عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا 2/2/2018 404 جار بینراوە

بە یەک کلیکی کۆمپیوتەر چاکسازی دەست پێبکەن :

 

چەند ڕۆژێکە باسی چاکسازیکردن و ئامادەکردنی پڕۆژە لەلایەن حکومەتەوە بۆ ئەومەبەستە بۆتەبابەتی گەرمی ڕۆژو نێو دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەبینراو ، بیستراو ، خوێنراوەوە .


پێم وانیە هیچ کەسێک جگە لەگەندەڵخوازان وئەوانەی تابیناقاقایان نقومی گەندەڵی بون هەبێت دژی پڕۆسەی چاکسازی بن ، بەڵام چاکسازییەک هەموو سێکتەرەکان بگرێتەوە نەک هەرناو وچەمکەکەش بکەنە گاڵتەجاڕی مەملەکەت ومرۆڤ بێز لەناوهێنانیشی بکاتەوە .


چەندساڵێکە حکومەت چەندین بڕیار ڕیزدەکات و زوو زوو دەشڵێن دەستمانکرد بەپڕۆسەی چاکسازی کەچی لەسەرزەمینی واقیعدا وادەرنەچوون ، باشترین نمونەش ئەنجامدانی پڕۆسەی بایۆمەتری بوو لەساڵی (۲۰۱٦)دا کەدواتر دەرکەوت لەگەڵ ئەوەی نزیکەی ( ۱٤٦ ) هەزارو ( ٦۲۸)ناوی موچەخۆری وەهمی وبندیوارو دووموچە لەنێولیستی موچەخۆراندائاشکرابون وکەمیانکرد کەچی ئەوپارەیەی کەمانگانە بۆموچەی فەرمانبەران خەرجدەکرا ( ۲٤) ملیاردو (٥۰۰) ملیۆن دینار زیادیکرد ، ڕێک ئەو پەندە کوردییەم بیرهاتەوە کەدەڵێت ( چاکی مەکەن باخراپ نەبێت ) ئەمەڕێک لەمەتەڵێکی بێ وەڵام دەچێت چونکە هیچ بیردۆزێک نیە لەجیهاندا جگەلەم هەرێمە ئەوە بسەلمێنێت کە ژمارەی موچەخۆران لە ( ۱ ملیۆن و ۳۹٥ هەزارو ۱۰۹ )کەسەوە کەمبێتەوەو ببێتە ( ۱ ملیۆن و ۲٤۹ هەزارو ٤۸۱ )کەس کەچی بڕی موچەی پێوستی مانگانەبۆ موچەی فەرمانبەران وموچەخۆران لە(۸۷۳) ملیاردەوەبەرزببێتەوە بۆ ( ۸۹۷)ملیاردو(٥۰۰)ملیۆن دینار .


ئەم حکومەتە گەر نیەت و ویستێکی ڕاستەقینەی هەبێت بۆچاکسازی ئەوا زۆر ئاسانەو تەنها ئەوکارە نایاساییانەی کەلەچارەکە سەدەی فەرمانڕەواییاندا کردویانە لەبەر ڕازیکردنی دڵی کەس ، گروپ ، حیزب و..... هتد ، هەڵبوەشێننەوە ئەوا گەورەترین چاکسازییەگەر بیکەن کە بەهۆیەوە پارەیەکی خەیاڵی دەگەڕێتەوە بۆخەزێنەکانی حکومەت .


من تێناگەم (۲٥)ساڵە مانگانە پارەلەموچەی فەرمانبەران دەبڕێت بەناوی خانەنشینی کەچی تازە بەتازە بەرپرسەکانی ئەم حکومەتە دەڵێن لە سەرەتای ساڵی (۲۰۱۸)وە سندوقی خانەنشینی دادەنێین ودەستکاری پارەکەی ناوی ناکەین .


ئاخەر پێمان ناڵێیت بۆچی ولەپای چی سەدان کەستان بەپلەی جیاوازی هاوشێوەی وەزیر ، وەکیل وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی ، ڕاوێژکارو پلەی جیاوازجیاوازی سەربازی خانەنشینکردوە بێ ئەوەی بۆلەحزەیەکیش بەدیداری ئەوپۆستانە شادبوبێتن و وێنەیەکی یادگاریشیان بۆئەرشیفی خۆیان تەنانەت لەوشوێنانەشدا گرتبێت .


لەم هەرێمەدا هێندە پاسەوانی کەسی وبارەگای حیزبی وحکومی بەیاسا ڕێکنەخراوی تێدایە کەژمارەیان لە ( ٥٥ بۆ ٦۰ )هەزارکەسی تێپەڕاندوە ، کە ڕەنگە بەڕێوەبەرانی کتێبی گینس بۆژمارە پێوانەییەکان پێبزانن هەر زوو لای خۆیان بەڕەنگێکی سوری تۆخ تۆماری بکەن ، ئەی باشە پێم ناڵێیت کەجگەلەدەرماڵەجێگیرەکان چ پێویست بوو زیاتر لە (۲٥) جۆری تردەرماڵە ببەخشیت کەمانگانە بودجەکەی زیاترە لە( ۳۰۰) ملیارد دینارە کەهەندێکیان وەک کاڵابەباڵا دوراون،


ئەوەشمان پێ بڵێن کەبەپێی یاسای ڕاژەی موچەی فەرمانبەران ژمارە (۲۲)ی ساڵی ( ۲۰۰۸)ی عێراقی بەدەق پێت دەڵێت نابێت دەرماڵەی هیچ موچەخۆرێک لە ( ۲۰۰٪) زیاد بێت بۆچی دەرماڵەی وەزارەتێکت ( ۲۰۰٪)ەو هی دامەزراوەیەکی ترت لە ( ۳۰۰٪ ) ەو فەرمانگەیەکی زەبەلاحیشت ( ۳٥۰٪ )یە.


دەتوانن هەر بەو کلیکەش و لەهەمان کۆمپیتەردا دەیان هەزار کەس کەبێ گوێدانە هیچ پێوەروپێودانگێک ونەبونی هیچ مەرجێکی یاسایی داتان مەزراندوەو بەشێوەیەکی تیرئاساش خانەنشینتانکردوە کە هیچ دۆسیەیەکیشیان نیە مەگەر حیلەیەکتان بۆ دۆزیبێتەوە ، بیسڕنەوە ئەوسا دەتوانین بڵێین ئێوە دەتانەوێت چاکسازی بکەن .


گەر وانەکەن ئەوا نەپلانتان بۆی هەیە ، نەویست و ئارەزووشتانە ، وەلێشتان تێک نەچێت چۆن کەسانی پاک وبێگەرد بەدەنگێکی بەرزودلێرو بێ سڵەمینەوە دژی گەندەڵی دەجەنگن ، ئەوا چاکسازیکردنیش پێویستی بەسوارچاکی بوێرو ئازاو کەسانی چاکساز هەیەوهەر بەوانیش دەکرێت .


چونکە چاکسازیکردن بریتی نیە لەقسەی بریقەداری کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ولەبەرکردنی قاتی ئوتوکراووگرانبەهالەگەڵ بەستنی ڕیباتی مارکەبەناوبانگەکان .

 

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure