‌یه‌تى به‌رله‌ هه‌ر كه‌سێكى دیكه‌.

 

ساڵح موسلیم، ئه‌گه‌رچی ده‌ستگیركردنه‌كه‌ى كه‌مده‌خایه‌نێ‌و ئه‌و خه‌ونه‌ى توركیا ئاسان نییه‌ بێته‌دى، به‌ڵام جگه‌ له‌رقێكى گه‌وره‌ترى جیهانیی به‌رامبه‌ر ئۆردۆگان هیچی تری لێ شین نابێته‌وه‌، چونكه‌ ئیدى موسلیم، ئه‌گه‌ر له‌رواڵه‌تیشدا یه‌كێك له‌روخساره‌كانى ئه‌زموونى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى رۆژئاوا بێت، ئه‌وه‌ مۆدێل‌و فۆڕمى رۆژئاوا زۆر له‌وه‌ بونیاده‌كه‌ى به‌هێزتره‌ كه‌ به‌ده‌ستگیركردنى له‌ په‌ل‌و پۆ بخرێت، چونكه‌ ئیدى موسلیم‌و ئامینه‌و نارین‌و ئارین‌و هه‌موو ئه‌وانه‌ى دیكه‌ش، له‌پرۆسه‌ى موتوربه‌كردنى بیریی ئۆجه‌لانه‌وه‌ له‌دایكبوون‌و گه‌وره‌بوون، تا بیریی ئۆجه‌لان‌و ئه‌و مۆدێله‌ حوكمڕانییه‌ دووربینه‌ش به‌رده‌وام بێت، له‌دایكبوونه‌وه‌و دروستبوونه‌وه‌ى سه‌ركرده‌و كاره‌كته‌رى كاریزمیی هه‌میشه‌ییه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ى ده‌رهه‌ق به‌موسلیم ئێستا گفتوگۆى له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت، هێنده‌ى پرسیاركردنه‌ له‌به‌هاو مۆڕاڵى ئه‌وروپییه‌كان له‌كه‌وتنه‌ ژێر كاریگه‌رى‌و هه‌ژموونى ئۆردۆگانه‌وه‌، هێنده‌ شین نییه‌ بۆ ترسی له‌ده‌ستچوونی سه‌ركرده‌یه‌ك، وه‌ك چۆن له‌ په‌یامه‌كه‌ى دوێنێی ساڵح موسلیم ئه‌وه‌ به‌یانكراوه‌، كه‌ وه‌زیفه‌ى مۆڕاڵى ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ یان ژیانه‌ به‌ئازادیی، یان شه‌هیدبوون‌و یانیش سوچی زیندانه‌كان.

 

موسلیم كه‌ سێ ساڵ زیندانه‌كانى ئه‌سه‌دى بینیووه‌و ده‌زانێ شكۆى نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێكه‌س هه‌میشه‌ له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ى كه‌له‌پچه‌یه‌، نه‌ك به‌هۆى ده‌ستبه‌سه‌ركردنییه‌وه‌ ده‌ستبه‌ردارى دنیابینى‌و بیریی مرۆیی‌و كوردایه‌تى راسته‌قینه‌ نابێت، به‌ڵكو كۆى ئه‌و هه‌وڵه‌ پوچه‌ڵه‌، موسلیم‌و ئه‌زموونه‌كه‌ى وه‌ك پاڵه‌وانیه‌تى‌و جوامێریی نیشانى دنیا ده‌دات‌و ئه‌و سه‌ركێشییه‌ نوێیه‌ى پیاوى مۆزه‌كه‌ش (ئۆردۆگان) ده‌كاته‌ شوره‌ییه‌كی دیكه‌، چونكه‌ هانابردنى سوڵتان له‌ئێستادا بۆ شاردنه‌وه‌ى شكسته‌كانى عه‌فرینه‌، چڵه‌ زه‌یتونه‌ خوێناوییه‌كه‌ى ئه‌و پیاوه‌ به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك له‌ئاستى ناوخۆیی‌و له‌به‌رامبه‌ر راى گشتی توركیادا شه‌رمه‌نده‌ى كردووه‌، هه‌رچۆنێك بێت بارمته‌یه‌كى كوردی بێ چه‌كیش كه‌ له‌كۆڕو كۆنفرانسێكى جیهانیی ده‌ستگیربكرێت وه‌ك پاڵه‌وانییه‌تى نیشانده‌دا.

 

كه‌لله‌ڕه‌قی سوڵتان له‌رۆژانى داهاتوو پتر ده‌بێت، تا ته‌رمى زیاترو تانكى شكاوى زۆرترو شكستى زیاترى له‌به‌ره‌كانى عه‌فرین روبه‌ڕوو ببێته‌وه‌، پتر توشی هێجان‌و په‌رچه‌كردارى شێتانه‌ى گه‌وره‌تر ده‌بێـته‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك چۆن له‌هه‌موو په‌رچه‌كرداره‌كان نشوستییه‌كى تر روبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ر موسلیمیش هه‌مان شكست، چونكه‌ ئیدى خۆیان له‌هه‌موو كه‌س باشتر ده‌زانن، پرشنگى خۆر ده‌ستگیرناكرێت، به‌تایبه‌ت خۆرى كوردایه‌تى‌و خۆبه‌ڕیوه‌به‌رى رۆژئاوا.

 

زۆرترین خوێندراوە

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure