هونەر تۆفیق26/2/2018 287 جار بینراوە

سەرەداوە مێژوویەکانی ئیخوانی تورکیا



لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا کە سەرەتای دیواربەندی نێوان هەردوو بلۆکی سۆسیالیزمی - سۆڤیەت و سەرمایەداری - ئەمریکابوو ، ئیخوانەکانی تورکیا ناڕاستەوخۆ بە پشتیوانی بەریتانیا و ئەمریکا لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە دەستەڵاتیان گرتە دەست .


عەدنان مەندەریس و جەلال بایار کە هەردووکیان ئەندامی پارتەکەی ئەتاتورک - پارتی گەلی تورکیابوون ، لە ساڵی ١٩٤٦ دا جیابوونەوە ، پارتی دیموکراتیان دامەزراند .


لە پاش هەڵبژاردنی ١٩٥٠ەوە ، بایار کرا بە سەرۆک کۆمار و مەندەریسیش بووە سەرۆک وەزیران . پێکەوە تا کودەتا سەربازیەکەی ١٩٦٠ حکومڕانی تورکیایان دەکرد . گەلێک دەستکەوتی ئابووری و سیاسیان بۆ تورکیا مسەوگەرکرد . لەگەڵ ئیخوانەکاندا تیکەڵاوبوون ، بزاوتی ئیسلامی لەسەردەمی ئەواندا دەستی پێکرد . عەسکەری تورکیا کە خۆیان بە پاسەوانی فیکری ئەتاتورک و دەستوری کۆماری ئەتاتورک دەزانی ، پێیان وابوو مەندەریس بەنیازی هێنانەوە و گەڕاندنەوەی عوسمانیەکانە و دەیەوێت خەلافەت دابمەزرێنێتەوە . کودەتایان بەسەرداکرد و لە ساڵی ١٩٦٠ دا لە سیدارەیاندا .
نەوەی پاش مەندەریس نەجمەدین ئەربەکان بوو ، مامۆستا و ڕابەری رۆحی ئەردۆغان . ئەربەکان بە ئاشکرا پارتە ئیسلامیەکەی بەناوی جۆربەجۆرەوە دەکردەوە ، لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا دەستەڵاتی گرتە دەست . تاوەکو عەسکەر ئەویشی لە دەستەڵات خست . ئەردۆغان هاوپەیمانی لەگەڵ فەتحوڵاگیولەین بەست و لەگەڵ هاوڕێکانیدا کە ئێستا پشتی تێکردوون ( عەبدوڵا گیول و داود ئۆغڵۆ ) پارتی داد و گەشەپێدانیان دامەزراند . نزیکەی حەڤدە ساڵە حوکمڕانی تورکیا دەکات . شوێن پێ ی مەندەریسی بە وردی هەڵگرتووە و دەیەوێت خەونە ئیخوانیەکانی ئەو لە تورکیا و ناوچەکەدا بهێنێتەدی .


مەندەریس کە بە پشتیوانی و پارە و هەوڵی ئەمریکی و بەریتانیەکان دەستەڵاتی گرتە دەست . ئەندازیاری پەیمانی بەغدابوو لەنێوان تورکیا و ئێران وعێراق و پاکستاندا ( ١٩٥٥) ئەم هاوپەیمانیە دیوارێکی ئەمریکی بوو بەڕووی سۆڤیەتدا . سۆڤیەتیەکان گەیشتبوونە میسر و یەمەن و سوریا . داوایان لە عێراق و ئوردنیش دەکرد بچنە ئەو هاوپەیمانیەی سۆڤیەتیەکان بەناوی کۆماری عەرەبی یەکگرتووەوە پشتیوانیان بوون و عەبدولناسر سەرۆکایەتی دەکرد .


مەندەریس بە ئاشکرا دەستی خستبوویە کاروباری ناوخۆی سوریاوە ، هەندێ پارتی ئیسلامی لەناو سوریەکاندا دامەزراندبوو لەوانە ئیخوانەکانی سوریا بۆئەوەی حکومەتەکەی شوکری قوەتلی لە سوریا کە موالی بوو بە سۆڤیەت بێهێزبکات . دەیویست لە سوریادا دەستەڵاتیک ببێتە فەرمانڕەوا بچێتە نێو هاوپەیمانیەکەی ئەوەوە کە پەیمانی بەغدابوو . لەپاش ئەوەی شوکری قوەتلی بە داخوازیەکانی مەندەریس ڕازی نەبوو و ملی بۆ نەئەدا ، بە پلانی تورکیا ، دیمەشقی پایتەختی سوریا دەیان تەقینەوەی تیرۆرستی بەخۆوە بینی . حەلەب کەمتر نەبوو لە دیمەشق . هەموو پرد و ریگاوبانە ستراتیژیەکانی ئیدلب تەقێنرایەوە . سوریا توشی قەیرانێکی ئەمنی قوڵ بوویەوە . لەو ناوچانەی ئێستا سوپای تورکیای تیادا جێگرە لە سوریادا ( ئیدلب - ئەعزاز ، جیسرشهور ) کۆمەڵێک ئەفسەری سوری لە سوپا جیابوونەوە و وەک ئێستا سوپای ئازادی سوریان دامەزراند کە موالیبوون بە مەندەریس . هاوشێوەی ئەم هێزە چەکدارانەی ئێستای سوریا کە موالین بە ئەردۆغان ، سوپای ئازاد و ئەحراری شام ، بەهەمان ناو و هەمان ناوچە و هەمان کێشەوە لە سەردەمی مەندەریسدا دژ بە قوەتلی وەستانەوە . هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریای ئەمڕۆ ، هەمان درێژکراوە و دوباربوونەوەی دوێنی یە لە سوریادا . ئەم ڕووداوانە کە لە ساڵی ١٩٥٥ دا ڕویاندا بە پلانی مەندەریس ، لە ساڵی ٢٠١١ دا دووبارە بوونەوە بە پشتیوانی ئەردۆغان و تا ئێستاکەش بەردەوامە لە ناوچەکەدا . لە سوریادا جۆرەها گروپ و تاقمی تیرۆرستی ئیسلامی بەرهەمهێناوەتەوە و بەناوچەکەدا بڵاوەیان پێکراوە .


ئامانج و خواستی مەندەریس و ئەردۆغان لەو هێڵەی ناوی پەیمانی بەغدابوو ، بە سەنتراڵ کردنی تورکیایە لە پرسە ئابووری و سیاسیەکانی ناوچەکەدا و جێبەجێکردنی ئەرکە پێسپێراوەکەشیانە لەلایەن زلهێزە جیهانیەکانەوە . بەڵام لەهەردوو مێژووەکەدا ئەنجامەکەی دروستبوونی قەیرانی گەورە و کارەسات باربووە بۆ وڵاتانی هاوپەیمانیەکەی بەغدای دوێنێ و ئەستانەی ئەمڕۆ . لە عێراقدا کودەتاکەی عەبدولکەریم قاسمی لێکەوتەوە ، عێراق تا ئەم ساتەش ئارامی سیاسی بەخۆیەوە نەدیوە . لەئێراندا پشێویەکانی مسەدەق و تودەکانی بەدوادا هات تا شۆرشی ١٩٧٩ و کشانەوەی ئێران لە پەیمانەکە . تورکیاش بە زنجیرەیەک کودەتا و قەیرانی سیاسی و ئابووریدا گوزەرا تا سەرەتای ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بەدەوام بوو .


دووبارەکردنەوەی ئەزموونەکەی مەندەریس لەلایەن ئەردۆغانەوە ، سەرەداوێکی مێژوویی گرنگە لا پلانێکی جیهانی گەورەدا کە چەندەها بیرمەند و فەیلەسوفی وەک بیرنارد لویس و هێنری لیڤی و جۆرج سۆرس تیۆریزەیان کردووە و نەخشە فیکریەکانیان بۆ داڕشتووە . نەخشە سیاسیەکانیشی لەلایەن ئەمریکا و زلهێزەکانی دیکەی جیهانەوە دادەڕێژرێت .

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure