ئارام جەمال
322 جار بینراوە 21/5/2015 10:06 PM

دیمانە لەگەڵ ئارام جەمال بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن KIE لە سەرهەڵبژاردنی پۆستی سەرۆكی هەرێم




لەم دیمانە دا بەرێوە بەری پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردنەكان باس لە ماوەی ئامادەكاری هەڵبژاردن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم دەكات  

پ/ ئەگەر برٍیاردرا پۆستی سەرۆكی هەرێم راستەوخۆ لە ناو گەلەوە هەڵبژێردرێت، چەند ماوەی دەوێ‌ بۆ ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن بەرێوە بچێت؟
ئارام جەمال: ئەگەر بەتیۆری وەڵام بدەمەوە، دەڵێم ٩٠ رۆژی پێویستە، بەڵام ئەوە بۆ وڵاتێک یان هەرێمێک راستە کە ژێرخانی هەڵبژاردنی سازو ئامادە بێت! بەداخەوە لە هەرێمى کوردستاندا هەتا ئەم ساتەی قسەی تێدادەکەین هێشتا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی، نە نوسینگەی هەڵبژاردنی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا دامەزراندووەو نە ئۆفیسی سەرەکی کۆمسیۆنەکەش لە پایتەختدا دامەزراوە، جگە لەوەی کە هێشتا ئەو کۆمسیۆنە دەستی بۆ پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران نەبردووە، کە بە سەدان هەزار ناوی دووبارەو مردووی تێدایە. بەو حاڵەوە چۆن دەتوانرێت هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم یان هەر هەڵبژاردنێکی گشتی تر ئەنجامبدرێت؟!


پ/ مەرجەكانی كاندید بوون بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم چیە؟
ئارام جەمال: بەپێی یاسای ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٠٥ یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی كوردستان، مەرجە ئەو هاوڵاتییەی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم کاندید دەکات، ئەم سێ مەرجەی تێدابێت:
1- تەمەنی لەكاتی هەڵبژاردندا لە 40 ساڵ كەمتر نەبێت.
2- هاوڵاتی‌و نیشتەجێی هەرێمی كوردستان بێت.
3- لەهەموو مافە مەدەنی‌و سیاسیەكان بەهرەمەندبێت.
 بەڵام پێویستە لەیاسای ناوبراودا ئاستی خوێندنیش وەک مەرج بهاتایە، وەکئەوەی بۆ نموونە "هەڵگری بڕوانامەی بەرایی زانكۆ بێت". ئاستی خوێندن بۆ هەریەک لە کاندیدەکانی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان کراوەتە مەرج و لەیاساکانیاندا دەقنوسکراوە، بەڵام لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمدا ئەو مەرجە نەهاتووەو ئەوەش کەموکوڕییەکی گەورەیە.

پ/ دانانی ئەو كەسانەی بۆ پۆستەكانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لەسەربنەمای حزبی بوون یان پیشەی بوون؟
ئارام جەمال: گومان هەڵناگرێت کە ئەو نۆ کەسەی بوونە ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە پێنج حزبە سەرەکییەکەی کوردستانەوە، بە پێی دابەشکاری لەنێوان خۆیاندا، دەستنیشانکران، ئەوەش رەنگدانەوەی رێکەوڕاستی ئەو واقیعە حزبسالارییەی هەرێمی کوردستانە کە نەبوونی متمانەی حزبەکان بە یەکتری و نەبوونی موئەسەسات لە دیارترین تایبەتمەندییەکانیەتی. یەکێک لە خاڵە پۆزەتیڤ و ئەرێنییەکانی ئەم مۆدێلە حزبییەی کۆمسیۆن ئەوەیە کە دەبنە چاودێر بەسەر یەکترەوەو هەنگاوێک لە پێشترە لە کۆمسیۆنەکەی بەغداد، کە لە کوردستاندا تەنها ئەندامانی یەکێتی و پارتی تێدابوو. بە مەزەندەی من پێکهێنانی کۆمسیۆنێکی هەڵبژاردن لە کەسانی شارەزاو سەربەخۆ زادەی قۆناغێکە لە ژیانی سیاسی کە هەردوو رەگەزی (متمانەو موئەسەسات) ئامادەگییەکی بەهێزیان هەبێت و خاوەنی میراتییەکی دەوڵەمەند بین لە پەراوەکردنی دیموکراسی.

پ/ ئایا ئەمانە دەتوانن رێگری بكەن بۆ تەزویرات؟
ئەندامانی كۆمسیاران وەختێك دەتوانن رێگری لەكاری تەزویر بكەن كە ئینتمایان بۆ ئەو تیمەیان بخەنە سەرو هەموو ئینتمائە حزبی و ناوچەییەكانیانەوەو ئەوەیان بۆ ساتێكیش لەبیر نەچێت كە ئەوان بەرپرسیارێتییەكی جەماعییان لەسەرشانەو بۆ ئەو ئامانجە پێكهاتوون كە بتوانن هەموویان پێكەوە هەڵبژاردن لەو خەوش و بەدگومانییە دابماڵن كە لەماوەی رابوردودا لە وێنای دەنگدەری هەرێمی كوردستاندا دروستبووە. ئەگەر هەر ئەندامێكی ئەنجومەنی كۆمسیاران بەكردەوە دژایەتی تەزویر بكات‌و كار بۆ سەرخستنی هەڵبژاردنێكی پاك‌و بێگەرد بكات لە هەرێمی كوردستاندا، ئەوا من بە كەسایەتییەكی سەربەخۆی دەزانم لەبڕیارو كارو كردەوەكانیداو دەستخۆشی لێدەكەم‌و بەهەموو شێوەیەك هاریكاری دەكەین.


پ/  تا چەند بڕواتان بە سەربەخۆبوونی ئەم كۆمسیۆنە هەیە؟  یان شتیكماوە لەم وڵاتە سیفەتی سەربەخۆبوونی هەبێت تاكو ئەم كۆمسیۆنە سەربەخۆ بێت؟
ئارام جەمال/ لە ئەزموونی وڵاتاندا كە وەختێك دەوترێت كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن، سێ پێوەر بە بناغە وەردەگیرێت: یەكەم ئەوەیە كە كۆمسیۆنەكە لەرووی دارایی و تەدەروجی ئیدارییەوە بە تەواوەتی لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن سەربەخۆ بێت، دووەم كۆمسیۆنەكە بەرپرسیار نەبێت لەبەردەم هیچ وەزارەتێكی حكومەتدا، سێهەم ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران لە كەسانی دەرەوەی وەزارەتەكان پێكبێت و كارمەندی گشتی سەر بەحكومەت نەبن.
لەجیهاندا 122 كۆمسیۆنی سەربەخۆ هەیە، لەنێو ئەوانەدا 76 كۆمسیۆنیان تەنها لە كەسانی شارەزای سەربەخۆ پێكدێن كە دەكاتە رێژەى (62%)، 22 كۆمسیۆنی تریان لە ئەندامانی پارتە سیاسییەكان پێكهاتووە، كە دەكاتە رێژەی (18%)، هاوكات 25 كۆمسیۆنیشیان تێكەڵەیەكە لە "كەسانی سەربەخۆ"و "ئەندامانی پارتە سیاسییەكان" كە رێژەكەی دەكاتە (20%).
ئەگەر هەلومەرجى بابەتى لە هەرێمدا بوارى بدایە، بەلامەوە گونجاوتر بوو كە كۆمسیۆنەكەی هەرێمی كوردستان لە مۆدێلی سێهەمیان بووایە، واتە تێكەڵەیەك بووایە لە كەسانی شارەزای سەربەخۆو ئەندامانی پارتە سیاسییەكان. بەڵام وەك لەسەرەوە باسمكرد، سەربەخۆبوونی ئەو جۆرە دەستەو كۆمسیۆنانەش، وەك زۆر دامودەزگای تر،  زادەی پرۆسەیەكی دورودرێژی دیموكراسی‌و ژیانی حیزبایەتییە لە هەرێمی كوردستاندا، هەربۆیە ئەو كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەی دروستكراوە رەنگدانەوەی خەریتەو پێكهاتەی پەرلەمانی كوردستانە لە سەروبەندی ئێستایدا، هەربۆیە من چاوەڕوانی لەوە زیاتری لێناكەم چونكە لەوە زیاتری پێهەڵناسوڕێت.


 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure