هه‌ڵمه‌ت حه‌سه‌ن30/1/2018 521 جار بینراوە

عەفرین وەك گۆڕستانی كۆكتێلی فاشیزم


عەفرین ناوی شارێكی ناو نەخشەی سیاسی دەوڵەتی سوریایە زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردن ھاوكات نەتەوەی تری وەك عەرەب و توركمان تیایدا دەژین لەگەڵبوونی چەندان ئایینی جیاوازی وەك ئیسلام و مەسیحی و ئێزیدی لەناو ئەمانەش مەزھەبی جیاوازی سوننی و شیعی ھەن ، ھەموو ئەوانە لە ڕابردوو بەرگێكی بەیەكەوە ژیانی جوانی بەخشیوە بە عەفرین بەتایبەت دوای نەمانی دەسەڵاتی دامەزراوەیی ڕژێمی سوریا و جێگیربوونی ھێزەكانی سەر بە كانتۆنی عەفرین كە ھێزانێكی فرەیی و دڵسۆزن بۆ پێكەوە ژیان .

 

لە ئێستادا عەفرین تەنیا شارێكی ئاسایی ناو نەخشەی سوریا نیە كە ھاوسنورە لەگەڵ توركیا، بەڵكو پێگە جوگرافی و سیاسیەكەی وا دەكات چەندان جۆر ناساندنی ھەبێت لەوانەش زۆنی بەریەككەوتنی جاریكی تری سوپای توركیا و گەلی كورد یاخود زۆنی بەریەككەوتنی ھێزێكی پێكھاتوو لە فاشیزمیەكانی دینی و نەتەوەیی لەگەڵ دامەزراوەیەكی دیموكراسی بە ئەزموون كەم بەڵام بەبەرھەم و تاقیكراوەیەكی سەركەوتوو لەزمنی كانتۆنی عەفرین .


ئێستا عەفرین بووەتە قوربانی سەفقە سیاسیەكانی زلھێزەكان و لەسەر ئەرزی واقع ھێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆ كراوە ھەمان كات لەسەر مێزی ووڵاتان ئەركدار بەكاروباری سوریا گۆڕینەوەی سیاسی پێوەدەكرێت، دەرەنجامی ئەم مامەڵانە عەفرین بووەتە مەیدانی بەریەككەوتنی سوپای توركیای داگیركەر بەوھاشانی كۆمەڵێ گروپی چەكداری ئاڕاستەكراوی توركیا لەگەڵ ھێزەكانی سوریای دیموكرات (قەسەدە) كە پێكھاتەی سەرەكیان ھێزەكانی یەپەگە و یەپەژەیە ،


لەو نێوەندەدا گەر بۆ پاساوێكی شەرعی یاخود یاسایی یان ئەقڵانی بگەڕێی بۆ ئەم ھێرشانەی توركیا بێ ئاكامە جگە لەوەی ئەو ڕاستیە دوپات دەبێتەوە كە دەسەلاتی توركیا ناواخنەكەی پێكھاتەیەكە لە فاشیەتی دینی و نەتەوەیی ڕەگەزپەرستیەكی ڕادیكاڵی ڕەقەكار ھەر ئەویش جوڵە و تەحەكوم دەكات بە سوپای توركیا،خودی ئەردۆگان و حیزبەكەشی وەكو زۆربەی نەتەوەی تورك لەھەموو ئاستەكانی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگای توركیا بەرامبەر كورد پڕن لە كینە و ویستی سڕینەوە كە ناتوانن ئەوە قبوڵبكەن كە كوردیش نەتەوەیەكە و مافەكانی ھەبوونی كیان و زمان و ژیانی ئازادانەی تایبەتی ھەیە ، ئەمانە ھەموویان ھاوشان لەگەڵ بەبەرداكردنی بەرگێكی دینی و غەزوەیی ساختەو چەواشەكارانە بە كارە داگیركاری و دڕندانەییەكانی دژ بەگەلی كورد ھاندەرێكی سەرەكی و باشبوونە بۆ بەدەستھێنانی ھاوڕایی و ھاوسۆزی گەلی تورك وە ھاوسۆزی جیھانی ئیسلامی لەناوەوە و دەرەوەی توركیا لەمانەشدا تا ڕادەیەكی زۆر ڕەوایەتی پەیداكردووە و سەركەوتوو بووە .


ھێرشی عەفرین لە ڕوواڵەتدا نوێ و یەكەمجارە بەڵام درێژكراوەی ھەمان شەڕ و تاوانكاریەكانیەتی بەرامبەر گەلی كورد لەباكوری كوردستان بەناوی شەڕ دژی یاخیبوان و تیرۆرستان ،
دەسەڵاتی عەفرین ھاوشێوەی كانتۆنەكانی تر سیستەمێكی فیدڕالی دیموكراسی بەڕێوەی دەبات لەماوەیەكی كەمدا توانیویەتی ماف و ئازادیەكان بۆ تەواوی پێكھاتە جیاوازەكان و ئایینە جیاوازەكان دابین بكات و ھەموویان لەسەر ئەرزی واقع لە ئەرك و مافەكان بەشداری پێبكات بەمەش كۆدەنگی و ئینتمای ھەمووانی ھەیە بەمەش ھێزێكی بەرگری گەورە دەبەخشێتە ئەم كانتۆنە وەك لەم چەند ڕۆژەی ھێرشەكانی سەری بینیمان ، ئەم شێوازە لە حوكم لە ڕۆژھەڵاتی ناوین مەترسیدارە و ڕاستەخۆ ھەڕەشەیە بۆسەر ووڵاتانی ھاوسێو ھەرێمیەكانی دەوری عەفرین كە بناغەی حوكمیان لەسەر پاوانخوازی و دكتاتۆری و عەسكەرتاریەت دامەزراوە بەتایبەت توركیا كە بەدرێژایی سنورەكانی بەر ئەم سیستەمەی كانتۆنەكان دەكەوێ كە ھەر چەشنە فرەیی و دیمكراسیەك بەھەڕەشە دەزانێ بۆئایندەی دەسەڵاتی خۆی ، لەوەش تێدەگات دوای ئارامی ناوچەكە بە سیاسەتی ئەمری واقع دەبێ وەك و ھاوسێ مامەڵە لەگەل ئەم سیستەمە بكات وە بەردەوام ترس و گومانی ئەوەشی ھەیە كە ھەمان سیستەم لە ئاییندە ببێتە داینەمۆ و یارمەتیدەری كوردانی ناو توركیا بۆ چالاكی و شۆڕش دژ بە توركیا لەپێناوی ماف و ئازادیەكانیان چونكە دەزانێ فەلسەفەی حوكمڕانی ئەم ھەرێمە فیدڕالە خۆی دەبینێتەوە لە ڕوانین و ئایدیاكانی ڕێبەری زیندانی كراوی كوردی (عبداللە ئۆجەلان ) كە ناوەڕۆكەكانیان شارستانیەتی پێكەوەژیانی دیموكراتی گەلانە .

 

ھەموو ئەمانە ھاوكاتن لەگەڵ دونیا بەدو قوڵەكەی سیاسەتی دەوڵەتانی زلھێز لەسوریادا كە سوریا دابەشبووە بۆ جوگرافیای جیاوازی جێ نفوزی سیاسی و عەسكەری ووڵاتانی ھەرێمی و ناوچەیی،لەو نێوەندەدا توركیا لاواز و بێ كارتی فشارە بۆ ئایندەی نەخشەی سیاسی سوریا ، پێی وایە بەم ھێرشانە وەبەرھێانی سیاسی دەكات لە سوریادا بۆ زۆرترین دەستكەوتی بۆ مەرامەكانی .

 

ووڵاتانی زلھێز پەیوەندی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان ھەیە بە ھێرشەكانی سەر عەفرین، ڕووسیا كە خاوەنی ئاسمان و زەوی سیاسی عەفرینە بە پشتكردنە ھاوپەیمانیەتی پێشتری ھێزەكانی سوریای دیموكرات ھەستا بە كشاندنەوەی ھێزەكانی لەو سنورە وەك ڕێخۆشكەریەك بۆ توركیا بۆ ھێرشكردن بە ڕێككەوتنێكی گوماناوی بەرامبەر وەرگرتنی شاری ئەدلیب لە توركیا بۆ بەھێزكردنی زیاتری نفوزی سیاسی ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد ، ئەمریكاش وەك یاریكەری سەرەكی ناو ساحەی سیاسی سوریا و ھاوپەیمانی سەرەكی ھێزەكانی سوریای دیموكرات بەھۆی ڕێككەوتنی دابەشكاری ھەردوو بەری ڕووباری فوڕات لەگەل ڕووسیا ناتوانێ بە كردەیی ھەنگاو بنێ بۆ یارمەتی عەفرین جگە لە شێوازە دیبلۆماتیەكەی كە كەم تا زۆر داوای كردووە توركیا دان بەخۆیدا بگرێت ، ئەوەی جدی دێتە بەرچاو ھەڵوێستی فەرەنسایە كە ڕاستەخۆ داوای وەستانی ھێرشەكانی كردووە و دوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێونەتەوەیی كردووە بۆ كۆتایی ھێنان بەو گرژیانەی سەر سنوری توركیا و سوریا .


لەپەراوێزی ھەموو ئەم بەریەككەوتنە ئاڵۆزانەی ناو ئەم جوگەافیا بچووكەی كانتۆنی عەفرین بیرورای جیاواز ھەیە لەسەر ئەگەرەكانی سەركەوتن و كەوتنی عەفرین ، كەوتنی عەفرین دەبێتە لێدان لە تاكە پەناگەی ئارامی و دیمكراسیەت لەسوریای داھاتوو بەرامبەر كۆكتێلی فاشیزمی دینی و نەتەوەیی ڕادیكاڵ ، لەبەرامبەردا سەركەوتنی عەفرین و ئیرادەی بەرگری و ئازادی و مل نەدانە بۆ داگیركاریەكانی بیرە بەربەری و تاریك بینەكانی كە جیھانیان خستوەتە نا ئارامیەكی قوڵ وە عەفرین دەبێت بە گۆڕستانی بیرە توندڕەوی و فاشیزمیەكان ھاوشێوەی كۆبانێ دەبێت بە ئەفسانە بەرگری و سەركەوتنی ئیرادەی بەیەكەوە ژیانی ئاشتیانەی گەلان كە ئێستا ڕۆژئاوا ڕێبەرایەتی ئەم ڕەوتە نوێ و شارستانیە دەكات لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ..

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure