هونەر تۆفیق20/1/2018 468 جار بینراوە

کەرکوک و عەفرین ، کشانەوەی پارتی و هێرشی تورکی


ناکرێت بەرکەوتەکانی ڕیفراندمی سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستاندا ( بەناوچە جێ ناکۆکەکانەوە ) بە ڕووداوێکی سیاسی و ئاسایی لە کوردستان و ناوچەکەدا ببینرێت . بۆ کورد کارەساتی ئەنجامی ڕیفراندۆم و شکستێکی مێژوویی گەورەیە ، کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا ، بەو قەبارەیە کورد هەرەسی گەورەی بەخۆوە نەبینووە .


سەرەتای ئەو کارەساتە لە ١٦ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا دەستی پێکردووە . دەکرێت بە قۆناغی یەکەمی باجی فەشەلی ڕیفراندۆمەکە دەستنیشان بکرێت . قۆناغەکانی تری لە داهاتوودا دەست پێبکەن لە سەرانسەری کوردستاندا .


خۆئامادەکردنی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر عەفرین ، دیمەنێکی دیکەی شکستی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانە .


لە کاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە کەرکوکدا دەکشێتەوە ، سوپای تورکیا سەعاتی سفری بۆ هێرشکردنە سەر عەفرین دیاریکردووە .


پەیوەندی و تەزامونی ئەم دوو بڕیارە ، دەمانباتەوە بۆ ڕێکەوتنی نێوان ئێران و تورکیا لەسەر کەرکوک . تورکیا شاری کەرکوک و نەوت و تورکمانەکان و سونە و پارتی دیموکراتی کوردستانی بۆ ئێران جێهێشت و تەسلیم بە حەشدی شەعبی و هێزە شیعیەکانی موالی بە ئێرانی کرد . لەو کاتەوە پرسیارێکی جەوهەری لەم پشت تێکردنەی تورکیا بۆ هاوپەیمانەکانی لە کورد و سونە و تورکمان لە کەرکوکدا دێتە پێش .. ئایا تورکیا لەبەرانبەر چیدا ئەو خیانەتە گەورەیەی لە کوردە هاوپەیمانەکانی کرد ؟ ئەردۆغان بۆچی پشتی کردە بارزانی هاوڕێ و هاوپەیمانی ؟ دەشێت وەڵامەکەی لە عەفرینەوە بدۆزینەوە ..


بەپێ ی ڕێکەوتنی سەربازی نێوان ڕوس و ئەمریکا لە شەڕی نێوخۆی سوریادا ، خۆرهەڵاتی ڕوباری فورات بۆ ئەمریکا و هێزە هاوپەیمانەکانی دەستنیشان کرا ، خۆرئاوای فوراتیش بۆ تورکیا و ئێران و ڕوسیا و سوپای سوریا دیاری کرا .


لە کۆبوونەوەی ئەستانە - کازاخستان ، لەنێوان ڕوس و تورک و ئێراندا ، بەشی باکوری خۆرئاوای سوریا کە پارێزگای ئەدلب دەگرێتەوە ، هێزە ئیسلامیە موالیەکانی سەربە تورکیا کۆنترۆڵیان کردووە بە تایبەتی بەرەی نوسرە ، پرۆسەی ئاشتەواییەکەی بە تورکەکان سپێردرا .


لەپاش ڕێکەوتنی ئێران و تورکیا لەسەر کەرکوک ، پێداچوونەوەی دوو قۆڵی لەنێوان ئێران و تورکیادا لەئارادایە بەبێ ڕوسیا لە ڕێکەوتنەکەی ئەستانەدا . تورکیا لەبەرانبەر چۆڵکردنی کەرکوک و پشتکردنە هاوپەیمانەکانی لە کورد و تورکمان و سونە ، زەمانەتی لە ئێران وەرگرتووە کە پشتیوانی کوردەکانی ڕۆژئاوا نەکات بەتایبەتی لە خۆرئاوای فوراتدا . چونکە لە خۆرهەڵاتەوە ئەمریکا باڵا دەست و پشتیوانی هێزە کوردیەکانی سەر بە پەیەدە و یەپەگەن .


تورکیا و ئەردۆغان خۆیان لە شەڕی ئێران لە کەرکودا پاراست ، لەبەرانبەر شەڕێکی ئاسانتردا کە لەگەڵ کوردەکانی سوریا - یەپەگەدا لە عەفرین سەرکەوتن مسەوگەربکەن . بەڵام ئەو شەڕە بەبێ ڕەزامەندی ڕوسیا کە لایەنی سێهەمی ڕێکەوتنی ئەستانەیە بۆ تورکیا سەرچڵیەکی ترسناک دەبێت . ئەردۆغان تاوەکو عەفرین مسەوگەر نەکات و نەیخاتە سەر سنووری نفوزی خۆی لە سوریا - شاری ئەدلب ، نایەوێت بە ئارامی کەرکوک لە دەستی ئێراندا بمێنێتەوە .


لێرەدا ڕۆڵی کوردە موالیەکانی سەربە تورکیا لە کەرکوکدا چالاک دەبێتەوە ، کە لەتوانایاندایە پشێوی و نائارامی سیاسی لەو شارەدا دروست بکەن . بەتایبەتی لە سەروبەری هەڵبژاردنەکانی پارلەمانی عێراقدا کە کەرکوک دەبێتە چەقی ململانێ ی هەڵمەتی هەڵبژاردن .


هەندێ موئەشیر - ئاماژەی سەرەتایی لەم دیمەنەی شکستەکانی پاش ڕیفراندۆم و ئیلتزامی لایەن و دەوڵەتانی هاوسێ بەرچاون . بەتایبەتی لە ١٦ ی ئۆکتۆبەرەوە هەتا ئێستەکە هیچ لایەک بەڵێنی تەواوی خۆی نەبردۆتەسەر لەو ڕێکەوتن و سەفقانەی لەسەر شکستی ڕیفراندۆمەکە کراون . بۆیە تورکیا دەروازەی ئیبراهیم خەلیلی بەکراوەیی و پارێزراوی بۆ کوردە هاوپەیمانەکانی هێشتەوە . ڕێگەی نەدا عێراق و هێزە شیعیەکانی سەر بەئێران هێرشی بۆ بەرن . ئێرانیش بەتەواوی بەڵێنی پشتیوانی تورکیای لە شەڕی پەکەکە و کوردانی ڕۆژئاڤای نەبردۆتە سەر . ئەگەر ئەردۆغان و تورکیا ئەو هێرشە چاوەڕوانکراوە بۆ سەر عەفرین ئەنجام بدەن ، پێدەچێت هاوکێشەکان لە نێوان تورکیا و ڕوسیا و ئێران لەلایەک و ئەمریکا و پەکەکە و یەپەگە لەلایەکی ترەوە گۆڕانکاری بەسەردابێت . ئەگەر هەیە ڕێکەوتنی ئەستانە هەڵوەشێتەوە . هەم شەڕی ناوخۆی سوریا پێ بنێتە قۆناغێکی جیاوازتر لە شەڕی مەزهەبی ( شیعە و سونە ) هەم کەرکوکیش لەم دۆخەی ئێستایدا نەمێنێتەوە بە هەڵپەسراوی لەنێوان ئێران و تورکیادا . ئێران زەربەی دوو سەرە لە کەرکوک و لە عەفرین - ئەدلب لە تورکیا و ئەردۆغان بدات ...


هەموو ڕووداوەکانی داهاتووش پەیوەستن بەو هەنگاوە ترسناکەی ئەردۆغان و سوپاکەیەوە کە هێرش بکەنە سەر عەفرین ، چونکە کۆی دیمەنە سیاسیەکانی قۆناغی یەکەمی شکستی ڕیفراندمەکەی تیادا دەگۆڕدرێت بۆ قۆناغێکی سیاسی و سەربازی تر ...

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure