ئارام مه‌لا نورى 3/2/2018 658 جار بینراوە

(حاڵی ئێمە زۆرباشە بەڵام تۆ بڕوا مەکە) !


سڵاو هاوڕێ،لێرە هیچ کەموکورتییەکمان نییە جگە لە حکومەت.


حکومەت لێرە ٢٢ وەزیرو سەرۆک و جێگرێکی هەیە لەگەڵ سەدان ڕاوێژکار و هەزاران پاسەوان و چەندین بیرە نەوتی هەیە،کەچی ناتوانێت هەرێمێکی ٨٠هەزارکیلۆمەتری ببات بەڕێوە، ئەمە لەکاتێکدا پیاوێکی پیر هەیە شەوی دوو کیلۆ پاقڵەی کۆڵاو دەفرۆشێت، داهاتی خێزانێکی گەورە بەبێ کێشە دابین دەکات، شتێکی زۆر سەیری ئەم حکومەتەی ئێمە ئەوەیە کە سەرۆک و جێگیرە کەی لەبری ئەوەی لە ئامادەنەبوونی سەرۆک دا جێگرەکەی کاروباری حکومەت ڕایی بکات کەچی هەمیشە پێکەوە سەفەر دەکەن، من نازانم بەڵام بیستومە کەگوایە ئەمانە لەبری ئەوەی سەرۆک و جێگیر بن شەریکن، ئێژن گوایەکەسیان متمانەی بە ئەوی تریان نییە.


لێرە گوزەرانمان زۆرباشە، تەنها پەرلەمان نەبێت.


پەرلەمانەکەی ئێمە لە ١١١ ئەندام پەرلەمان و سەرۆکێک و دوو جێگرەکەی پێک دێت ئەمە جگە لە دەیان ڕاوێژکار و سەدان پاسەوان، کەچی ئەم پەرلەمانە هەرکات پێویست بووە یاسایەک یان بڕیارێک یان هەرشتێکی باش لەبەرژەوەندی خەڵک پەسەند بکات، داخراوە و ئەوڕۆژە پشویان بووە، ئەوەی جێگەی سەرنجە ئێستا کەسانێک لەسەرۆکایەتی پەرلەماندان خۆیانیش دەزانن کە سەرۆک نین.بەڵام تۆ نیگەران مەبە ئێژن باش دەبێت!


هاوڕێ باوەڕت هەبێت ئێمە زۆر باشین بەڵام تەنها کەمێک بۆشایی سیاسیمان هەیە کەئەویش سەرۆکی هەرێمە.


هاوڕێ تۆ چەندە لەدوورەوە سەرۆکی ئێمەیت سەرۆکەکەی ئێمەش هەرئەوەندە سەرۆکمانە.خۆت دەزانی لە کلتوری ئێمەدا پیاو سەرۆکی خێزان، لە نەبونی باوکدا دایک دەبێت بە گەورەی ماڵ کە دایکیش نەبوو برایەک یان خوشکێک بڕیار بەدەست دەبێت، بەڵام لای ئێمە ئێستا سەرۆکمان نیەو لەهەمانکاتیشدا هەیمانە!


گوزەرانی خەڵک زۆرباشە تەنها ئەوەنەبێت موچە نییە.


بەڕاست تۆ دەزانی مووچە چییە؟


مووچە: مافێکەدەدرێت بە فەرمانبەران لەبەرامبەر ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان، بەم موچەیە فەرمانبەران ژەمی ڕۆژانەیان، شیری منداڵەکانیان،کرێ خانوویان.... بەو مووچە دابین دەکەن، خەڵکی لێرە هەموو سەرکاتژمێرێک دڵی خۆش دەبێت، چونکە لە میدیاکانەوە زوو زوو بەپەلە دەنوسن '' مووچەهات'' '' موچە دێت''کەچی٥٠ڕۆژجارێکیش موچە وەردەگرن. 

 

توخوا بەلاتەوە سەیر نییە هاوڕێ؟


ئەزانی بەم هاتن و نەهاتنەی مووچە مەحوی شاعیرم بیردەخاتەوە، ئەو بۆ یارەکەیی و ئێمەش بۆ مووچەکەمان پێکەوە دەڵێین:

 

دڵم دەرهات و تۆ هەر دەرنەهاتی !
نەهاتی , هەر نەهاتی , هەر نەهاتی !
كە ئەم خەندە و قسە و لێوەت هەیە تۆ
لەباتیی شەككەر و نوقڵ و نەباتی
ئارامی مەلا نوری
نامەی (١)

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure