یادگار عه‌لى26/2/2018 457 جار بینراوە

هونه‌ر و چوارچێوه‌ىئادابیى گشتیى


زاراوه‌ى "ئادابیى گشتیى" بنچینه‌كه‌ى فه‌ره‌نسیه‌. له‌بوارى یاسادا؛ له‌گه‌ڵ "سیسته‌میى گشتیى"هاتووه‌، هه‌ردووكیان په‌یوه‌ستن به‌چاكه‌ى گشتییه‌وه‌.


سیسته‌میى گشتیى:"له‌و كۆمه‌ڵه‌ بنه‌ما بنچینه‌ییه‌ سیاسیى، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابورییانه‌ پێكهاتووه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى دروستكه‌ریانه‌ له‌كاتێك له‌كاته‌كاندا، به‌ڵام ئادابیى گشتیى: له‌كۆمه‌ڵه‌ بنه‌مایه‌ك پێكهاتووه‌ هه‌ڵقوڵاوى بیروباوه‌ڕى ئایینیى، ڕه‌وشتیى، میراتیی كۆمه‌ڵایه‌تی و دابونه‌ریتى ڕه‌سه‌نى كۆمه‌ڵگه‌ن له‌زه‌مه‌نێكى دیاریكراودا و لادان لێیان؛ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌وه‌ ڕێگه‌پێدراو نیه‌".


بنه‌ماى كۆمه‌ڵایه‌تیى له‌سیسته‌میى گشتیدا؛ ئادابیى گشتیى یان باباشتر بڵێم؛ به‌ش و پێكهێنه‌ره‌كانى ئادابیى گشتیى ده‌گرێته‌وه‌، به‌وپێیه‌ش ده‌توانین ئادابیى گشتیى به‌به‌شێك له‌سیسته‌میى گشتیى ئه‌ژماربكه‌ین، به‌جۆرێك ئادابیى گشتیى ده‌بێت به‌لقێك له‌سیسته‌مى گشتیى و تێیدا جێى ده‌بێته‌وه‌، كه‌واته‌؛ ئه‌وه‌ى دژ به‌ئادابیى گشتی بێت دژیشه‌ به‌سیسته‌مى گشتیى كۆمه‌ڵگه‌، ئه‌وه‌شى هاوتابێت به‌ ئادابیى گشتیى هاوتاشه‌ به‌ سیسته‌میى گشتیى كۆمه‌ڵگه‌، له‌مه‌وه‌؛ ناكرێت بێ ئاماژه‌دان به‌بنه‌ماكانى ئادابیى گشتیى و دیاریكردنیى سنور و چوارچێوه‌كانى لێكدانه‌وه‌، شرۆڤه‌ و بڕیار له‌سه‌ر بابه‌تگه‌لێك بدرێت كه‌ هاوتایه‌ یان دژه‌ به‌و دوو چه‌مكه‌ گشتیى و ته‌واوكه‌ره‌ى یه‌كتر.


دیارترین بنه‌ما كه‌ئه‌گه‌ر بكرێت وه‌ك خاڵى هاوبه‌شى نێوان هه‌ردوو چه‌مكى "سیسته‌میى گشتى" و "ئادابیى گشتیى" دایبنێین، بێگومان (ئایین) و ئه‌و لق و پۆپانه‌یه‌ كه‌ له‌دارى ئایین بوونه‌ته‌وه‌(ڕه‌وشت، نه‌ریت، كلتور، پیرۆزى و داب و.. هتد). كۆمه‌ڵگه‌كانیش به‌پێى جیاوازی له‌ناوه‌ڕۆكیى ئایینه‌كانیان، ئادابه‌ گشته‌كه‌شیان جیاوازه‌، واته‌: ئه‌وه‌ى له‌وڵاتێكى وه‌ك فه‌ره‌نسا ئادابیى گشتییه‌، ڕه‌نگبێت له‌لاى ئێمه‌ پێچه‌وانه‌بێت، هه‌روه‌ها به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌؛ ئه‌وه‌ى له‌لاى ئێمه‌ بنه‌ماى دیارى ئادابیى گشتیی بێت، له‌وێ هیچ شوێنێكى له‌پانتایى ئادابیى گشتیدا نه‌بێت. له‌وه‌وه‌ ده‌گه‌ین به‌وه‌ى؛ جیاوازى له‌ناوه‌ڕۆك و تێگه‌یشتن له‌ئایین، جیاوازى له‌سنور و چوارچێوه‌ ته‌نانه‌ت تێگه‌یشتن له‌ئادابیى گشتیمان بۆ دێنێته‌پێش. ڕوونتر بڵێم: تابلۆیه‌ك له‌فه‌ره‌نسا ڕێگه‌ به‌نمایشكردنى ده‌درێت، مه‌رج نییه‌ له‌هه‌ریمى كوردستانیش ڕێگه‌ى پێبدرێت.


ئایین چه‌ندین وه‌چه‌ى هه‌یه‌، كه‌له‌په‌ره‌گرافیى پێشووتردا به‌ لق و پۆپه‌كانى ئایین ناومان هێنا. ئه‌وه‌ى دیاریده‌كات چوارچێوه‌ى هه‌ریه‌كێك له‌و وه‌چانه‌ كامه‌یه‌ و تا كوێیه‌، خودى ئایین خۆیه‌تیى. ئه‌و پایه‌یه‌ى زۆربه‌یجار له‌بنه‌ماسه‌ره‌كیه‌كانه‌ بۆ داڕشتینى یاسا و ده‌ستوور له‌كۆمه‌ڵگه‌. هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردووه‌؛ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ئایین نه‌یه‌ته‌وه‌-ئه‌و ئایینه‌ى به‌بنه‌ماى نووسینه‌وه‌ى یاسا و ده‌ستوور وه‌رگیراوه‌- پێچه‌وانه‌ ده‌بێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئادابیى گشتیى و سیسته‌میى گشتیى.


سه‌رنج بده‌ینه‌ یاساكان، ده‌ستوور-دایكى یاساكان-ى وڵاتان و جاڕنامه‌ى جیهانى مافه‌كانى مرۆڤ، تێده‌گه‌ین كه‌ ئادابیى گشتیى ژماره‌یه‌كى حیساب بۆكراوه‌، داواى پابه‌ندێتیى پێوه‌ى ده‌كرێت، سزاش بۆ سه‌رپێچیكارانى دانراوه‌. "ئادابیى تایبه‌ت" به‌شێك له‌ ئادابیى گشت پێكده‌هێنێت، ئه‌گه‌ر لایه‌ك سوكایه‌تیى به‌پیرۆزى كه‌سێك بكا، ئه‌وا ئه‌و كه‌سه‌ ده‌توانێت سكاڵا له‌سه‌ر پێشێلكردنى پیرۆزى یان بیروباوه‌ڕى تۆماربكا، به‌ڵام كاتێك ئه‌و سوكایه‌تیه‌ بۆسه‌ر بیروباوه‌ڕى گشت یاخود پیرۆزى گشت بوو، ئه‌وا؛ داواكارى گشتیى-ده‌سته‌ى مافى گشتیى- دێته‌ ناو دۆسیه‌كه‌، سكاڵا ده‌جوڵێنێت. له‌حاڵه‌تیى یه‌كه‌مدا؛ ئه‌كه‌ر تاكه‌كه‌س خۆى سكاڵاتۆمارنه‌كا،ئه‌وا؛ ناكرێت دۆسیه‌ بكرێته‌وه‌، حاڵه‌تیى دووه‌م ئه‌وكاته‌یه‌ بابه‌ته‌كه‌ ده‌بێت به‌كه‌یسێكى گشتیى و له‌ ئامرازێكى بڵاوكاردا نمایش ده‌بێت.


هونه‌ر و ئه‌ده‌ب؛زمانه‌، زمانیش؛ په‌یامــه‌،په‌یامیش؛ ده‌ربڕینیى بیر و هزره‌ له‌ڕێگه‌ى ئامرازه‌كانى گه‌یاندنى زمان جائیدى نووسین، ده‌نگ یاخود وێنه‌ بێت كه‌ له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ ئاراسته‌ى تاك یان كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كرێت، كه‌واته‌؛ ئه‌و زمانه‌ ده‌بێت چوارچێوه‌ى هه‌بێ، چوارچێوه‌یه‌ك یاساكانى ڕێكخستنى ژیان له‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ كێشابێتى، چوارچێوه‌یه‌ك هیچ یه‌كێك له‌سه‌رچاوه‌ سه‌ره‌كى و لاوه‌كیه‌كانى دانانى یاساكانى نه‌به‌زاندبێ، چونكه‌ به‌زاندنى سه‌رچاوه‌كان به‌تایبه‌تیى ئایین و پێكهاته‌كانى، پێشێلكردنیى ئادابیى گشتیى لێده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌وكاره‌ش سیسته‌میى گشتیش تێده‌په‌ڕێنرێت، ئه‌وكاته‌ش چاكه‌ى گشتیى بنپێ ده‌بێت، له‌حاڵه‌تێكى وه‌هاشدا؛ زه‌مینه‌ بۆ هاتنه‌ئاراى پشێوى كۆمه‌ڵایه‌تیى له‌بارده‌بێ، بۆچاره‌سه‌رى ئه‌وه‌ش؛ ده‌بێ یاسا سه‌روه‌ربێ، نه‌ك سۆز و ئایدۆلۆژیا.

 

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure