كارۆخ عوسمان20/1/2018 420 جار بینراوە

كرێچی لەچاوی حكومەت دەوڵەمەندە ٢٠٠ ملۆن دۆلار بۆ پڕۆژەی(كۆری)

حكومەتی ھەرێم لەژێر ناوی نیشتەجێكردنی كرێچیانی ھەولێر دەیەوێ ببێتە خاوەنی (٢٠٠) ملیۆن دۆلاری نیوە كاش و نیوە قست.

پڕۆژەی (كۆری) كە بۆ كرێچیانی ھەولێرە، كەچی كرێچی ناچار دەكرێت (٤٠) ھەزار دۆلار بدات.

كرێچی ئەگەر خاوەنی (٤٠) ھەزار دۆلار بێت بۆچی ھەژارو نەدارو كەم دەرامەتە؟

 

بەچەند مانگێك پێش دروستكردنی (سیناریۆی قەیرانی دارایی ھەرێم) (٥) ھەزار كرێچی ھەریەكەی ٧ ھەزارو ١٠ دۆلاری لێ وەرگیراوە بۆ تەواوكردنی پڕۆژەی دروستكردنی خانوەكانی (كۆری)، كە لەژێر چاودێری خودی پارێزگادا بووە.

بەڵام نزیكەی ئەوە بۆ (چوارساڵ و نیو) دەچێت پڕۆژەكە ھێشتا تەواو نەكراوە.

وابڕیاربوو خانوەكانی ئەو پڕۆژەیە بەشێوەی (قەرزی درێژخایەن) بدرێت بەو (٥٠٠٠) كرێچی كەناوەكانیان لەلایەن پارێزگای ھەولێر تۆماركراوە. بەڵام تا ئێستا ئەوە چوارساڵ و نیوە تەنھا (١٠٠٠) خانوو تەواوكراوەو بۆ پێدانیش بە كرێچیەكان لەم گیرفان بەتاڵی و داڕمانە ئابوری و بێكاریەی كە تەنھا خەڵكی كەم دەرامەت بەگشتی، وە بەتایبەتی (كرێچی) گرتۆتەوە، حكومەت داوای (١٢) ھەزارو (٨) سەد دۆلاری تریان لێدەكات، كە دووبارە بەشێوەی تیروپشك بەسەریاندا دابەش بكات.

واتا ھەر كرێچیەك ناچاركراوە كە تا دەچێتە ناو خانوەكە دەبێت (١٩) ھەزارو (٨١٠) دۆلاری كاش بدات.

 

سەرەڕای ئەوەی كە شوێنی پڕۆژەكە لەلایەن شارەوانیەوە دابینكراوە، كەچی ھەر یەكەیەكی نیشتەجێكردن بڕی (٤٠) ھەزار دۆلار وەكو تێچوو دیاریكراوە.

وە كۆی پارەی وەرگیراو لەم پڕۆژە (٥٠٠٠) خانوە دەكاتە ٣٥ ملیۆن و ٥٠ ھەزار دۆلار.

ھەروەھا تائێستا تەنھا (١٠٠٠) خانوو تەواوكراوە، كەواتە حكومەت بۆ ھەریەك لەو ١٠٠٠ خانوە، ٣٥ ھەزارو ٥٠ دۆلاری وەرگرتووە.

وە ئەگەر كرێچی ئەو بڕەیەش بدات كەئێستا ناچاركراوەو بۆ ھەریەكێكیان ١٢ ھەزارو ٨٠٠ دۆلارە. دەكاتە ١٢ ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار دۆلار.

ئەو بڕەیەش لەگەڵ ئەوەی كە ھەر لەسەرەتاوە لێیان وەرگیراوە كۆ دەكەینەوە، دەكاتە (٤٧) ملیۆن و ٨٥٠ ھەزار دۆلار.

كەواتە جەنابی حكومەت بۆ ھەریەك لەو ١٠٠٠ خانوە تەواوكراوە دەیەوێ ٤٧ ھەزارو ٨٥٠ دۆلار وەربگرێت. واتە حكومەت لەو بڕەیە زیاتری دەست دەكەوێت كە بۆھەریەكەیەكی نیشتەجێكردن دیاری كردووە.

ئەگەر كۆی پارەكەش ھەمووی لەكرێچیەكان وەرگیرا، ئەوكات حكومەت و شەریكەی جێبەجێكار دەبنە خاوەنی ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری كاش.

 

-ئەرێ ئەگەر پڕۆژەی ئەو كرێچیانە چوارساڵ و نیو بخایەنێت ئەویش تەنھا بۆ ١٠٠٠ خێزان، تۆبڵێی تائێستا ژیانی كرێچیەتیان چۆن گوزەراندبێت؟

-دەبێ ئەو ٧٠١٠ دۆلارەیان چۆن پەیداكردبێت؟

-خۆ ئەگەر قەرزیان كردبێت و نەیان دابێتەوە تائێستا توشی نەخۆشی ناڵەی دەستی خاوەن قەرز بوبێتن! ئینجا لەو قەیرانە دروستكراوەی داراییشدا.

-تۆ بڵێی كرێچی لەماوەی ئەو چوارساڵە دەست و گیرفان بەتاڵیەدا توانیبێتی پارەی پێشەكی خانوەكەی پەیدا بكات؟

 

-كرێچیەكە ھێشتا كرێچیەو دۆخی ژیانی خراپتر بووە بە بەراورد بەپێش قەیرانەكە، كەئومێدی خاوەن خانووی ھەبووە. كەچی لەمێستادا بۆ وەرگرتنی خانوەكەی، باری سەرشانی قوڕستر كراوە، كەچی نەك كرێچی بەتەنھا بەڵكو زۆرینەی خەڵكی ھەرێمی كوردستان بەھۆی فەشەلی حوكمڕانانی ئیدارەی كوردی تەنێ خەمی پەیداكردنی نانییانە. ئاخر كرێچی چۆن بتوانی ئەو بڕە پارەیە بدات بەحكومەت؟

 

بەتەنھا خانوو و خەرجی و ئەو زەویە سەدان دۆنمەی سەرۆكی حكومەت دەتوانێت ٥ ھەزار خێزان لەكرێچیەتی نەجات بدات، كەچی چوارساڵ و نیوە (٥)ھەزار ھەژارو كەمدەرامەتی كرێچی چاوەڕێی تەواوكردنی خانوەكانیانن، كە بڕیاروابوو بەقەرزی درێژخایەن پێیان بدرێت.

بۆ كرێچی و ھەژارەكانی وڵات پڕۆژەكان بە پێی كیسەڵ دەڕۆن بەڕێوە بەڵام پڕۆژەیەك كەخزمەت بەجوت حزب و ھەردوو بنەماڵەی حوكم بكات، بەقاچی ئەسپ و باڵی ھەڵۆ ڕێ دەكەن.

 

كوان ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاو ئەندامانی پەرلەمان، كە ئەم میللەتە بەدبەختە پەنجەی شەھادەتیان بۆ خستنە مەرەكەب و سەحیان لەناوەكانیان داو كردنیان بەخاوەنی مەنسەب و پاسپۆرتی دیپلۆماسی؟

یان ئەوەتا پێیانوایە ١٨ ساڵیەكانی زەنگین و مەسئولە دەستبڕەكان ڕەئیان پێداون، كە ئاوا بێ باكن لەئاست خەمی خەڵكی بێ حاڵكراو، خەڵكێ كە لەبن سوانەی ئەوانیتر خۆی دادەپۆشێت؟

ئەوەی لەم ھەرێمە بەشدارە لەپڕكردنی سندوقی دەنگدان ھەژارانن نەك دەوڵەمەندو لێپرسراوە پۆست باڵاكان، كەچی ھیچ كەسی بەخەمیانەوە نایە.!!!!!

ئەھا خەمی نەداران، لەم زروفە بێ حاڵیەدا چیە، ئاخر چۆن دەكرێت تائێستا كەسێ بۆ ئەم پرسە دەنگی لێوە نەھاتبێت؟

كەس نەھات بەجەنابانی حكومەت بێژێ;

ئەگەر كرێچی ئەو ھەموو پارەیەی ھەبوایە

 

زۆرترین خوێندراوە

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure