سیروان رەشید27/1/2018 914 جار بینراوە

شاسوار عەبدولواحید خەڵک چەواشە دەکا یان خۆی؟

 


بەرێز شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی نەوەی نوێ، وەك هەمیشە ماكینە ئیعلامیەكەی (nrt ) كە "قەراربوو سەر بەخۆ بێت و پێشتر رایگەیاند كە فرۆشتویەتی"، خستە خزمەت خۆی و لەتازەترین تۆمەتبەخشینەوەو قسەی دا، بەسەر ئەو هەموو تاوانانەی دەسەڵاتدا بازیداو، كەوتە پەلاماردانی بزوتنەوەی گۆڕان، بەئامانجی بێ ئەرزشكردنی رۆڵی و ووتی" حیزبەكانی ئۆپۆزیۆنیش، هیچیان بۆ خەڵك نەكردووەو خەڵكیان ئیهمال كردووە، بەڵام دوومانگ پێش هەڵبژارن دەكەونە راكێشانی سۆزو هەستی خەڵك ".

 

من دەزانم بەرێز شاسوار، ئەوە دەزانێت، بەڵام كورت مەوداو بەمەبەستێكی سیاسی و بێباك ئەو قسانە دەكات، دەشزانم كاك شاسوار بیری نەچۆتەوە، بەڵام بابیری بخەینەوە كە ئەمە بەشێكە لە هەڵوێست و كاریگەری رابردووی بزوتنەوەی گۆڕان:

 

# بەفشاری لیستی گۆڕان بوو، لە 22_6_2009 دا، نەیهێشت دەستوری پڕكەم و كورتی و نادیموكراسی هەرێم لە پەرلەمان تێپەرێنرێ.

 

# بزوتنەوەی گۆڕان بوو بەدەنگێكی بەرز هاواری كرد نابێ دەسەڵاتی مەسعود بارزانی درێژبكرێتەوەو پرۆژەی بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم خستە پەرلەمانەوەو، لە نەتیجەشدا باجی ئەو هەڵوێستە مەردانەیەی دا، بەدەركردنی وەزیرەكانی و مەنعكردنی سەرۆكی پەرلەمان بۆ هەولێر؟

 

# بزوتنەوەی گۆڕانە ، تا ئەمرۆ لەخەمی بەلامەركەزی كردنی سیستمی حكومڕانی دایە، بۆئەوەی هاونیشتمانیەك لە گوندێكی ئاكرێ و هاونیشتیمانیەكی گوندێكی پێنجوێن، بۆ ئیمزایەك پێویستیان بە هەولێرو نێچیرڤان بارزانی نەبێ و لەناوچەكانی خۆیانەوە كارەكانیان بۆ رابپەرێنرێت؟.

 

# ئەی ئەوە گۆڕان نەبوو سەلماندی ئەو هێزە نیە شتی بە سەردا بسەپێنرێت و پەراوێز بخرێت. دوای ئەوەی پارتی سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكانی گۆڕانی ئیزنداو، رایگەیاند كە بە‌ زویی و لە چوارچێوەی رێكەوتنێكی نوێدا بە بێ گۆڕان پێداچونەوە بە سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەتدا دەكەنەوەو پۆستەكان پڕدەكەنەوە، بەڵام گۆڕان شەڕی ئیرادەی كردوو ساحەكەی بۆ پارتی چۆڵنەكرد و بە خۆڕاگری توانی ئەو كودەتاو رەفتارە نادیموكراسییەی پارتی بكاتە ئەڵقەیەكی ئاگرین و بیكاتەوە ملی خۆی، بەجۆرێك دوای زیاتر لە دوو ساڵ و تا ئەم دەقەیەش پارتی نەیانتوانی بە قانونی جێگەی یەك وەزیری گۆڕان پڕ بكەنەوە!؟، نەیتوانی سەرۆكی پەرلەمان بگۆڕن؟ نەیتوانی جێگای دكتۆر یوسف پاش دەستلەكاركێشانەوی پڕبكاتەوە؟، نەیتوانی لایەنەكانی تر بە كودەتاكەیان رازی بكەن؟

 

# ئەی ئەوە گۆڕان نەبوو، شێر ئاسا لەبەرامبەر پارتی دا وەستاوەو پارتی هەموو جیهازی دادوەری خستەگەڕ و رێكخەرە گشتیەكەی (نەوشیروان مستەفا)ی دا مەحكەمەو فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركرد!، بەڵام گۆڕان چونكە خۆی بەهێزێكی رەوا دەزانێ، تا دوا چركە ملی بۆ ئەو دەعوا نایاساییە نەداو تەنازولی نەكرد!، ئەگەر گۆڕان و نەوشیروان مستەفا نەبونایە هێزی تر چەند تەنازولی لەبەرامبەر ئەو فشارانەی پارتی دا دەكرد؟

 

# ئەی ئەوە گۆڕان نەبوو هەر لەسەرەتای دروستبونیەوەو بۆ باشكردنی ژیانی خەڵك و سیستمی كارگێڕی و حكومڕانی لە گەڵ یەكگرتوو و كۆمەڵ پاكێجی هاوبەش و نەخشەرێگای چارەسەری تەواوی كێشەكانی دیاری كرد، بەئامانجی خزمەتكردن بە هاوڵاتیان؟.

 

# ئەی ئەوە گۆڕان نەبوو یەكەمجار لەلایەن پارتی و دواتریش یەكێتی داوای ئەوەی لێكرد یوسف محەمەد بگۆڕن، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و وەزارەتەکانیش دەدرێتەوە بەگۆڕان، بەڵام تا دوا نەفەس شەڕی ئیرادەی كردو تەنازولی نەكرد؟

 

# ئەوە گۆڕان نیە تا ئەم دەقەیە شەڕی نەهێشتنی دزینی داهاتی نەوت دەكات؟

 

# ئەوە گۆڕان نەبوو چەند ساڵە خەبات و هاوار دەكات بۆ ئەوە رێگربین لە بەردەم دروستبونی قەیرانی دارایی و بێكاری و هەژاری و برسی كردنی خەڵك. كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی ببوژێنینەوەو، چیتر پشت بە داهاتی نەوت نەبەستین، دەرفەتی كار بۆ هاوڵاتیان بدۆزینەوە؟

 

# ئەی ئەوەی گۆڕان نیە وەك هێزی پێشڕەو نۆساڵە خەبات دەكات بۆ ئەوەی نیزامی حكومڕانی لەهەرێم نەبێت بەمەلەكی و سەرۆكایەتی و بنەماڵەیەك دەست نەگرن بەسەر میللەت و هەرێمەكەوە؟

 

# كاك نەوشیروان مستەفا بوو، هەر لەسەرەتای 2007 وە، گەنج و نەوەی نوێی كردە پێشڕەوی كاری حیزب و حكومڕانی.

 

# بزوتنەوەی گۆڕان نەبوو هەرچی لەژێر بەرەبوو خستیە سەر بەڕە لە بونی گە ‌ندەڵیەكانی حكومەت و بەرپرسانی دەسەڵات و تا ئەمڕۆش دەنگێكی دلێرە بۆ بەرگری كردن لە مافی خەڵك؟

 

# بزوتنەوەی گۆڕان بوو مۆراڵ و سیاسەتی ئاوێتەی یەككرد، كە لایەنێكی گرنگی ئەم سیاسەتەش ئەوەیە كە هێزی سیاسی دەبێت ئەو رێگایە هەڵبژێرێت كە قازانج و بەرژەوەندی گشتی تێدایە، نەك بەرژەوەندی شەخسی و بەرژەوەندی هێزێكی سیاسی بەتەنها خۆی، گۆڕان لەلایەن سەرۆك و وەزیری دەرەوەی هەردوو دەوڵەتانی كاریگەری دراوسێ‌ (تورکیاو ئێران) داوای كردنەوەی نوسینگەی حیزبی و پەیوەندی ژێر بەژێری هەردولای لێكراوە، بەڵام گۆڕان ملی بۆ ئەو خواستە نەداوە.. ئەگەر بەپێچەوانەوە گۆڕان پەیوەندی نامەشروعی لەگەڵ ئەو دوو دەوڵەتە پەرەپێبدایە. ئێستا حاڵی گۆڕان لەروی دارایی و بەرژەوەندی شەخسی و حیزبی گۆڕان زۆر باش دەبوو، بەڵام گۆڕان ئەو سیاسەتە بەنادروست دەزانێ‌ و چاكەی گشتی خستۆتە پێش بەرژەوەندی كورت مەودای خۆیەوە.


ئەم سیاسەتەی بۆ ئەمرۆش هەروایە گۆڕان ئەوەندی هەوڵ و فشار بۆ پاككردنەوەی لیستێكی تۆماری دەنگدەری خاوێن دەكات، ئەوەندە هەڵپەی هەڵبژاردنی نیە (هەرچەندە وەك و پرانسیپ گۆڕان لەگەڵ ئەوە نیە یەك دەقە هەڵبژاردن دوابخرێت)!


ئایا رەوایە نزیكەی یەك ملیۆن دەنگی دووبارەو مردوو و ساختە، لە تۆماری دەنگدەراندا هەبێت لاموبالاتانە سەیری بكەیت و هەڵپەت بێ‌ بۆ ئەوەی خۆت دوو سێ‌ كورسی بەدەست بهێنیت!.
ئەی بۆ ناپرسی ئەم تۆماری دەنگدەرانە بۆچی رێژەیەکی كورسی مسۆگەر بەپارتی ئەدات؟ ئەی بۆ فشاری سیاسی و ئیعلامی دروست ناكەیت بۆ ئەو مەسەلە خەتەرە؟

 

كایەی سیاسی لەكوردستان نابێت قۆرخبكرێ‌ بۆ لایەنێك و دوان، بەرێز شاسوار_یش وەك بزنسمانێك مافی خۆیەتی ئەسپی خۆی لەمەیدانەكەدا تاوبدات، بەڵام جوڵەو دینامیكیەتی ئەم بەرێزەو حیزبەكەی زەرورە نەجیبانەو سەنگین بێ‌ و لەخۆڕا تۆمەت بۆ كەس دانەتاشێ‌ و پەلاماری بێبنەما نەدات!

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure