د. ئاسۆ محمد دەروێش14/1/2018 640 جار بینراوە

ئاوارەبون بەرەوە کەنەدا

کۆچکردن بەرەو وڵاتێکی تری جیاواز لە وڵاتی دایک بۆتە دیاردە و خەڵکی هەمو وڵاتان حەز بە گەڕان و گۆڕینی شێوازی ژیانیان دەکەن. بەڵام لێرەدا تەنها تیشک دەخرێتە سەر خەڵکی باشوری کوردستان. خەڵکی کورد بەگشتی لەشێوازی ژیانیان زۆر ڕازی نین بەهۆی نەبونی سەرجەم مافەکانیان لەو وڵاتانەی تیایدا دەژین یاخود نەبونی سیستەمی سیاسی دڵخۆشکەر. بەتیابەتی لە باشوری کوردستان نەبونی حکومەت لەدوای ساڵی (١٩٩١) ەوە زیاتر هۆکاری بەجێهێشتنی وڵات بوە. ڕێگاکانی بەدەستهێنانی مافی مانەوە لەوڵاتێکی تر زۆرن و خەڵکی هەر وڵاتێک ڕێگایەک دەگرنە بەر. لە باشوری کوردستان زیاتر ڕێگای قاچاخ و کەسایەتی خۆ گۆڕین مۆدێلە. هەرچەند لەم چەند ساڵەی دوایدا هەندێک کەسی کەم ڕێگای یاسایی و خۆناساندی ڕاستیان بەکارهێناوە بەڵام هێشتا زۆر کەمن. ئەمەش لەبەر چەند هۆیەک، لەوانە تێچوی ڕێگا یاساییەکان و ئەو کاتەی کە دەیخایەنەێت. خەڵکی باشوری کوردستانیش کاتێک بڕیاری ڕۆشتن دەدەن دەخوازن سبەی بگەنە جێ و حکومەتێک بەخێویان بکات و خان و گشت پێداویستیەکانیان بۆ دابینبکات. خۆ ئەمەش بۆخۆی شتێکی خراپ نیە، چونکە کەسێک لە وڵاتێکدا کە دەوامی کارکردن لە نێوان ٢٥ بۆ ٣٠ سەعات کارکردندا بێت و ئەو فێری موچەی بندیواربێت ئەوا بێگومان ناتوانێت دوای ئەوە لە وڵاتێکی خاوەن سیستەم و کاتی کارکردن لەنێوان ٣٥-٤٠ سەعات ئیش بکات. لە کوردستانی باشور ڕۆژانی پشوی ساڵ نزیکەی ٥٠ ڕۆژ دەبن، جگە لەناوەندەکانی خوێندن. لە وڵاتانی تر ئەمە بەئاسانی دەست ناکەوێت.


ئەوەندەی پەیوەندی بە کەنەداوە هەیە، ئێستا بەهۆی زۆربونی هۆکاری پڕوپاگەندە (Reklam) ی خۆڕایی و سەرنج ڕاکێش، قاچاخچیەکان دەتوانن هەواڵی سەرنج ڕاکێشی وا بڵاو بکەنەوە کە مرۆڤ حەزدەکات ئەوەی هەیەتی بیفرۆشێت و ڕاکات بۆ ئەوێ! بۆیە با هەندێک ڕاستی بوترێت کە پێویستە بزانرێن. چونکە کاتێک خەڵکی توشی کێشە ببن بەهۆی نەزانیان و کەسێکیش ڕاستی بزانێت و بیشارێتەوە تاوانبار دەبێت. جا بەکورتی:


کەنەدا وڵاتێکی زۆر گەورەیە، دوەم وڵاتی دنیایە لەڕوی ڕوبەرەوە، و خەڵکێکی زۆر کەمی تیا دەژین. دراوسێی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکایە کە خەڵکەکەی کەمتر دەچن بۆ کەنەدا بۆ داوای مافی مانەوە. خەڵکی کیشوەری ئەمریکاش بەگشتی کەمتر دەتوانن بگەن بەهۆی پتەوی سنورەکانی. جگەلەوەی کە حکومەتی کەنەدا پلانی وەرگرتنی پەنابەرانی بەردەوام هەبوە و ڕێگای گرتوە لە هاتنی کەسانی نایاسایی تاڕادەیەک، هەرچەند هەر هەیە. بەپێی ئەم پلانە، ساڵانە لە بودجەی وڵاتدا بەشێک دادەنرێت بۆ پڕۆسەی وەرگرتنی پەنابەران، کە خودی پڕۆسەکەش داهاتی خۆی هەیە. ئەو ژمارانەش لەلایەن کەسانی قاچاخچیەوە سودی لێدەبینرێت بۆ مەرامی تایبەت. بەڵام ئەوەی ڕاستیە ئەوەیە کە ئەم ژمارانە بریتیە نیە لە پاڕانەوەی حکومەتی کەنەدا لە خەڵکی تا بێن بۆ ئێرە. بەڵکو بەپێچەوانەوە، ڕێگاپێدانی ئەو حکومەتەیە بەو ژمارە خەڵکە کە بێن لەساڵێکدا و لێرە نیشتەجێ ببن بە شێویەکی یاسایی. ئەوەش بزانن لێرە کە بێزار دەبیت پێت دەڵێن ئێمە نەهاتوین بەشوێنتا بەڵکو تۆ داواتکرد و ئێمەش دەرفەتمان پێبەخشیت. ئەو ژمارەیەش دابەشی چەند جۆرێک دەکرێت و هەریەکە و پڕۆسەیەکی تایبەتی خۆی هەیە لەوانە، بازرگان و وەبەرهێنەرەکان، ئیشکەرە لێهاتوەکان، ئەو خوێندکارانەی کە لێرە خوێندن تەواودەکەن و کاریان دەست دەکەوێت، ئەو پەنابەرانەی لە وڵاتەکانی خۆیان کێشەیان هەیە بەهۆکاری ئاینی و سیاسی و جەنگ، لەگەڵ چەندین جۆری تر کە تایبەتن بە گروپ و نەتەوەی جیاواز و ساڵانە دەگۆڕدرێن. بۆهەرجۆرێک ژمارەی ئەو کەسانەی کە وەردەگیرێن لەو ژمارە گەورەیە دەردەکرێت. وە بۆهەر جۆرێک لەوانەش چەندین خەڵک لەسەرانسەری دنیا داواکاری پێشکەش دەکەن بۆئەو ژمارە کەمەی کە ساڵانە وەردەگیرێن. بۆ باشتر تێگەیشتن، ئەگەر حکومەت پلانی وەرگرتنی ١٠٠٠٠ دەهەزار کەسی دانا بۆ ساڵێک، وە ١٠٠٠ هەزار کەسی لەوانە دیاریکرد کە دەبێت خوێندنیان لە کەنەدا تەواوکردبێت لەو ساڵەدا یان ساڵانەی کە دیاریدەکرێن ئەوا کەسی تر ناتوانێت سود لەو ١٠٠٠ هەزار جێگایە وەربگرێت ئەگەر پڕیش نەبنەوە. جگەلەوەی کەنەدا وڵآتێکی فیدڕاڵیە و ڕای ویلایەتەکان بەهەند وەردەگیرێت، بۆنمونە ئەگەر ویلایەتێک داوای دەرچوی ئەندازیاری بکات ئەوا گرنگی زیاتر دەدەن بەو کەسانەی کە ئەندازیارن و بڕیاریان داوە دوای وەرگرتنیان لەو ویلایەتە بژین. بەردەوام لەو ژمارە زۆری کە بۆ سەرجەم جۆرەکان دادەنرێت داواکاری قورسیان داناوە بۆ زۆربەی جۆرەکان، وەکو زانینی زمان و هەبونی بڕوانامە و ئەزمونی کار بە بڕوانامەی. جگە لە هەبونی زانیاری لەسەر کەنەدا و ئابوری و ژیانی کەنەدا خاڵی زۆری لەسەرە چونکە حکومەتی کەنەدا نایەوێت خەڵکی بێنێت و بەخێویشی بکات. بەڵکو پێویستە خۆی ئەوەندە بزانێت ژیانی خۆی بەڕێوە ببات.


لەگەڵ ئەوەشدا داواکردن و وەرگیران ئەستەم و زۆر گران نیە، بەڵام پشو درێژی و کەمێک پارەی دەوێت (کەمتر لەوەی قاچاخچی). ئەگەر کوردی باشوری کوردستان بیت و بێیت بۆ کەنەدا لە هەندێک شاری دیاریکراو نەبێت هەست دەکەیت ئاوارەیەکی بێکەسیت. بۆیە ئەم خاڵە گرنگە پێش هەموشتێک لەبیرابێت. ئەوەش لەبەرئەوەی کە لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا لە کوردستانی باشور نەبوە بە کەلتور خەڵکی بە یاسایی مافی مانەوە بەدەست بهێنن. ئەگەرنا خەڵکی ئەم هەرێمە زۆر لەوانە بەتواناترن کە ئێستا لێرە زۆرینەن. وە ئێستاش درەنگ نیە بۆ ئەو کارە. چونکە تایبەتمەندیەکی تری کەنەدا بەردەوامی پڕۆسەی وەرگرتن و کەمی شاری گەورە و زۆری ناوچەن کەم ئاوەدان و زۆر ساردە. نابێت لێرە بڵێیت سەرمامە، نەمتوانی بگەمە کار بەهۆی بەفری زۆر، منداڵەکەم برد بۆ خوێندنگا و سەهۆڵبەندانبو هێواش ئەڕۆشتم. لێرە ئەو بیانوانە بەپێ ناوچەکان لەپلەیەکی گەرمی دیاریکراودانەبێت گوێت لێناگیرێت، بۆ نمونە لە باشوری کەنەدا لە -٤٠ لە هەندێک ناوچە. واتە بەشێکی زۆری ساڵ ژیان لە نێوان -٢٠ بۆ -٤٠ دایە و هەموشتێکیش ئاساییە.


پڕۆسەی هاتن بۆ کەنەدا بەکورتی بریتیە لەم هەنگاوانە (لەزۆربەی هەنگاوەکاندا پارەدان هەیە و بڕەکەی خۆیان ئاگادارت دەکەنەوە):


1. پێشکەشکردنی داواکاری فەرمی. ئێستا لەڕێگای ئینتەرنێتەوە دەکرێت لەم سایتەوە (http://www.cic.gc.ca/).


2. پێدانی ڕۆژ و کات و شوێنی چاوپێکەوتن. لەڕێگای پڕۆفایلەکەتەوە ئاگادارت دەکەنەوە.


3. ئەنجامدانی چاوپێکەوتن.


4. دەستکردن بە مامەڵەی ڤیزە. لەڕاستیدا ئەم ڤیزەیە بریتیە لە مافی مانەوە. واتە کاتێک ڤیزەکەت بۆدێتەوە هەمو مافەکانت دەستەبەرکراون و دەتوانیت سەفەر بکەیت بۆ کەنەدا. لەوێش هەمو مافەکانی هاوڵاتیەکی کەنەدیت هەیە جگە لە مافی دەنگدان لەسەرەتادا. واتە دەتوانیت ڕۆژی دوای گەیشتنت بەفەرمی کاربکەیت ئەگەر کارت دەستکەوت.


5. گەیشتن و دەستکردن بە دروستکردنی ماڵ و کاروبارەکانی تری ژیان بەپێی کەسەکان. دۆزینەوەی خانو، خوێندنگا، کار، کاروباری فەرمانگەکان،...هتد.

 

مەرجە سەرەکیەکانی وەرگرتن بەپێی جۆری پڕۆگرامەکانی حکومەت دەگۆڕێن. ئەوانەی کە وەبەرهێنان دەکەن جیاوازن لەوانەی کە بۆ کاکردن دەچن. وە ئەوانەی وەکو پەنابەری سیاسی یان مرۆیی وەردەگیرێن هەروەها مەرجی جیاوازی خۆیان هەیە. بەگشتی ئەم مەرجانەن کە لە زۆربەی پڕۆگرامەکاندا دوبارە دەبنەوە: بڕوانامە، زمان زانین (ئینگلیزی یان فەڕەنسی)، ئەزمونی کار، خێزان و منداڵ، سەروەت و شارەزایی بازرگانی.

 

ئەوەش بزانن ژیان لەکەنەدا هێندەی ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا ئاسان نیە، بەڵام وەکو ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاستیش مەدیانی جەنگ ونائارامی نیە. وەکو ئەوروپاش شوێنی ڕق و کینە نیە و کەس ناتوانێت بەوی تر بڵێت تۆ پەنابەریت، چونکە زۆرینە پەنابەرن. ڕێزی زۆر لە کەمینە دەگیرێت و ژمارەی تایبەتیان لە کارەکان بۆ دادەنێن، واتە دەیانەوێت کەمینەکان بێنە ناو مەیدانی کار. بە بەهەشتی منداڵان ناسراوە هەرچەند بازاڕەکانی وەکو مۆڵەکانی کوردستان مەیدانی یاری منداڵان نین و شاری یاری وەکو ئەوروپای زۆر نیە. ئاو و هەوای زۆر پاکە. لە کەمترین جێگا دەتوانیت جگەرە بکێشیت، تەنانەت لە ماڵی خۆشتا ناتوانیت (هەڵبەت باسی ئەوانەیە کە ڕێزی یاسادەگرن). کۆمەڵگاکەی تێکەڵەیەکە لە سەرجەم نەتەوەکانی دنیا.

 

یەکێکی تر لەو بابەتانەی پێویستە بزانرێت دەستکەوتنی کارە. لە کەنەدا ئەگەر بڕوانامەت هەبێت یان نەتبێت کارت دەست دەکەوێت. سەرەتا ئەگەر بڕوانامەت هەبێت دەبێت بزانیت کە هەندێک پسپۆڕی کاری بەگران دەست دەکەوێت وەکو پسپۆڕیە پزیشکیکەکان و هەندێک پسپۆڕی زانستی مرۆیی. وە ئەگەر بتەوێت لە دامەزراوەی حکومی یان هاوبەشی حکومەت کار بکەیت پێویستە بڕوانامەکانت هاوتابکەیت. بۆ هەندێک پسپۆڕی تر پێویستە ئەندامی سەندیکا پیشەییەکان بیت کە ئەوانیش هەر داوای بڕوانامەی هاوتاکراوت لێدەکەن وەکو پسپۆڕیە ئەندازیاریەکان. بەڵام ئەگەر بڕوانامەت نەبێت و دەست ڕەنگین بیت و زمان بزانیت ئەوا بە ئاسانی دەتوانیت کارت دەستبکەوێت. وە دەتوانیت بڕوانامەی ئەو دەست ڕەنگینیەت بە ماوەیەکی زۆر کورت بەدەستبهێنیت. وەکو وەستایی. لەهەمو بارێکدا دەبێت بزانرێت کە بڕوانامە و هاوتاکردن و بابەتەکانی تری پەیوەندیدار بە کارەوە بەپێی ویلایەتەکان دەگۆڕێن جگە لەهەندێک پسپۆڕی کەم کە حکومەتی فیدڕاڵی هاوتای دەکات و لە هەمو کەنەدا دەخوات.

 

مەبەست لەم نوسینە کورتە بەرچاو ڕونیی کردنی ئەوانەیە کە نازانن چۆن بێن بۆ کەنەدا و ژیانی ئێرە چۆنە. زانیاری ڕاست و دروست تەنها لەم سایتەوە دەست دەکەوێت (http://www.cic.gc.ca/). کە ئەمەش سایتی حکومەتی کەنەدایە. حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکانی پەنەباری بەهیچ جۆرێک بە تەلەفۆن پەیوەندی بە کەسەوە ناکەن تەنها لەڕێگای ئەو پڕۆفایلە نەبێت کە لەسەر سایتی خۆیان دروستی دەکەیت. یان بە ئیمەیل ئەویش تەنها بۆ ناردنی زانیاری. واتە حکومەتی ئەلەکترۆنی کەنەدی زۆر پارێزراوە، تەنها لەڕێگای پڕۆفایلەوە دەتوانیت زانیاریەکان ببینت، بەڵام دەکرێت بە ئیمەیل ئاگادارت بکەن بە زانیاری نوێ هەیە و بچیتە ناو پڕۆفایلەکەت بیبینیت. هەرچەند لە کەنەدا کۆمپانیا زۆرن کە بە ژمارە تەلەفۆنی کەنەدی تەلەفۆن بۆ خەڵکی دەکەن لەو وڵاتانەی دانیشتوانەکەی ئارەزوی بەدەستهێنانی مافی پەنابەری کەنەدی دەکەن و پێشنیاریان کردنەوەی دۆسیەی پەنابەریان بۆ دەکەن. کە لە وتووێژدا واناڵێن و دەڵێن مافی پەنابەریت بۆ وەردەگرین و ئێمە هاوکاری وەزارەتی پەنابەرانی کەنەداین. بەڵام دواتر و دوای ئەوەی بڕێک پارە لەخەڵک وەردەگرن و گرێبەستێکی پێ ئیمزا دەکەن کە تیایدا نوسراوە ئێمە لەبری تۆ داواکاریت بۆ پێشکەش دەکەین، واتە دەبینە وەکیلی تۆ و هیچ گەرەنتی وەرگرتنی ماف و ڤیزەی تیا نیە.


بەوهیوایەی زۆرترین کەسی باشوری کوردستان لەمەولا بتوانن بەو ڕێگایا یاساییانەی لەو سایتەوە ساڵانە دیاری دەکرێن بتوانن بگەنە کەنەدا و لە دەستی قاچاخچی و دەستبڕەکان قوتاریان ببێت.
بۆ بەدەستهێنانی زانیاری ژمارەیی دروست دەربارەی کەنەدا دەتوانن سود لەم سایتە وەربگرن (https://www.statcan.gc.ca/).


بێگومان وڵاتی تریش هەن وەکو کەنەدا و پڕۆسەی پەنابەری فەرمیان هەیە، بەڵام ئەم نوسینە تەنها باسی کەنەدایە چونکە تەنها زانیاریمان لەسەر ئەوێ کەمێک هەیە. هیوادارین کەسانی تریش باسی شوێنەکانی تر بکەن و کاری قاچاخچیەکان گران بکەن.

 

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure