په‌رله‌مانى كوردستان |
302 جار بینراوە |
21/5/2015 08:46 PM |
|
ڕ‌اپۆرتێكى KIE له‌سه‌ر هه‌رسێ سیسته‌مه‌ى ( سه‌رۆكایه‌تى , په‌رله‌مانى ، نیمچه سه‌رۆكایه‌تى )
له‌م ڕاپۆرته شیكاریه‌دا هه‌رسێ سیسته‌مى حكومڕانى سه‌رۆكایه‌تى و په‌رله‌مانى و نیمچه سه‌رۆكایه‌تى شیكراوهتهوه , وهئهڵتهرناتیڤهكانى خراوه‌ته ڕوو
سروشتى سیسته‌مه حكومڕانى هه‌رێمى كوردستان-
بۆئه‌وه‌ى سیسته‌مه حومكڕانى هه‌رێمى كوردستان په‌رله‌مانى بێت : ئه‌وا ده‌بێت هه‌ردوو لایه‌نه‌كه‌ى ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێ كرد ( ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و سه‌رۆكى هه‌رێم ) به‌رپرسیار بن له به‌رده‌م په‌رله‌مانى كوردستاندا , به‌ڵام ئه‌وه‌ى له ناو ده‌قى یاساكان و له‌سه‌ر ئه‌رزى واقیع هه‌یه ، ئه‌وه‌یه كه ته‌نها ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌رپرسیارێتى سیاسى له ئاست په‌رله‌ماندا هه‌یه ( به‌و مه‌رجه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێم بڕیارى متمانه سه‌ندنه‌وه‌ى په‌رله‌مان له ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران په‌سه‌ند بكات و ڤیتۆى له به‌رامبه‌ردا به‌كارنه‌هێنرێت ). به‌ڵام سه‌رۆكى هه‌رێم ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ى له‌به‌رده‌م په‌رله‌ماندا نییه , كه‌واته ده‌توانین بڵێین سیسته‌مى حكومڕانى هه‌رێمى كوردستان په‌رله‌مانى نییه .
بۆئه‌وه‌ى سیسته‌مه حكومڕانى هه‌رێمى كوردستان سه‌رۆكایه‌تى بێت : ئه‌وا ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێ كردن له‌به‌ده‌م په‌رله‌مانى كوردستان دا به‌رپرسیارێتى نه‌بێت , به‌ڵام ئه‌وه‌ى له‌هه‌رێمى كوردستان دا هه‌یه ، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌رپرسیارێتى سیاسى له‌به‌رده‌م په‌رله‌ماندا هه‌یه ( به‌و مه‌رجه‌وه كه خاڵى سه‌ره‌وه دا باسكراوه ) , له‌به‌رئه‌وه‌ى ده‌توانین بڵێن سیسته‌مى حكومڕانى هه‌رێمى كوردستانى سه‌رۆكایه‌تى نییه .
بۆئه‌وه‌ى سیسته‌مه حكومڕانى هه‌رێمى كوردستان نیمچه سه‌رۆكایه‌تى بێت : ئه‌وا ده‌بێت ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌رپرسیارێتى سیاسى له‌به‌ده‌م هه‌ریه‌ك له په‌رله‌مانى كوردستان و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمدا هه‌بێت , به‌ڵام ئه‌وه‌ى هه‌یه ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌رپرسیارێتى سیاسى له‌به‌رده‌م په‌ره‌له‌ماندا هه‌یه ( به‌و مه‌رجه‌ى كه له‌خاڵى سه‌ره‌وه‌دا باسكرا ) , به‌ڵام ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌رپرسیارێتى سیاسى له‌به‌ده‌م سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمدا نییه ، كه‌واته لێره‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و ده‌ر ئه‌نجامه‌ى كه سیسته‌مى حكومڕانى له هه‌رێمى كوردستان ناجۆر .
ئه‌لته‌ر ناتیڤهكان :
بۆ ئه‌وه‌ى ناجۆریی سیسته‌مى حكومڕانى هه‌رێمى كوردستان له‌به‌ر ڕۆشتایی یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا ڕاستبكه‌ینه‌وه ئه‌وا چه‌ند ئه‌ڵته‌رناتیڤێك ده‌خه‌ینه ڕوو :-
ئه‌لته‌رناتیڤی یه‌كه‌م (سیسته‌مى په‌رله‌مانى ): بۆ ئه‌وه‌ى سیسته‌مى حوكمڕانى له هه‌رێمى كوردستاندا ببێته په‌رله‌مانى ، ئه‌وا ده‌بێت سه‌رۆكى هه‌رێمیش وه‌كو ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌رپرسیارێتى سیاسى له به‌ده‌م په‌رله‌مانى كوردستاندا هه‌بێت ، ئه‌مه‌ش به‌واتاى ئه‌وه دێت كه - سه‌رۆكى هه‌رێم له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه هه‌ڵبژێردرێت و متمانه‌ى لێ ده‌سێنرێته‌وه .- سه‌رۆكى هه‌رێم مافى به‌كارهێنانى ڤیتۆى نابێت به‌رامبه‌ر ئه‌و پرۆژه یاسانه‌ى كه په‌رله‌مان په‌سه‌ندیان ده‌كات - سه‌رۆكى هه‌رێم مافى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ته‌قدیرى , په‌رله‌مانى كوردستان نامێنێت - سه‌رۆكى هه‌رێم به‌شێكى به‌رچاو له‌ده‌سه‌ڵاته‌كانى جێبه‌جێكردنى لێده‌سه‌نرێته‌وه و به‌پێى تایبه‌ت مه‌ندى وه‌زاره‌ته‌كان , به‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران دا دابه‌ش ده‌كرێت . له‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ى له سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌سه‌نرێنه‌وه - وه‌ك : فه‌رمانده‌ى گشتى هێزى پێشمه‌رگه, ئه‌نجومه‌نى ئاسایش ڕاگه‌یاندنى باریی نائاسیی ، لێبوردنى تایبه‌ت بهبهندكراوهكان ، سه‌رۆكایه‌تیكردنى كۆبوونه‌وه ، ناچاریهكانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ، مهرسوماكانى دامه‌زراندنى پله‌تایبه‌ته‌كان ..... هتد - سه‌رۆكى هه‌رێم مافى دامه‌زراندنى دادوه‌ران و سه‌رۆك و ئه‌ندامانى داواكارى گشتى لێ ده‌سه‌نرێته‌وه ئه‌و مافه بۆ ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى كوردستان ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه - سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌ركردنى مهرسومهكانى وه‌ك ئه‌ركى هونه‌رى و كارگێڕى جیبه‌جێ ده‌كات نه‌ك هێزى ڤیتۆى هه‌بێت - له سیسته‌مى په‌رله‌ماندا سه‌رۆك وه‌زیران ناتوانێت سیاسه‌تى خۆى به‌سه‌ر وه‌زیراندا بسه‌پێنێت هه‌ربۆیه به‌رپرسیارێتیه‌كه‌ى له ئاست په‌رله‌ماندا ده‌سته جه‌معیه .
ئه‌لته‌رناتیڤى دووه‌م ( سیسته‌مى سه‌رۆكایه‌تى ): بۆئه‌وه‌ى سیسته‌مى حكومڕانى له هه‌رێمى كوردستان بكرێته سه‌رۆكایه‌تى ئه‌وا ده‌بێت : - سه‌رۆكى هه‌رێم له ڕێگه‌ى هه‌ڵبژاردنى ڕاسته‌وخۆى خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵبژێردرێت - سه‌رۆكى هه‌رێم ته‌نها له ڕێگه‌ى ساغبوونه‌وه‌ى به‌رپرسیارێتى تاوانكاریه‌وه ده‌ست له‌كار ده‌كێشێته‌وه - سه‌رۆكى هه‌رێم و وه‌زیره‌كانى به‌رپرسیارى سیاسی‌یان له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانى كوردستان نه‌بێت - سه‌رۆكى هه‌رێم متمانه بداته وه‌زیره‌كان و لێیان بسێنێته‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ى په‌رله‌مان هیچ ڕۆڵێكى له‌مه‌دا هه‌بێت - سه‌رۆكى هه‌رێم مافى به‌كارهێنانى ڤیتۆى ده‌بێت بۆ ئه‌و پرۆژه یاسایه‌ى كه په‌رله‌مان په‌سه‌ندیان ده‌كات ، جا كۆى ناوه‌ڕۆكى پرۆژه یاساكان بێت یان به‌شێكى پرۆژه یاساكان - سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتى ئاماده‌كردنى بوودجه‌ى هه‌رێمى ده‌بێت - سه‌رۆكى هه‌رێم ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌ى ده‌بێت : فه‌رمانده‌ى گشتى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان ، ڕاگه‌یاندنى بارى نائاسیی ، لێبوردنى تایبه‌ت به به‌ندكراوان ، سه‌رۆكایه‌تیكردنى كۆبوونه‌وه خولییهكانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران .. هتد
ئه‌ڵته‌رناتیڤى سێیه‌م ( سیسته‌مى نیمچه سه‌رۆكایه‌تى :بۆ ئه‌وه‌ى سیسته‌مى حكومڕانى له هه‌رێمى كوردستاندا ببێته نیمچه سه‌رۆكایه‌تى ئه‌وا ده‌بێت : - ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌رپرسیارێتى سیاسی‌یان له‌به‌رده‌م هه‌ریه‌ك له‌په‌رله‌مان و سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستاندا هه‌بێت - سه‌رۆكى هه‌رێم ته‌نها له ڕێگه‌ى هه‌ڵبژاردنى ڕاسته‌خۆى خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵبژێردرێت - سه‌رۆكى هه‌رێمى مافى به‌كارهێنانى ڤیتۆى به‌رامبه‌ر هه‌موو یان به‌شێك له‌ده‌قى ئه‌و پرۆژه یاسایانه ده‌بێت كه په‌رله‌مان په‌سه‌ندیان ده‌كات - سه‌رۆكى هه‌رێم هه‌مان ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ى هه‌یه كه سیسته‌مى سه‌رۆكایه‌تى له ئه‌لته‌رناتیڤى دووه‌دا هه‌یه‌تى