.15/1/2018 1887 جار بینراوە

مەسروور بارزانیی

پیاوێکی توڕەو توندوتیژ، بەهیچ جۆرێک نەزمانی گفتوگۆی سیاسیی دەزانێت و نە توانای بەڕێوەبردنی گفتوگۆی سیاسییانەی هەیە. هەمیشە توڕەو لەسەر ئاگرە، بە جۆرێک بەرانبەرەکانی بە بچوکترین شت دەتوانن توڕەیبکەن و یارییەکەی پێتێکبدەن. خرابترین شتی ئەم پیاوە ئەوەیە، کە لە وەهمێکی سیاسیی قووڵدا دەژی، متمانەیەکی لەڕادەبەدەری بە خەڵکی بیانیی و ڕاوێژکارە بیانییەکانی هەیە، بە ئەندازەی متمانەی بە ئەوان ڕقی لە کەسانی ناوخۆیە و بە بەردەوامیی نوسین و بۆچونەکانیان بە پیلان دەزانێت دژ بە خۆی و حیزبەکەی و بنەماڵەکەی.


لە ڕوی کوردایەتییەوە خاوەنی دنیابینییەکی زۆر بەرتەسکە، وەک کوردەواریی دەڵێت (تەنها بەرپێی خۆی دەبینێت.) بە پێوانە و بنەماکانی بنەماڵەی بارزانیی چەمکی کوردایەتیی دەپێوێت، تا ئەو شوێنە بڕوای پێیەتی، کە لەگەڵ بنەماکانی پارتی_بوندا یەکدەگرێتەوە، لە دەرەوەی ئەمە هەموو بۆچونێک ڕەتدەکاتەوە و بە چەک و تیرۆر و کوشتن وەڵامیدەداتەوە.


هەمیشە بەرنامە و ڕاوێژەکانی بۆ باوکی سەرئێشەی گەورە بوون، دواتریش بوونەتە بەڵایەکی مەزن بۆ خەڵکی کوردستان. دوا ڕاوێژی ئەم پیاوە بۆ مەسعود بارزانیی باوکی، بریتیی بوو لە هاندانی باوکی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم. ئەنجامەکەیشی ئەوە بوو، کە لە 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابوردودا بینیمان. یەکێکی تر لە خاڵەکانی کەسایەتیی ئەم پیاوە، بریتییە لەوەی، کە پێیوەهایە، کە جیهان لەسەر دەستی ئەو دەگەڕێت و ئاگای لە هەموو کەینوبەینێکی ئەم دنیا بەرین و فراوانەیە، بەڵام کاتێک دێتە سەر کردار، دەستبەتاڵە و پرۆژە و بیرۆکەکانی جگە لە خەون، هیچ شتێکی تریان لێسەوزنابن.
پارەیەکی هێجگار زۆر بۆ دەزگا وەهمییەکەی تەرخاندەکرێت، بێ ئەوەی کەس ژمارەی ئەندامانی دەزگاکەی و کارەکانیان و سودەکەی بۆ خەڵکی کوردستان بزانێت. ئەوەی دەزگای پاراستنی ئەم پیاوە کردویەتی بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بریتیی بووە لە کوشتنی ڕۆژنامەنوسان و خەڵکانی ناڕازیی و ئەوانەی وەک ئەو و حیزبەکەی بیریاننەکردوەتەوە، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە بەر بە پیلانە گەورەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی جیهان، بە تایبەتیی میت و ئیتڵاعات لە کوردستان بگرێت. بۆ نمونە ئەگەر دەزگاکەی مەسروور بارزانیی زانیاریی هەبوایە و خۆیشی پیاوێکی دانسقە و سەلیقەداری ئاسایشیی بوایە، هەرگیز نەدەبوو ڕوداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەر ڕوبدەن، یاخود نەدەبوو بهێڵێت مەترسیەکانی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەوەندە گەورە و کاریگەر بونایە، یاخود دەبوو وەک خۆی بانگەشەی بۆ دەکات، بەئاسانیی بیتوانیایە دەستی دەزگاکانی ئیتڵاعات و میت لە هەرێمی کوردستاندا ببڕێت. بەڵام نەک ئەم کارانەی نەکرد، بەڵکو بەپێچەوانەوە لەڕوی کردارییەوە ڕۆڵی پیاوانی گوێڕایەڵی ئەو دەزگایانە دەبینێت و بەئاسانیی دەرگاو پەنجەرەی هەرێمی کوردستانیان بۆ ئاوەڵادەکات، تا بە ویستی خۆیان تەراتێنبکەن.


بۆیە دڵنیام؛ ئەگەر ئەم دەزگایە لە هەرێمی کوردستان نەبوایە و کاری ئاسایش لە هەرێمدا بە دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش بسپێردرایە، یان دەزگایەکی هەواڵگریی بەهێزی نیشتیمانیی هەبوایە، ئەوە زۆر بەئاسانیی دەمانتوانی ئاسایشی هەرێم بپارێزین. خرابترین بیرکردنەوەی ئەم پیاوە و دەزگاکەی ئەوەیە، کە تا ئێستایش بە میراتی دەزگای پاراستنی سەردەمی شاخ مامەڵەدەکات و بڕوای تەواوی بەوە هەیە، کە ئاسایش تەنها بە سەرکوتکردنی نەیارانی ناوخۆ دەستەبەر دەکرێت. پێویستە بەرانبەر دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتانی تر بێدەنگ و گوێڕایەڵ بیت، تا بەئاسانیی بتوانیت لە ناوخۆی وڵاتدا سەرکەوتووبیت. ئەمەیش خرابترین جۆری بیرکردنەوەی پاراستنی ئاسایشی هەرێمە لە پیلانی دەرەکیی.

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure