ئاڤێستا محەمەد11/2/2018 672 جار بینراوە

بۆ خانمان دەبنە قوربانی تەكنەلۆژیا؟

لەگەڵ شۆڕشی تەكنۆلۆژیای زانیاری‌و دیاردەی بەجیهانی بوون، بەكارهێنەرانی تۆرە كۆمەڵایەتییەكان‌و بەتایبەتیش فەیسبوك لەزیادبووندان كە چەندین لایەنی باش‌و خراپی هەیە، بەشێكی زۆریشیان لە كچان‌و ژنان پێكدێن.

 

بەڵام لە كوردستان تەكنەلۆژیا زیاتر بووەتە ئامرازێك بۆ نانەوەی كێشە كۆمەڵایەتییەكان بۆ گەنجان‌و بەتایبەت خانمان كە باجەكەی دەدەن‌و كێشەكانی زۆرتر بووە وەك لەسودەكانی.

 

وتەیەك هەیە كە هەمیشە دەوترێت (بەهۆی تەكنەلۆژیاوە هەموو جیهان بەقەد گوندێكی لێهاتووە)، دیارە بەهەموو پێوەرێك ئەو وتەیە لەجێگەی خۆیدایە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانی‌و كەسەرە ئەوەیە كۆمەڵگەی كوردی لەگەڵ ئەوەی یەكێكە لەو كۆمەڵگەیانەی كە هەمیشە خاوەن پەیوەندییە كۆمەڵایەتییە پتەوەكان بووە، لەئێستا بەداخەوە بەهۆی تەكنەلۆژیاوە بەرەو لێك هەڵوەشانەوەو سەرگەردان بوونی تاكەكانی دەچێت.

 

بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستدان، بەشێكی زۆری حاڵەتەكانی هەڵوەشاندنەوەی خێزان لەنێو دادگاكاندا راستەوخۆ پەیوەندی بە بەكارهێنانی تەكنەلۆژیاوە هەیە، یەكێك لەسەرەكیترین هۆكارەكانیشی خراپ بەكارهێنانی تەكنەلۆژیایەو هەمیشەش لەو خراپ بەكارهێنانەدا خانمان‌و مێینەكانی ئەم كۆمەڵگەیە دەبنە قوربانی‌و دواجار كەسێكیش نییە خاوەنداریەتی لەو قوربانیدانە بكات.

 

خانمێك باسی ئەوەی بۆكردم، لەكاتێكدا هەموو خەونەكانی ئەو پێكهێنانی خێزانێك بووە، كە تێیدا ژیانێكی ئاسودە بژی، بەڵام بەهۆی خانمێكەوە خەونەكەی لەباربرا، چۆن؟ ئەو وتی "ماوەی دوو ساڵێك دەبوو هاوسەرگیرم كردبوو، خاوەنی تەنها منداڵێك بووم‌و لەگەڵ هاوسەرەكەمدا ژیانێكی ئاسایی پڕ خۆشەویستیمان بەڕێدەكرد، بەڵام بەهۆی كچێكەوە كە لەڕێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكەوە خۆی خزاندە مێشك‌و دڵی هاوسەرەكەمەوە، ئەو خەون‌و خۆشیانەی لەماوەی دوو ساڵداو لەژێر سەقفی ماڵێكدا لەگەڵ هاوسەرەكەم بەڕێمان كرد، نەما، من‌و هاوسەرەكەم جیابوینەوەو منداڵەكەشمان بوە یەكەم قوربانی ئەو جیابونەوەیە، منیش وەك مێینەیەك بومە قوربانی، هەرچەندە هاوسەرەكەم ئێمەی بەجێهێشت، بەڵام پاش ئێمەش هیچ شتێكی لەگەڵ ئەو كچە نەما".

 

بەخوێندنەوەیەكی كورت لەو چیرۆكە، دەردەكەوێت كە لە هەردوو حاڵەتەكەدا خانمان بونە قوربانی، جگەلەوەی دوو خێزانی گەورەش بەهۆی هەڵە بەكاهێنانی تەكنەلۆژیاو كار پێكردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ڕووبەڕوی كێشەو ناتەبایی بونەوە.

 

ئەوەی دەمەوێت بیڵێم، بەداخەوە لە كۆمەڵگەی كوردییدا بەهۆی نەبوونی باكگراوندێكی پێشوەختەی رۆشنبیری لەئاست تەكنەلۆژیاو بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، كاردانەوە خراپەكان روو لەزیادبون دەكات، ئەگەرچی لە واقیعدا بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان‌و بەرەو پێشچوونی تەكنەلۆژیا لەگەڵ ئەوەی سود بینین لێیان مافێكی سەرەتایی هەركەسێكە، هاوكات خزمەتێكی گەورەش بەمرۆڤایەتی دەكات، بەڵام ئەوەی كە دەمێنێتەوە چۆنیەتی‌و شێوازی كاركردنی تاكەكانە لەگەڵ ئەو دنیا فراوانەی كە وەك لەسەرەتادا ئاماژەمان پێدا (تەواوی جیهانی كردوە بە گوندێك).

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure