رێبوار كەریم وەلی30/1/2018 759 جار بینراوە

پارتی لەبەردەم یەكێتییەكی هەڵەوەشاوەدا

(1)
ئەگەرچی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان وەك هێزی ئەڵتەرناتیڤی پارتی و سیاسەتەكانی لە كوردستاندا چاوی هەڵێنا، سەرباری هەموو ناكۆكی و خوێنڕشتنەكان، دوای دەیەیەك بوو بە شەریكی پارتی لە ئیدارەدانی سیاسەتی ناوخۆیی و ناوچەیی. لە كاتێكدا كە مانەوەی پارتی وەك هێزێكی سیاسیی تەقلیدی، وابەستەی هەندێك فاكتەر بوو كە پێشتر یەكێتی سەرسەختانە دژیان دەوەستا، بەڵام یەكێتی لەكوێ بۆی كرا، شەڕی كرد و لە كوێش بۆی نەكرا، چووە ناو باوەشی پارتی.

 

هەر لە دروستبوونی بەرەی كوردستانی (كە كۆتایی تاڵی سەرەڕۆییەكانی یەكێتی بوو لە مەیدانی سیاسی و سەربازیی كوردستانی باشووردا)، ئیمزاكردنی رێككەوتننامەی واشنتن (دیسان دوای سەركێشییەكی تازەی یەكێتی)، ئینجا رێككەوتننامەی ستراتیژی و بەردەوامیی ئەو رێككەوتنە سەرباری دروستبوونی بزووتنەوەكی بەهێزی وەكو گۆڕان، هەر هەموویان دە ساڵ جارێك یەكێتییان بەهۆی پارتییەوە لە لێواری هەڵوەشاندنەوە رزگار كردووە و وەك ئاوی حەیات بە گەروویدا كراوە.

 

گشتپرسیی سەربەخۆیی لە 25ی ئەیلول دەرفەتێكی زێڕین بوو كە یەكێتی دەیتوانی لە ئایندەیەكی نزیكدا، شكۆ و هەیبەتی مێژوویی خۆی بەدەست بێنێتەوە، بەڵام خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر (بە عیلمی زۆربەی حیزبەكانی سلێمانی)، ئەو ریسەی لە یەكێتی كردەوە خوری و، گەورەترین زیانمەندی ئەو رووداوە ئەگەر كێشەی نەتەوەیی كوردستان بووبێت، ئەوا دوای ئەو یەكێتی بووە و ئامانجەكانی گەورەبوونەوەی یەكێتی لەگۆڕنران.

 

بۆ پارتی دەستگرتن بە یەكڕیزیی ناو یەكێتی لانیكەم لە 10 ساڵی رابردوودا، ئامانجێكی ستراتیژی بووە. هەر بۆیە تا مردنی تاڵەبانی، هەموو ئاڵتەرناتیڤە سیاسییەكانی ناو یەكێتییان رەتكردەوە هەر لە بزووتنەوەی گۆڕانەوە تا دەگاتە ناوەندی بڕیار كە ئەگەر پارتی زیرەكانە مامەڵەی لەگەڵ هەردوو دیاردەدا كردبایە و كوێرانە پشتیوانیی لە ماڵباتی تاڵەبانی نەكردبایە، رەنگبێ بارودۆخی كوردستانیش بەو ئاقارەی ئێستادا نەڕۆشتبایە. چونكە لە سەختترین رۆژەكانی پێش گشتپرسیدا، تەنیا مەترسیی سەرۆك بارزانی، لەو پەرتەوازەییەی ناو ماڵی یەكێتی بوو، مێژووش نیشانی دا كە لەسەر حەق بوو.

 

ئێستا كە وادەی كۆنگرەی یەكێتی دیاری كراوە، ئەگەری ترازانی دیكە لەئارادایە و كۆی گشتی هاوكێشەكە بەرەو ئەو ئاقارە هەنگاو دەنێ كە یەكێتی وەكو پارتی بە تەواوەتی بكەوێتە ژێر ركێفی بنەماڵەیەك. بۆیە پێویستە پارتی بە نەفەسێكی جیاواز لە جاران مامەڵە لەگەڵ ئەو واقیعەدا بكات و رێگر بێت لەوەی كەمینەیەك دەست بەسەر حزبەكەدا بگرن، چونكە زۆرینەیەكی دژ بە خۆی بەرهەم دەهێنێت.

 

ئەگەری هاتنەوەی ناوەندی بڕیار
(2)
ناوەندی بڕیاری یەكێتی (كە هیچ بڕیارێكی پێ دەرنەكرا)، لە واقیعدا بەرەیەكی بەرفراوانی ناو یەكێتییە كە بریتییە لە بەشی هەرەزۆری باڵی سەربازی، رێكخستن و جەماوەری ئەو حیزبە، رەنگبێ بەرژەوەندیی جیاجیا كۆیانبكاتەوە، بەڵام خاڵی هاوبەشیان دەستگرتنە بە میراتی چل ساڵەی یەكێتی كە ئامانجەكەی ئەگەر لەناوبردنی پارتی نەبێت، لانیكەم بتوانێ بەرزەفتی بكات و شەراكەتێكی راستەقینە بێنێتە كایەوە. ئەگەرچی ئەو هەوڵە هەر لە سەرەتاوە لە لانكدا خنكا، بەڵام پێناسەكەی هەر وەكو خۆیەتی و بەردەوامە.

 

پارتی رۆڵێكی زۆر خراپی بینی لەوەی كە ئەم ناوەندە نەكەوێتە سەرپێ، ئەگەرچی پارتی زەمینەسازیی بۆ كرد، بەڵام بە كردەوە تێگەیشتنی پارتی لە یەكێتی (بە رەچاوكردنی فاكتەری تاڵەبانی و ماڵباتەكەی) تێگەیشتنێكی هەڵە بوو. ئەڵبەتە خودی ناوەندی بڕیاریش، ناوەندێكی لاواز بوو، لە رووی عەمەلییەوە پارتی پێیوابوو كردار شەرتە!

 

ئێستا جارێكی دیكە پارتی لە قۆناغێكی جیاوازدا، بەرەوڕووی هەمان واقیع دەبێتەوە. دەبێ ئەمجارەیان پارتی و بەتایبەتیش بارزانی رۆڵێكی حەكیمانە بگێڕێت. كەس ناتوانێ نكوڵی لە مانەوە و ژیانی سیاسی و ئابووریی بنەماڵەی تاڵەبانی بكات، بەڵام دەبێ ئەوەش لەبەرچاو بێت كە نەبوونی ناوەندی بڕیاردەر لە سلێمانی، وەزعی كوردستانی گەیاندووەتە ئەو ئاقارەی ئێستا و چیدیكە پارتی ناتوانێ بە رابردووی بنەماڵەیەك سیاسەت بكات، ئەگەر چاوی لە داهاتووە. ئەوەی بۆ پارتی دەستی داوە لە بەبنەماڵەییكردنی حیزبایەتی لە كوردستاندا، مەرج نییە وەك هاوكێشەی نەگۆڕ بۆ هەموو لایەك بگونجێت! بۆیە ئەو زرووفەی ئێستا یەكێتی تێیدایە، دەكرێ بقۆسترێتەوە و ئەم داڕمانە مێژووییە، بە كەمترین زیان لە قازانجی هەموو لایەك بشكێتەوە.

 

دەشێ ماڵباتی تاڵەبانی بە حەجمی ئێستای خۆیان ببن بە خاوەنی یەكێتی، بەڵام كارێك بكرێ كە بە ئاراستەیەكی دیكەدا (كە هەندێك لە ئاماژەكانی دەركەوتوون) ژیانی سیاسی و جوڵانەوە نوێیەكانیش سەر راست ببن لەوەی قەبارە و قورساییان چەندە و بەشداری كارا بن لە نەخشەڕێژكردنی سیاسەتدا. تۆزێك تێگەیشتنی زەحمەتە، بەڵام.. با جارێ بمێنێ!


بۆ عەفرینی مەكە
(3)
هەمان ئەو پەكەكەیەی كە دژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی باشوور بوو، ئێستا بەرگری لە شارێك بە بارتەقای، دەوڵەتبوون بە كوردستانیان دەفرۆشێت. پەكەكە هەر ئەو حیزبەیە كە لە ئاست داگیركردنی كەركووك و خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر نوققەی لێوە نەهات! بگرە خۆیشی بەشێك بوو لە پلانی پێكەوە گرێدانی هیلالی شیعی.

 

ئێستا هەموو میدیای كوردستان كەوتوونەتە ناو تەڵەی عەفرینەوە كە پەكەكە دەمێكە ئامادەكاریی تەواوی بۆ دەكات و، هیچ ئامانجێكی ستراتیژیشی نییە جگە لە چەواشەكردن. ئەگەر هیچ جیاوازییەك لە نێوان داگیركەرانی كوردستاندا نەبێت، بۆ شەڕی تورك رەوا بێت، بەڵام هی عەرەب و عەجەم حەرامە؟ شەڕی راستەقینە لە كەركووك بوو (كە رۆحی كێشەی نەتەوەیی كوردە) نەك شەڕی بە وەكالەت و چەپڵەلێدانی خیانەتكاران.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure