دارا شێخ يه‌حيا10/2/2018 470 جار بینراوە

کامەیان زۆر چکۆلەیە خۆی لێ بووە بە دەیناسوور بەبێ ئەوەی بزانێت کە پاشەڕۆژی دەیناسۆرەکان لەناوچوونە!

 

لەم ڕۆژانەدا کۆنە هاوڕییەک لێی پرسیم: "ماوەیەکە دیار نیت؟ ئەوە لەکوێ بوویت؟ بۆ وا ڕەنگت تەڵخ بووە؟ ئەڵێی هەناسەی نەخۆشت بەسەرا کراوە؟"


منیش وتم نا تەواوم، ڕاستە لیرە نەبووم بەڵام باشم!
نەخیر هاوڕی بەڕێزەکەم سوور بوو لەسەر ئەوەی یان لەدەست داعش دەربازم بووە، یان لە ئیبۆلاکەی ئەفریقاوە هاتووم، یانیش لەوانەیە لە ئەم ماوەیە کەلەو ون بووم لەسەدەکانی ناوەڕاستدا بووبم و ئاخۆ کۆیلەی کام کانە خەڵووزە بووم وا ڕەنگم بزڕکاوە..


بۆ ئەوەی بە هەڵە تێنەگات ناچار پێم وت:
من لە شوێنێکەوە هاتووم هەموو خەڵکەکەی تووشی خەیاڵی پەسەدین بوون و کامەیان زۆر چکۆلەیە خۆی لێ بووە بە دەیناسوور بەبێ ئەوەی بزانێت کە پاشەڕۆژی دەیناسۆرەکان لەناوچوونە! لەشوێنێکەوە هاتووم وەهم ئەڵێی پەڵەهەورێکی ئاسنینە و بە هیچ باران و ڕەشەبایەک ناچێتەوە فڕۆکەکانی ئاسوودەیی بەسەر ئەم هەورەدا دەفڕن و توانای نیشتنەوەیان نییە، هەرچی فڕۆکەکانی جەنگیشە نزم نزم دەکەونە ژێرە ئەو هەورەوە. تەڕاویلکەی خۆ بەشت زانین یەکپارچە خەڵکەکەی موبتەلا کردوە و منیش لەوانەیە بەهۆیەوە کەمێک ڕەنگم پێوەی دیار بێت.
لێی پرسیم ئەو دەردە چییە ئەی چۆنە من نەمگرتوە، دواجار وتم ئەگەر بیگریت پێتەوە دیار نابێت، بەڵام ئەگەر بەرگەی ڤایرۆسەکە بگریت ڕەنگت دەشێوێت! هەر بەلایەوە سەیر بوو؟! وتم با بۆت ڕیزکەم سیفاتەکانی ئەم نەخۆشییە:
هـاوڕێی خەڵکی ساخ بکەیت بە قورمساخت دەزانن!
ژیرەکانیان بگریت بە دۆست و ئەحباب بەشێت مامەڵەت دەکرێت!
وریاکان لەدەورت بژین لە هەموو کەس بێئاگاتر دەردەکەویت!
خەلکی زانا هەر نابینیت، چونکە ئەوانیش یان هەڵهاتوون یان ئەوەندە نەزان سەیرکراون، نەزانیان بوەتە ئەمری واقع و لەبەرخۆیانەوە قسە ئەکەن!


چیت پێ بڵێم:
هاوڕێیەتی هوشیارەکان بکە بە بەدهۆشت سەیردەکەن!
بۆ ڕۆشنبیر بگەڕێ نایدۆزیتەوە، چونکە پیناسەکانی شێواون!
ببە برادەری میدیاکارەکان شێوەی بەبەغا دەگریت و لەخۆتەوە شت دەڵێیتەوە!
موفەکیرەکان زۆر موهیمن، واو! لەوێ هەموو بە بێمێشک هەژمار دەکرێن!
بڕۆ بۆلای سیاسیەکان بە خەڵەفەوات دەزانن!
بڕۆ ببە هاوڕێی سەرکردەکان، ئەوانەی تر وەک کۆیلە دەتبینن!
هاوڕیەتی وەزیر بکە بەگەوادت دەزانن! لەپڕ بەڕاستی دەبیتە گەواد!
هاوڕێیەتی گەواد بکە بە وەزیرت دەزانن! کەچی هەر گەوادیت!
هـاوڕیەتی دکتۆر بکە بە نەخۆشت دەزانن!
هاورێیەتی مامۆستا بکە بەنەخوێنەوار دەدرێتە قەڵەم!
ببە مەلا هەزار تۆمەتی ئیلحادیت بۆ درووست دکەن!
برادەری ئازاکان هەموو شوناسی ترسنۆکیان پێیە!
تا لات بیت قەڵەوتر و تا قەلەو بیت لاتتر دەردەکەویت!
مەملەکەتێکە ڕێک لە ئاوێنەی قۆقز دەچیت تا لێی نزیکتر بیتەوە خۆت بچوکتر دەبینیت!
دەوڵەمەندترین کەس بە مایە پووچت دەکەن!
مایەپووچ بیت دەولەمەندت دەکەن بۆئەوەی بە مایەپووچ بتبینن!
لە جوتیارەکان نزیک بە وەک گای جوت ڕێزت دەگرن!
لەگەڵ زۆڵەکان بە دەبیتە سێبەری گەمژەکان!
لەگەڵ مێینەکان برادەر بە دەبیتە قەحبە!
لەگەڵ نێرینەکان هەڵسە و دانیشە دەبیتە هاوڕەگەزباز!
ببە شاگرد فیتەر لەوە باشترە ببیتە شاگردی پاریزەر!
ببە جەڕاحی لاکۆڵان لەوە باشترە دکتۆران لە زانستی دەروونشیکاریدا هەبێت!
ئیتر ئاوا ئەوە ئەو شوێنەیە کە ڤایرۆسی خۆبەشت بوون تێیدا دنیای تەنیوە. ڕەنگم بەهۆی ئەو "وەهمۆفیلیا"یەوە شێواوە. ئیدی کۆڵێک دڵخۆشی دامەوە و وتی دانیشە هاوڕێ ئەزانم لە کوێوە هاتوویت!

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure