پێشڕەو بابەشێخ1/2/2018 346 جار بینراوە

بۆچی کەرکوک عەفرین نەبوو ؟

کەرکوک لە باشور و عەفرین لە خۆرئاوا دوو پارچەن لە جەستەی نیشتمانی کوردستان . کەرکوک وەک خاکێکی داگیرکراو لە مێژووی خەباتی کورد, زۆرترین قوربانی بۆدراوە, وەک چۆن عەفرین مێژوویەکی هەیە لە خەبات و بەرخۆدان دژی داگیرکەران . عەفرین وەک قەزایەک گرنگیەکەی کەمتر نیە لە کەرکوک وەک پارێزگایەک, ئەو بەزەیتون و ئەو بە نەوت, ئەو لەنێوان سوریا و دەریای ناوەڕاست,گرنگی نێودەوڵەتی هەیە. ئەمیش لەنێوان باشوری کوردستان و عێراق و دەوڵەمەندی بەنەوت گرنگی نێودەوڵەتی خۆی هەیە.

عەفرین بە پێکهاتەی جیاواز و کەرکوکیش بەهەمان ئەندازە .

 

کەرکوک جگە لە ماوەیەکی کاتی لە ڕاپەڕینی ١٩٩١وەک خاکی ڕزگارکراو لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق لەدوای ٢٠٠٣ کەرکوک وەک پارێزگایەک جۆرێک لە سەربەخۆیی و دەسەڵاتی کوردی بەخۆوە بینی . عەفرین لەدوای شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی کە سوریاش دواتر بەشێک بوو لێی, سەرهەڵدان و بەرخۆدان و شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کوردی بەخۆوە بینی و بوو بە بەشێک لە خاکی ڕزگار کراو لە خۆرئاوای کوردستان .

 

بۆ عەفرین نابێت بەکەرکوک

خۆڕاگری عەفرین لەبەرامبەر داعش و ئێستاش لە بەرامبەر هێرشی داگیرکاری تورکیا بووە بە ڕەمزێک وسمبوڵێکی نەتەوەیی ونیشتمانی,وەک چۆن کەرکوک ڕەمزێکی نەتەوەییە.


داگیرکردنەوەی کەرکوک یاڕادەستکردنەوەی کەرکوک بە هێزەکانی عێراق لە لایەن یەکێتی و پارتی نەک خودی خەڵکی کەرکوک , لەلایەن دووهێزی دەسەڵاتداری کورد لەباشور ئەوەمان پێدەڵێت کە کەرکوک و عەفرین یەک شتن بەڵام ئەوەی جیایان دەکاتەوە بەدەستەوەدان و بەرگرینەکردنە لە خاک لە کەرکوک, دوای لەدەستدانی سامانی زۆری نەوت بۆ خودی ئەو هێزانە, بە پێچەوانەوە بەرگریکردن و خۆبەدەستەوە نەدانی ئەو هێزەیە کەلە عەفرین لە بەرگری و پارێزگاری خاک و خەڵکەکەیەتی دوور لە بەرژەوەندی و سودی کەسی و بنەماڵەیی و حزبی .

لێرەوە تێدەگەین جیاوازیەکان لەنێوان هێزەکان و دەسەڵاتدارانی خۆرئاواوباشورن, نەک خودی خەڵک و شارەکان .


دوو هێز هەن, هێزێک لە خۆرئاوا بڕیاری بەرخۆدان وپاراستنی گیانی تاک بەتاک و خاک و نیشتمان دەدات, بەپێچەوانەوە لە باشور هێزگەلێک بڕیاری خۆبەدەستەوەدان و خیانەت و چۆڵکردنی سەنگەرولەدواجاریش شار دەدات .هێزگەلێک چاوی تەنها لەسەر نەوت و داهات و سامانەکەیەتی نەک خاوەندارێتی لە خەڵک و خاک .

 

کەرکوک و عەفرین لە نێوان هێرشی دوو دەوڵەتی دژبەکورد, کەرکوک لەژێر هێرشی عێراقێکی پەرش و بڵاو و بەش بەش کراو و لوتکەی ملمملانێی سیاسی ونەتەوەیی و مەزهەبی و ئابوری داتەپاو گۆڕەپانی دەستێوەردانی هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان و هێزێکی نانیزامی سەربازی و مەزهەبی . لە بەرامبەردا عەفرین لە ژێر هێرشی تورکیایەکی خاوەن هێزی چەکداری زەبەلاح و ئەندامی ناتۆی سەربازی و هێزێکی تۆکمە و سەربازی نیزامی و ڕێکخراو بە پێشکەوتوترین جۆری چەک و فڕۆکەی ئاسمانی .


بە باوەڕی من جگە لە جیاوازی هێزی سیاسی و چۆنێتی حوکمڕانی کردن و شێوازوجۆری بیرکردنەوە و دڵسۆزی و هەڵوێستی نیشتمانیانە و نەتەوەییانە و لەو ناوچانە, هیچ هۆکارێکی تری بەهێز بونی نیە لە هۆکاری بەدەستەودانی شارێک و بەرگریکردن لەشارێکی تر . عەفرین لە قەزایەکەوە دەکرێت بە کانتۆنێک و حوکمێکی دیموکراسیانە بەڕێوەی دەبات دوور لە ململانێی حزبی و دوور دادۆشینی خێرو بێری ناوچەکە و دابەشکاری و بەش بەشێنەی حزبی بۆ کەس و بنەماڵە . کەرکوک لە نێوان دوو هێزدا زۆرترین دابەشکاری تێدا دەکرێت هەر لە کێڵگە و بیرە نەوت تا دەگاتە قوتابخانەیەک,لە پۆلیس و هێزی چەکدارو ئاسایش تادەگات بە دابەشکاری لە گەڕەک و ناوچەی کارکردن و تەنانەت تیپێکی تۆپی پێ .

 

جیاوازیەکە زۆرە,عەفرین دوبارە دەبێتەوە هۆی جوڵانی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی تاکی کورد لەسەرجەم پارچەکانی کوردستان, لەباشورعەفرین دەبێت بە بەشێک لە ئاشناکردنەوەی تاکی کورد لە تۆخبونەوەی هەستی کوردایەتی و فیداکاری, دوبارە هەستی نیشتمان پەروەری و بیری ناسیۆنالیزمی کوردی وەک دارێکی ئاو لێبڕاو چەکەرە دەکاتەوەو گەشە و نەش و نمای دەستپێدەکاتەوە .
گەنج و پیر بە باوەڕی کوردانەوە لە هاوخەمی عەفرین دایە, بەشێوازێک ئاشتبونەوە بە خاک بەنەتەوە بە هۆکاری شێوازی حوکمڕانی لەباشور لە کاڵبونەوە تێپەڕی کردبوو, کاڵبونەوەیەک لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و کۆڕوکۆبونەوەکان گەنجی کورد و تاکی کورد نەفرەت لە کوردبونی خۆی بکات .

 

هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی دوای لەدەستدانی کەرکوک جگە لە تۆمەتبار کردن و تەخوین کردنی ئەم بۆ ئەم هیچی تر نەبوو . شێوازی قسەلەسەر یەکتر کردن و تۆمەتبارکردنی یەکتر لەسەر بەدەستەوەدانی کەرکوک گەیشتە لوتکە, خۆدزینەوە لە پاشەکشەو خۆ بە خاوەنکردن لە نەڕژانی کەمترین خوێن جێگای هەموو شتێکی گرتەوە.


لە کەرکوک تەنهاهاوڵاتیان ماڵەکانی خۆیان و شارەکەیان چۆڵنەکرد, بەڵکو حزبە خاوەن هێزە چەکدارەکان لە پێشی پێشەوە شاریان چۆڵکرد و خۆیان نەکرد بە خاوەنی شارو هاوڵاتیان .
لەکەرکوک حزب بوو بە پەناهەندەلەشارەکانی تری هەرێم, ئەوان بۆ داهاتوش بڕیاریان داوە خاوەندارێتی لە هەڵبژاردنەکانی شارەکە نەکەن .ئەوان تەنها خۆیان و خۆیان بوون و ژیانی کەرکوکیانەیان بە خێزان و منداڵیان لا پەسەند نەبوو.


عەفرین گەورەوبچوک, هاوڵاتی مەدەنی و چەک بەدەست, سیاسەتمەدار و کار بەدەستی حکومی, پیاوی ئاینی, لەوپەڕی چەپ بۆ ئەو پەڕی ڕاست, کوڕوکچ, گەنج و پیر خاوەن شارە, خاوەن خاک و دەسەڵاتە, بێ چەک و چەک بەدەست بەرگریکارە, شەڕڤانێکی بوێرە و قەلغانی خاک و ئاوە .


عەفرین بەسەرۆکی کانتۆن و ئەنجومەنەکان لە ناو شارن و لە بەرگریدان.


ئیتر ئەوە بەشێکە لە جیاوازی نێوان دۆخی کەرکوک و عەفرین, جیاوازی حوکمڕانی و هەڵوێست و بیری ناسیۆنالیزمی لای سیاسی و کاربەدەستانی دوو پارچەی کوردستان, چونکە خودی شەڕڤان پێشمەرگەیەوپێشمەرگەش شەڕڤان, خاک خاکە و هاونیشتمانیش کورد.


بۆیەش بەوشێوازە هیچ کات کەرکوک نابێت بەعەفرین و عەفرینیش نابێت بەکەرکوک .

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure