هونەر تۆفیق4/2/2018 368 جار بینراوە

بنیاتنانەوەی عەقڵ



هەر کۆمەڵگەیەک ئامڕازەکانی پەیوەندی نێوان تاکەکانی بەهۆی زمان ، کلتور ، کار ، بازاڕ ، چارەنوسی هاوبەش ، ئاسایشی هاوبەش ..هتدەوە . عەقڵێکی دەستەجەمعی تایبەت بەخۆی دەبێت کە بیرکردنەوەی هاوبەش و هوشیاری هاوبەش بەرهەم دەهێنێت .


هەموو ئەو ئامڕازانە پێکەوە بەشداردەبن لە بیناکردنی عەقڵی سیاسی کۆمەڵگەدا . پێکەوە توخمێک لە کلتوری سیاسی ، کۆمەڵایەتی ، هونەری بەهەموو جۆرەکانیەوە دروست دەکەن .
بیرکردنەوە و یادوەری و خەونی هاوبەشی کۆمەڵگە جۆری بینا و ستاتیکی ئەو عەقڵە دەستەجەمعیە دیاری دەکات کە لە ئەنجامی پەیوەندی و پرسە هاوبەشەکانەوە بەرهەرم دێت .
بینای عەقڵی دەستەجەمعی کوردی لەسەرەتاکانی هەڵچنین و دروست بوونیدایە ، بەتایبەتی عەقڵی سیاسی کوردی .


تا ئێستاکە ئەم عەقڵە ناکامڵە ، بەناو هەرەس و شکست و دۆڕاندن و کەوتندا ڕێدەکات . لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵێک ڕاچڵەکینی دەستەجەمعی لە مەترسی کەوتنی کۆبانی ، لە مەرگی سەرکردەی کارێزما ، شکستی ڕیفراندۆم ، هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین .. هتد ، ئەم عەقڵە ناکامڵە لە دەوری پرسی هاوبەش و هاوچارەنووس کۆدەکاتەوە . ئەگەر هوشیاری تەواو بە مەترسیەکان و چۆنیەتی چارەسەرکردنی هەبێت ، شانسێکی گەورە لەبەردەم ئەو عەقڵە ناکامڵەدایە بینایەکی نوێ و تۆکمە خۆی بکات .


هوشیاری لێرەدا دەبێتە پردی پەڕینەوە لە نێوان عەقڵە هەزیل و ناکامڵەکەدا بەرەو عەقڵێکی دامەزراو . هوشیاری دەرکردنی پێداویستی و کەرەستە سەرەکیەکەی بیناکردنی عەقڵە . چونکە هوشیاری لەخۆیدا ئازادی و ڕەهابوونە ، هەستکردنە بە خود و ناخ لەناو شتەکانی دەوروبەردا . بۆیە بەر لەوەی یەکەم هەنگاوی ئەو پەڕینەوەیە بنرێت ، دەبێت هوشیاری زیندووبکرێتەوە و ڕەهابکرێت . بەمانای زیندووکردنەوەی ئازادی و هەستکردن بە خودی مرۆڤ خۆی . بەمانای لێسەندنەوەی بڕیار لە دەرەوەی هوشیاری خود و ئازاددا ، پێدانەوەی ئەرک و بایەخە بە ئازادی لەهەموو کایە و ئاستەکاندا .
لەم ساتە هەستیارەی کۆمەڵگەی کوردیدا کە هەموو پرسەکان بێ چارەسەرن و هەموو قەیرانەکان گەیشتوون بە بنەبەست . تەنیا دەرگایەک توانای کردنەوەیمان هەبێت دەرگای ئازادی تاک و ناخ و خودە کە لێوەی هوشیارمان کاتەوە بەکوێدا تێپەڕین و بگەین بەکوێ .


هەڵبژاردنی شەڕێک لەناو ئەو هەموو شەڕانەی لەناوماندایە شەڕی ئازادیە کە کۆتایی بەشەڕەکانی دیکەش بهێنێت . تێگەیشتن و گەیشتن بەئازادیش گەیشتنە بەو هوشیاریەی لەبیناکردنەوەی عەقڵی کوردیدا پێوستمانە .


جیاواز لەهەموو ڕەشبینیەکانی کورد لەم ئان وساتەدا کە باڵی بەسەر بیرکردنەوە و چۆنیەتی چارەسەریەکاندا کێشاوە ، پێمان وایە لە قۆناغێکداین هەموو شت گەیشتووە بە بنەبەست ، دەشێت پێچەوانەکەشی ڕاست بێت ئەمە قۆناغێک بێت بۆ پەڕینەوە و دامەزراندنی عەقڵی سیاسی و دەستەجەمعی کورد . نوخبەی ڕۆشنبیریش لێرەدا ئەرک و ڕۆڵە گرنگەکەیان دەردەکەوێت !!

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure